کاتی داواکردنی لێبوردن لەئێزدییەکان هاتووە



شێرکۆ کرمانج و عەلی مەحمود
ئێزیدییەكان لەوەتەی سەر خاکی خۆیان، کوردستان، دەژین جینۆساید دەكرێن. بە پێی گێڕانەوە مێژووییەکان بێ، ئەوان بەسەدان جار، ماڵ و حاڵیان تاڵان كراوە، لە هەمووشی جەرگسۆزتر ئەوەیە کە كچ و ژنەکانیان وەک كەنیزەك بردراون لە بازاڕەکان فرۆشراون و بەخشراون؛ هەندێک جار بەكۆیلەکراون، بۆ ئازادبوونیش ئایینیان پێ گۆڕدراوە. بەپێی گێڕانەوانەی ئێزیدییەکان، لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا دەستپێکی مێژووی هاوچەرخ نزیکەی ملیۆن و نیوێک ئێزیدی لەلایەن دەسەڵاتدارە سیاسییەکان و حاکمەکانی بەغدا و موسڵ و زۆرجاریش لەلایەن میر و شێخە كوردەکان كوژراون. ئێزیدییەکان لە یادەوەری خۆیان حەکایەتی بە حەفتا و سێ (73)  فەرمان (ئەمری کۆمەڵکوژی) گەورەیان پاراستوە. بەو پێیەش بێ، حەفتا و چوارەمین فەرمان شاڵاوەکانی داعش بوو لە 2014دا.

لەو تاوانەدا نزیکەی 6500 هاونیشتیمانی ئێزیدی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش و ژمارەیەکیان گوللـەباران کران و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێن کران. ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 360 هەزار ئێزیدی لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون. کوردانی موسڵمان، کەم تا زۆر، لە بەشێک لەو فەرمانانە هێزی سەرەکی بوون و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە کۆمەڵکوژییەکان بینیوە. تەواوی ئەو تاوانانەش/فەرمانانەش، بەوەی داعش-یش ئەنجامی دا، بەناوی ئیسلامەوە کراوە و بەرگی پیرۆزی دینیان لەبەر کراوە و وەک جیهاد و غەزا لە مێژوودا ناوزەدكراون.

کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان کردەیەکی کەسیی و گرووپی لاپەڕ و گۆشەگیر نەبوون، بەڵکوو زادەی پاشخانێکی فیکری و دینی و مێژوویی بوون. هیچ جینۆسایدێک بێ بوونی فیکرێک لە پشتییەوە ئەنجام نادرێت. جینۆسایدی ئێزیدییەکان-یش تەنیا لەو چوارچێوەیەوە دەکرێت تێگەیشتن و خوێندنەوەی بۆ بکرێت. سەرەتاکانی فیکری جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەلایەن موسڵمانانەوە دەگەڕێتەوە بۆ فەتوای زانا ئایینییەکانی دەوروبەریان لە سەدەکانی ناوەڕاست لە هەڵوێست و گوتارە زەبروزەنگەکانی ئیبن تەیمییە-ش گەیشتۆتە لوتکە، کاتەک هاتووە بە هەڕەشە و گوڕەشە ئامۆژگاریان دەکات تا بە تێگەیشتنی خۆی بیانهێنتەوە سەر ڕێگای ”ڕاست”. دواتریش فەتواكانی شێخانی ئیسلام لە دەوڵەتی عوسمانی، تا دەگاتە مەلا کوردەکان (وەک: مەلا ساڵحی هەکاری، شەرەفخان، مەلا مەحمودی بایەزیدی، ڕەبەتکی، مەلا محمد شەریفی قازی،  عەبدولقادر ڕۆستەمی بابانی… هتد) کە زمانی زەبروزەنگیان دژی ئێزیدییەکان بەکارهێناوە. لە هەمووشیان زەقتر فەتواکەی مەلا عەبدولرەحمانی جەلیزادە-یە کە هانی ئەورەحمان پاشای بابانی داوە دژی ئێزیدییەکان، هاوکات ڕەوایەتیی بە کۆمەڵکوژییان داوە و دەڵێت: ئه‌وان له‌ كافره‌ ڕه‌سه‌نه‌كان كافرترن. كوشتنیان، به‌پێی هه‌ر چوار مه‌زهه‌ب حه‌ڵاڵه‌، جیهادكردن له‌دژیان باشتر و پاداشتی زێده‌تره‌ له‌ عیباده‌ته‌ ئایینییه‌كان.

فەتواکان، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ئایینی دەوڵەت و دەسەڵاتەکان بوون، ئەوەندە خوێندنەوەی دروستی باوەڕی ئێزدیان نەبووە. فەتواکان ڕەوایەتییان بە کردەوەی دەسەڵاتدارێتییەکان بەرامبەر بەم کۆمەڵە ئایینییە بەخشیوە و بوونە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ، چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو لەسەر دەستی پاشای کۆرەی ڕەواندز لە ساڵانی 1832 و 1834. هێنری لایارد، شوێنەوارناس (1817-1884)، كە ڕۆڵی هەبووە لە وەستاندنی كۆمەڵكوژییەكە لە ئەستەمبۆل، پایتەختی عوسمانییەکان، باسی لەوە كردووە كە نزیكەی سێ لەسەر چواری دانیشتوانی ئێزیدی شاخەکانی کوردستان لەو هەڵمەتانەدا كوژراون. لە كۆیەوە بۆ سەر زێی گەورە ئەوەی ئێزیدی بووە جینۆساید کراون و نزیکەی 500 ژنیش وەک کەنیزەک بردراون.

تا سەرەتاکانی سەدەی بیست دید و تێگەیشتنی کورد، بەتایبەتی نوخبەی دینیی، بەرامبەر بە ئێزیدییەکان دوژمنکارانە بووە. ئەوە دەستەبژێری منەوەری کورد بوون کە ڕوانگەی ڕووناکبیران و خوێندەوارانی کوردیان دەربارەی ئێزیدییەکان گۆڕی، سوپاس بۆ شوکری فەزڵی و هەندێک لە بەدرخانییەکان و تۆفیق وەهبی. لەم گۆڕانکارییە گرنگەدا هەندێک زانای ئایینی ئیسلام-یش ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە لەوانە ئەنوەری مائی و مەلا خەلیلی مشەختی.

ئێستا کۆمەڵگەی کوردستان دابەشە، بەشێکیان ئێزیدییەکان وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکی گەلی کوردستان دەبینن و پێیان وایە کە بۆ نیشتیمانسازیی-کوردستانیی لە خۆگرتنی ئێزیدییەکان و هەموو گرووپە دینی و کلتووری و سیاسیی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان ئێجگار گرنگ و جەوهەرییە. بەشێکیشی ئێستاش کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ئەو دیدە دینییە کۆنەپارێزە کە هەندێک فوقەها و مەلا لە سەرەتای ئیسلامەوە تا سەدەی نۆزدە دایان ڕشتووە لەگەڵ هەندێک مەلا و گرووپی سیاسی کە ئێستا لە تۆڕ-کۆمەڵایەتییەکان ژەهری دووبەرەکی دەڕێژن و ئێزیدییەکان وەک کافر و پیس و لادەر و هەڵگەڕاوە لەقەڵەم دەدەن. کوردستانییان کە چەندین دەیەیە پڕۆسەی نیشتیمانسازییان دەست پێ کردووە، ئەم پڕۆسەیە بەبێ لەخۆگرتنی هەموو گرووپەکانی گەلی کوردستان، هاوکات، بەبێ داننان بە هەڵە مێژووییەکان و دەستپێکردنی پڕۆسەگەلی ئاشتەوایی نیشتیمانیی و یەکدی قەبوڵکردن، نەک هەر کامل نابێت بەڵکو دەپووکێتەوە.

کردەی داوا کردنی لێبوردن بێجگە لەوەی کە گەورەییەوە دێت و بەرهەمی عەقڵێکی کراوە و سەردەمیانەیە، نموونەی لەنێو گەلانی دنیا زۆرە. حکومەتی ئوسترالیا و لە 2007 بەفەرمی داوای لێبوردنی لە خەڵکە ئەسڵییەکەی، ئەبوریجنەڵەکانی، ئەو وڵاتە کرد و دانیان بەو تاوانانە نا کە باوان و دایکانی خۆیان لە دژی ئەبوریجنەڵەکان ئەنجامیان دابوو.

كۆمسیۆنی ڕاستییەکان و ئاشتەوایی لە ئەفریقای باشوور بۆ هەمان مەبەست پێکهات، دەرخستنی ڕاستییەکان و داننان بە تاوانەکان. دەیڤید کامرن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، داوای لێبوردنی لە ئێرلەندییەکان کرد تەنیا لەبەرابەر کوشتنی 14 خۆپیشاندەری بێچەک لە 1972 کە لە ئێرلەندای باکوور لەلایەن هێزە بەریتانییەکانەوە کوژران.

بۆیە، ئێمە پێمانوایە وەک بەشێک لە پڕۆسەی نیشتیمانسازی و ئاشتەوایی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەنێو گرووپە جیاجیاکانی گەلی کوردستان، کوردانی موسڵمان دەبێت داوای لێبوردن لە کوردانی ئێزیدی بکەن لە پای ئەو هەموو ناهەقی و فەرمان و کۆمەڵکوژییەی کە بە ناوی ئەوان و دینەکەیانەوە کراوە. جا ئەم داوایە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بێت؛ حکومەت و پەرلەمان بێت؛ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت؛ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بێت؛ کۆمەڵگەی مەدەنی بێت یان کەسیی بێت.

ئێمە (شێرکۆ کرمانج و عەلی مەحمود محەمەد) بەفەرمی داوای لێبوردن لە هاونیشتیمانییە ئێزیدییەکانمان دەکەین لەبەرابەر هەموو ئەو تاوانانەی بەناوی ئێمەوە کراوە لە دژی ئێزیدییەکان.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی.

 

وەبیرهێنانەوە پەیامێك بۆ ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان
پێت وەبیرهێنانەوە پەیامێك بۆ ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان
بەلەمێكی كۆچبەران بە 52 سەرنشینەوە ژێرئاو كەوت
دوات بەلەمێكی كۆچبەران بە 52 سەرنشینەوە ژێرئاو كەوت
پەیوەندیدار