ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرسی مووچە کۆبووەوە



ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوەچوو و تییدا چەند تەوەرێک خرایەڕوو و هاوکات چەند داواکارییەک لە عێراق کرا.

حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد.

ڕوونیشیکردۆتەوە، بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیی تا ئێستا مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ کراوە و جەخت لە بەردەوامی ئاسانکاریی وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی وردبینی کرایەوە.

ئەوەش خراوەتەروو،  دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت .

ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات، هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلیی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتی هەرێم لە سەرەتای 2024ەوە، بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازوویی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان ،بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە .

 

محەمەدی حاجی مەحمود گەیشتە تاران
پێشت محەمەدی حاجی مەحمود گەیشتە تاران
نزیكەی نیوەی گەڕەكەكانی هەولێر بێ‌ ئاو دەبن
دواتر نزیكەی نیوەی گەڕەكەكانی هەولێر بێ‌ ئاو دەبن
پەیوەندیدار