ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

ترەمپیش بیری خستینەوە

هێمن لیهۆنی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین کۆبوونەوەی ئیدارەکەیدا لە گوتارێکدا لەبارەی سووریا زۆر شتی بیری کورد خستەوە، لەوانە: کورد ئەکتەرێکی نانێودەوڵەتییە و دەبێ خۆی، خۆی بپارێزێ.

پەیامەکانی ترەمپ بۆ کورد:

یەکەم: ئێوە شەڕکەرێکی باشن، بەڵام کاتێک باشن کە ئەمریکا 30 فڕۆکەی ئێف 18 دەنێرێ لەپێشتانەوە و بەبێ ئەمریکا شەڕکەرێکی باش نین.

دووەم: راستە خۆتان بە هاوپەیمانی ئەمریکا دەزانن، بەڵام لە ژێرەوە نەوت بە ئێران دەفرۆشن و هاوبەشی ئێرانن.

سێیەم: دەمانەوێ بتانپارێزین، بەڵام خۆ ناکرێ هەتاهەتایە سەربازی ئەمریکا بۆ ئێوە لە سووریا و عێراق بمێنێتەوە.

ئەم قسانەی ترەمپ سەرەتای گۆڕینی ئاشکرای گوتاری ئەم ئیدارەیە یە لەبارەی کوردەوە لە سووریا و عێراقیش، ئیدی ئەو خەیاڵ و غروررەی زوو زوو لە سەرکردەکانی کورد دەدات، دەبێ جارێکی دیکە بەرمانبدات.

غرووری سیاسی و نەخوێندنەوەی هاوکێشە سیاسییەکان زۆرکات کوردیان بە هەڵەدا بردووە، هەمیشەش لۆمەی دەرەوەی خۆمان کراوە.

لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەتایبەتی رۆژئاوا و باشوور و باکوور، دۆخێک هاتووەتە پێش کە ئەنجامی بەشێک لە غروور و زیاتر حیسابکردنە بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان و زیاتر خۆ بیننە لەوەی هەین.

پێویست ناکات هەمیشە کە کارەساتێک بەسەر کورددا دێت، ئەو قەوانە بڵێینەوە کە لە حەفتاکانەوە بە کیسنجەر دەستپێبکەین و ئەمریکا بکەینە خائین و وڵاتێکی دیکە بکەینە دۆست.

ئەگەر لە بیری خۆمان نەبەینەوە هاوکێشەکە زۆر ئاسانە؛ کورد ئەکتەرێکی نادەوڵەتییە لە ناوچەیەکی جوگرافیا داخراو کە مەیدانی ململانێکانی هێزە ئیقلیمییەکانە.

زۆر کات، کورد کە لەسەر حیسابی ئەم هێزە ئیقلیمیانە لەگەڵ هێزە گەورەکان گرەوی کردبێ، سەرکەوتوو نەبووە.

هەموومان بیرمانە کاتێک هەرێمی کوردستان لە گرژییەکی زۆردابوو لەگەڵ تورکیای دراوسێ  یارییەکی دۆڕان-دۆڕان بوو بۆ هەردوولا.

کاتێکیش پەیوەندییەکان چوونە پێش، ئاوەدانی و ژیانێکی زۆرباش لە باشووری کوردستان دروستبوو، لەوەش گرنگتر ئەو پەیوەندییە باشەی هەولێر و ئەنکەرە بووە هەوێنی ئاشتی بۆ باکوور و خوێن نەڕشتن لە تورکیا، هەموو جیهانیش دەستخۆشی لێکردین.

دوای شەڕی داعش، جارێکی دیکە لە تێگەیشتن لەو هاوکێشەیە کورد کورتیهێنا، بۆیە ئێستا دۆخەکە بەمشێوەیەیە کە دەیبینین.

کورد نابێ چاوەڕوانی ئەمریکا بکات، هیچ کاتێکیش ئەمریکا بە کاری خۆی نازانێ کورد بخاتە بەرامبەر هاوپەیمانێکی ناتۆی خۆی، کورد لە رۆژئاوا بێ یان باشوور بۆ ئەوەی بگات بە ئەمریکا باشترین رێگە لە ئەنکەرەوەیە.

گرنگ نییە کێ لە تورکیا حوکم دەکات، گرنگە ئەوەیە تێبگەین کە جیۆپۆڵتیکیسی تورکیا لەم ناوچەیەدا و پێگەکەی کردوویەتییە تەنیا هاوپەیمانی قبوڵکراوی رۆژئاوا بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە.

کوردانی رۆژئاوا دەبوو زۆر لە سەرەتاوە غروور نەیانگرێ و لەگەڵ تورکیا رێککبکەوتنایە، ئێستا رۆژئاوای کوردستان وەک مۆدێلێک بوو لە باشوور، بەڵام ئیستیفزازکردنی ئەنکەرە بە خەیاڵی ئەمریکاوە هیچ ئەنجامی درێژخایەنی نییە.

ئەوەی ئێستا ترەمپ دەیڵێت، سیاسەتی ئەمریکایە و باوەڕی خۆیەتی بۆ سیاسەتی دەرەوە.

کورد لە هەموو پارچەکان گەر دەیەوێ سیاسەت بکات و بمێنێتەوە دەبێ بە خەیاڵی زلهێزەکان خەون دروست نەکات، رێگەچارە یەکبوونی خۆی و حیسابکردنە بۆ هاوکێشە ئیقلیمییەکان، دواتر هەڵبژاردنی باشترین رێگە بۆ مانەوە و خۆشگوزەرانی.

وتار

پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا
ئەگەری گەڕانەوە بۆ پاشەكەوتی مووچە

سالار مەحمود

پاش هەوڵێكی زۆری تیمی كوردستان لە عیراق بەگشتی و فراكسیۆنە كوردستانیەكان لەپەرلەمان، توانرا شایستە دارایەكانی هەرێم بچەسپێنرێ.
بەم جۆرەش سەرەتا باشەكانی دەركەوت و هەرێم بەهاتنی بودجە لە عیراقەوە توانی پاشەكەوت هەڵبگرێ.
پرسیارە گرنگەكە ئەمەیە ئایا حكومەتی كوردستان پابەند دەبێ بە بڕگەكانی تری یاساكەوە كە ناردنی نەوتی رۆژانەیە لە رێگەی سۆمۆوە؟ ئەگەر پابەند نەبێ ئەوا دژی هەوڵی تیمی كوردستان لە عیراق و دژی خواستی موچەخۆرانی هەرێمە یان نا؟.
كێشەی نەوت و مووچە لەیەكتر دابڕاو نییە، راستە لە یاسای بودجەدا بە خاڵ جیاكراوەتەوە، بەڵام پێكەوە گرێدراون و یەك سیاسەت و یەك پاكێجە.
راستە هەرێمو خەڵكەكەی شایستەیە بودجەو مووچە ومافە زەوتكراوەكانی تری بدرێتێ. بەڵام نەناردنی ۲٥٠ هەزار بەرمیلی نەوت بیانووەكەی چیەو لەپێناو چییە؟ بەكوردی و بەكورتی نابێ بەرژەوەندی لاوەكی و شاراوە بخرێتە پێش بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی ئاشكراوە.
لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت دەبێ تەحەموولی ئەم مەسئولیەتە بكەن. بەشداری لە حكومەتی هەرێم تەنیا پۆست نییە، بڕیارو هەڵوێستی هاوبەشە.
لەئەگەری گەڕانەوە بۆ پاشەكەوتی مووچە كێ بەرپرس دەبێ؟
كێ بڕیار لە پابەندبوون بە یاسای بودجەو پابەند نەبووەوە دەدا لەناو حكومەتی هەرێم؟
جەدوای هەریەكەیان لە رووی ئابوری و سیاسیەوە چی دەبێ؟
ئاساییتر بونەوەی پەیوەندی هەردوولا كاریگەری لەسەر زۆر مەسەلەی تر دەبێ لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكان و پێگەی كوردستان لە زۆر ناوەند بەهێز دەكات، پێچەوانەكەشی بە جۆرێكی تر دەكەوێتەوە.
ناكرێ بە لۆژیكی( بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش دەخۆم) مامەڵە بكرێ، شەفافبوون لە هات و خەرجی لەعیراق و كوردستان یارمەتیدەرە بۆ مسۆگەریەكی زیاتری قوتی خەڵك.
لەبەر ئەم راستیە دەبێ بە زوویی كار بكرێ نەك هەرێم نەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشەكەوتی مووچەو، قەیرانی پێدانی مووچە نەهێڵرێ. پێویستە لە كوردستانەوە سیاسەتێك پەیڕەو بكرێ قۆناغ قۆناغ قەرزە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران بدرێتەوە

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

دیموکراسی دیجیتاڵ و نەوەی ئۆنلاین

دانا سەعید سۆفی

 

دیموكراسی وه‌ك مۆدێلێكی سیاسه‌تی نوێنه‌رایه‌تی بێ كه‌موكوڕی نیه. یه‌كێ له‌و كێشه بنه‌ماییه ناسراوانه‌ی كه دیموكراسیه‌تی نوێنه‌رایه‌تی رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه، لاوازبوونی كه‌ناڵه‌كانی نوێنه‌رایه‌تییه، یان كاڵبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان نوێنه‌ران و هاوڵاتیانه، به‌تایبه‌تیش دوای شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه دیموكراسیه‌ت به شێوه‌یه‌كی گشتی، دیموكراسیه‌تی نوێنه‌رایه‌تیش به تایبه‌تی، له په‌یوه‌ندی و كارلێكی نێوان هاوڵاتیان و نوێنه‌ران مانا وه‌رده‌گرێ.

فراوانكردنی پانتایی به‌شداریی گشتی له ژیانی گشتی و له پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاردا وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌ك بینراوه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر گرفتی دیموكراسیه‌تی نوێنه‌رایه‌تی. له‌م ده‌یه‌ی دواییدا، هه‌ر په‌یوه‌ست به‌م گرفته، باس له چه‌مكێكی وه‌ك دیموكراسی دیجیتال ده‌كرێ وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌كی نوێ بۆ سه‌رده‌مێكی نوێ. كرۆكی باسوخواسی دیموكراسی دیجیتال بریتییه له‌وه‌ی كه ته‌كنه‌لۆجیای نوێ، به‌تایبه‌تیش ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و په‌یوه‌ندی و ئالوگۆڕكردن، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی دروستكردووه له ژیانی رۆژانه و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان. وه‌رچه‌رخانی گه‌وره له شوێنی كار، گه‌شتوگوزار و بازاڕكردن روویداوه.

هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌م وه‌رچه‌رخانه، له ژیانی سیاسییدا ده‌بینین پارته سیاسییه‌كان تادێ ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانیان كه‌متر ده‌بێ. له‌هه‌مان كاتیشدا متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به داموده‌زگا سیاسییه‌كان كه‌متر بووه. یه‌كێك له هۆكاره‌كان وا لێكده‌درێته‌وه كه داموده‌زگا سیاسییه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نه هه‌ڵبژێردراوه‌كان، پارته سیاسییه‌كان و حكومه‌ته‌كان نه‌یانتوانیوه خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه ته‌كنه‌لۆجییه‌كان و ئامێره دیجیتاله‌كان بگونجێنن. به‌كورتییه‌كه‌ی داموده‌زگا سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه ته‌كنه‌لۆجیای نوێ بكه‌نه پانتاییه‌ك بۆ په‌یوه‌ندی و ئالوگۆڕی نێوان هاوڵاتیان و نوێنه‌ران.

هه‌ندێ ئه‌زمونی نێوده‌وڵه‌تی نیشانیده‌ده‌ن كه ده‌كرێ داموده‌زگا سیاسییه‌كان به سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری نوێ بۆشایی نێوان هاوڵاتیان و خۆیان كه‌مبكه‌نه‌وه، به به‌شداری پێكردنی هاوڵاتیان له دروستكردنی بڕیاره‌كان، لێره‌شه‌وه متمانه‌ی گشتی دروست بێته‌وه. هه‌روه‌ها ته‌كنه‌لۆجیای نوێ ده‌توانێ ببێته پردێك له‌نێوانی شار و لادێكان و گروپی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ و بكاته به‌شێك له‌پرۆسه‌ی به‌شداریی سیاسی. به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجامه پۆزه‌تیڤانه به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی به‌ده‌ست نایه‌ت، به‌ڵكو ده‌بێ به‌رپرسیارێتی نوێنه‌ران و به‌هه‌ندوه‌رگرتنی بۆچوونی هاوڵاتیان به‌شێك بێ له پرۆسه‌ی دیموكراسی دیجیتال.

له هه‌رێمی كوردستان له‌م ده‌یه‌ی دواییدا ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و په‌یوه‌ندیكردن به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به‌كاردێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانین بڵێیین نه‌وه‌یه‌كی نوێیی به‌كاربه‌ری ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری له هه‌رێم په‌یدابووه. ئه‌م نه‌وه‌یه له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌په جیاوازه‌كان و مێدیای كۆمه‌ڵایه‌تی دایه، فه‌یسبوك، تویته‌ر و ئینستاگرام ره‌نگرێژی ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌م نه‌وه‌یه ده‌كات. ئه‌م نه‌وه‌یه نوێیه كوڕی یان كچی باره‌گا و شانه حیزبییه‌كان نیه، واته به‌شێوه كلاسیكیه‌كه سیاسه‌ت ناكات. به‌شێكی گرنگی پانتایی سیاسه‌تكردنی ئه‌م نه‌وه‌یه ئۆنلاینه یان له دنیای دیجیتاله. هه‌ربۆیه حیزبه‌كان ناتوانن به ئاسانی پێگه‌ی خۆیان له‌ناو نه‌وه‌ی به‌كاربه‌ری دنیای دیجیتال به‌هێز بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و حیزبانه‌ی هێشتا ئه‌ندامگیری له‌چوارچێوه‌ی باره‌گا و شانه حیزبییه‌كان مێتودی سه‌ره‌كییانه.

له‌وانه‌یه بلێن ئه‌ی ئه‌م هه‌موو ماڵپه‌ڕه سیاسی و حیزبییه هه‌یه، داموده‌زگاكان ماڵپه‌ڕی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، نوێنه‌ران و به‌رپرسه‌كان لاپه‌ڕه‌و ئه‌كاونتی فه‌یسبوك و تویته‌ر و ئینستاگرامیان هه‌یه. ئایا ئه‌مانه هه‌موویان نابنه هۆی پردی په‌یوه‌ندی دروست له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان و ئه‌م نه‌وه‌یه تازه‌یه. له‌راستیدا هه‌موو ماڵپه‌ڕه فه‌رمییه‌كان و لاپه‌ڕه‌ی به‌رپرسه‌كان بریتییه له په‌یوه‌ندییه‌كی یه‌ك ئاڕاسته‌یی. هه‌موو ئه‌زمون و هه‌وڵێكی به‌رپرس و نوێنه‌ره سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای دیجیتال گوزارشت له موكه‌به‌ره‌یه‌كی (مێگافۆنێكی) سیاسی ده‌كات، كه ئامانجی ته‌لقین كردنه، نه‌ك سه‌كۆیه‌ك بۆ كارلێك و راوێژی دیموكراسییانه. ئه‌مانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابنه هۆی به‌شداری هاوڵاتیان له دروستكردنی بڕیاردا، نابنه هۆی لانیكه‌می فراوانكردنی به‌شداریی سیاسی. له‌وانه‌یه ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ (نه‌وه‌ی دیجیتال و سیاسه‌توانی ئه‌نه‌لۆگ) گۆزارشت له‌م دۆخه بكات.

هه‌ندێ ئه‌زمونی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه كه ئاماژه‌ن بۆ كاریگه‌ری دیموكراسی دیجیتال، له ماڵپه‌ڕی نێستا ده‌توانین هه‌ندێك له‌و نمونانه ببینین:

١. پایرات پارتی: دووه‌م گه‌وره پارتی ئایسه‌له‌ندییه، هه‌ر سیاسه‌تێكی تازه‌ی ئه‌وپارته ده‌بێ به ماڵپه‌ڕه دیجیتاڵه‌كه‌یاندا تێپه‌ڕێت، دوای هه‌فته‌یه‌ك گفتوگۆ، ئه‌ندامانی حیزبه‌كه به ده‌نگدان پرسه‌كه یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه.

٢. دیساید مه‌درید: سه‌كۆیه‌كی دیجیتاڵه بۆ به‌شداری گشتی له دروستكردنی بڕیاردا. له‌م سه‌كۆیه‌دا هاوڵاتیان ده‌توانن پێشنیاری پڕۆژه‌بڕیار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌ك له سه‌دای دانیشتوان پاڵپشتی له پڕۆژه‌كه بكه‌ن، ده‌نگدانی له‌سه‌ر ده‌كرێت. دواتر ئه‌نجومه‌نی شاره‌كه مانگێكی له‌به‌رده‌سته‌ بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتی یاسایی و دارایی بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه په‌سه‌ندكراون و راپۆرتێكیش له سه‌كۆیه‌كه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه. بێجگه له‌م وه‌زیفه‌یه‌، له دیساید مه‌درید بوار بۆ گفتوگۆو راوێژی دیموكراسیانه‌ش هه‌یه.

٣. ئێڤیدێنس چێك: سه‌كۆیه‌كی دیجیتالی په‌رله‌مانی به‌ریتانیایه، به‌شێك له لیژنه‌كانی داوا له هاوڵاتیان ده‌كه‌ن كه لێكۆڵینه‌وه له‌و به‌ڵگانه بكه‌ن كه ده‌بنه بنه‌مای بڕیاره‌كانی حكومه‌ت، بۆئه‌وه‌ی بزانن كێماسییه‌كان له‌كوێن. له ماڵپه‌ڕه‌كه‌ هاوڵاتیان به‌ئاسانی ده‌توانن موداخه‌له‌ی خۆیان هه‌بێ.

٤. په‌رله‌مێنت ئێت سیتۆین: یان په‌رله‌مان و هاوڵاتیان، ده‌سپێشخه‌رییه‌كی مه‌ده‌نییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك نوێنه‌ری په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا كاردهه‌ات بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان ببنه به‌شێك له پرۆسه‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاساكان به‌رله‌وه‌ی بنێردرێن بۆ په‌رله‌مان. پرۆسه‌ی راوێژكارییه‌كه به ڤیدیۆیه‌كی نوێنه‌ره‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات كه پرسه‌كه ده‌خاته‌روو، دواتر داوا له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و هه‌ر ئاره‌زوومه‌ندێك ده‌كرێت كه پێشنیاری خۆیان بخه‌نه‌روو. چه‌ند ئاسانكارێك به‌ڵگه‌و پێشنیاره‌كاان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌نجامگیرییه‌كه‌ ده‌نێرنه‌وه‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر نوێنه‌ره‌كه‌ بریاری خۆی بدات بۆ ناردنی پڕۆژه‌یاساكه.

دیاره ده‌توانین باس له كۆمه‌ڵی نمونه‌ی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ین. به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا هه‌وڵی له‌و بابه‌ته له‌لایه‌ن داموده‌زگا سیاسییه‌كانه‌وه‌ نه‌بووه. تاكه هه‌وڵێك ماڵپه‌ڕی سه‌كۆیه كه بۆ راوێژو گفتوگۆی هاوڵاتیان دروست بووه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌كتیڤ نیه به‌هۆی دۆخی ناله‌باری په‌رله‌مان. دواجار ده‌مه‌وێ بڵێم كه باسكردن له دیموكراسی دیجیتال به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌مانای به‌دیلی شێوازه‌كانی دیكه‌ی دیموكراسییه‌ت نیه، به‌ڵكو ته‌واوكه‌رو گه‌شه‌پێده‌ره‌. دیموكراسی دیجیتال ده‌توانێ جه‌ماوه‌رێكی زیاتر بخزێنێته ناو پرۆسه‌ی به‌شداریی سیاسی و به‌شداریی گشتییه‌وه، هه‌روه‌ها جیاوازی و دووری نێوان سه‌نته‌ری شارو لادێ په‌راوێزه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها پانتاییه‌ك دروست ده‌كات بۆ گروپه په‌رواێزخراوه‌كان، به‌تایبه‌تی ژنان، یان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئیمكانی بینینی به‌رپرسان و ئاماده‌یی باره‌گا حیزبییه‌كانیان نیه. دواجار بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ نه‌وه‌یه‌كی گۆشكراو به ته‌كنه‌لۆجیای دیجیتالی نوێ دروست بووه، داموده‌زگاكان و سیاسه‌توانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ نه‌پچڕێ، پێویسته خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كانی ئه‌و نه‌وه‌ دیجیتاڵییه بگونجێنن.

تێبینی: بۆ شه‌یر و بڵاوكردنه‌وه‌یه

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

جۆلان و ململانێیەكان، گۆڕانی هاوكێشەكان

هێدی هەولێری

گۆڕەپانی ئەمڕۆی ڕووداوەكان لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕێكی دیكەی چاوەڕوان كراو بەڕووداو گەلێك تێپەڕ دەبێت و هەنگاوەكانی بە تاریكیاییەك دەست پێدەكات، كە ڕەنگە زۆربەی وڵاتان و ناوەندە هزریەكان خۆزگە بەو ڕۆژە نەخوازن، واتا: بەدڵی هەموولایەك نەخوازراوە.

جۆلان….جولانەوە و هۆشیارییەكی سیاسی بەرەو جیهانی عەرەبی ئاڕاستە كرد بەو مەرجەی عەرەب جارێكی تر بەئاگابێتەوەو لەم پیلانگێڕیەی ڕۆژئاوا ، كە ویستیەتی لەگەڵ قەیرانی سەربازیی دواتر سیاسیی و ئابووری بەدوای خۆیدا پەلكێش بكات بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئابووریە زەبەللاحەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ساغكردنەوەی شكست و داڕووخانی ئابووری ناوخۆیی خۆیان، بەتایبەتی ئەمریكا نیەتێكی لەو شێوەیەكی هەیە ، چونكە لەدوای دەستبەكار بوونی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەمریكا بەڕادەیەك دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیانی ئەمریكی قوڕستر كردو ئەرك و بەرپرسیارێتی لەو وڵاتەدا بەرەو ناسیتەماتیك بردو تاكی ئەوروپیی بێز لەناشیرینیەكانی ڕۆژئاوا دەكاتەوە، نەك لەگەڵ كارە گەمژەییەكانی دۆناڵد تڕەمپ نەك لەئاستی نەیارانی ئەمریكا و ناوخۆی ئەو وڵاتەشی تووشی گێژاوێك كردو هەندێكی تریشی لە دوژمنان بۆ داهاتووی ئەمریكا زیادتر كرد، بەو مانایەكی نەیتوانی سیاسەتێكی ڕاست و دوور لەدرۆو میكیاڤیلی و كۆمەڵێك ڕاوێژكاری نوێ و قۆناغێك لە قۆناغەكانی تری ژیاری و سەرنجی شارستانیەتی ئەوروپا بۆ لای ئەمریكا ڕابكێشێت، لەبەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی، بەپێچەوانەوە. بەهەرحاڵ….. ئێستا ئەو پیاوەی ئەمریكیەكان دەنگیان بۆ دا وەك سەرۆكێك گوایە سیاسەت و بەرژەوەندی وڵات بباتە پێشەوە، بەڵام هەرچی ڕق و توڕەیی خەڵك و وڵاتانی هاوپەیمانی و دروستكردنی قین و بوغز لەدڵی ئەمریكیەكاندا ڕوواندووەو نوسەرو ڕۆژنامەكانی ئەو وڵاتە شاهێدن لەسەر ئەوەی تا تەواوبوونی خولی سەرۆكایەتی تڕەمپ دۆخی ئەمریكا زۆر جیاواز دەبێت لەچاو سەردەمی بۆش و ئۆباما و ئەوانی تردا.

تڕەمپی سەرمایەدار لەگەڵ هاتنە سەرتەخت و وەرگرتنی كلیكلی سەرۆكایەتی كۆشكی سپی تەواوی هەڵسوكەوت و بڕیارەكانی لە قازانجی ڕژێمی جولەكەو سەرمایەدارە جولەكەكانی جیهانەو بەوهۆیەوە جیهانێكی بۆ دروستكردون بۆ حەسانەوەو دووبارە دەستپێكردنەوەی ژیاری ئیسرائیلی و نەوەیەكی تازەی ڕەگەزپەرستانەو دوور لە بنەما مرۆڤایەتیەكان، كە خۆیان ئەوەندە كاوێژی دەكەنەوە.

دواین بڕیاری سەربارەت بەڕادەستكردنی بەرزاییەكانی جۆلان و مێژووێكی ترو گەڕێكی دیكەی ململانێ سەربازی و ئابووریی و جوگرافی و سیاسی لەنێوان وڵاتان دەستپێكردەوە.

ئەگەرچی لەزۆر ڕووەوە كێشە بۆ تەواوی ناوچەكەو بەشێكی وڵاتانی هەرێمی و جیهان دروست دەكات لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هاوكێشانە یەكلایی دەكاتەوە لەنێوان زلهێزان و ئالقە لەگوێیەكانی ئەمریكا بەتایبەت كاردانەوەكانی ئەم بڕیارەی ناساندنی جۆلان وەك ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی جولەكە ئەژمار كرد، لەكاتێكدا هێشتا ئەو ڕژێمە خاوەنی دەوڵەت نیە، تا پانتاییەكی لەمشێوەی بەڕووبه‌ری 1800 كیلۆمه‌تر‌، 1200 كیلۆمه‌تری لەسەر ڕژێم تاپۆ بكات.

لەڕووی مێژووییەوە: له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی جه‌نگی شه‌ش ڕۆژه‌ی ساڵی 1967، له‌ڕووبه‌ری نێوان ناوچه‌ كۆنترۆكراوه‌كانی جۆلان له‌لایه‌ن ڕژێمی جولەكە، كه‌ سنوری به‌رزاییه‌كانی جۆلان ئه‌ژمار ده‌كرا، ده‌روازه‌ییه‌كی كاتی دروستكرا به‌مه‌به‌ستی ئاگربه‌ست، ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌نێوان سوریاو ئیسرائیل تائێستاش هه‌رماوه‌ و له‌ڕۆژی دوای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی جۆلان، قەوارەی زایۆنی یه‌كه‌ بچووكه‌كانی نیشته‌جێبوونی ده‌ستپێكردو 6 ساڵیش دوای شكستی جه‌نگی شه‌ش ڕۆژه‌، سوریا له‌جه‌نگی عه‌ره‌ب – ئیسرئیل ساڵی 1973هه‌وڵیدا ناوچه‌ی جۆلان ده‌ستی جولەكەكان بەدەستبێنێتەوە، به‌ڵام هێزه‌كانی ڕژێمی ئیسرائیل توانیان پارێزگاری له‌ناوچه‌كه‌ بكه‌ن هه‌رچه‌ند زیانی زۆریان پێگه‌یشت و هێرشه‌كه‌ش له‌ناوكاو بوو، ڕۆژی پشووی بۆنه‌یەكی تایبەتی جولەكەكان بوو, هەروەها دوای تێپه‌ڕبوونی 7 ساڵ و له‌ساڵی 1981ڕژێمی جولەكە به‌بڕیارێكی تاكلایه‌نه‌ هه‌م دیمه‌شقی پایته‌خت و هه‌م كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دەستخەڕۆكرد، هه‌ر له‌مساڵدا سەرانی جولەكە ڕایانگه‌یاند: به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌رزاییه‌كانی جۆلان به‌شێكه‌ له‌خاكی ئیسرائیل! ئه‌م بڕیاره‌ چ له‌لایه‌ن سوریا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌فه‌رمی نه‌ناسێنرا و له‌دیدیUN دا، ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌ك به‌شێكه‌ له‌خاكی سوریا ده‌مێنێته‌وه‌, كه ‌له‌لایه‌ن سوپای جولەكە داگیركراوه‌و ده‌بێت ڕۆژێك بۆ سوریا بگه‌ڕێندرێته‌وه‌. لەڕووی جوگرافی: بەرزاییەكانی جۆلان، ناوچەیەكی شاخاوییە، دەكەوێتە نێوان باشوری وڵاتی سوریا و باکوری ئیسرائیل، كە بەپێی بەرپرسانی باڵای سوریا، ئیسرائیل لەجەنگی ساڵی 1967 دا داگیريكردووە, كە لەبنەڕەتدا سەر بەوڵاتی داگیركراوی فەڵەستین بوو، كە ئەو بابەتە مێژوویە درێژە دەكێشێت و زیاتر لەوە باس ناكەم، كە به‌رزاییه‌كانی جۆلان %10خاكی سوریا پێكده‌هێنێت و بیست هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی جووه‌كانی تێدا دروستكراوه‌ 145هه‌زار سوری تێدا ژیاوه‌ تا پێش ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، كە 20 هه‌زار هاوڵاتی سوری تائێستاش له‌جۆلان ده‌ژین.

لەڕووی سەربازیی: هەرچەندە كێشە سەربازیەكان و یەكلایی كردنەوەی لەڕێی هێزی سەربازی لەمڕۆدا بووەتە خواردنی هێزێكی بچووك لەلایەن هێزێكی گەورەوە، واتا: ماسیە گەورەكان ماسیە بچووكەكان دەخۆن، ئاڕاستەی ئێستای جیهانیش لێرەوە تێپەڕ دەبێت، ئەوەی باس لەسەروەری خاك و بەرامبەرەكانی دەكات هیچ ئەساسێكی نیەو هەمووی لەسەر ئەویتر خۆی گەورەتر دەكات، جۆلان لەچاوەڕوانی هه‌ر ڕێككه‌وتنێكدا بێت له‌نێوان ئیسرئیل و سوریا بەیەكجاری ده‌بێته‌ هۆی چۆلكردنی شاردێیە جولەكەنیشینەكان، ئه‌و پرسە گرنگەش بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی تا ڕایگشتی ناوخۆی ئیسرائیل به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ببات، هه‌ر ڕێككه‌وتنێك به‌مانی بە له‌ده‌ستدانی جۆلانه‌ ، بەبڕوای چاودێران له‌به‌ر گرنگی ستراتیژیی به‌رزاییه‌كانی جۆلان ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌، كه ‌هه‌رگیز ئیسرائیل نایەوێ ئەو ناوچەیە لەدەست بدات، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەی داگیری كردووەو لەسەر ماڵی حەرام خۆی بونیاد دەنێتەوە ناتوانێت درێژە بە پڕۆژەكانی لەجۆلان بدات.

لەڕووی ئابووری و سیاسی: بەو پێیەی ئابووری هەر وڵاتێك بەندە بەدۆخی سیاسی لەهەڵكشان و داكشاندا بەیەكەوە پەیوەستن، جۆلانیش پێگە ستراتیژیەكەی بۆ (ئاو) دەگەڕێتەوە سەرنجی جولەكەكانی بەدرێژایی مێژوو بۆ لای خۆی ڕاكێشاوەو سیاسەتی كۆمەڵێك وڵاتی دراوسێ و دەوروبەریش بەو دۆخە ئاڵۆزەوە گرێداوە. سوریا بەگشتی و بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا لەدوای ناساندنی جۆلان وەك بەشێك لەخاكی ئیسرائیلی دروستكراو بەدەستی ئەمریكای باوكی نەخشەی جوگرافیای سیاسی بۆ داڕێژراوە كێشمە كێشمی زۆر لەو بەروارەوە ئێران و توركیا قسەی خۆیان هەیەو سوریاش بەو پارچە پارچە بوونەو دەستێوەردانی زۆربەی وڵاتانی زلهێز لەسەر حیسابی ئەم وڵاتە هاوكێشەكانی خۆیان تێدا پاسادان دەكەن لەكاتێكدا ئێستا سوریا تێكەڵ بە كۆمەڵێك ئایدیا و ئاڕاستەی بۆچوونە دژ بەیەكەكانە چونكە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەنجومەنی ئاسایش نەیتوانیووە چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ دۆخی سوریا لەدوای ساڵی 2011 یەوە بدۆزێتەوە.

له‌هه‌مان كاتدا باراك ئۆباما هه‌ر لەسەرەتای چوونە ناو كۆشكی سپی پێداگر بوو گفتوگۆی ناو ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، ئه‌و گفتوگۆیه‌شی وه‌ك ئامانجێك له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستنیشان كرد، به‌ڵام له‌ساڵی2011 له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا دوای به‌هاری عه‌ره‌بی، سوریا دووچاری شه‌ڕی ناوخۆیی بوو، به‌كرده‌یی ئه‌نجامدانی هه‌ر گفتوگۆیه‌ك به‌ته‌واوی لە سوریا و دەوروبەری لە‌ناوچوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان