هەژاریی، هەڕەشەیەک لە ئایندەی مرۆڤایەتی


هەژاری تا دێت زیاد دەکات، هاوڵاتیانیش هیچ هیوایەکیان بە حکومەت نەماوە، هەر ساڵێک ڕێژەی هەژاری لە ئاستی ساڵی پێشتر بەرزتردەبێتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش دۆخەکە خراپترە.

ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی هەژارییە، هەژاریی دەدرێک هیچ کەس ئاواتی پێناخوازێت، بێکاری و کەمی مووچە، ململانێ و جەنگی وڵاتان، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان لە پێشیانەوە کۆرۆنا، هەموویان بەیەکەوە هەژاری بەرهەم دەهێنن و هێندەی دیکە دۆخی دەروونی هاووڵاتی خراپتر دەکەن.

ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ لە هێڵی هەژاریدا دەژین، کە نیوەیان منداڵن، زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن کەسیش لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژین. لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەی هەژاری بۆ ٪٣١.٧ زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ ٪٢٠ بووە، کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ و جەنگی ئۆکراین و ڕوسیا بە سەرەکیترین هۆکار دادەنرێن.

بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، هەژاریی تەنها دۆخی ئابوری ناگرێتەوە، بەڵکو پەروەردە، تەندروستی، خۆشگوزارانی و کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانیش دەگرێتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان، کەسێک بە هەژار دەستنیشان دەکات، کە داهاتی ڕۆژانەی لە دوو دۆلار کەمتر بێت.

عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی هەژاری ٪٢٤ نزیک بووەتەوە، ئەو کەسەی داهاتی مانگانەی کەمتر لە ٨٤ هەزار دینار بێت بە هەژار دادەنرێت، هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ڕێژەی هەژاری بەردەوام زیاد دەکات.

لە کۆتا ئاماری تایبەت بە ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ دەرکەوتووە ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان ساڵی ٪٥.٥، بەڵام هیچ ڕووپێوییەک دوای ئەو کاتە نەکراوە، بەڵام بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی EASO ڕێژەکەی لە ساڵی ٢٠٢١دا ٪١٣یە. بڕیاردەری ڕێکخراوێکیش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، تا دێت ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت.

دۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ساڵانە سەدان کەس لەم هەرێمە شەش ملیۆن کەسییەدا بۆ دەرەوەی وڵات کۆچدەکەن، لە پێناو جێگیربوونی دۆخی ئابووریان ئامادەن دەریای ئیجە بکەنە گۆڕستانیان، تا چیتر خەمی نەبوونی کار، کەمی و دواکەوتنی مووچەیان نەبێت.

٢٠هەزار خوێندکار بێ ئومێدانە ساڵانە زانکۆ و پەیمانگاکان تەواو دەکەن، چونکە دەزانن بازاڕێکی هەلی کاریان نییە، لە ساڵی ٢٠١٢ هیچ هەلێکی دامەزراندن لە کەرتی گشتی نییە، بەهۆی پشتگوێخستنەوە کەرتی تایبەتی ناتوانێت بە توانای ڕاستەقینەی خۆی کاربکات و هەلی کار بڕەخسێنێت، بەجۆرێک بەهۆی نەبوونی یاسا و ڕێکخستنی کار لە کەرتی تایبەتیشدا بەڕای شارەزایان جۆرێک لە چەوساندنەوە و ماف خورانی کرێکاران هەیە، تەنانەت حکومەت هاوکار نییە لە خانەنشینکردنیاندا دوای ساڵانێک لە خزمەت.

هاوڵاتیان بێزارن، نازانن بۆ هەژاریان و خەمەکانیان ڕوو لە کوێ بکەن لەکاتێکدا کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگایەکی گەنج دادەنرێت زیاتر ٪٦٠ی دانیشتوانی هەرێم تەمەنیان لە ١٥ بۆ ٦٥ ساڵیدایە، ساڵانەش هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە ٤٠ هەزار هەلی کار هەیە، بەڵام بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان تا ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی بێکاری ٪١٣یە.

سەرباری بەردەوام زیادبوونی هەژاریی لەم هەرێمە، بەڵام حکومەت بەشێکی زۆری هاوکارییەکانی ساڵی ڕابردوو وەستاندووە، هەرچەندە پلانێکی نوێی هەیە بەڵام لە نەبوونی بودجە ئەویش وەستاوە.

هەژاریی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک، هەمووان دەیانەوێت ڕۆژەکانیان بەیەکەوە ببەستنەوە و جارێکیش ئاوازێک بۆ ژیان دەژەنن.

بۆ چایخانەکەی ناو ناوە شێخ زاید؟!
پێشت بۆ چایخانەکەی ناو ناوە شێخ زاید؟!
دوو تۆمەتبار دەستگیركران
دواتر دوو تۆمەتبار دەستگیركران
پەیوەندیدار