وەزیری دارایی دوا مۆڵەت دەداتە فەرمانبەران بۆ خۆتۆماركردن لە هەژماری من



وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من كۆبۆوە و ڕایگەیاند، پرۆژەی هەژماری من هەنگاوێكی گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و بڕیاریشیدا، “مۆڵەتی تا 1ی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و كارمەندانی لیوا هاوبەشەكان بدرێت”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠٢٤/٦/٢٤ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من كۆبۆوە و ڕایگەیاند، جێبەجێكردنی پرۆژەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو موچەیی و ڕێگری لە سپی كردنەوەی پارەو خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانكی پێشكەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەكات.

ڕاشیگەیاندووە، پرۆسەی تۆماركردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە ڕێگای هەشت بانكی ئەهلی و حكومییەوە بەردەوامە كە سەرجەمیان لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە باوەڕ پێكراون و ڕەزامەندی بەشداری پرۆژەكەیان پێدراوە.

وەزیری دارایی بڕیاریدا “چەندین كارئاسانی زیاتر بۆ تیمەكان بكرێت تا پرۆسەكە خێراتر بكرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاری كراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانكی خۆیان، هەروەك بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەك-ی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و كارمەندانی لیوا هاوبەشەكان بدرێت لە پارێزگای هەولێر كە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەكە تۆمار نەكردووە”.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من دواین داتا و ئاماری پرۆژەكەیان خستەڕوو بەجۆرێك تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە پرۆژەكە تۆماركراون و نزیكەی ٢٤٠ هەزار كارتی بانكیش دابەش كراوە، هاوكات ئەم مانگە زیاتر لە ٥٠ هەزار مووچەخۆر، كە لە ١٣٥ یەكەی ژمێریاری لەسەرجەم وەزارەتەكان پێكهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەكانی داهاتوو ڕێژەكە بۆ دوو هێندە بەرز دەكرێتەوە.

وەزارەتی دارایی ڕوونیشی كردۆتەوە، هاوكات تا ئێستا ٩٤ ئامێری ڕاكێشانی پارە لە ٣٢ شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئایندەیەكی نزیكدا ١٤٠ ئامێری ڕاكێشانی پارە لەسەر تاسەری هەرێمی كوردستان دادەنرێت.

بەپێی دواین ئامارەكانیش تا ئێستا لیستی نزیكەی ٤٥٠٠ فەرمانبەر ئاڕاستەی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) كراوە و بە چەند قۆناغێك كارتی بانكی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران.

پرۆژەی هەژماری من پرۆژەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەلایەن نوسینگەی سەرۆك وەزیران بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری جێبەجێ دەكرێت، كە ئامانج لێی دابین كردنی چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانكی و دەستەبەركردنی سیستەمی شەفافیەت و كارئاسانییە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران تا بتوانن بەشێوەیەكی سەردەمیانە مووچەكانیان وەربگرن و لەداهاتوشدا كارمەندانی كەرتی تایبەتیش سوودمەند بن لە پرۆژەكە.

پرۆژەی هەژماری من بریتییە لە بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران ( طوطین رواتب )، جگە لە دەست ڕاگەیشتنی مووچە بە ئاسانترین شێوە فەرمانبەر دەتوانێت هەركات و لە هەر كوێ بێت مووچەكەی ڕابكێشێت و سودمەند بێت لە خزمەتگوزاری كڕین و فرۆشتن لە ڕێی سیستەمی ئۆنلاین و دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە پارە بنێرێت و پارەش بخرێتە سەر هەژمارەكەی، ئەوە جگە لە سودمەند بوون لە چەندین قەرز و پێشینەی بانكەكان بۆ هاوسەرگیری و خانووبەرەو چەندین بواری تر، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەژمارەكەتەوە هەبێت و هەركات بتەوێت دەتوانیت تەواوی مووچەكەت ڕابكێشیت.

بافڵ تاڵەبانی:  یەكێتی بەهەمووشێوەیەك ئامادەی هەڵبژاردنە
پێشت بافڵ تاڵەبانی:  یەكێتی بەهەمووشێوەیەك ئامادەی هەڵبژاردنە
جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق ڕووی لە زیادی کردووە
دواتر جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق ڕووی لە زیادی کردووە
پەیوەندیدار