حكومەتی هەرێم بۆ هەژماری من بڕیاری دا



دوابەدوای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەسەندكردنی ڕاسپاردەكانی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێم و خەرج كردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان تا سەری ساڵ بایۆمەتری و هەژماری من تەواو دەکات.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، بەرهەمی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەت ئەوەیە، تا کۆتایی ساڵ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەردەوام دەبێت.

ڕاشیگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا تا کۆتایی ساڵ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەردەوام دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا سەری ساڵ بایۆمەتری و هەژماری من تەواو دەکات”.

لای خۆشیەوە، د. ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، بڕیار دراوە بە ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی هەرێم لە مانگی شوباتەوە تا مانگی ئاب و بەردەوام بوون لە سەر خەرجکردنی مووچەکانی هەرێم تا کۆتایی ساڵی دارایی ٢٠٢٤.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر سەبارەت بە سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفیی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم ئەوانەی تا ئێستا تۆمار نەکراون.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە كۆبوونەوەی خۆیدا ڕاسپاردەكانی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی پەسەند كرد، كە دوای دوو ڕۆژ كۆبوونەوە و دانووستان لە هەولێر ئامادەكرابوون و بڕیاریدا بە خەرج كردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تا كۆتایی ئەمساڵ و ئەو پارەیەی ڕاگیراوە بۆ مانگی 7 خەرج بكرێتەوە بۆ مووچەخۆران.

هاوكات، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم شەوی ڕابردوو لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، “لە كۆبوونەوەكەدا حكومەتی عێراق سێ تێبینی هەبوو، كە داوایكرد كێشەی لیستی مووچە، بایۆمەتری و مووچەخۆرانی ناوچە دابڕێندراوەكان تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ چارەسەربكرێت و بەغدا بەردەوامدەبێت لە ناردنی مووچە”.

ئاشكراشی كرد، شاندی عێراق جەختی كردەوە، كە دەبێت تەوتینی مووچە تاوەكو كۆتایی ساڵ جێبەجێ‌ بكرێت و تەیف سامی، وەزیری دارایی وتی: ئەگەر تاوەكو كۆتایی ساڵ تەوتینی مووچە تەواو بكەن ئیتر پێویست بە لیستی مووچەی مانگانە ناكات و ڕاستەوخۆ ئەو بانكانە تەمویل دەكەم، كە تەوتینی مووچەیان كردووە و هەموو مانگێك پێویستمان بە وردبینی نابێت.

سەبارەت بە (هەژماری من و تەوتین)، سەمیر هەورامی وتیشی، “هەژماری من بانكی TBI تیایە، كە یەكێكە لەو بانكانەی ڕاسپێردراوە بۆ تەوتینی مووچە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە و پارێزگاری بانكی ناوەندی لە كۆبوونەوەكە بوو، كە تەیف سامی پێی وت من تەوتینم وتووە چۆن پرسی هەژماری من چارەسەر دەكەن؟ بۆیە پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕوونكردنەوەی دا، كە ئەو بانكانەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كاردەكەن بۆ هەژماری من باوەڕپێكراون لەلایەن بانكی ناوەندی و ئەوەی ئەوان وەك هەژماری من كردویانە ناودەنرێت بە تەوتین و گرنگ سیستمەكەیە، كە مووچە بكرێت بە هەژماری بانكی”.

 

قائیمقامیه‌تی سلێمانی (45) شوێن داده‌خات
پێت قائیمقامیه‌تی سلێمانی (45) شوێن داده‌خات
نرخی بەنزین دابەزی
دوات نرخی بەنزین دابەزی
پەیوەندیدر