ڕەئیسی: لەخوێنی سولەیمانی خۆش نابین



لە تاران پایتەختی ئێران یادی سێیەمین ساڵی كوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی كرایەوە.

‎رێوڕەسمەكە لە مزگەوتی ئیمام خومەینی لە تارانی پایتەخت بە ئامادەبوونی هەریەك لە سەرۆك كۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی، فەرماندی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران حوسێن سەلامی، فەرماندەی فەیلەقی قودس ئیسماعیل قائانی، بەرپرسانی حكوومی، فەرماندە سەربازییەكان، نوێنەرانی وڵاتان، بنەماڵەی سولەیمانی و هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.

‎سەرۆككۆماری ئێران، لە گوتارێكیدا لە میانی رێورەسمەكە ئاماژەی بەوە كرد كە یادكردنەوەی سولەیمانی بە مانای “بایەخدان بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بێبەریبوون لە ستەم، گوشار و ئیمپیریالیزم” دێت.

‎ئیبراهیم رەئیسی باسی لەوە كرد كە لەلایەكەوە دڵتەنگن بۆ لەدەستدانی سولەیمانی بەڵام لەلایەكی دیكەوە هەست بە شانازی دەكەن: “سەرمان بەرزە، چونكە كەسێكی ئاوها تەنها بیری لە ئێران نەدەكردەوە بەڵكو بیری لە جیهان دەكردەوە”.

‎رەئیسی جەختی لەوە كردەوە كە تۆڵەی فەرماندەكەی ئێران دەكەنەوە: “لە بەردەم ئێوە دەیڵێم، خوێنی شەهید سولەیمانی بەفیڕۆ ناچێت. ئەمە یەكلاكراوەتەوە. بە ئاسوودە نووستن نییە، رێگە نادەین بكوژ و بەرپرسەكان بە ئاسوودەیی بنوون”.

‎لە سێی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاكامی ھێرشێكی ئاسمانیی ئەمریكادا، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا كوژران.

‎لە ئەنجامی هێرشەكەدا ١٠ كەس كوژران كە هەردوو فەرماندە و بەرپرسی سەربازی عێراق و ئێرانی تێدایە. سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بە بیانووی ئەوەی كە سولەیمانی هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریكا، رایگەیاند كە فەرمانی كوشتنی سولەیمانی داوە.

‎دواتر ئێران لە هەشتی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا بە مووشەكی بالیستی دوو بنكەی ئەمریكای لە عێراق كردە ئامانج. لە هێرشەكەدا هیچ سەربازێكی ئەمریكی نەكوژرا، بەڵام دواتر راگەیەندرا كە لە كاتی هێرشەكاندا ١٠٩ سەرباز بریندار بوون.

ئێران دەستگیركردنی گرووپێكی چەكداری راگەیاند
پێشت ئێران دەستگیركردنی گرووپێكی چەكداری راگەیاند
چوونی وەزیرێكی ئیسرائیلی بۆ مزگەوتی ئەقسا نیگەرانی دروستكردووە
دواتر چوونی وەزیرێكی ئیسرائیلی بۆ مزگەوتی ئەقسا نیگەرانی دروستكردووە
ەیوەندیدار