بافڵ تاڵەبانی: نامانەوێت گوزەرانی خەڵك تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێت



بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە یان برێم، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، ئامانجی ئێمە ئاشكرایە و نامانەوێت گوزەرانی خەڵك تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێت

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی، دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان، پرسی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و سەقامگیریی ناوچەكە كرایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، “ئامانجی ئێمە ئاشكرایە و نامانەوێت گوزەرانی خەڵك تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێت، هەوڵی ئێمە بۆ دەستەبەركردنی داهاتوویەكی سەقامگیرترە بۆ خەڵكەكەمان و دابینكردنی ژیانێكی شایستەیە بۆیان، لەو پێناوەشدا هەموو هەنگاوێكمان ناوە و بەردەوامیش دەبین”.

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی، “دۆخی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە گۆڕانكاری و پێداچوونەوەیە، هەڵبژاردنیش باشترین رێگەیە تاوەكو خەڵك مافە یاسایی و دیموكراسییەكانی خۆیان پەیڕەوبكەن و گۆڕانكاریی ئەرێنی بهێننە كایەوە”.

جەختیشی كردەوە، هەموو هەوڵێكیش بۆ دروستكردنی بەربەست و دواخستنی هەڵبژاردن، لێدانە لەخواستی خەڵك و هیوادارین هەڵەی لەو شێوەیە نەكرێت.

 

“وڵاتانی جیهان خۆیان لە پلاستیک ڕزگاردەکەن و لە هەرێمی کوردستان ساغی دەکەنەوە”
پێشت “وڵاتانی جیهان خۆیان لە پلاستیک ڕزگاردەکەن و لە هەرێمی کوردستان ساغی دەکەنەوە”
جەبار یاوەر: داعش هیچ مەترسی نیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و هیچ جێگایەکی تر
دواتر جەبار یاوەر: داعش هیچ مەترسی نیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و هیچ جێگایەکی تر
پەیوەندیدار