خنکان لە بێکاریدا



هیوا ڕەسوڵ – ڕۆژنامەنووس

لە ئامێزی بێکاریدا سەدان ڕووداوی خراپ لەدایکدەبن، میکرۆبەکانی پووکانەوە، بێهیوایی، سەرهەڵگرتن، لەناوچوون، گرتنەبەری ڕێگای هات و نەهات لەپێناو ئازادی و نان تەشەنەدەسێنێت.

ئەگەر کارکردن پەیامی زیندووان بێت، بێکاری پەیامی مردووانە، هاووڵاتییانی کوردستان لە دۆخێکی خراپدان، دەسەڵاتیش نە پڕۆژەی هەیە و نە خزمەتگوزاریی، ئەسڵەن ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبێت خەمخواردنە لە  هاووڵاتی.

دەسەڵات و حکومەت ئێستا وەک حەبی ترامادۆڵن، کاریگەرییە خراپەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوە، هاووڵاتییانی ڕووبەڕووی سەدان قەیران کردووەتەوە، وەک شێرپەنجەن!

کاتێک حکومەت و دەسەڵات بخزێتە ناو قۆزاخەی حەزە بەرتەسکەکان، لە بازنەیەکدا بەردەوام خۆی بشارێتەوە  و بێدەنگبێت، لە ئاستی هەموو ڕووداو و قەیرانێکدا دۆشدابمێنێ، هاووڵاتییەکانی بۆ ئاسودەیی و بژێویی ژیانیان ڕێگای مەرگ دەگرنەبەر.

ئاخر هەتا لەتە پڕۆژەیەک دەبینیت، هەزاران چەواشەکاریی ناڕاستی دەبینیت، لەناو ئەو چەواشەکاریی و ناڕاستییانەشدا، هەزاران ئەکادیمی و کۆیلە لە دەوری هەمان بازنە دەخولێنەوە.

ئەوان لەلایەک فڕکان فڕکانی سپیکردنەوەی دۆلارەکانیاندان، لەلایەک فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن بۆ کۆچ و خنکانی هاووڵاتییانمان، بەناوی هەواڵی بەپەلە، قەزیەی قەوی و پەیامی درۆینەی بۆنەکان، نرخ، مۆدە، سایت و پەیجی فەیک، لە هەوڵی کۆنترۆڵی ڕایگشتیدان و  شەرمیش ناکەن.

دیل کارنیجی دەڵێت: ئێمە کاتێک سەرقاڵی کارەکانمان دەبین و سەرمان دانەواندووە، هەست بە دڵەڕاوکەێ و بێزاریی ناکەین، بەڵام بێتاقەتی لە کاتی بێکاریدا، خراپترین بێتاقەتییە.

پێم وایە دەسەڵات چێژ لەبێکاری دەبینێت، بۆیە ئەگەر کۆمەڵگا بەردەوام بێت لە پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دەسەڵات، دەتوانێت ڕزگاری ببێت لەو قەیران و خراپە زۆرانەی کە تووشی دەبێت.

 

عێراق مووچەی مانگی حوزەیران دابەشدەکات
پێشت عێراق مووچەی مانگی حوزەیران دابەشدەکات
پەروەردەی هەرێم چەند بڕیارێکی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دا
دواتر پەروەردەی هەرێم چەند بڕیارێکی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دا
پەیوەندیدار