باشترین ڕێگا بۆ کێش دابەزاندن چییە؟


تا دەتوانین و گەدەمان دەیگرێت دەخۆین، دواتریش دەمانەوێت بە قاشێک لیمۆ یان چایەکی خەست هەموو چەورییەکەمان بتوێنینەوە ئایا ئەمە دەکرێت؟.

قەڵەوی لە جیهاندا بە نەخۆشی دادەنرێت، بریتییە لە کۆبوونەوەی چەورییەکی زۆر لە لەشدا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ملیارێک مرۆڤ لە جیهاندا بەدەست قەڵەوی و کێشی زیادەوە دەناڵێنێت.

پەیمان تەها تەمەنی ٥٠ ساڵ بە ڕێگای وەرزشکردن تونیویەتی زیاتر لە ٣٠ کیلۆ لە کێشی دابەزێنێت.

محەمەد ناسیحی ٢٥ ساڵ، جیاوازتر لە وەرزش بە ڕێگای کیتۆ کێشی خۆی دابەزاندووە، لە ٢١٠ کیلۆوە ئێستا ١٢٥ کیلۆیە.

کۆتا توێژینەوەی لە عێراق لەبارەی قەڵەوی و کێشی زیادە ساڵی ٢٠١٥ بووە، ٪٥٨.٧ پیاوان و ٪٧٣.٢ ژنان بەدەست کێشی زۆر و قەڵەویەوە دەناڵێنن.

لە هەرێمی کوردستان د.شێرزاد شابو مامۆستا لە زانکۆی پزیشکی هەولێر ساڵی ٢٠١٧ توێژینەوەیەکی لەگەڵ هەزار و ٤٨٠ کەسی پێگەیشتووی لە شاری هەولێر ئەنجامداوە، دەرکەوتووە ٪٧٤.٣ بەشداربووان بەدەستی قەڵەوی و کێشی زیادەوە دەناڵێنن.

هاووڵاتی عێراقی و هەرێمی کوردستانیش بە زۆرخۆر ناسراون، لە زۆرینەی ژەمەکاندا برنج و نان هەیە، لە کاتێکدا لە جیهاندا تەنها جۆرێک خواردن لە ژەمێکدا دەخورێت، بەڵام لێرە هەر ژەمێک دوو بۆ سێ جۆر هەیە خواردنی دڵخوازی هەموومان کەباب و نانی گەرمە، کۆبوونەوە خێزانییەکان بە سفرەیەکی ڕازاوەییە لە خواردنی پڕ کالۆری، دوایش دەڵێن بەخوا نازانین بۆ قەڵەو بووین؟.

چەندین ڕێگای جیاواز بۆ دابەزاندنی کێش هەیە، وەرزش، کیتۆ، گەدەبڕین و بوونی چەندین دەرمان و پێکهاتە کە لە بازاڕەکاندا دەردەکەوێت، لە هەرێمی کوردستان دوو باوترین ڕێگا کە بۆ کێش دابەزاندن بەکاردەهێنرێت وەرزش و کیتۆیە، بەڵام کامیان ڕێگایەکەی سەرکەوتووترە؟.

لە کاتێکدا هەردوو ڕێگاکە بۆ کێش دابەزاندن سوودی لێدەبینرێت، بەڵام سیستمی خۆراکیان تەواو جیاوازە، لە سیستمی هۆڵەکانی لەشجوانی چەوری تەواو ونە، بەپێچەوانەشەوە لە کیتۆ چەوری زۆرینەی سیستمەکە پێکدەهێنێت.

موحسین ئیبراهیم ڕاهێنەری لەشجوانییە، دەڵێت لای ئێمە خەو و خواردن زۆر خراپە زۆرینەی ئەوانەی دێن کێشەی خەوی ناڕێک و خواردنی پڕ کالۆرییان هەیە.

مازن جەمیلە، چالاکوانی کیتۆیە و ڕێنمایی هاووڵاتیان دەکات بۆ کێش دابەزاندن بەڕێگای کیتۆ، بەپێچەوانەوە پێی وایە ئەو سیستمەی بۆ کەمکردنەوەی کێش لە هۆڵەکانی لەشجوانیدا بەکاردەهێنێت کلاسیکە دەڵێت کیتۆ سروشتی مرۆڤە، وەرزش لە کیتۆدا ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە.

ئیسرا کەمال شا، پزیشکی پسپۆڕی خۆراکە، لە بارەی هەردوو ڕێگاکە بۆ دابەزاندنی کێش دەڵێت ناتوانرێت بووترێت کامیان باشترین ڕێگان، بەپێی پێکهاتەی لەشی کەسەکە دەگۆڕێت، وەرزش بۆ هەمیشەییە بەڵام نابێت کیتۆ بۆ هەمیشە ئەنجامبدرێت.

لەشولارێکی ڕێک و تەندروست خەونی هەر کەسێکە، بەڵام بۆ گەیشتن بەو خەونە دەبێت بە پێکهاتەی لەشی کەسەکە باشترین ڕێگا بدۆزرێتەوە.

سەدایەک لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لەبیرکردنی جەنجاڵی ژیان
پێشت سەدایەک لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لەبیرکردنی جەنجاڵی ژیان
ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ئابووریی جیهان سەخت دەبێت
دواتر ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ئابووریی جیهان سەخت دەبێت
پەیوەندیدار