ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

یاسین مەحمود رەشید چەندین ئاماری وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانی ئاشكراكرد


خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا چەند ئامارێكی تایبەت بە وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانیدا ئاشكرا كرد.

یاسین مەحمود رەشید، لە كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا باسی لەوەكرد، لە سەرەتای مانگی ئابی 2006ەوە تا سەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵ لە 13 سێكتەری جياوازدا مۆڵەت بە 933 پرۆژەی جیاواز دراوە و لەو پرۆژانەیش 117 مۆڵەت كە سەرمایەكەیان 14 ملیار و 190 ملیۆن دینار بووە هەڵوەشێندراونەتەوە و 816 پرۆژەش كە سەرمایەكەیان 47 ملیار و 881 ملیۆن دینار بووە كاریان تێدا كراوە.

هەر لە قسەكانیدا ناوبراو رونیكردەوە، 742 پرۆژە بە سەرمایەی 37 ملیار و 972 ملیۆن دینار خۆماڵی بوون و 45 پرۆژەی تریش بە سەرمایەی6 ملیار و 113 ملیۆن دینار بیانی بوون و 29 پرۆژە بە هاوبەشی بوون بە سەرمایەی 3 ملیار و 796 ملیۆن دینار و ساڵی 2013یش باشترین ساڵ بووە بۆ وەبەرهێنان.

سەبارەت بەو وڵاتانەی راستەوخۆ وەبەرهێنانیان لە هەرێم كردوە، ناوبراو وتی”هەریەك لە “ئیمارات، لوبنان، توركیا، بەریتانیا، میسر، ئەمریكا و ئەڵمانیا و نیوزلەندا” بوون و چەند وڵاتێكی تریش بە هاوبەشی كاری وەبەرهێنانیان كردوە، وەك كۆریا، ئێران، ئەمریكا و كەنەدا و چەند وڵاتێكی تر.

یاسین مەحمود رەشید، ئەوەشی ئاشكراكرد لە ساڵی 2015ەوە وەبەرهێنان بەهۆی چەند هۆكارێكەوە لە سلێمانی و دهۆك پاشەكشەی گەورەی كردوە، بەتایبەتی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعش و رۆتیتان و سستی لە رایكردنی كاری وەبەرهێنەران و ململانێی حزبی.

 

ریکلام

کوردستان

كەسایەتییەكی كورد بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا


خەڵك- بەشی هەواڵ
كەسایەتییەكی دیاری كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

بە پێی هەواڵێك، كە ناوەندی ڕاگەیاندنی حزبی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، شەوی ڕابردوو ڕەشید یوسفی، مامۆستا و شاعیر و كەسایەتی ناوداری كورد لە نەخۆشخانەی (تەوحید) لە شاری سنە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.

ڕەشید یوسفی، كە لەساڵی 1972 لەدایكبووە سەرەڕای ئەوەی شاعیر و ئەدیب بووە، چەندین لێكۆڵینەوەی لەبواری فەرهەنگی هەبووە و مامۆستای بیركاری بووە لە شاری سنە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قوباد تاڵەبانی: با بۆ هەموو لایەك ڕوون بێت من دوو برام هەیە بافڵ و لاهورن


خەڵك – بەشی هەواڵ
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەمێشە لەبری قسەكردن، هەوڵمداوە لە پشتی پەردەوە یارمەتیدەری هێوركردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان بم و دەشڵێت: “ناتوانین هیچ دەستكەوتێك بۆ كوردستان بەدی بهێنین ئەگەر ‌وەك كورد لەناو ماڵی خۆماندا ناتەبا بین، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا ڕەنگە ئەو تەباییە بەپێی پێویست نەبێت و كاری دڵسۆزانەی زیاتری دەوێ”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە بۆنەی یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی لە پەیامێكدا ڕایگەیاندووە، با بۆ هەموو لایەك ڕوون بێت، كە من تەنیا برایەكم نییە، بەڵكو دوو برام هەیە، كە كاك بافڵ ‌و كاك لاهورن، هەموو ئەندامانی سەركردایەتی‌ و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ‌و كادیران‌ و ئەندامانی یەكێتیش هەڤاڵی ئازیزی منن.

دەشڵێت: “بە ڕاشكاوی دەڵێم سیاسەت لەسەر كۆنەقین ناكرێت، ئەگەر بمانەوێت حوكمڕانییەكی تەندروست بونیاد بنێین دەبێت دوور بكەوینەوە لە هەر هەنگاوێك، كە ناكۆكی ‌و بێ متمانەیی دروست بكات. من لەم پێناوەدا هەوڵی زۆرم داوە و زۆرجاریش بەداخەوە لۆمە كراوم”.

دەقی پەیامەكە:

كە‌سوكاری سە‌ربە‌رزی شە‌ھیدان
سە‌ركردایە‌تی ‌و كادیر ‌و ئەندامان ‌و لایە‌نگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاوێكی ھە‌ڤاڵانە‌تان لێ بێت..
بە بۆنەی یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی یەك بە یەكتان دەكەم. هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا سڵاو دەنێرم بۆ رۆحی سەرۆك ‌و رابەرمان مام جەلال ‌و هەموو ئەو سەركردە تێكۆشەرانەی بەر لە ٤٥ ساڵ لە لوتكەی بێهیواییدا بە دامەزراندنی یەكێتیی ‌و هەڵگیرسانی چەخماخەی شۆڕشی نوێ هیوایان بۆ گەلەكەمان گەڕاندەوە. هەروەها سڵاو دەنێرم بۆ رۆحی بەرزەفڕی شەهیدان كە بە خوێن‌ و گیانی پاكی خۆیان كوردستان‌ و یەكێتیان بەم رۆژە گەیاند.
هەڤاڵانی خۆشەویست.. هەمێشە لەبری قسەكردن، هەوڵمداوە لە پشتی پەردەوە یارمەتیدەری هێوركردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان بم، بەڵام ئێستا و لەم بۆنە پیرۆزەی یادی دامەزراندنی حزبی شەهیداندا، مەبەستمە بە كورتی جەخت لەسەر چەند خاڵێك بكەمەوە كە پەیوەندیدارن بە دۆخی ئەمڕۆی یەكێتی و كوردستان و رۆڵی بەندەوە.
یەكەم: وەك هەڤاڵێكی یەكێتیی، ئامانجم یەكێتیی ناو ریزەكانی یەكێتییە. خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا‌ و بە تایبەتیش لە دوای یەكەم كۆنگرە كە لە غیابی سەرۆك ‌و رابەرمان مام جەلال ئەنجامدرا، یەكێتی بەرەو ئەم یەكڕیزییە هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەمە بەس نییە و چاوەڕوانی زیاترمان لێ دەكرێت، بۆیە پێویستە روحی هەڤاڵانە لەناو خۆماندا بەهێزتر بكەین. لە دەرگای هەموو ئەو هەڤاڵانە بدەین كە رۆژێك لە رۆژان بە هەر هۆكارێك زویر بوون ‌و ئاشتیان بكەینەوە‌ و هەرگیز دەستبەرداری سیاسەتی چەپكە گوڵەكە نەبین‌ و لەژێر سێبەری ماڵە گەورەكەدا هەموومان بەیەكەوە یارمەتیدەر ‌و هاوكاری هەر دوو هەڤاڵی هاوسەرۆك بین.
با بۆ هەموو لایەك روون بێت كە من تەنیا برایەكم نییە، بەڵكو دوو برام هەیە كە كاك بافڵ ‌و كاك لاهورن. هەموو ئەندامانی سەركردایەتی‌ و ئەنجومەنی باڵای سیاسی ‌و كادیران‌ و ئەندامانی یەكێتیش هەڤاڵی ئازیزی منن. بۆیە با كەس هەرگیز رۆژێك لە رۆژان بیر لەوە نەكاتەوە كە دەتوانێت بە بڵاوكردنەوەی درۆ ‌و بوختان ناكۆكی لەناو ئێمەدا دروست بكات.
خاڵی دووەم: نوێبوونەوە كە دروشمی كۆنگرە و ناونیشانی سەرەكی كاری ئێستای یەكێتی ـ یە، بەبێ بەشداری چالاكانەی ژنان لە بڕیاردا بەدی نایەت، بۆیە ئەركی هەموومانە دەرفەت و زەمینەی هاتنە پێشەوەی زیاتری ژنان لەناو یەكێتی بڕەخسێنین. نوێبوونەوە تەنها بە پیاوان ناكرێت و بەشداری ژنان خۆی مەرجی جێبەجێكردنی ئەم دروشمەیە بە كردەوە و مانا پێ بەخشینی راستەقینەیەتی بۆ هێزێكی پێشكەوتنخواز و سەرمەشقی وەك یەكێتی كە بڕوای تەواوی بە توانا و رۆڵی ژنان بەتایبەت و گەنجان بەگشتی هەیە. بۆیە بەندە پێداگری دەكات لەزیادكردنی رۆڵی ژن و بەهێزكردنی بوونیان لەكایەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا.
خاڵی سێیەم: مێژووی دوور ‌و نزیكمان پێمان دەڵێت كە ناتوانین هیچ دەستكەوتێك بۆ كوردستان بەدی بهێنین ئەگەر ‌وەك كورد لەناو ماڵی خۆماندا نا تەبا بین، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا رەنگە ئەو تەباییە بەپێی پێویست نەبێت و كاری دڵسۆزانەی زیاتری دەوێ.
بە راشكاوی دەڵێم سیاسەت لەسەر كۆنەقین ناكرێت. ئەگەر بمانەوێت حوكمڕانییەكی تەندروست بونیاد بنێین دەبێت دوور بكەوینەوە لە هەر هەنگاوێك كە ناكۆكی ‌و بێ متمانەیی دروست بكات. من لەم پێناوەدا هەوڵی زۆرم داوە و زۆرجاریش بەداخەوە لۆمە كراوم.
خاڵی چوارەم: هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی كە كوردستان پێویستی بە چاكسازیی بنەڕەتی لە حوكمڕانیدا هەیە. بەڵام ئەستەمە بتوانین چاكسازی بكەین، ئەگەر بێتو متمانە دروست نەكەین. چاكسازی بەتەنیا بە لایەنێك ناكرێت، بە هەموومانەوە دەكرێت بە تایبەتیش پێویستە متمانەیەكی تەواو لەنێوان لایەنەكانی بەشدار لە حكومەتدا هەبێت. ئێستا كاتی ئەوەیە بە كۆدەنگی بڕیاری گەورە بدەین لە پێناوی چاكسازی ‌و گەشەپێدان ‌و بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری ‌و راستكردنەوەی هەڵەكانی حكومڕانی. با هیچ كەس و لایەنێكیشمان پێمان وانەبێت كە بێبەرین لە هەڵەكانی رابردوو، بەتایبەت یەكێتی و پارتی.
بەبێ هیچ زیادەڕۆییەك دەڵێم ئێمە ئەگەر بە دڵسۆزی ‌و بە یەكگرتوویی ‌و بە پلان‌ و بە دوور لە سیاسەتی كۆنەقین هەنگاو بنێین، ئێستاش ئەوەندە سەرمایەی مادی ‌و مرۆیی مەزن لەم وڵاتەدا هەیە كە دەكرێت كارێك بكەین لەماوەی چەند ساڵێكدا بناغە ‌و ژێرخانێكی ئەوەندە پتەو دروست بكەین كە بەدابەزینی نرخی نەوتیش، هەر بتوانین ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتییەكانمان دابین بكەین.
ئەمەی باسم كرد كورتەیەك بوو لەو سیاسەتەی باوەڕم پێیەتی‌ و لەسەری بەردەوام دەبم، هەموو ژیانی سیاسی خۆشم لەسەر بنەمای ئەم رێبازە بونیاد ناوە كە ئەلفوبێكەی لە باوكم‌ و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدەوە فێر بووم.
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە یادی دامەزراندنی یەكێتی لە هەموو لایەك پیرۆز دەكەم‌ و دڵسۆزانی یەكێتی دڵنیا دەكەمەوە كە یەكێتییەكەتان خوێنێكی تازەی بەبەردا هاتووەتەوە‌ و بە گوڕتر لە جاران و هەمیشە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەكانی گەلەكەماندا تێدەكۆشێت.
هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتووبن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بە ڤیدیۆ؛ ماتۆڕسوارە تەقەكەرەكەی سلێمانی دەستگیر كرا


خەڵك- بەشی هەواڵ
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی ئەو كەسەی ڕاگەیاند، كە گرتە ڤیدیۆی بڵاوكراوەتەوە و بە ماتۆڕسكیل لەسەر شەقامەكانی سلێمانی دەسوڕێتەوە و تەقە دەكات.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، دوای‌ ئەوەی‌ گرتەیەكی‌ ڤیدیۆیی‌‌ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە، كە ماتۆڕسوارێك لە یەكێك لە گەڕەكەكانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ تەقە دەكات، به ‌فەرمانی‌ بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی‌ ئەو كەسە دەسیپێكرد.

ڕاشیگەیاندووە، تونرا لە ماوەیەكی‌ كەمدا كەسەكە بدۆزرێتەوە و لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسەوە دەستگیر بكرێت‌ و ڕووبەڕووی‌ دادگا و لێپرسینەوەی‌ یاسایی بكرێتەوه، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ماتۆڕسكیل ‌و ئەو دەمانچەیەی‌ تۆمەتبار تەقەی‌ پێكردووه.

ئاماژە بەوەشكراوە، تۆمەتبار ناوی‌ (هـ، أ، م) لەدایكبووی‌ 1997 و كوردە و دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانییە و لەئێستادا بەبڕیاری‌ دادوەری‌ لێكۆڵینەوە ڕاگیراوه.

ته‌قه‌كه‌‌رێك له‌سلێمانی‌ ده‌ستگیركرادوای‌ ئه‌وه‌ی‌ گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی‌‌ له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوه‌وه‌ كه‌ ماتۆڕسوارێك له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ته‌قه‌ ده‌كات، به‌فه‌رمانی‌ به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان بۆ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌سیپێكرد.تونرا له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا كه‌سه‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیربكرێت‌و ڕوبه‌ڕوی‌ دادگاو لێپرسینه‌وه‌ی‌ یاسایی بكرێته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر ماتۆڕسكیل‌و ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ی‌ تۆمه‌تبار ته‌قه‌ی‌ پێكردووه‌‌.تۆمه‌تبار ناوی‌ (هـ، أ، م) له‌دایكبوی‌ 1997 و كورده‌و دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانییه‌و له‌ئێستادا به‌بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ڕاگیراوه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ – ڕاگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كان

Posted by ‎Sulaymanya police پۆلیسی سلێمانی‎ on Sunday, May 31, 2020

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان