(وتاری هەینی) پێویستی بە گۆڕانكاریی و تازەگەرییە



د. سەعید عەلی محەمەد

وتار هونەرێكە لە هونەرەكانی دواندن و پەیوەندی، لەلایەن فەیلەسوفەكانی یۆنانیشەوە بایەخێكی گەورەی پێدراوە، بە هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش (وتار) گرنگی زیاتری پێدراو ڕۆژی هەینی تایبەت كرا بە پێشكەشكردنی وتاری هەفتانەی موسڵمانان و كرا بە یەكێك لە پایەكانی بەجێهێنانی نوێژی نیوەڕوان لە ڕۆژی هەینیدا.

ئەگەر تەماشای ڕابردوو بكەین دەبینین هەر وتارەكەی (تاریقی كوڕی زیاد) بوو ئەندەلوسی ڕزگار كرد، وتارەكەی (حەجاج) بوو ئاگری ئاژاوە و فیتنەی كوژاندەوە و وڵاتی عێراقی ملكەچ كرد، كاتێك (ناپلیۆن) پەلاماری ڕووسیای دا وتارەكانی (فیختە) بوون شكۆ و ئازادییان بۆ ڕووسیا گەڕاندەوە، ئەو وتارانەی كە وەك (معلقات) وابوون و قوتابیان لە قوتابخانەكاندا لەبەریان دەكردن.

لەم ڕۆژگارەی ئێمەدا هەندێك پێیان وایە (وتاری هەینی) بۆ سەردەمی ئێستا گونجاو نیە و لەسایەی ئامێرە كاریگەرە خێراكانەوە بۆتە بەشێك لە ڕابردوو، بەتایبەت كە زانیارییەكان و ڕاستییەكان و ڕاوبۆچوون و فەتواكان زۆر بە ئاسانی و لێشاوو خێرا بڵاودەبنەوە و بەردەست دەبن.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ئامڕازە ئیعلامییە بانگخوازییە بڕبڕەی پشتی كاری بانگخوازیی ئیسلامیی بووە و، وتاری مزگەوتەكان هەمیشە ئامڕازی پەیوەندیی و كاریگەر بوون بۆ بڵاوكردنەوەی ڕاستییەكان و پیشاندانی ڕووی جوان و گەشی ئاینی ئیسلام و، وتاربێژانیش هەمیشە لایەنی سەرەكی گفتوگۆ و دەردەشە و مامەڵەكردن بوون لەگەڵ ئێش و ئازارو گرفتەكانی كۆمەڵگەدا.

ئەوەی لەم نوسینەدا دەمەوێ تیشكی بخەمە سەر ئەوەیە : وتاری هەینی وەك هەر ئامڕازێك لە ئامڕازەكانی بانگخوازیی، هەروەها ئەدای وتاربێژانی مزگەوتەكان وەك ئەدای هەر كارو چالاكیەكی بانگخوازیی تر پێویستیان بە گۆڕانكاریی و تازەگەریی و پێداچوونەوە و گونجاندن هەیە لەگەڵ سروشتی ڕۆژگارو گۆڕانكاریی گەشەسەندنە خێراكان.

لێرەدا دەپرسین : گۆڕانكاریی و تازەگەریی لە وتاری هەینیدا چۆن دێتە دی؟ وتاری هەینی چۆن پەیامی خۆی بەجێ دەگەیەنێ لە قۆناغ و سەردەمێكدا كە هەموو ئاسمانەكان و ئەنتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان خورافیانە بەڕووی مرۆڤایەتیدا واڵا بوون؟! وتاربێژان چۆن گەشە بە ئەدای هونەریی وتاربێژیی بانگخوازیی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی زۆرترین كاریگەری لەسەر جەماوەر دروست بكەن و متمانەی زیاتری خەڵك بەدەست بهێنن و، لە ئاست پێشهاتە نوێكانی دنیای موعجیزە خوڵقێنەری ئەمڕۆدا بن؟!

لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بە كورتی ئاماژە بەم چەند خاڵەی خوارەوە دەكەم :

یەكەم : مەیدانی كاری ئیسلامیی و ئەداكردنی ئەركی بانگخوازیی مەیدانێكی ئێجگار گرنگ و فراوان و هەستیارە و پێویستی بە كەسی پسپۆڕو شیاو و زاناو بانگخوازی لێهاتوو و شایستە هەیە، مامۆستایان و وتاربێژانی ئاینیش بە تەنها بانگخوازی ئیسلامیی نین، بەڵكو ڕابەرو ڕێنمایی كەری ڕۆحیی و كادیری پەروەردەیی و دەروونناسی كۆمەڵایەتین و چەندین ڕۆڵی گەورە و جیاواز دەبینن لە كۆمەڵگەدا ، جەماوەریش بە بایەخەوە تەماشایان دەكات و ڕۆڵ و كاریگەرییان دەنرخێنێ و، لە وردو درشتی كێشە و گرفتە جۆراوجۆرەكانیان پرسیاریان لێ دەكەن و بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ لایان، لێرەدا ئەم ئەركە قورسە دەخوازێ ئەوان لەلایەك خاوەن زانستی شەرعیی قووڵ و قاڵبووی زانستە ئیسلامییەكان بن، لەلایەكی ترەوە خاوەن هۆشیاریی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی سەردەم بن و، شارەزای زانستەكانی كۆمەڵناسیی و دەروونناسیی و سیاسەت ناسیی و مێژووناسیی و گەشەی مرۆیی بن، چونكە – جیاواز لە ڕابردوو – ئەركی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغی ئێستادا ئاڵۆز و قورس بووە و، گەیاندنی پەیامی ئاینی و ڕۆحی بە تاكەكان بەبێ ئاوێتەكردنی زانستە شەرعییەكان بە زانستە مەعریفیە هاوچەرخە دنیاییەكان كاریگەر و سەرنجڕاكێش نابێ و ئامانجی خۆی ناپێكێ و سەركەوتوو نابێ.

دووەم : ووتاربێژان و بانگخوازان جگە لە زەروورەتی خۆ چەكداركردنیان بە زانست و مەعریفەی قووڵی ئایینی و ئەكادیمی ، بە هەمان شێوە پێویستە سوود و قازانج لە ئامۆژگاری زانایان و ئەزموونی كەسانی شارەزا و قاڵبووی بواری دەعوە و هونەری وتاربێژیی وەربگرن ، هەروەها پشت بەستن بەو كتێب و نوسین و بەرهەمانەی كە لەو بوارەدا ئامادە كراوون ، ئەوان پێویستە بەردەوام لە هەوڵی خۆبەهێزكردن و خۆپێگەیاندنی زیاتردا بن لە پیشە و هونەری وتاردان بە سوود وەرگرتن لەو خول و ڕاهێنانە نێوخۆیی و دەرەكیانەدا كە لەلایەن پسپۆڕو شارەزا و ڕاهێنەری نێودەوڵەتیەوە بە ئاستی باڵاو كوالێتی بەرز سازو ڕێك دەخرێن، چونكە گومانی تێدا نیە هێزی دواندن و داڕشتنی ڕستە و هەندەسەكردنی دەنگ و وشەکان کاریگەریی سیحری لەسەر دەروونی مرۆڤەکان  بەجێ دەهێڵێ و كلیلی كردنەوەی دەرگای دڵەكان و هەژاندنی ناخەكانە بە تایبەت گەنج و لاوەكان.

سێهەم : جیهانی ئەمڕۆ جیهانی عەولەمە و زیرەكی دەستكرد و هەیمەنەكردنی تەكنۆلۆژیا و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانە ، بۆیە پێویستە بانگخوازان و مامۆستایانی وتاربێژ ببنە بەشێكی کاریگەرو سەرەکی و زیندووی ئەو جیهانە لەڕێی ئاشنابوونیان بە چۆنیەتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەرو ئەنتەرنێت و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان و كەرەستەكانی تری پەیوەندی كردن ، هەروەها بەتوانا و لێهاتوو بن لە چۆنیەتی گەیشتن بە زانیارییە گرنگ و پەیوەندیدارەكانەوە ، وریا و زیرەك و لێزانیش بن لە ئاڕاستەكردنی عەقڵانیانەی ڕای گشتی جەماوەر، نەك تەنها لەڕێی سەكۆ و مینبەری مزگەوتەكانەوە ، بەڵكو لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی وەك (فەیسبووك) و (تویتەر) و (ئینیستاگرام) و (واتساب) كە پەیوەندی نێوان ئەوان و خەڵك نزیك دەكاتەوە و، هەموو جیهانیشیان خستۆتە ژێر ڕكێفی ئەو كەس و لایەنانەوە كە لێزان و بەتوانا بن لە تەوزیف كردنی زیرەكانەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و بەكارهێنانی كەرەستە هاوچەرخەكانی پەیوەندی كردن.

چوارەم : بە مەبەستی دروستكردنی پردی پەیوەندی نێوان مامۆستایانی ئایینی و كۆمەڵگە ، هەروەها بۆزانین و ئاگاداربوون لە ڕای گشتی نوێژخوێنان و، كەمكردنەوەی ناڕەزایەتیەكان و گلەیی و گازندەی خەڵك لە وتاربێژان و سروشت و ناوەڕۆكی وتارەكانیان و ڕادەی ڕەزامەندی گوێگرەكان لە تایتڵی وتارو ڕێژەی كاریگەری لەسەر خەڵكی ناوچەكە ، وتاربێژان دەكرێ پشت بە بلاوكردنەوەی ڕاپرسییەكی تایبەت ببەستن كە لە میانەی ئەو ڕاپرسیەدا دەیان پرسیار ئاڕاستەی بەشداربووان بكرێ و ڕاوبۆچوونیان وەربگیرێتەوە ، ئەمەش ببێتە هەنگاوێكی گرنگی بەخۆداچوونەوە و، دووبارە نەكردنەوەی خاڵە لاوازەكان و بەهێزكردن و بەپێزكردنی وتارەكان ، یان دەكرێ (گروپێكی واتساب) تایبەت بكرێ بە پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان وتاربێژو نوێژخوێنانی مزگەوت و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە گشتی ، وتاربێژ لەڕێی ئەو گروپەوە دەكرێ سێ بابەت بۆ وتاری هەینی داهاتوو بخاتە پێش چاو بەشداربووەكانی گروپەكە و، لە كۆتاییدا ئەوانیش بە وتوێژكردن و ڕێكەوتن لەگەڵ مامۆستاكەدا بابەتی گونجاوی وتاری هەینی دەستنیشان بكەن.

پێنجەم : بێگومان دەبێ ئەو شێوازە تەقلیدی و ڕێڕەوە كلاسیكیەی ئێستای وتاری هەینی بگۆڕدرێ ، چونكە ئەو شێواز و ڕیتمە كۆن و سواوە لەبواری بانگخوازیدا هیچ سوود و كاریگەرییەكی ئەوتۆی نیە لەم چەرخەی ئێستاماندا كە هەموو جۆرە كەرەستە و ئالیەتێكی تری سەردەمیانە فەراهەم كراوە و لەبەردەستدایە ، هەروەها ئەو شتە فریودەرانەی كە زۆر خێراتر لە وتاری مامۆستایەكی ئاینی كاریگەرییان لەسەر دڵ و دەروونی گەنج و تازە پێگەیشتووەكان هەیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە تەشەنەكردن و زیاد بووندان. لایەن و بەرەی بەرانبەر ئێستا بە دەیان و سەدان شێواز و توانا و كەرەستە و عەقڵی خەیاڵی ئەلیكترۆنیەوە هاتووەتە مەیدانەكەوە ، وتاربێژان و مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازان بە گشتی دەبێ بە هەمان ئەو چەك و كەرەستانەی ئەوان ڕووبەڕوویان ببنەوە ، دەبێ وتاربێژان پێش هەموو شتێك لەو ئاوەی ئەواندا فێری مەلە ببن ، بانگخوازان نابێ ئایین و دەعوە تەنها لە قاڵبێكی كیسەڵیی دا قەتیس بكەن كە لە مینبەرێكی پشت گوێ خراوەوە بە شمشێرێكی تەختەوە هاوار بكات و بانگەواز بكات.

لە ڕاستیدا وتاری هەینی دەبێ بە هەموو جۆرە زانست و فێڵ و تەڵەكە و شێوازی پێویستی سەردەمیانە بەهێز بكرێ و كاریگەر بكرێ و فۆڕمێكی تری جیاوازی بە بەردا بكرێ ، بۆ ئەوەی بتوانێ بەرانبەرەكانی بوەستێنێ ، وتاربێژی مزگەوت وەك چۆن بە میكرۆفۆنەكەی وتار دەدات ، پێویستە لەسەری تەكنیكە زانستی و مەعریفیی و سەلیقەكانی تری سەردەم بەكاربهێنێ.

شەشەم : مەعلومە هەینی و وتاری هەینی بەشێكە لە عیبادەت و پەرستشكردن و كۆنگرەیەكی ئیسلامی هەفتانەی باوەڕدارانە و، كۆمەڵێك یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە ، ئەمەش وا دەكات باوەڕداران و بەشداربووانی ئەم مەراسیمە ئاینیە بە چاوی بەرائەت و پیرۆزی و تایبەت لێی بڕوانن ، بۆیە لەپێناو پاراستنی ئەو سوومعە و متمانە گەورەیەی كە لە ناخ و هیزرو دەروونی خەڵكیدا هەیە بەرانبەر ئەو پەرستشە ئاینیە دەبێت وتاری هەینی لە هەموو جۆرە پڕوپاگەندەیەك بۆ حیزبێك یان كۆمەڵێك یان هەر جۆرە ئاڕاستەیەكی سیاسی بەدوور بگیرێت بە دەسەڵات و حكومەتیشەوە! لەم سۆنگەیەوە پێویستە حكومەت و دەسەڵات لە هەموو دەستێوەردانێك لە كاروباری پەیوەست بە وتاری مزگەوتەكان و دیاریكردنی بابەت و جۆری وتار بۆ مامۆستاكان خۆی بەدوور بگرێت و، هەوڵ نەدات وتاری هەینی وەك پڕوپاگەندەیەك بۆ ئەجێندەكانی خۆی بقۆزێتەوە ، ڕاستە مزگەوتەكان و وتاربێژان و وتارەكانی هەینی لەژێری ئاڕاستەی وەزارەتی ئەوقافدان ، بەڵام ئەمە بە مانای بە كۆیلەكردن و لە قاڵبدانی مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژان نیە لە چوارچێوەی ئاڕاستەكانی دەسەڵات و، مامۆستایان و وتاربێژان بە ئارەزوو و میزاجی  حیزب و دەسەڵات  تەڵقین و قورمیش بکرێن و، وتاری هەینی وەک نەشرەیەکی حکومی هەفتانەی لێ بکرێت ،  هەموو تاكێكی ژیرو عاقڵ و وریا و بە ویژدان دەزانێ ئەم جۆرە ڕیتمە مامەڵەكردنە فۆڕمێكی تری دیكتاتۆرییەت و خۆسەپاندنە و، لە قوڵایی ئەوروپا و مزگەوتەكان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناو جەرگەی پایتەختەكانی زلهێزەكانی دنیاشدا پەیڕەو نەكراوە !! لە بەرانبەردا وتاربێژان و مامۆستایانی ئایینی و وتارەكانیشیان هەروەك چۆن نابێت ببنە پاشكۆی دەسەڵات و سیاسەتەكانی ، بە هەمان شێوە نابێت ببنە پاشكۆی حیزبی سیاسی و، مینبەرو مزگەوتەكانیش بكەنە سەكۆیەك بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی و ختوكەدان و ڕاكێشانی هەست و نەستی جەماوەر بۆ لای حیزب و ئاڕاستەیەكی سیاسی دیاریكراو.

بەپێچەوانەوە بە پاشكۆكردنی مزگەوت و وتاری هەینی یان وتاربێژان و مامۆستایانی ئایینی بۆ حیزب و دەسەڵات جگە لەوەی ڕووی دەسەڵات لەلای جەماوەر قێزەون و ناشیرین دەكات ، بە هەمان شێوە (قەیرانی بێ متمانەیی) لەنێوان خەڵك و بانگخواز و وتاربێژە بە پاشكۆكراوەكاندا دەهێنێتە كایەوە و، وتارو چالاكی و كاری دەعوە و بانگەوازیش بە گشتی لاوازو لەكەدار دەكات و لە بەرهەم و قورسایی و كاریگەرییەكانیشی كەمدەكاتەوە.

ژمارەی دەستگیرکراوە کوردەکان لە سعودیە ڕاگەیەندرا
پێشت ژمارەی دەستگیرکراوە کوردەکان لە سعودیە ڕاگەیەندرا
بەرگریی شارستانی هەرێم چەند ڕێنماییەکی تایبەت بە مەلەکردن بڵاوکردەوە
دواتر بەرگریی شارستانی هەرێم چەند ڕێنماییەکی تایبەت بە مەلەکردن بڵاوکردەوە
پەیوەندیدار