ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

كونسوڵی ئەمریكا: كشانەوەی هێزەكانمان لەسوریا مەرجدارە
سەعدی پیرە: پێویستە هاریكاری ئەمریكا و كورد بەردەوام بێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەكانی یەكێتی كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بگەنە ڕێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازەی هەرێم و سەعدی پیرەش دەڵێت: “پێویست دەكات هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و هاریكاری هێزە كوردییەكان بەردەوام بێت”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وتەبێژی فەرمی یەكێتی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ٨/١/٢٠١٩ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە ستیڤن فەیگن، كونسڵی گشتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و سیلڤیا ئیریس، بەرپرسی نوسینگەی سیاسی و ئابوری لە كونسڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان.

كونسڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەڵوێستی حكومەتی ئەمریكا كرد سەبارەت بە حكومەتی نوێی عیراق و كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وتیشی، “واشنتۆن خوازیاری حكومەتێكی یەكگرتووە لە عیراق، كە ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عیراق بەگشتی و هاوكات خوازیارە لە زوترین كاتدا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش بگەنە ڕێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان”.

سەبارەت بە بارودۆخی سوریا بەگشتی و ڕۆژئاوای كوردستان بەتایبەتی كونسڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە دوایین هەڵوێستی كۆشكی سپی كرد، كە لە دوایین ڕوونكردنەوەدا دەڵێت: كشانەوەی هێزەكانمان مەرجدارە و بەشێوەیەكی لەسەرخۆدەبێت تا ئەوكاتەی دڵنیادەبین، كە ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش بەتەواوی ڕیشەكێش بووە لە ناوچەكە و هاوكات دڵنیابین لەوەی هاوپەیمان و دۆستە كوردەكانمان پارێزراودەبن و هیچ هێز و لایەنێك نابنە هەڕەشە لەسەریان، ئەو پەیامەش لە ڕێگەی كەناڵە دیپلۆماتییەكانەوە بە وڵاتانی ناوچەكە گەیەندراوە.

لای خۆشیەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە خۆشحاڵی خۆی بەدواین هەڵوێستی حكومەتی ئەمریكا نیشاندا و ئاماژەی بە مێژووی هاوپەیمانیەتی كورد و ئەمریكا كرد لەناوچەكەدا، كە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بەیەكەوە لەیەك سەنگەردا دژی تیرۆرستان جەنگاون.

وتیشی، “ڕاستە داعش لە ڕووی سەربازییەوە شكستی هێناوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت، بەڵام وا پێویست دەكات هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و هاریكاری هێزە كوردییەكان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە ڕووی ئایدۆلۆژی و لۆجیستی و داراییشەوە سەرچاوەكانی پشتیوانی كردن لە داعش و گروپە تیرۆرستیەكانی تر بنەبڕ بكرێت”.

سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە تەئكیدی كردەوە، كە پشتیوانی لە حكومەتی نوێی عیراق دەكەن، كەمافی هەموو پێكهاتەكانی تێدا پارێزراوبێت و وتیشی، “یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتنێكی سیاسی بۆ شێوازی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان” .

کوردستان

بڕی 26 تۆن سێو لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیرا

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەهۆی خراپبوون و نەشیاوی بۆ خواردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕێكی زۆر سێوی زەردیان لەناو برد.

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامێتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە لایەن لیژنەی عەلوەی سەر بە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەت‌ لە دوو قاتعی عەلوەی سلێمانی دەست بەسەر‌ زیاتر لە (26) تۆن سێوی زەرددا دەگرن كەبەهۆی خراپ عەمبار كردنییەوە خراپ بووە و شیاوی خواردن نییە‌.

ئاشكراشیدەكات، سێوە دەست بەسەردا گیراوەكە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەكراوە، خاوەنەكانیان بەشێوەی ناتەندروست عەمباریان ‌كردووە و ساردكەرەوەیان بەكارنەهێناوە، بەهۆی ئەوەشەوە سێوەكان‌‌ تەپیون و بۆنیان ناخۆش و خراپ بوون.

بەپێی زانیارییەكان، بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی سێوە دەست بەسەردا گیراوەكە لەناو دەبرێت و خاوەنەكانیشیان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مستەفا چاوڕەش: تائێستا یەكێتی كاندیدی بۆ كابینەی نوێ‌ دیاری نەكردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ

هەرچەندە ناوی چەند كەسێك بۆ ژمارەیەك پۆستی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە نێو یەكێتییدا دەهێنرێن، بەڵام تائێستا یەكێتی بەفەڕمی كەسی بۆ پۆست دیاری نەكردووە و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش دەڵێت”لەوانەیە پێكهێنانی كابینەی تازە بكەوێتە مانگی حەوتەوە، بۆیە ئێمەش پەلەمان نەبووە”.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی ئەو حزبە بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، تائێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی كابینەی نوێ‌ نەكراوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر كاندیدەكان نەدراوە.

وتیشی”ئەوانەی لەبارەی دیاریكردنی هەندێك كەسەوە دەوترێت، نافەڕمین یەكێتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدەكان دیاری دەكات”.

سەبارەت بەوەی دەوترێت لەوانەیە پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ڕێككەوتن بكرێت، ناوبراو ڕەتیكردەوە و وتی”لە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیار دەدرێت، ڕێككەوتن لە دەرەوە ناكرێت”.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ژمارەیەك پۆست وەردەگرێت، كە هەندێكیان سیادین، لەوانە جێگری سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەڕلەمان، وەزیری پێشمەرگە و چەند وەزارەتێكی دیكە.

مستەفا چاوڕەش، یەكێكە لەو ئەندامانەی یەكێتی باس لەوەدەكرێت بكرێتە كاندیدی ئەو حزبە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە، ناوبراو لەوبارەوە دەڵێت”لەبەرئەوەی پێكهێنانی كابینەی تازە لەوانەیە بكەوێتە مانگی حەوتەوە، ئێمەش پەلەمان نەبووە بۆ دیاری كردنی كاندیدەكان و بەوەش هیچ كەسێك تائێستا كاندیدی یەكێتی نییە، هەندێك ناودەهێنرین و ناوی ئێمەش دەهێنرێت، هەموو ئەوانە ماونەتەوە”.

مستەفا چاوڕەش، یەكێك بووە لە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتییدا لە هۆڵەنداوە گەڕاوەتەوە كوردستان،  لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا لە شارباژێر و قەرەداغ فەرماندە بووە و دوای ڕاپەڕینیش یەكەم پارێزگاری كەركوك بووە لە دەربەندیخان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لەسەر یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ كابینەی داهاتووی حكومەت ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرچاوەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلایی نەكراونەتەوە.

سەرچاوەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا ئێستا ناوی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان لە كابینەی داهاتوو یەكلایی نەكراونەتەوە.

وتیشی”لە ئێستادا گفتوگۆی چڕ و پڕ لەسەر ئالیەتی دیاریكردنی كاندیدەكان دەكرێت و تا ئێستاش كاتێك دیاری نەكراوە بۆ كۆتاییهێنان بە بابەتەكە.

ئەمەش لەكاتێكدایە بەرپرسانی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كۆتایی مانگی داهاتوو كابینەی داهاتووی حكومەت پێكدەهێنرێت و تا ئێستا لایەنەكان كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان یەكلایی نەكردوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان