ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

دوای مۆرینیۆ له‌ مانچسته‌ر یونایتد چی گۆڕاوه‌ ؟ (٧) هۆکار له‌پشت شۆرشی سۆڵسکایه‌ره‌وه‌یه‌…

خه‌ڵک سپۆرت

پاش دوورخستنه‌وه‌ی جوزێ مۆرینیۆی پورتوگالی و له‌ شه‌و و ڕۆژێکدا گۆنار سۆلسکایه‌ری نه‌رویجی وه‌ک ئه‌وه‌ی داره‌ جادوییه‌که‌ی هاری پۆته‌ری به‌ده‌سته‌وه‌ بێت مانچسته‌ر یونایتدی له‌ ئاستیكی شکستخواردوه‌وه‌ گه‌یانده‌ ئاستێکی باڵا.

ئه‌م شۆڕشه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ یانه‌ ئینگلیزیه‌که‌ ڕوویداوه‌ جێی تێڕامانی سه‌رجه‌م شاره‌زایانی بواری تۆپی پێیه‌، هۆکاره‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای وه‌رزه‌وه‌ و له‌کۆی (١٧) یارییدا پێکهاته‌که‌ی مۆرینیۆ ٢٩ گۆڵیان تۆمار کردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سۆلسکایه‌ر ته‌نها له‌ سێ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌دا توانیویانه‌ ١٢ گۆڵ تۆمار بکه‌ن، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئاست و شێوازی یاریکردنیان گۆڕانکاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی “مارکا” حه‌وت هۆکاری بۆ ئه‌م شۆڕشه‌ گه‌وره‌یه‌ی سۆلسکایه‌ر ئاشکرا کردووه‌:

  • سه‌ربه‌ستی یاریزانان: یاریزانانی مان یونایتد له‌گه‌ڵ سۆڵسکایه‌ر سه‌ربه‌ستی زیاتریان به‌ده‌ستهێناوه‌ و شێوازی جوڵه‌ کردنیان سه‌ربه‌ستی زیاتری پێوه‌ دیاره‌، هه‌روه‌ها له‌ڕووی سویچکردنی تاکتیکیه‌وه‌ نه‌رمترن و له‌ئێستادا پشت به‌ باڵه‌کان و کردنه‌وه‌ی یاریگا ده‌به‌ستن به‌ڕووی ڕکابه‌ردا.

  • پۆزیشن: له‌ئێستادا مان یونایتد گرنگی به‌ پۆزیشن (گلدانه‌وه‌ی تۆپ) ده‌دات، له‌سێ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی کۆتاییدا ڕکابه‌ریان له‌ تۆپ بێبه‌ش کردووه‌ و به‌رامبه‌ر کاردیف پۆزیشن %٧٢، به‌رامبه‌ر هیدێرسفیلد تاون %٦٣ و به‌رامبه‌ر بۆرنماوس %٦٣ بووه‌، ئه‌م شێوازه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ مۆرینیۆدا گرنگی پێنه‌ده‌درا ته‌نانه‌ت له‌حاڵه‌تی بردنه‌وه‌شدا.
  • ڕاشفۆرد هێرشبه‌ری نوێ: له‌هه‌رسێ یاریی رابردودا مارکۆس ڕاشفۆردی ئینگلیزی وه‌ک هێرشبه‌ری سه‌ره‌ ڕم به‌کارخراوه‌‌، یاریزانه‌که‌ش سه‌لماندویه‌تی که‌ ده‌توانێت له‌و پێگه‌یه‌دا یاریی بکات و سه‌رکه‌وتو بێت.

  • تینویه‌تی هێرشبه‌ران: مان یونایتد له‌کۆی ٢٤ یاریی له‌گه‌ڵ مۆرینیۆ ٣٨ گۆڵیان تۆمار کردووه‌ به‌نێوه‌ندی ڕێژه‌ی ١.٥٨ی گۆڵێک له‌هه‌ر یارییه‌کدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سۆڵسکایه‌ر و له‌ سێ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی رابردو ئه‌و ڕێژه‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ نێوه‌ندی ڕێژه‌ی چوار گۆڵ له‌ هه‌ر یارییه‌کدا، ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات که‌ پێکهاته‌که‌ تینویه‌تی و هێزی هێرشبه‌ریی زیادی کردووه‌.
  • ته‌قینه‌وه‌ی پۆل پۆگبا: ئه‌وه‌ی پۆگبا ده‌یکات ناوازه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ سۆلسکایه‌ر وزه‌ و تواناکانی ته‌قیونه‌ته‌وه‌، له‌کۆی سێ رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی رابردودا به‌ته‌نها چوار گۆڵی تۆمار کردووه‌، هه‌روه‌ها به‌شداربووه‌ له‌ تۆماری دوو گۆڵی تریشدا.

  • دوورخستنه‌وه‌ی فیلاینی: فیلاینی یه‌کێک بوو له‌ ناوه‌ گرنگه‌کانی مۆرینیۆ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سۆڵسکایه‌ر ته‌نها سێ خوله‌ک له‌ سێ یاریی ڕابردودا به‌شداری کردووه‌، ئه‌وه‌ش وا ده‌کات زیاتر گرنگی به‌ ناوه‌نده‌ هێرشبه‌ریه‌کان بدات.
  • هه‌ڵکشانی ئاستی هێرێرا: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌کۆتایی وه‌رزدا بۆنده‌که‌ی کۆتایی دێت و تا ئێستا نوێ نه‌کراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سۆڵسکایه‌ر گرنگی ئه‌وتۆی به‌ ئه‌ندێر هێرێرای ئیسپانی داوه‌ و کردویه‌تی به‌ یه‌کێک له‌ کۆڵه‌که‌کانی هێڵی ناوه‌ند، ئه‌وه‌ش متمانه‌ی به‌ یاریزانه‌که‌ به‌خشیوه‌ و ئاستێکی به‌رز پێشکه‌ش ده‌کات که‌ پێشتر هه‌رگیز به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بووه‌.

ڕاپۆرت و شیکاری

ئەو یاریزانە ناودار و دەوڵەمەندانەی خاوەنی فڕۆکەی تایبەتی خۆیانن، چەندیان پێداوە؟

خەڵک سپۆرت

لەجیهانی نوێی وەرزشدا یاریزانان بەشێوەیەکی جیاواز لە کەسانی ئاسایی مامەڵە دەکەن، بۆ نمونە گواستنەوەیان لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی تر بە فڕۆکەی تایبەتی ئەنجام دەدرێت.

ماڵپەڕی “مارکا” ئاشکرای کردووە، لە بواری تۆپی پێدا یاریزانە دەوڵەمەندەکان تا گواستنەوە و گەشتەکانیان ئاسان بکەن ڕاستەوخۆ دەچنە بازاڕی فڕۆکەکانەوە و فڕۆکەیەکی تایبەتی بۆخۆیان دەکڕن، ئەم هەنگاوەشیان لاسایی کردنەوەی ناودارانی هۆلیود و سیاسییە ناودارەکانی ئەمریکا و کەنداوی عەرەبییە، بەوپێیەی ناودارێکی هاوشێوە وەلید بن تەڵاڵی سعودی ناتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ کەسانێکدا گەشت بکات لەبەرئەوەیە کە خاوەنی دوو فڕۆکەیە کە هەریەکەیان نرخیان ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، هەروەها دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا خاوەنی فڕۆکەیە نرخەکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلارە.

یاریزانان لەم ڕوەوە و بەهۆی زۆری داهاتیانەوە ڕێچکەی سەرمایەدارە جیهانیەکانیان گرتووە، بە نرخی کەمتر بون بە خاوەنی فڕۆکەی خۆیان، ئەمەش چەند نمونەیەکە:

نایمار، نرخی فڕۆکەکەی ٢٥.٩ ملیۆن دۆلارە

ڕۆناڵدینیۆ، نرخی فڕۆکەکەی ٢١ ملیۆن دۆلارە

داڤید بێکهام، نرخی فڕۆکە تایبەتیەکەی ٢٦.٦ ملیۆن دۆلارە

پۆل پۆگبا، نرخی فڕۆکەکەی ٢٤.٥ ملیۆن دۆلارە

ئەلێکسیز سانچێز، نرخی فڕۆکەکەی ٩.٤٥ ملیۆن دۆلارە

کەریم بنزیمە، نرخی فڕۆکەکەی ١١ ملیۆن دۆلارە

لیۆ مێسی، نرخی فڕۆکەکەی ٢٥.٩ ملیۆن دۆلارە

ساموێل ئیتۆ، نرخی فڕۆکەکەی ١٢ ملیۆن دۆلارە

ئیمانوێل ئەدیبایۆر، نرخی فڕۆکەکەی ١٠ ملیۆن دۆلارە

گاریس بەیل، نرخی فڕۆکەکەی ١٣ ملیۆن دۆلارە

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، نرخی فڕۆکەکەی ٦٥ ملیۆن دۆلارە

جگە لەم یاریزانانەش، چەندین یاریزانی تر خاوەنی فڕۆکەی تایبەتی خۆیانن لە بوارە جیاوازەکانی وەرزشدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

مانچستەر یونایتد بەرامبەر بەرشلۆنە پشت بە (٦) خەسڵەتی هونەری ناوازە دەبەستێت !

خەڵک سپۆرت

تیروپشکی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان ئەنجامدرا و یانەی مانچستەر یونایتد لەو قۆناغەدا کەوتە بەرامبەر یانەی بەرشلۆنە.

زۆرینەی هەواداران و شارەزایانی بواری تۆپی پێ پێیان وایە یانەی بەرشلۆنە خاوەنی لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندو و چەندین خەسڵەتی باشترە لە یانە ئینگلزییەکە، زۆرینە پێیان وایە بارسا دەتوانێت ئەنجامی یارییەکانی چون و گەڕانەوە لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا لەڕووی شیکارییەوە هەرگیز ناکرێت مانچستەر یونایتدی سۆڵشایەر لەبیر بکرێت.

ڕۆژنامەی “مارکا”ی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، ئەستێرەکانی یانەی مانچستەر یونایتد خاوەنی شەش خەسڵەتی هونەری بەهێزن، بەهۆیەوە دەتوانن ئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراوی تر هاوشێوەی ڕووبەڕوبونەوەی پاریس سانت جێرمان دووبارە بکەنەوە، بۆیە ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی لە پلانەکانیدا پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکات و بیر لەم خەسڵەتانەی “شەیتانە سورەکان” بکاتەوە:

  • هێزی باڵا بەرزەکان: هەرچەندە ئەستێرەکانی یونایتد لەشێوازی یاریکردنیاندا پشتیان بە تۆپی بەرز نەبەستووە و لەم وەرزەدا تەنها پێنج گۆڵیان لەڕێگەی تۆپە بەرزە ئاڕاستە کراوەکانەوە تۆمار کردووە، بەڵام چەندینی وەک کریس سماڵینگ و نیمانیا ماتیچ و پۆگبا و لوکاکۆ و لیندلۆف باڵایەکی بەرزیان هەیە و دەتوانن بەوشێوەیە زەبر لە ڕکابەرانیان بدەن.
  • کاردانەوەی سەرکەوتنەکەی پاریس: بردنەوەی یاریی گەڕانەوە بەرامبەر پاریس سانت جێرمان لەناو شاری پاریس هەستێکی لای یاریزانانی مان یونایتد دروست کردووە کە لەتوانایاندایە هەر یانەیەکی گەورەی تر بکوتن بەزەویدا، ئەم هەستەش تا ڕووبەڕوبونەوەی بارسا کاردانەوەی دەبێت.
  • پۆل پۆگبا: لە هێڵی ناوەند خاوەنی ئەم ئەستێرە فەرەنسیەن کە لەڕووی کوالیتیەوە لە ناوەندسازەکانی بارسا بەتوانا ترە و دەتوانێت لەڕووبەڕوبونەوەی نێوان دوو یانەکەدا ئەرک و کاری گەورە ئەنجام بدات.

  • کام هێرشبەرە یاریی دەکات و چۆن؟: جیسی لینگارد، یان لوکاکۆ، یان ڕاشفۆرد، کامیان دەبنە هێرشبەری سەرەڕم یاخود هێرشبەری وەهمی؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەڵامەکەی تەنها لەبەردەم سۆڵشایەری ڕاهێنەردایە و دەبێتە سەرئێشە بۆ پلان و تاکتیکەکانی ڤاڵڤێردی.
  • هێرشی هەڵگەڕاوەی مەترسیدار: لەم ماوەیەدا کوڕانی مان یونایتد چەندینجار بە پلانی هێرشی هەڵگەڕاوەی ڕێکخراو یارییان کردووە و سەرکەوتو بوون، ئەگەر ئەم شێوازە بەرامبەر بارسا بەکار بهێنن کە متمانەی بە پۆزیشن هەیە بێگومان ترسێنەرە، چونکە لەهەر ساتێکدا دەتوانن سود لەو بۆشاییە زۆرە وەربگرن کە لەپشت پیکێ و هاوەڵانیەوە دروست دەبێت.
  • داڤید دی خیا: گۆڵپارێزی یارییە گەورەکانە و لەم وەرزەدا یانەکەی لەچەندین تەنگەژەی تاکتیکی ڕزگار کردووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانیش دروست کردووە، بۆیە تۆمارکرنی گۆڵ لەم گۆڵپارێزە جیهانیە کە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی قورسە.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

 (٨) هۆکار له‌پشت شکستی پڕۆژه‌ی پاریس سانت جێرمانه‌وه‌ بوون له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ ئه‌وروپیه‌کاندا!

خه‌ڵک سپۆرت

بۆ جاری سێیه‌م له‌سه‌ریه‌ک یانه‌ی پاریس سانت جێرمانی فه‌ره‌نسی له‌قۆناغه‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌کانی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد ماڵئاوایی کرد.

ڕۆژنامه‌ی “مارکا”ی ئیسپانی به‌ وردی ئاماژه‌ به‌ هۆکاره‌کانی شکستی پڕۆژه‌ نوێیه‌که‌ی یانه‌ی پاریس سانت جێرمان ده‌کات و ئاشکرای کردووه‌، له‌کۆتا ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٦ یانه‌ زه‌به‌لاحه‌که‌ له‌قۆناغی کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه‌ ماڵئاوایی کردووه‌، له‌دوای ئه‌وه‌ش له‌قۆناغه‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌کاندا به‌تایبه‌ت قۆناغی (١٦)دا گیری خواردووه‌ و ناتوانێت هه‌نگاو به‌ره‌وسه‌ر بنێت.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناسڕ خلێفی و قه‌ته‌ریه‌کان خاوه‌ندارێتی یانه‌که‌ ده‌که‌ن و ملیۆنه‌ها یورۆیان له‌پێناو چنینه‌وه‌ی نازناوه‌ ئه‌وروپیه‌کاندا به‌گه‌ڕخستووه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌نازناوه‌ ناوخۆییه‌کان (پێنج نازناوی خولی ناوخۆ) و ١٥ نازناوی دیکه‌، تائێستا نه‌یانیتوانیوه‌ تامی نازناوی چامپیۆنز لیگ بکه‌ن.

سه‌رچاوه‌که‌ هه‌شت هۆکاری بۆ شکستی پڕۆژه‌که‌ له‌م وه‌رزه‌دا ده‌ستنیشان کردووه‌، بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:

  • مارکینیۆس له‌ هێڵی ناوه‌ند: ئه‌دریان ڕابیۆ به‌هۆکاری ئیداره‌ی دوورخراوه‌ته‌وه‌، تۆماس توخێلی ڕاهێنه‌ر داوای چه‌ندین یاریزانی کردووه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنه‌که‌، به‌ڵام ئیداره‌ی یانه‌ له‌م گواستنه‌وه‌یه‌دا سه‌رکه‌وتو نه‌بوون، بۆیه‌ مارکینیۆس به‌ناچاریه‌وه‌ له‌وپێگه‌یه‌دا یاریی کردووه‌، به‌ڕوونی دیاربووه‌ یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌که‌ له‌ پێگه‌ی هێڵی ناوه‌ند ئه‌زمونی نییه‌.
  • پێکانه‌کانی هێڵی پێشه‌وه‌: پێکانی نایمار و کاڤانی له‌ساته‌ هه‌ستیاره‌کانی وه‌رزدا به‌ یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ به‌هێزترین هۆکاره‌کان ده‌ستنیشان ده‌کرێت، چونکه‌ پێکهاته‌که‌ به‌بێ ئه‌م دوو یاریزانه‌ دووچاری ئاسته‌نگی بووه‌.

  • نه‌توانایی له‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌کان: پێشتر به‌رامبه‌ر بارسا به‌چوار گۆڵ له‌ یاریی چونی قۆناغی (١٦)ی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کان پێشه‌نگیان گرتووه‌، ئه‌مساڵیش به‌ دوو گۆڵی خاوێن به‌رامبه‌ر یونایتد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌دا شکستیان هێناوه‌، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ که‌ توانای داخستنی ئه‌نجامه‌کان و کۆتایی هێنانیان نییه‌ به‌ ڕکابه‌ره‌ برینداره‌کانیان.
  • نه‌بونی گۆڵپارێزێکی سه‌ره‌کی: سیریگۆ، تراپ، ئاریۆلا، بوفۆن، سه‌رجه‌میان تاقیکرانه‌وه‌ و له‌ پێگه‌ی گۆڵپارێزی یانه‌ زه‌به‌لاحه‌که‌دا شکستیان هێنا.
  • نه‌بونی ململانێکاری ناوخۆ: ساڵانه‌ به‌ ئاسانی نازناوه‌ ناوخۆییه‌کان یه‌کلایی ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ که‌ ئاستی یاریزانان به‌ تاک و پێکهاته‌ک به‌کۆمه‌ڵ دابه‌زین و خاوبونه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.

  • پێکهاته‌یه‌کی ناهاوسه‌نگ: له‌گواستنه‌وه‌کاندا هه‌میشه‌ چاویان له‌سه‌ر هێرشبه‌رانه‌ و هێڵه‌کانی ناوه‌ندی به‌رگری و ناوه‌ندی هێرشبه‌ر و به‌رگریان پشتگوێ خستووه‌.
  • نه‌بونی شوێنگره‌وه‌ی کاڤانی: له‌پێگه‌ی هێرشبه‌ری ٩دا یاریزانی یه‌ده‌گیان نییه‌، کاتێک کاڤانی توشی پێکان ده‌بێت ناتوانن یاریزانێک به‌هه‌مان خه‌سڵه‌تی یاریکردنه‌وه‌ به‌کاربخه‌ن، بۆیه‌ ناچارده‌بن پشت به‌ گۆڕینی پلانه‌کان ببه‌ستن.
  • بارودۆخی ئه‌دریان ڕابیۆ: کێشه‌ی به‌رده‌وامی ڕابیۆ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی یانه‌ و نوێنه‌کردنه‌وه‌ی بۆنده‌که‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر پێکهاته‌که‌ به‌گشتی دروست کردووه‌، چ له‌ڕووی هونه‌ری بۆ ڕاهێنه‌ر و چ له‌ڕووی ده‌رونی بۆ یاریزانان، تا ئه‌م ساته‌ش دۆخه‌که‌ وه‌ک خۆی به‌رده‌وامه‌.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟
  • وه‌زارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو 86%, 62
    62 86%
    62 - 86% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی دارایی و ئابووری 10%, 7
    7 10%
    7 - 10% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی 4%, 3
    3 4%
    3 - 4% هەموو دەنگەکان

کوردستان