مووچەی خانەنشینان دوای زیادكردنی چۆن دابەش دەكرێت؟



دوابەدوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری كارپێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق و هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی دا و ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاری خەرج كردنی مووچەی مانگی 7ی خانەنشینانی بە هاوتاكراوی دا، بەڵام ئایا ئەو هاوتاكردن و زیادكردنی مووچەیە بۆ خانەنشینان چۆن دەبێت.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، كەمترین مووچە، كە ئێستتا لە هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینێك، كە 200 بۆ 220 هەزار دینارە دەبێتە 500 هەزار لەگەڵ بڕی 100 هەزار دینار دەرماڵەی بژێوی، واتە كەمترین مووچە دەبێتە 600 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانەی خۆیان لە ژیاندا ماون و بۆ ئەوانەش، كە وەرەسەكانیان مووچەكەیان وەردەگرن بڕەكەی جیاواز دەبێت.

بە گشتی لە هەرێمی كوردستان نزیکەی 248 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەو ژمارەیەش 158 هەزاریان خانەنشینی مەدەنین و ئەوەی دیکەشی خانەنشینی سەربازین.

بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، هەر فەرمانبەرێك لەكاتی خانەنشین بوونی بڕی 12 مووچەی تەواوەتی بە دەرماڵەكانەوە پێ‌ دەدرێت و كەمترین مووچەی خانەنشینین 500 هەزار دینارە لەگەڵ 100 هەزار دیناری بژێوی لەكاتێكدا لە هەرێم 6 مووچەی بنەڕەتی دەدرێت بە فەرمانبەر و كەمترین مووچەش 220 هەزار دینارە.

سارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینی سلێمانی ڕایگەیاند، هەر خانەنشینێك پێش ساڵی 2014 خانەنشین بووبێت مووچەكەی دەبێت بە 500 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی دوای 1ی 1ی 2024 خانەنشین بوون بەپێی ساڵی خزمەت و بڕوانامە مووچەیان دیاری دەكرێت و پیاچوونەوە بە دۆسیەكەیان دەكرێت و بەوەش مووچەیان سەرووی 500 هەزار دەبێت.

ئاشكراشی كرد، ئەو خانەنشینانەی مووچەیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە لە عێراق بڕی 100 هەزار دینار دەرماڵەی بژێوییان بۆ زیاد كردوون، بۆیە هەر خانەنشینێك لە هەرێم مووچەكەی لە ملیۆنێك كەمتر بێت ئەو 100 هەزارەیان بۆ زیاد دەكرێت.

بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینی سلێمانی نمونەی ئەوەی هێنایەوە، كە “ئەگەر كەسێك مووچەكەی ببێت بە 500 هەزار بەپێی هاوتای مووچەی لەگەڵ عێراق، ئەوا 100 هەزاری تری بۆ دەخرێتە سەری و دەبێت بە 600 هەزار ئەگەر خۆی لەژیاندا مابێت، بەڵام ئەگەر خۆی كۆچی دوایی كردبێت و یەك وارسی هەبێت دەبێت بە 320 هەزار و ئەگەر دوو وارسی هەبێت دەبێت بە 360 هەزار دینار”.

پێشتر، سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینان ڕایگەیاند، لە مانگی تەمموزەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ دوو شەممە 2ی ئاب، دوای نزیكەی 60 ڕۆژ لە دواكەوتنی مووچە، وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی مووچەی مانگی 7ی سەرجەم مووچەخۆرانی بە خانەنشینانیشەوە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد، كە مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی لەگەڵ عێراق خەرج دەكرێت.

لای خۆشیەوە، سامان حەمە ئەمین، بەڕێوەبەری خانەنشینی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرای كردووە، سبەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان بەگوێرەی ئەو یاسایە دابەشدەكرێت، كە لە حكومەتی عێراقی بۆ خانەنشینان كاری پێدەكرێت و لەهەرێمی كوردستانیش مووچەی خانەنشینان هاوتای خانەنشینانی عێراق كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی ئەو لیستە نوێیەی، كە بۆ مووچەی خانەنشینان ئامادەكراوە و سبەینێ‌ بەم جۆرە مووچەكانیان وەردەگرن: ئەو خانەنشینانەی لەدوای ساڵی 2014 ەوە خانەنشین بوون، ساڵانی خزمەت و بڕوانامەیان بۆ ئەژمار دەكرێت و خانەنشینێكیش مووچەكەی لەیەك ملیۆن كەمتربێت 100 هەزار دیناریشی مانگانە بۆ خەرج دەكرێت، ئەوانەی پێش ساڵی 2014خانەنشین بوون و ئێستا لە ژیاندان مووچەكەیان دەكرێتە 500 هەزار و مانگانە 100 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەكرێت واتە بەكۆی گشتی 600 هەزار دینار وەردەگرن.

وتیشی، “ئەو خانەنشیانەی لەژیان نەماون و یەك وارسیان هەیە ئێستا مووچەكانیان 200 یان 220 هەزار دینارە، ئەوا مووچەكانیان دەبێت 320 هەزار لەگەڵ 100 هەزاری دەرماڵە بەكۆی گشتی دەبێتە 420 هەزار دینار، ئەگەر خانەنشین دوو وارسی هەبێت مووچەكەی لە 220 هەزارەوە دەبێت بە 460 هەزار دینار و ئەو خانەنشینانەشی سێ‌ وارسیان هەیە مووچەكانیان لە 220 هەزارەوە دەبێت بە 600 هەزار دینار بەكۆی گشتی و دەرماڵەوە”.

كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكرێت
پێت كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكرێت
بەشێک لە نوێنەرانی کێڵگە پەلەوەرییەکان چوونە بەغدا
دوات بەشێک لە نوێنەرانی کێڵگە پەلەوەرییەکان چوونە بەغدا
پەیوەندیدار