حكومەتی عێراق بۆ دابەشكردنی مووچە دڵنیایی بە فەرمانبەران دەدات



ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق قەیرانی مووچەی نییە و ئەوەی باسدەكرێت لەسەر بنەمای نرخی نەوتە و دەشڵێت: مووچە و خانەنشینیی و چاودێری كۆمەڵایەتیی ئەولەویەتی یەكەمن لە خەرجییە گشتییەكاندا.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق ڕایگەیاندووە، بەهیچ جۆرێك قەیرانی مووچە لە عێراق بوونی نییە، ئەمە لەرێگەی ئەولەویەتەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی داراییەوەیەو ئەو دەنگۆ و قسەوباسانەی، كە ناو بەناو بڵاو دەبنەوە هیچ نین و لەسەر بنەمای بەرز و نزمی نرخی ئێستای نەوت دامەزراون.

وتیشی، “مووچە و خانەنشینیی و چاودێری كۆمەڵایەتیی ئەولەویەتی یەكەمن لە خەرجییە گشتییەكاندا، بەوپێیەی پەیوەندییان بە بژێوی توێژێكی زۆر گەورەی گەلی عێراقەوە هەیە، چونكە لە بودجەی گشتی ساڵانەدا، مووچە و خانەنشینیی و تەرخانكراوی چاودێری كۆمەڵایەتیی ڕێژەی (نزیكەی 70%ی خەرجی بەكاربردن) پێكدەهێنن و ئەولەویەتیان لە خەرجیدا پێدراوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو ماددانەی لە كۆبوونی خۆراكدا حكومەت پێشكەشی دەكات هەروەها سووتەمەنی پاڵپشتیكراو و دەرمانی خۆڕایی بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان و دەرمانی نیمچە خۆڕایی لە نەخۆشخانەكاندا هەموویان وەكو داهاتێكی ڕاستەقینەی ناڕاستەوخۆن بۆ خێزان بە گشتی و خێزانە كەمدەرامەتەكان بە تایبەتی، ئەم پاڵپشتیانە ئێستا ڕێژەی نزیكەی 13%ی تێكڕای بەرهەمی ساڵانەی عێراق پێكدەهێنن یاخود رێژەی 25%ی خەرجی ساڵانەی بودجەی گشتی پێكدەهێنن، ئەمە وا دەكات عێراق بكەوێتە ناو ئەو وڵاتانەوە، كە پێیان دەوترێت وڵاتانی خۆشگوزەران لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە.

بە وتەی مەزهەر محەمەد، ” بودجەی گشتی 2023ی عێراق (كە بۆ سێ ساڵە) بە كورتهێنانێكی گریمانەیی پارێزراوە، كە ساڵانە نزیكەی (64 ترلیۆن) دینارە و نرخی بەرمیلێك نەوتیش لە بودجەی ساڵی ڕابردوودا بە نزیكەی 70 دۆلار دیاریكراوە، بۆیە سیاسەتی دارایی بەرپرسیارە لە كاراكردنی رێوشوێنی خۆپارێزیی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە خەرجییەكان لەسەر بنەمای ئەولەویەت و ئەو بنەمایانەی، كە لە یاسای گشتی بودجەی فیدڕاڵدا دانراون، چ لە پڕكردنەوەی كورتهێنان لە كاتی پێویست یاخود لە رێكخستنی ئەولەویەتی خەرجییە گشتییەكاندا”.

لای خۆشیەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی عێراق لە وڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێكی عێراق ڕایگەیاندووە، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە كاتی خۆیدا و بەبێ دواكەوتن دابەشدەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواكەوتی مووچەی مووچەخۆران دەكات دوورە لە ڕاستییەوە.

تەیف سامی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، نەختینەیی پێویست لەبەردەستدایە و لەكاتی خۆیدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت دابەشدەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ شەممە، نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عێراقی ئاماژەی بەوەكردبوو، لەگەڵ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 70 دۆلار، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، چونكە داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق بۆ 9 ترلیۆن دینار دابەزێت، کە ترلیۆنێکی بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات و ئەو 8 ترلیۆنەی دەمینێتەوە تەنها بەشی مووچە دەکات کە بڕەکە 7.5 ترلیۆن دینارە و نیو ترلیۆن دیناری بۆ بەشەخۆراكە.

وتوشیەتی، ” لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی عێراق گرفتار دەبێت بەدەست دابینیکردنی مووچەوە، بۆیە هەتا نرخی نەوت لە خانەی 70 دۆلارییدا بمێنێتەوە، مووچە دوادەکەوێت و ئەگەری کەمکردنەوەشی لە ئارادایە”.

 

لە بەغدا یەکەم بیرە نەوت هەڵکەندرا
پێت لە بەغدا یەکەم بیرە نەوت هەڵکەندرا
دۆلار بەرزبووەوە و تمەن شكا
دوات دۆلار بەرزبووەوە و تمەن شكا
پەیوەندیدار