ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

سلێمانی زەرەرمەندترینە
ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان پاشەكشەی كردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ
یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، ئاماژە بە پاشەكشەكردنێكی گەورەی وەبەرهێنان دەكات لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە هەرێم، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەو سزا ئابوری و سیاسییانەی بەغدا دەگێڕێتەوە، كە بەسەر هەرێمدا سەپاندویەتی لەدوای ڕیفراندۆمی جیابوونەوە لە ئەیلولی 2017 و داخستنی سنورەكان لەلایەن توركیا و ئێران و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان و كەمكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی، وێڕای جەنگ لە دژی ڕێكخراوی داعش.

لەو رووەوە، ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری ڕاپۆرتێكی ئامادەكردووە و لە زاری یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانەوە بڵاویكردۆتەوە، “هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2006-ەوە مۆڵەتی وەبەرهێنانی بەخشیبوو بە چەندان كەرت و بڕی وەبەرهێنانەكەش 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەهای ئەو وەبەرهێنانەی مۆڵەتی وەرگرتووە و لەئێستادا ڕاوەستاوە، دەگاتە نزیكەی 14 ملیار دۆلار”.

بە وتەی یاسین مەحمود، “شاری سلێمانی گەورەترین پاشەكشەكردنی لەڕووی وەبەرهێناوە بەخۆوە بینیوە، بەراورد بە ناوچەكانی تر، ئامانج لە خستنەڕووی ئامارەكانیش بۆ ئەوەیە كاروبارەكان لەبەردەم حكومەتی نوێی هەرێم ڕوون بێت تا بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕەوشی وەبەرهێناندا دەكات”.

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت: “لەو هۆكارانەی بونەتە مایەی پاشەكشەكردنی وەبەرهێنان لە سلێمانی، داخستنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پارێزگاكەیە، كە زیانی گەورەی بە كەرتەكانی گواستنەوە و گەشتوگوزار و دانیشتوان بە تایبەت گەیاندووە”.

گۆڤارە قەتەرییەكە نوسیویەتی، “لەدوای داگیركردنی ئەمریكا بۆ عیراق لە ساڵی 2003، ناوچەی هەرێمی كوردستان فاكتەری ڕاكێشانی زۆری وەبەرهێنەرە عیراقی و بیانییەكان بووە، ئەمەش بەهۆی سەقامگیری و ئارامی لە هەرێم و ئەو ئاسانكارییانەی بۆ كەرتەكانی نیشتەجێبوون و وزە و گەشتوگوزار ڕەخساون، بەڵام چوونە ناوەوەی هەولێر بۆ سەر هێڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەدژی ڕێكخراوی داعش، هەڵكشانی هەڕەشە تیرۆریستییەكانی ڕێكخراوەكە، زیانی گەورەی بە وەبەرهێنان گەیاند لە هەرێم”.

هەر بەپێی ڕۆژنامەكە، وەبەرهێنان بەهۆی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێم لە عیراق لە مانگی ئەیلولی 2017 زیانی پێگەیشت، بە تایبەت، كە سزا ئابوری و سیاسییەكانی بەغدا و توركیا و ئێرانی بەدواداهات و بووە مایەی داخستنی سنورەكان و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان”.

(العربی الجدید) باس لەو هەڵمەتە سەربازییەش دەكات، كە لەلایەن بەغداوە ئەنجامدرا و بووە مایەی دەستگرتن بەسەر پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تر، كە پێشتر لەژێر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدا بوون، وێڕای كەمكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی وڵات لەلایەن بەغداوە، كە لە لەسەدا 17وە بۆ لەسەدا 12 كەمكرایەوە.

هەر لەو بارەیەوە، ڕۆژنامە قەتەرییەكە، لە زاری سەعد نایل، ڕاوێژكار لە بازاڕی عیراقی دراوەكان بڵاویكردۆتەوە، “هۆكاری یەكەمی پاشەكشەكردنی وەبەرهێنان لە كوردستان، پەیوەندی بەو تەنگژەیەوە هەیە، كە لە دوای ڕیفراندۆم سەریهەڵدا و ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی بۆ هەرێم دروست كرد و بووە مایەی ئەوەی سنورەكان و فڕۆكەخانەكان دابخرێن، ئەمانەش دەستەواژەیەكی نەرێنی بوون بۆ خاوەن سەرمایەكان”.

بە وتەی نایل، “باشبوونی ئاسایش لە بەغدا و ناوچەكانی تری عیراق و كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگاكانی باكوور و خۆرئاوا و دەركردنی داعش، وایكرد بەشێك لە پارەی وەبەرهێنان ڕوو لەو ناوچانە بكات لەبری هەرێم، وێڕای كەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارەكان، كە وایكرد ببێتە مایەی دروستكردنی سەدان یەكەی نیشتەجێكردن لەو ناوچانە”.

شێرزاد خورشید، یەكێك لە وەبەرهێنەرە كشتوكاڵییەكانیش لە هەولێر بە (العربی الجدید)ی ڕاگەیاندووە، “وەرهێنان و پارە خستنە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، وەك سەركێشی لێهاتووە، چونكە ڕەوشی دەورووبەر نائارامە”.

بە وتەی خورشید، “وەبەرهێنان لەئێستادا ڕەنگە لە كەرتەكانی گواستنەوە و وزەدا باش بێت، پاشان گەشتیاری، بەڵام نیشتەجێ‌ و سەنتەرە بازرگانییەكان، یان دامەزراوە پیشەسازییەكان و ئەوانی تر، مەترسی زیانی لێدەكرێت و بوێری دەویت”.

ئەو وەبەرهێنە، پێشبینی كرد ئەم حاڵەتە بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی ڕەوشی سیاسی سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و حكومەت ئاسانكاریی باش بۆ وەبەرهێنەران دەكات و دڵنیایان دەكاتەوە، وێڕای كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی وەبەرهێنەرە توركەكان، كە بەهۆی ڕەوشی هەرێمەوە لە دوای ڕیفراندۆم، پاشەكشەیان كرد.

راپۆرت

ئۆج ئالان، دوای 20 ساڵ لە دەستگیركردنی
خۆپیشاندان و مانگرتنەكان بۆ ئازادكرنی بەردەوامن

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ 20 ساڵە بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆج ئالان تێپەڕ دەبێت و لە ژمارەیەك وڵات خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ ئازادكردنی ئەنجام درا.

 

خۆپیشاندان و مانگرتن بۆ ئازادكردنی ئۆج ئالان دەكرێت
بەپێی زانیارییەكان لە هەرێمی كوردستان و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە ژمارەیەك لە ئەندام و هەواداری پەكەكە و عەبدوڵڵا ئۆج ئالان مانیان گرتووە و تا ئێستاش هیچ بەرپرسێكی توركیا بەدەم داواكاری ئەو كەسانەوە نەڕۆیشتووە و ئەمڕۆ هێزەكانی توركیا ڕێگرییان لە پەڕلەمانتارانی هەدەپەو ژمارەك هاووڵاتی گرت كە سەردانی لەیلا گیوفەن بكەن كە نزیكەی 100 رۆژە مانی گرتووە.


هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ئازادكردنی ئۆج ئالان ئەنجام درا.

 

عەبدوڵڵا ئۆج ئالان كێیە؟
عەبدوڵڵا ئۆج ئالان لەدایكبووی ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە دێی ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا ڕحا لە باشووری ڕۆژھەڵاتی توركیا، سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستانە.

ناوبراو ئالان كۆلێجی زانستی سیاسی لە زانكۆی ئەنقەرە خوێندووە، بەڵام تەواوی نەكردووە و گەڕاوەتەوە بۆ دیاربەكر، ھەستی نیشتمانی و كوردایەتی كاری تێكردووە و بۆی تێكۆشاوە تا لە ساڵی ١٩٧٨ پارتی كرێكارانی كوردستانی دامەزراندووە، ئەم پارتە لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی كرد بە كاری چەكداری لەناو توركیا و ئێران و عیراق بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.

 

دەستگیركردن و دادگاییكردنی
تاكو ساڵی ١٩٩٨ ئۆج ئالان لە وڵاتی سووریا بوو، پاش ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوریا تێكچوو، توركیا ھەڕەشەی لە سوریا كرد بەوەی پشتگیری لەم پارتە دەكات، بۆیە سوریا ئۆج ئالانی ناچار كرد سوریا جێبھێلێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی توركیا، پاشان ڕوویكردە ڕوسیاو دواتر ڕوویكردە چەند وڵاتێكی دیكە لەوانە ئیتالیا و یۆنان، لە ساڵی ١٩٩٨ لەوكاتەی لەوكاتەی لە یۆنان بوو، حكومەتی توركی داوای ڕادەستكردنەوەی ناوبراوی كرد و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە كینیا دەستگیر كرا، ئەویش لە پڕۆژەیەكی چەكداری ھاوبەش لە نێوان دەزگاكانی “سی ئای ئەی”ئەمریكایی و “ئێم ئای تی”توركی و “موساد”ی ئیسرائیلی، پاشان لە رێگەی ئاسمانەوە گوازرایەوە بۆ توركیا بۆ دادگاییكردنی.

دروستكردنی پەكەكە
ئۆج ئالان لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندێكی باكووری كوردستان پارتی كرێكارانی كوردستانی دروست كردووە و یەكەم كۆنگرەی لە ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باكوری كوردستان بەستووە و تا ئێستاش 11 كۆنگرەی بەستووە.

پەكەكە ئێستا لەژێر چەتری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كار دەكات و شێوەی بەڕێوەبردنی سیستمی هاوسەرۆكایەتییە، ستراتیژیی ئێستای پەكەكە كۆنفیدڕاڵیزمی دیموكراتیكە و بەپێی ئەو ستراتیژە هەموو گروپ، پێكهاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دەتوانن بەپێی تایبەتمەندییەكانیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بارەگای سەرەكی ئێستای سەركردایەتی پەكەكە لە زنجیرە چیاكانی قەندیلە و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەكەكەدان و لەلایەن پەكەكەوە بە ناوچەكانی پاراستنی میدیا دەناسرێن و ڕووبەری ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت.

بەپێی زانیارییەكان، مەزەندە دەكرێت پەكەكە زیاتر لە ١٤ هەزار گەریلای لە شاخدا هەبێت، كە لە چوارچێوەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا ڕێكخراون و لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

ژمارەیەك لە حزبە كوردستانییەكان بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەكەكە دەناسرێن كە بریتین لە پەیەدە، تەڤگەری ئازادی، پژاك، كۆدار و هەدەپە، دەبەپە، كەجەدە، كۆنگرەی گەل، دەتەكە و كەژەئا و هێزە سەربازییەكانی یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ساڵانە 100 هەزار منداڵ گیانلەدەست دەدەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن رێكخراوی “منداڵان رزگاربكەن save the children”، ساڵانە بەهۆی جەنگ و ناكۆكییە چەكدارییەكان لە جیهاندا، زیاتر لە 100 هەزار منداڵ گیانلەدەستدەدەن.

لە راپۆرتەكەدا كە لە پەراوێزی كۆنگرەی ساڵانەی ئاسایش لە میۆنیخ بڵاوكرایەوە هاتووە”لانی كەم 550 هەزار منداڵی ساوا لەماوەی ساڵانی 2013و 2017 لەو دە وڵاتەدا كوژراون كە گەورەترین زیانیان بەهۆی جەنگەوە بەركەوتووە، ئەمەش بەهۆی برسێتی یان كەمی پاكژی یان نەبوونی چاودێری تەندروستی یان بێبەشبوون لە پێویستییە سەرەكییەكانی ژیان”.

بەپێی راپۆرتەكە”گەر منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانیش بخرێنە سەر ئەو ژمارەیە لەهەمان ماوەدا، ئەوا ژمارەی منداڵە كوژراوەكان بۆ 870 هەزار منداڵ بەرزدەبێتەوە، رێكخراوەكەش پێشبینی دەكات لە واقیعدا ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت”.

راپۆرتەكە لە زاری هێلی تۆرنینگ- شمیت، بەرپرس لە رێكخراوەكە بڵاویكردۆتەوە:”رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان ڕووبەڕووی هێرشی بەكۆمەڵی چەكداری و ئەو هێزە چەكدارانە دەبنەوە كە رێز لە یاسا و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان ناگرن”.

تۆرینگ-شمیت پێیوایە”كاتێك یاساكانی جەنگ پێشێل دەكرێن، پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی هەڵوێستی رون بێت و لێبوردەیی نەنوێنێت بەرانبەر بە پێشلكارەكان و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات”.

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە”نزیكەی 420 ملیۆن منداڵ، واتا 18%ی منداڵانی جیهان، لە ساڵی 2017 لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی جەنگدا ژیاون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 30 ملیۆن منداڵ زیادی كردووە”.

ئەو دە وڵاتەی لە راپۆرتەكەدا ناوییان هاتووە و تێیاندا منداڵان ڕووبەڕووی كوشتن بونەتەوە بەهۆی جەنگ و ناكۆكییەكان، بریتین لە ئەفغانستان، یەمەن، سودانی باشوور، كۆماری ئەفریقای ناوەند، كۆنگۆی دیموكرات، سوریا، عیراق، مالی، نەیجەر، نەیجیریا، و سۆماڵ”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆیە

خەڵك- ڤیان حەسەن

ئەمڕۆ 13 ی شوباتی 2019 ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆیە، كە لەلایەن ڕێكخراوی پەروەردە و زانست و كلتور- یونسكۆ-وە، دیاریكراوە.

هۆكاری دیاریكردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ، دەگەڕێتەوە بۆ 71 ساڵ بەر لە ئێستا، كە لەو ڕۆژەدا و لە ساڵی 1946 ئێزگەی ڕادیۆی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی بە پەخش كردووە.


بۆ یەكەم جار یادی ئەو ڕۆژە، لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەكادیمیای ئیسپانیا بۆ ڕادیۆ كرایەوە و دواتریش لە ساڵی 2012دا كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕۆژەكەی بە فەڕمی بە ڕۆژی ڕادیۆ ناساند.

ڕۆژەكەش هاوكاتی یادكردنەوەی ئەو ڕادیۆیەی نەتەوەیەكگرتووەكانە لە ساڵی ١٩٤٦دا، بە ئامانجی زیندووكردنەوەی ئەو ڕۆژە و هۆشیاریی دەربارەی بەهای ڕادیۆ و باشكردنی هاوكاریی نێودەوڵەتیی لە نێوان ئێزگەكاندا، هەروا هاندانی دروستكارانی بڕیار بۆ پێشكەشكردنی زانیاری لە ڕێگەی ئێزگەكانەوە.

لە ئێستاشدا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەك بەسەر دروستكردنی ڕادیۆدا و لە ڕۆژی جیهانیی ئامڕازە كاریگەرەكەی ڕاگەیاندندا، میدیای بیستراوی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستیی بە پێداچوونەوەی وردی زانستی هەیە، بە جۆرێك لەگەڵ گیانی سەردەم و ژیانی دیموكراسی و پێداویستییەكانی كۆمەڵی كوردیدا یەكانگیر بێت.

لە هەرێمی كوردستانیشدا ئێستا ڕادیۆیەكی زۆری نێوخۆیی و هەرێمی هەن، ڕادیۆی (خەڵك)یش یەكێك لە ڕادیۆ هەرێمییەكانە و لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان پەخشی بەرنامەكانی دەكات.
ڕادیۆی (خەڵك) ڕووماڵی ڕووداوە نێوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەكان دەكات بە شێوەیەكی پیشەییانە و بێلایەنانە، وێڕای ژمارەیەك بەرنامە لە بوارە جیاوازەكان و پەخشكردنی گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەنی كوردی بۆ گوێگرەكانی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان