بۆ منداڵەکەت لە تاقیکردنەوە دەترسێت؟



لەگەڵ نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکان، دۆخێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ زاڵە بەسەر خوێندکاراندا، لە ترسی بەدەستنەهێنانی نمرە و ئەنجامی پێویست، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونییان دەبێت.

 

دکتۆر لەیلا ڕەجەب ڕاوێژکاری تەندروستی دەروونی و خێزانی لەمبارەیەوە دەڵێت، هۆکاری سەرەکی ترسی منداڵان لە تاقیکردنەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ دایکان و باوکان، کە فشارێکی زۆریان لەسەر دروستدەکەن، بە ترساندنیان و بەراوردکردنیان لەگەڵ منداڵی کەسوکاریان

ڕوونیشیکردەوە، ترسی منداڵان لە تاقیکردنەوەکان هۆکاری دیکەی هەیە، لەوانە:

نەبوونی متمانە بەخۆبوونی منداڵەکە، ئەو سزا دەروونی و جەستەییەی کە منداڵ لە قوتابخانەدا بەرکەوتەی دەبێت.

منداڵ کێشەی تەندروستی یان دەروونی هەیە کە وا دەکات نەتوانێت لەتاقیکردنەوەکان باش بێت یان نەتوانێت خوێندن تەواو بکات.

ئەو ڕاوێژکارە تەندروستییە دەروونییە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە منداڵان کۆمەڵێک نیشانەیان تێدا دەردەکەوێت، کە دەکەونە سەروەختی تاقیکردنەوەکان دیارترینیان:

دڵەڕاوکێ.

فشار.

خەم.

تێکچوونی خەو.

تێکچوونی ئارەزووی خواردن.

گۆڕانی توندی باری دەروونی.

بۆیە دەبێت دایکان و باوکان زۆر بە وردی ئاگاداری ئەم بارودۆخانە بن.

دکتۆر لەیلا رەجەب دەڵێت؛ زاڵبوون بەسەر ترسی تاقیکردنەوەکان ئەرکی خێزان و منداڵیشە، بەو پێیەی پێویستە دایک و باوک لە ژێر ڕۆشنایی هەندێک ڕێنمایی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، هەروەها پێویستە خوێندکارانیش کۆمەڵێک ئامۆژگاری جێبەجێ بکەن.

چەند ئامۆژگاریەک بۆ زاڵبوون بەسەر فشاری دەروونی لە ماوەی تاقیکردنەوەکاندا

-ترسی تاقیکردنەوەکان لەبەردەم منداڵدا دەرمەبڕن، چونکە ئەمە دڵەڕاوکێی زیاتر بۆ منداڵ دروستدەکات.

-دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی تۆقاندن و پاداشت و سزادان لەگەڵ منداڵەکەتدا.

– یارمەتیدانی منداڵ بۆ ڕێکخستنی کاتەکانی.

– دابینکردنی کەشێکی ئارام لە ماڵەوە دوور لە شەڕ و کێشەی خێزانی، بۆ ڕێگریکردن لە سەرقاڵکردنی منداڵ.

-لەکاتی خوێندندا لە تەنیشت منداڵەکەت دامەنیشە، چونکە ئەوە وادەکات هەست بە فشار بکات.

-گرنگی بە خۆراکی منداڵەکەت بدە و ژەمەکانی بەباشی بۆ ئامادە بکە.

-ڕاوێژ بە پزیشکی دەروونی بکە، ئەگەر ڕێنماییەکانی پێشوو لەگەڵ ترسی منداڵ لە تاقیکردنەوەکان کاریان نەکرد.

لە کۆتاییدا دکتۆر لەیلا پێشنیار دەکات، کە خوێندکاران کۆمەڵێک ڕێوشوێن پەیڕەو بکەن بۆ کەمکردنەوەی ترس بەر لە تاقیکردنەوەکان، لەوانە:

– بەڕێوەبردنی کات.

-خەوێکی تەواو.

-ئەنجامدانی وەرزش.

-کاتەکانی پشوودانت بە ئەنجامدانی خولیای دڵخوازت بەسەر بەرە، وەک نووسین یان وێنەکێشان.

-لەگەڵ خێزانەکەت باسی ئەو ترس و بیرکردنەوانە بکە کە بە مێشکدا تێدەپەڕن.

-دوور بکەوەرەوە لەو هاوڕێیانەی کە هەمیشە گرژن و وزەی نەرێنییان هەیە.

نوێترین زانیاری لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان
پێشت نوێترین زانیاری لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان
بچووکترین مۆبایل لە جیهاندا، کێشی  تەنها ١٣ گرامە
دواتر بچووکترین مۆبایل لە جیهاندا، کێشی  تەنها ١٣ گرامە
ەیوەندیدار