ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

مارسێلۆ: له‌ مه‌درید له‌گه‌ڵ چه‌ند یاریزانێک ده‌ستم به‌ یاریکردن کرد ته‌نها له‌ ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه‌ به‌رچاوم که‌وتبون !

خه‌ڵک سپۆرت – ڕۆژنامه‌ی ئاس

مارسێلۆ ڤیێرا دا سیلڤای به‌رازیلی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی “ئاس”ی ئیسپانی ئه‌نجام ده‌دات و وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاری گرنگ و په‌یوه‌ندیدار به‌ کریستیانۆ و ڕۆیشتنی به‌ره‌و یانه‌ی یوڤانتۆس ده‌داته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش کورته‌یه‌که‌ له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

بڕیاره‌که‌ی کریستیانۆ ئاسان نه‌بوو

“بڕیاری کاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال بۆ ڕۆیشتن له‌ یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید ئاسان نه‌بوو، پڕکردنه‌وه‌ی پێگه‌که‌شی ئاسان نییه‌، چونکه‌ ئه‌و یاریزانێکی نایابه‌ و هاوڕێمه‌ له‌نێو یاریگا و ده‌ره‌وه‌ی یاریگا، وه‌ک چۆن هاوڕێی لوکا مۆدریچ و سێرجیۆ ڕامۆسم”.

له‌هه‌ر پێگه‌یه‌کدا خاوه‌نی باشترینه‌کانین

“ئاشکرایه‌ که‌ باشترین یاریزانی جیهان له‌ پێکهاته‌ی یانه‌که‌تدا بونی نامێنێت دواتر هه‌ست به‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ده‌که‌یت و بیری ده‌که‌یت، به‌ڵام من ناڵێم یانه‌که‌م خاوه‌نی باشترینه‌کان نییه‌، به‌ڵکو له‌هه‌ر پێگه‌یه‌کدا خاوه‌نی باشترین یاریزانه‌کانین”

 

“ئه‌گه‌ر له‌ ڕیاڵ مه‌درید ته‌نها ١٥ خوله‌ک چانسم پێبده‌ن له‌و ١٥ خوله‌که‌دا هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌م بۆ پێشکه‌شکردنی ئاستێکی به‌رز و بردنه‌وه‌ی یانه‌که‌م”

 

هه‌موو یانه‌یه‌ک خه‌ون به‌ کریستیانۆوه‌ ده‌بینێت

“بێگومان هه‌ر یانه‌یه‌ک له‌م جیهانه‌ حه‌ز به‌ کڕین و دابینکردنی کریستیانۆ ده‌کات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین یاریزانی گه‌وره‌ و ناودار دێن و ده‌ڕۆن، مه‌درید هه‌ر مه‌دریده‌ و به‌ چه‌سپاوی به‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت”

پێویسته‌ جامی جیهانی یانه‌کان به‌ده‌ست بهێنین

“ئێمه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ مانگی فبرایه‌ر (مانگی دوو)، به‌نسبه‌ت ئێمه‌وه‌ له‌و مانگه‌وه‌ وه‌رز ده‌ست پێده‌کات و ده‌توانرێت له‌باره‌ی ئاست و ئه‌نجامه‌کانمانه‌وه‌ بڕیار بدرێت، ئاسان نییه‌ له‌ مانگی سپتێمبه‌ر و دیسێمبه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌رزێکی ته‌واو بڕیار بده‌ین، ئه‌و کاته‌ی جولین لوپێتیگی دوورخرایه‌وه‌ ته‌نها مانگێک تێپه‌ڕیبوو به‌هه‌مان شێوه‌ ئاسان نه‌بوو به‌و خێراییه‌ شیکاریی و لێکدانه‌وه‌ بۆ ئاستمان بکرێت، ده‌کرێت خه‌ڵکانێک ڕه‌خنه‌مان لێبگرن، به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌ی ئاستی یانه‌یه‌ک له‌ئێستادا شێتی زیاتر هیچی تر نییه‌، ئێمه‌ جامی جیهانی یانه‌کانمان له‌به‌رده‌مدایه‌ و پێویسته‌ به‌ده‌ستی بهێنین، تائێستاش له‌سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتیه‌کان به‌شدارین”

 

“له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک یاریزان ده‌ستم به‌ یارییکردن کرد که‌ ته‌نها له‌ ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه‌ به‌رچاوم که‌وتبوون، یاخود به‌ یاریی و گه‌یمه‌کان یارییم پێکردبوون”

 

بیر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕیاڵ مه‌درید ناکامه‌وه‌‌

“هه‌رگیز به‌ مێشکمدا نه‌هاتووه‌ له‌ ڕیاڵ مه‌درید بڕۆم یاخود بۆ یانه‌ و هه‌ڵبژارده‌یه‌کی تر بگه‌ڕێم جگه‌ له‌ ڕیاڵ مه‌درید، هه‌موو شتێکم کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م یانه‌ مه‌زنه‌ به‌رده‌وام بم، هه‌رگیز بیریش له‌وه‌ ناکه‌مه‌وه‌ چه‌ندێک چانسی یاریی کردنم پێده‌درێت”

ته‌نها به‌ ١٥ خوله‌کیش قایلم

“له‌ ڕیاڵ مه‌درید وه‌ک وتم گوێ به‌وه‌ ناده‌م چه‌ند یاریی ده‌که‌م و چی ده‌که‌م، ته‌نها گرنگ به‌لامه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ سود به‌ یانه‌که‌ بگه‌یه‌نم، ئه‌گه‌ر ته‌نها ١٥ خوله‌ک چانسم پێبده‌ن له‌و ١٥ خوله‌که‌دا هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌م بۆ پێشکه‌شکردنی ئاستێکی به‌رز و بردنه‌وه‌ی یانه‌که‌م”

بونم له‌ مه‌درید خه‌ون بوو

“هه‌موو شتێک له‌ژیانی مندا به‌خێرایی ڕوویدا، له‌به‌رازیل ده‌ژیام وپێیان وتم ڕیاڵ مه‌درید تۆی ده‌وێت! له‌سه‌ره‌تاوه‌ پێموابوو هه‌موو شتێک گاڵته‌و گه‌په‌، هه‌میشه‌ یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریدم به‌ یانه‌یه‌کی زه‌به‌لاح بینیوهو به‌ مێشکمدا نه‌هاتووه‌ بتوانم یاریی بۆ بکه‌م‌، له‌ناکاو بوم به‌ یاریزانی یانه‌که‌ و به‌شێک له‌ یاریزانانی پێکهاته‌یه‌کی مێژوویی‌، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک یاریزان ده‌ستم به‌ یارییکردن کرد که‌ ته‌نها له‌ ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه‌ به‌رچاوم که‌وتبوون، یاخود به‌ یاریی و گه‌یمه‌کان یارییم پێکردبوون، بونم له‌ مه‌درید ناوازه‌ بوو به‌نسبه‌ت منه‌وه‌”

چاوپێکەوتن

نایمار: پێکانەکان منیان کوشت و لە پاریس سانت جێرمان بەردەوام دەبم

خەڵک سپۆرت

نایمار دا سیلڤای بەرازیلی ئەستێرەی یانەی پاریس سانت جێرمان لەچاوپێکەوتنێکدا چەندین زانیاری نەبیستراو دەربارەی داهاتووی لە خولی فەرەنسا و ئامانجەکانی ئەم وەرزەی ئاشکرا دەکات.

لەگواستنەوەکانی هاوینەی ڕابردودا نایماری ئەستێرەی بەرازیلی نزیکبوو لە یانەی پاریس سانت جێرمانەوە ڕوو لە بەرشلۆنە بکات، بەڵام گفتوگۆکان بۆ گواستنەوەی بەهۆی پێداگری ئیدارەی پاریسەوە شکستیان هێنا، دواتریش بەهۆی پێکانەوە ماوەیەکی دوور و درێژ دوورکەوتەوە و هاندەرانی یانە زەبەلاحەکەی پاریس لەدوای گەڕانەوە ئامادەنەبوون پێشوازی لێبکەن و تا ئەم ساتە پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و ئەڵتراسی پاریس ئاسایی نەبۆتەوە.

ئەستێرەکەی سیلیساو چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتباڵ ئەنجام دەدات، ڕەنگە بەهۆی لێدوانەکانیەوە بەیانی ئاشتەواییەکی درێژخایەن لەگەڵ هاندەرانی یانەکەیدا بکات، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

پێکانەکان

“پێکانەکان لەم وەرزەدا منیان کوشت، بەهۆی دوورکەوتنەوەمەوە زۆر لەئاستم دابەزی، ئامانجم ئەوەیە توانا جەستەییەکانم بگێڕمەوە و نازناوە بەکۆمەڵەکان بۆ پاریس بەدەست بهێنم”.

پەیوەندی لەگەڵ مێسی

“مێسی کەسێکی نزیکمە و هاوڕێیەکی خۆشەویستە، هەمیشە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە”.

مباپێ و هاورێیەتی

” مباپێ خاوەن کەسایەتیەکی ناوازەیە و نزیکترین هاوڕێمە، لەشێوازی یاریکردنیدا خەسڵەتێکی ناوازە و تایبەت هەیە لەیاریزانەکانی تردا نییە”.

بەپرسیارێتی لەنێو یاریگا

” هیچ شتێک تێروتەسەل وبێهەڵە نییە تەنها خودا نەبێت، هەموو کەسێک کەموکەرتی هەیە، سەرکردەی ڕاستەقینە لەنێو یاریگادا ئەو یاریزانەیە کە یاریدەدەری سەرکەوتنی یانەکەی دەبێت، دەکرێت ئەو کەسە کاپتنی پێکهاتە بێت یان گۆڵکار و هەر یاریزانێکی تر، هەر یاریزانێکیش خاوەنی خەسڵەت و کەسایەتی تایبەت بەخۆیەتی”.

دەبێتە یاریزانی ژمارە یەک؟

نامەوێت ببمە ئەستێرەی یەکەم، بەڵکو دەمەوێت یاریی تۆپی پێ بکەم لەبەرئەوەی بوارەکەم خۆشدەوێت، هەتا لەنێو یاریگادا بم بەختەوەر دەبم، لەهەموو یارییەکیشدا لەسەدا سەدی تواناکانم بەگەڕ دەخەم”.

نایماری ڕاستەقینە

“کەمێکن ئەوانەی نایماری ڕاستەقینە دەناسن و ئەوانەش هاوڕێ و خێزانەکەمن، ئەوەی هاندەر دەیبینێت شتێکی جیاوازە و ڕەنگە کەمێک بێت لە کەسایەتی من، لەڕاستیدا من کەسایەتیەکی ئاشتیخوازم وحەزم بە بەسەربردنی کاتی خۆشە لەگەڵ هاوڕێیان و خێزانەکەم”.

بۆچی هاوینی ڕابردوو دەیویست لە پاریس بڕوات؟

(بەپێکەنینەوە) “هێشتا دوو وەرز لە بۆندەکەمدا ماوە و یانەکە زیاتر بەرەوپێش دەچێت، پێویستە ئەوپەڕی تەرکز بکەین بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی ئەم وەرزەمان، پێویستە زۆرترین نازناوەکان بەدەست بهێنین و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامانجی سەرەکیمانە”.

لە پاریس بەردەوام دەبێت

“پێشەنگی بۆ یانەی پاریس سانت جێرمانە و چەندین ئامانجی گەورەمان هەیە، ئامانجی سەرەکیش هەمیشە بردنەوەی یارییەکانە و دەبێت هەموو هێزی خۆمان لەپێناو یانەکەماندا بەگەڕ بخەین، لەنێو یاریگادا گیانم لەپێناو سەرکەوتنی یانەکەم فیدا دەکەم و تا کۆتایی بۆندەکەشم پابەند دەم”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

لوکاس هێرناندێز: زێدان باشترینی فەرەنسایە و خۆم بە قەرزاری سیمیۆنی دەزانم

خەڵک سپۆرت – سپۆکس سپۆرت

لوکاس هێرناندێزی فەرەنسی بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تۆڕی “سپۆکس سپۆرت” ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە وڵامی پرسیارەکان دەداتەوە:

هەواڵی پێکانەکەیی و ئامانجی گەڕانەوەی

ئێستا زۆر باشم و هێشتا ١٠ ڕۆژم لەبەردەمدا ماوە بۆ گەڕانەوە، پەرۆشم بۆ گەڕانەوە و یاریدەدانی یانەکەم، ئامانجم گەیشتنە بەوپەڕی تواناکانم لەنیوەی دووەمی وەرزدا.

دوورخستنەوەی نیکۆ کۆڤاچ

کۆڤاچ ڕاهێنەرێکی نایابە و لە کارەکانی داهاتوویدا هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، بەڵام کیمیای ڕاهێنەرەکە لەگەڵ یاریزانان و پێکهاتەی یانەکە نەگونجا و دوورخرایەوە.

ئەگەری بەردەوامبوونی هانز فلیک

بۆچی بەردەوام نەبێت؟! کارێکی باش دەکات و ئاستی پێکهاتەکە بە چاودێری ئەم ڕاهێنەرە بەرزبووەتەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لەو باوەريدام تا کۆتایی وەرز بەردەوامی پێدەدرێت.

گواستنەوە بە (٨٠) ملیۆن کاریگەرییەکانی ئەو نرخە بەرزە

بڕی ئەو پارەیەی پێمدراوە نابێتە بارگرانی لەسەرم، بەڵام بێگومان دەمەوێت بیسەلمێنم کە شایەنی ئەو پارە زۆرە بووم و متمانەی یانەی بایرن میونشن بەدەست دەهێنم، زۆر پەرۆشم بۆ گەڕانەوەو سەلماندنی تواناکانم.

کاریگەری ڕەخنەکانی ڕۆمەنیگە و ئۆلی هۆنێس

هۆنێس و ڕۆمەنیگە دوو کەسایەتی گەورەن و مافی خۆیانە ڕەخنە بگرن کاتێک پێکهاتەکەمان شایەنی ڕەخنەبێت، بۆ نمونە کاتێک بە فرانکفۆرت دۆڕاین.

لە ڕووبەروبونەوەی فرانکفۆرت چی ڕوویدا؟

نازانم، چونکە لوێ نەبووم، بەڵام کاتێک لەوێ بووم لەوە تێگەیشتم کە ڕەخنەکان ڕووەو سەرکەوتن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان ئاڕاستەمان دەکەن، نەک ڕوخاندنمان.

بۆچی پەیوەندی بە بایرنەوە کرد؟

کاتێک ساڵحەمیدزیچ پەیوەندی پێوەکردم دووجار بیرم نەکردەوە و یەکسەر ڕازی بووم، پێویستی نەکرد کەس قەناعەتم پێبکات، هەمیشە حەزم بەوەبوو بۆ یەکێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا یاریی بکەم و بایرنیش یەکێکە لە گەورەکان، خۆشحاڵم ئەو بڕیارەمدا و هەست بە باشتربوون دەکەم.

جیاوازی نێوان بایرن و ئەتلەتیکۆ مەدرید

لە ئەتلەتیکۆ ئەو لایەنە هونەریە بەهێزەمان نەبوو کە لە بایرن بوونی هەیە، لەوێ زیاتر پشتمان بە لایەنە ئابوریەکان دەبەست و گرنگی بە تەکنەلۆجیا دەدرا لەبری توانستە جەستەییەکان.

خەونی گریزمانە

ئەو یاریزانەی حەزدەکەم لە بایرن یاریی لەگەڵ بکەم ئەنتوان گریزمانە، چەندین ساڵ هاوڕێی نزیکی یەکتری بووین و هیوادەخوازم ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندیمان پێوە بکات.

ئەو یاریزانەی لەتەمەنی لاوێتیدا سەرسامی کردووە

دوو یاریزان سەرسامیان کردبووم، لیزارازۆ لەبەرئەوەی لەهەمان پێگەی ئێستای مندا یاریی دەکرد، هەروەها زینەدین زێدان کە باشترین یاریزانی فەرەنسیە لەمێژوودا.

باشترین ڕاهێنەر

دیێگۆ سیمیۆنی، تەمەنم ١٦ ساڵ بوو چاوم پێیکەوت، لەو کاتەوە لەگەڵمدا بووە تائێستا و خۆم بە قەرزاری دەزانم.

بەهێزترهن بەرگریکاری جیهان

ڤێرجیل ڤان دایک، لەئێستادا هیچ بەرگریکارێک لە ڤان دایک باشتر نییە و لەگەڵ لیڤەرپوڵ وەرزێکی بەهێزی بەڕێکرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ڤاڵڤێردی: گریزمان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ یاریی دەکات و دیمبیلی خەمباری کردین

خەڵک سپۆرت – بارسا تی ڤی

ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی بارسا ئەنجام دەدات و ئاماژە بە چەندین بابەتی گرنگی ڕۆژ دەدات، ئەمەش کوورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

لەبارەی پێکانی عوسمان دیمبیلیەوە چی دەڵێیت؟

ئەوەی بەسەر دیمبیلی هاتووە خەمباری کردوین، بەر لەوەی توشی پێکان بێت زۆر بەباشی مەشقەکانی ئەنجام دەدا، دڵنیاتان دەکەینەوە کە بە وریاییەوە ئاگاداری دەبین.

هۆکاری پێکانەکانی چییە؟

نازانم پێکانەکەی هەمان پێکانی ماسولکەیی پێشووە یان نا، بەڵام یەکەم جار نییە توشی پێکان دەبێت و چەند جارێک دووبارە بۆتەوە، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە دەمانەوێت گرنگی زیاتری پێبدەین و زیاتر ئاگاداری دۆزی جەستەیی بین.

مێسی و سوارێز هاوسەنگی و خۆگونجاندنیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمە کاری کێیە؟

مێسی و سوارێز ماوەیەکی زۆرە بەیەکەوە یاریی دەکەن، لەنێو یاریگادا کە هاوسەنگی بەدەست دەهێنن هەموو هەلێکیان بە گۆڵ کۆتایی دێت.

گرنگ بوو بەرامبەر دۆرتمۆند سەرکەوتن بۆ قۆناغی (١٦)ی چامپیۆنز لیگ مسۆگەر بکەن؟

بەڵێ، سات بەساتی یارییەکە لەکاتی خۆیدا ژیاین، ئامانجمان ئەوەبوو بەخێرایی سەرکەوتن مسۆگەر بکەین.

لەڕووی دەرونیەوە بوژانەوە؟

بێگومان، کەمێک لەڕووی دەرونیەوە بوژاینەوە، خۆشحاڵین کە توانیمان بە پلەی یەکەمی گروپە بەهێزەکەمان سەرکەوین، ئێمە پاڵێوراوی سەرەکی بووین و پێویست بوو ئەو ڕاستیە بسەلمێنین.

گریزمان وردە وردە خۆی دەگونجێنێت…

گریزمان لەنێو یاریگادا وزەیەکی زیاترمان پێدەدات، پێویستە لەوەش زیاترمان پێشکەش بکات و لەگەڵ مێسی وسوارێز باشتر خۆی بگونجێنێت، چونکە یاریزانێکی گەورەیە.

پێتوایە لە داهاتوودا دووانەی مێسی و گریزمان سەرکەوتو دەبن؟

ئەوان دوو یاریزانی ناوازەن، یاریزانە گەورەکان زۆر بەباشی لەیەکتری تێدەگەن، بۆ مێسی و گریزمان پێموایە کاتی زیاتریان پێویستە.

ئومتیتی گەڕاوەتەوە سەر ئاستە بەرزەکەی، پێتوایە گەڕاوەتەوە؟

بەڵێ، ئومتیتی یاریزانێکە لە ئاستی باڵادایە و خۆشحاڵین بەگەڕانەوەی، هیوادارین لەسەر هەمان ئاست بەردەوام بێت.

گریزمان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ یاریی دەکات؟

گریزمان بۆ ڕووبەروبونەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ئامادەیە، بەڵی بەشداری دەکات.

بەرشلۆنە لە قەیرانەکان دەرباز بووە؟

هەمیشە باس لەوە دەکەن گوایە ئێمە لە قەیرانداین و پاشان باس لە دەربازبوونمان دەکەن، ئەوە بابەتێکی زیندوو و بەردەوامە، بەڵام ئێمە ئامانجمان بردنەوەی سەرجەم ڕووبەڕوبونەوەکانە و هەست ناکەین لەو باردۆخانەدا بین، لە قورسترین کۆمەڵەی خولی یانە پاڵەوانەکان ململانێمان کرد، ماندوبووین و سەرکەوتین، ئەوەش بۆ ئێمە واتای سەرکەوتنی هەیە و دەریدەخات هەمیشە لەسەر ڕێگەی ڕاست بووین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان