ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە بە هۆی ئەو زمانە زبرەی بەرپرسانی باڵای حزبەکان بەر لە دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریدەهێنن، هەرێمی کوردستان چووەتە دۆخێکی خراپتر لەوەی شەڕی ناوخۆ.
تاریق جەوهەر، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێشتا نەگەیشتوینەتە وادەی یاسایی بۆ دەستپێکردنی کەمپینی هەڵبژاردن، بەڵام زیاتر لە مانگێکە ئەو کەمپینە بە شێوەیەکی ناسرووشتی و توند و تایەکی بەرز دەستیپێکردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە سەرباری ئەوەی ڕێنمایی تایبەتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمپینی هەڵبژاردن هەیە، لەوانە ڕێساکانی هەڵسوکەوتکردن و دوورکەوتنەوە لە زمانی زبر و توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕق و بێزاری کە هێز و لایەنە سیاسیەکانیش واژوویان کردووە کە پابەند دەبن بەو ڕێنماییانە، بەڵام ئێستا لایەنە سیاسیەکانە لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن کە ئەمە خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردنە.
تاریق جەوهەر وتیشی: “ئەوە چەند خولێکی پەرلەمانە هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و پلاتفۆرمەکان ڕۆڵی گەورەتریان بینیووە کە ناکۆکیەکانی قوڵتر کردووەتەوە، تەنانەت لە ناو خێزانەکاندا دابەشبوونی سیاسی هەیە ئاستی ڕۆشنبیری دەنگدەری کوردی هەتا ئێستا لە ئاستی پێویستی هەڵبژاردنێکی دیموکراتی نییە، چونکە وەلائی حزبی و خێڵەکی و ناوچەگەرێتی ڕۆڵی هەیە لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی کاندیدەکاندا، هەروەها دابەزینی ئاستی ئەو کاندیدانەی کە پێشکەش دەکرێن نایەن خەڵکی باش و پرۆفیشناڵ و لێهاتوو پێشکەش بکەن سەرکردایەتی لایەنە سیاسیەکان بەرپرسن لە بەکارهێنانی ئەم زمانە زبرە بەداخەوە بەرپرسە باڵاکان دەستپێشخەرن بۆ ئەو بابەتە”.
هیواشی خواست “گوتاری هێزە سیاسییەکان دوور بکەوێتەوە لە گوتاری ڕق و قینە و توندوتیژی و هەڵدانەوەی لاپەڕە کۆنەکانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکان، هەندێک پێگەی میدیایی حزبەکان هاتوون کۆمەڵێک دەروێشی میدیای شەڕی ناوخۆیان هێناوە و جارێکی تر قەوانی کۆنی سەردەمی شەڕی ناوخۆ لێدەدەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن وەک ئەوەی ئەو خروقاتانەی کە ناوی خیانەت و نیشتمان فرۆشی لێدێت هەر لایەنێک ئەنجامی دابێت دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە دۆخی سەردەمی شەڕی ناوخۆی ساڵی 1994 زۆر خراپترە و زۆر زەمینە لەبارترە بۆ تێکچوونی ئەم دۆخە و لێکترازانی نێوماڵی کوردیی یەکجارەکی و ئاگر لە پوش و پاوانی قەوارەی هەرێم بەربێتەوە بەداخەوە هەتا خاوەنی ئەو جۆرە گوتارە بین بە تایبەتی لای هێزە سەرەکییەکان من پێموایە چاوەڕێی ئایندەیەکی ڕۆشن لە هەڵبژاردن هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش ناکەین”.
تاریق جەوهەر وتیشی: “ئەگەر ئەم جۆرە لە بانگەشەی میدیاییە بەردەوام بێت پێموایە بەر لە هەڵبژاردن ڕەنگە کارەساتی گەورەتر دروست بێت بۆیە گرنگە بیرمەندانی ئەو حزبانە بیر لەوە بکەنەوە دووربکەونەوە لەو زمانی توندوتیژی و تەخوینکردنی یەکتری ئەو زمانە زبرەی ئێستا بەکاردەهێنرێت”.
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز دەکات ڕی لە “دەروێشەکانی شەڕی ناوخۆ” بگیرێت و “بواریان نەدرێت بێنە سەر میدیا کە جارێکی تر نانی کۆن گەرم بکەنەوە و دەرخواردی بینەر و بیسەری کوردی بدەنەوە هەست و سۆزی کورد وێران بکەنەوە و کۆمسیۆنیش دەتوانێت سزای کوتلە سیاسیەکان بدات”.
داواش لە کۆمسیۆن و داواکاری گشتی دەکات ڕۆڵی خۆیان ببینن لە چاودێریکردنی گوتاری هێز و لایەنە سیاسیەکاندا.