ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

هۆشداری دەدرێتە حكومەتەكانی عێراق و هەرێم لە تەقینەوەی ناڕەزایەتی هاووڵاتیان

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

تاكو ئێستا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق تەواو نەبووە و نەتوانراوە هەشت وەزارەت پڕبكرێنەوە و حكومەتی هەرێمیش پێكنەهێندراوە بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە، ئەمەش گرفت بۆ كارو خزمەتگوزارییەكانی حكومەت زیاتر دەكات، بۆیە مەترسی تەقینەوەی جەماوەری دەكرێت.
حكومەتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ماوەكانی رابردودا كەمتەرخەم بوون و كورتیانهێناوە لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بۆ هاووڵاتیان، بۆیە ئێستا كە حكومەتی نوێ پێكدێت و شەڕیش لەئارادا نەماوە، هاووڵاتیان چاوەڕێی خزمەتگوزاری خێرا دەكەن، بەتایبەت هاووڵاتیانی هەرێم چاوەڕێی لابردنی پاشەكەوتی موچە و دەستپێكردنەوەی پێشینەكان و خزمەتگوزارییەكانن.

میران محەمەد:
نەبوونی خزمەتگوزاری لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و خەڵك ئەوەی دەوێت، باكی نییە بە حزبایەتی و كێ سەرۆكە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی رایدەگەیەنێت، مەترسی نەبوونی خزمەتگوزاری لە عێراق و هەرێم زۆر لە پێكنەهێنانی كابینەی حكومەتی عێراق گەورەترە.
میران محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (خەڵك)ی راگەیاند، بڕیاری پێكهێنانی حكومەتی عێراق هەیە و شەرعیەتیشی هەیە، بەڵام لەبەرئەوی رێكەوتن نییە نەتوانراوە ناوی وەزیرەكان بخرێتەنێو كۆبونەوەكانی پەرلەمان و ئەمەش وایكردووە رێژەی یاسایی تەواو نەبێت، بۆیە تاكو رێكەوتن نەكرێت ئەو بابەتە كۆتایی نایەت.

وتیشی”یەكێتی 18 كورسی هەیەو مافی وەرگرتنی وەزارەتی هەیە، جگە لەوەش یەكێتی رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە رێكخستنی نێو ماڵی عێراق و بەتایبەت عەرەبەكان، هەربۆیە ئەمجارە وەزارەت نەدرێتە یەكێتی لەبەر هەر هۆركاێك بێت پڕۆسەكە قورستر دەبێت لە جاران”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، جگە لە یەكێتیش زۆربەی فراكسیۆنە كوردییەكان بەو بابەتە رازی نەبوون.

رونیشیكردەوە، ئەم حكومەتە شەرعیەتی هەیە و دەتوانێت بەو شێوەیە بڕوات، بەڵام ئەم حكومەتە تەنها ئەوە كێشەی نییە، بەڵكو خەڵكی عێراق ناڕازییە لە هەموو شتێك، مەترسییەكە ناڕەزایەتی هاووڵاتیانە و خزمەتگوزاری زۆر خراپە لە شارەكانی باشوور.

میران محەمەد راشیگەیاند، یەكێك لە مەترسییەكان پێكنەهێنانی حكومەت نییە، بەڵكو فشارەكانی هاووڵاتیانە، چونكە لە شەڕی داعش زیاتر بودجەكەی بۆ شەڕ بووە، ئێستا خەڵك چاوەڕێی خزمەتگوزاریی دەكەن، لەبەرئەوە خزمەتگوزاری لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و خەڵك ئەوەی دەوێت، باكی نییە بە حزبایەتی و كێ سەرۆكە.

مەلا بەختیار:
جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەربچن، نەلایەنەكانی دەسەڵات‌و، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە

هاوكات مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند ” دەمەوێ‌، سەرنجی ئەو لایەنانە بۆ ئەم راستییانە رابكێشم كە پێكەوە رێكدەكەون‌و كابینەی نۆهەم پێكبهێنن، ئەویش هەموو لایەنەكان بەهەموو توانای راگەیاندن‌و، هێزی چەكدارو دەستڕەنگینی لەهەڵبژاردندا، نەتوانرا نیوەی خەڵك، لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن، كەمەندكێش بكرێنە ناو بازنەكە. ئەمە ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیە و هۆی سەرەكی ئەم دڕدۆنگییە، لاوازبوونی متمانەی خەڵكە، بەسەركردایەتی‌و سیاسەت‌و بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان. كە ئەمەش، سەرەنجامی كەڵەكەبونی گرفت‌و گەندەڵی‌و ئەو بارە نالەبارەی خەڵكە”.

مەلا بەختیار دەشڵێت “ئەم بێ‌ متمانەییە، كە جارێ‌ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ‌، لەم دۆخەی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا، پێویستە لەكابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێ‌‌و لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ‌، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لەكوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بن‌و، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لەعیراق‌و یاخود لەكوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات، بیرمان نەچێ‌ كێشەی نێوان ئەمریكا‌و دەوڵەتانی كەنداو‌و ئێران، هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابوریی‌و سیاسی چارەسەر نەكراوی تەواوی ناوچەكە، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی بەهاری عەرەبی، هاوكات كێشەی نێوان شیعەكانی عیراق، هەروەها سوننەكانی عیراق، ئینجا ئەو رێژە كەمەی كە لەبەغداد‌و ناوچەكانی تری عیراق بەشداریان كردووە، خۆپیشاندانەكانی بەسرەو پارێزگاكانی تر، لەكاتێكدا هێشتا پاشماوەی جەنگی داعش‌و ناوچە وێرانكراوەكانی جەنگ ساڵەهای ساڵی دەوێ‌ چارەسەر بكرێن، ئەمانە دەبێ‌ هەموویان لەبەرچاو بگیرێن كە كاریگەریان لەسەر كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەش هەیە”.

راشیگەیاند “بێگومان یەكانگیربوونی هەموو ئەم رووداوانەو كاریگەریان لەسەر هەست‌و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان، خرۆشانی خەڵك دەكاتە ئەنجامێكی مەترسیدار بۆ سەر هەمووان”.

رونیشیكردەوە “لەدۆخێكی نەخوازراوی واشدا، جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەرچوون، نەلایەنەكانی دەسەڵات‌و، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە. ڕەنگە، لەهەلومەرجێكی ئاوهاشدا، چەند رابەرێكی دەركەوتووی سۆسیال-مێدیا، بۆ ماوەیەك بتوانن روداوەكان، بەئاراستەی پۆپۆلیستی‌و ئاژاوەگێڕی، رابەرایەتی بكەن”.

خۆپیشاندان و توندوتیژییەكانی فەرەنسا بۆ وڵاتانی دیكەی وەك بەلجیكا و چەند شوێنێكی دیكەی ئەوروپا تەنیونەتەوە، بۆیە بە دوور نازاندرێت پریشكی ئەو ئاگرەی لە پاریس سەری هەڵداوە وڵاتانی دواكەوتووی ناوچە و ئەوانەی بە دەست دەیان كێشەوە دەناڵێنن، بگرێتەوە.

راپۆرت

ئۆج ئالان، دوای 20 ساڵ لە دەستگیركردنی
خۆپیشاندان و مانگرتنەكان بۆ ئازادكرنی بەردەوامن

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ 20 ساڵە بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆج ئالان تێپەڕ دەبێت و لە ژمارەیەك وڵات خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ ئازادكردنی ئەنجام درا.

 

خۆپیشاندان و مانگرتن بۆ ئازادكردنی ئۆج ئالان دەكرێت
بەپێی زانیارییەكان لە هەرێمی كوردستان و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە ژمارەیەك لە ئەندام و هەواداری پەكەكە و عەبدوڵڵا ئۆج ئالان مانیان گرتووە و تا ئێستاش هیچ بەرپرسێكی توركیا بەدەم داواكاری ئەو كەسانەوە نەڕۆیشتووە و ئەمڕۆ هێزەكانی توركیا ڕێگرییان لە پەڕلەمانتارانی هەدەپەو ژمارەك هاووڵاتی گرت كە سەردانی لەیلا گیوفەن بكەن كە نزیكەی 100 رۆژە مانی گرتووە.


هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ئازادكردنی ئۆج ئالان ئەنجام درا.

 

عەبدوڵڵا ئۆج ئالان كێیە؟
عەبدوڵڵا ئۆج ئالان لەدایكبووی ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە دێی ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا ڕحا لە باشووری ڕۆژھەڵاتی توركیا، سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستانە.

ناوبراو ئالان كۆلێجی زانستی سیاسی لە زانكۆی ئەنقەرە خوێندووە، بەڵام تەواوی نەكردووە و گەڕاوەتەوە بۆ دیاربەكر، ھەستی نیشتمانی و كوردایەتی كاری تێكردووە و بۆی تێكۆشاوە تا لە ساڵی ١٩٧٨ پارتی كرێكارانی كوردستانی دامەزراندووە، ئەم پارتە لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی كرد بە كاری چەكداری لەناو توركیا و ئێران و عیراق بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.

 

دەستگیركردن و دادگاییكردنی
تاكو ساڵی ١٩٩٨ ئۆج ئالان لە وڵاتی سووریا بوو، پاش ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوریا تێكچوو، توركیا ھەڕەشەی لە سوریا كرد بەوەی پشتگیری لەم پارتە دەكات، بۆیە سوریا ئۆج ئالانی ناچار كرد سوریا جێبھێلێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی توركیا، پاشان ڕوویكردە ڕوسیاو دواتر ڕوویكردە چەند وڵاتێكی دیكە لەوانە ئیتالیا و یۆنان، لە ساڵی ١٩٩٨ لەوكاتەی لەوكاتەی لە یۆنان بوو، حكومەتی توركی داوای ڕادەستكردنەوەی ناوبراوی كرد و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە كینیا دەستگیر كرا، ئەویش لە پڕۆژەیەكی چەكداری ھاوبەش لە نێوان دەزگاكانی “سی ئای ئەی”ئەمریكایی و “ئێم ئای تی”توركی و “موساد”ی ئیسرائیلی، پاشان لە رێگەی ئاسمانەوە گوازرایەوە بۆ توركیا بۆ دادگاییكردنی.

دروستكردنی پەكەكە
ئۆج ئالان لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندێكی باكووری كوردستان پارتی كرێكارانی كوردستانی دروست كردووە و یەكەم كۆنگرەی لە ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باكوری كوردستان بەستووە و تا ئێستاش 11 كۆنگرەی بەستووە.

پەكەكە ئێستا لەژێر چەتری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كار دەكات و شێوەی بەڕێوەبردنی سیستمی هاوسەرۆكایەتییە، ستراتیژیی ئێستای پەكەكە كۆنفیدڕاڵیزمی دیموكراتیكە و بەپێی ئەو ستراتیژە هەموو گروپ، پێكهاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دەتوانن بەپێی تایبەتمەندییەكانیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بارەگای سەرەكی ئێستای سەركردایەتی پەكەكە لە زنجیرە چیاكانی قەندیلە و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەكەكەدان و لەلایەن پەكەكەوە بە ناوچەكانی پاراستنی میدیا دەناسرێن و ڕووبەری ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت.

بەپێی زانیارییەكان، مەزەندە دەكرێت پەكەكە زیاتر لە ١٤ هەزار گەریلای لە شاخدا هەبێت، كە لە چوارچێوەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا ڕێكخراون و لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

ژمارەیەك لە حزبە كوردستانییەكان بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەكەكە دەناسرێن كە بریتین لە پەیەدە، تەڤگەری ئازادی، پژاك، كۆدار و هەدەپە، دەبەپە، كەجەدە، كۆنگرەی گەل، دەتەكە و كەژەئا و هێزە سەربازییەكانی یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ساڵانە 100 هەزار منداڵ گیانلەدەست دەدەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن رێكخراوی “منداڵان رزگاربكەن save the children”، ساڵانە بەهۆی جەنگ و ناكۆكییە چەكدارییەكان لە جیهاندا، زیاتر لە 100 هەزار منداڵ گیانلەدەستدەدەن.

لە راپۆرتەكەدا كە لە پەراوێزی كۆنگرەی ساڵانەی ئاسایش لە میۆنیخ بڵاوكرایەوە هاتووە”لانی كەم 550 هەزار منداڵی ساوا لەماوەی ساڵانی 2013و 2017 لەو دە وڵاتەدا كوژراون كە گەورەترین زیانیان بەهۆی جەنگەوە بەركەوتووە، ئەمەش بەهۆی برسێتی یان كەمی پاكژی یان نەبوونی چاودێری تەندروستی یان بێبەشبوون لە پێویستییە سەرەكییەكانی ژیان”.

بەپێی راپۆرتەكە”گەر منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانیش بخرێنە سەر ئەو ژمارەیە لەهەمان ماوەدا، ئەوا ژمارەی منداڵە كوژراوەكان بۆ 870 هەزار منداڵ بەرزدەبێتەوە، رێكخراوەكەش پێشبینی دەكات لە واقیعدا ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت”.

راپۆرتەكە لە زاری هێلی تۆرنینگ- شمیت، بەرپرس لە رێكخراوەكە بڵاویكردۆتەوە:”رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان ڕووبەڕووی هێرشی بەكۆمەڵی چەكداری و ئەو هێزە چەكدارانە دەبنەوە كە رێز لە یاسا و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان ناگرن”.

تۆرینگ-شمیت پێیوایە”كاتێك یاساكانی جەنگ پێشێل دەكرێن، پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی هەڵوێستی رون بێت و لێبوردەیی نەنوێنێت بەرانبەر بە پێشلكارەكان و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات”.

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە”نزیكەی 420 ملیۆن منداڵ، واتا 18%ی منداڵانی جیهان، لە ساڵی 2017 لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی جەنگدا ژیاون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 30 ملیۆن منداڵ زیادی كردووە”.

ئەو دە وڵاتەی لە راپۆرتەكەدا ناوییان هاتووە و تێیاندا منداڵان ڕووبەڕووی كوشتن بونەتەوە بەهۆی جەنگ و ناكۆكییەكان، بریتین لە ئەفغانستان، یەمەن، سودانی باشوور، كۆماری ئەفریقای ناوەند، كۆنگۆی دیموكرات، سوریا، عیراق، مالی، نەیجەر، نەیجیریا، و سۆماڵ”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆیە

خەڵك- ڤیان حەسەن

ئەمڕۆ 13 ی شوباتی 2019 ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆیە، كە لەلایەن ڕێكخراوی پەروەردە و زانست و كلتور- یونسكۆ-وە، دیاریكراوە.

هۆكاری دیاریكردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ، دەگەڕێتەوە بۆ 71 ساڵ بەر لە ئێستا، كە لەو ڕۆژەدا و لە ساڵی 1946 ئێزگەی ڕادیۆی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی بە پەخش كردووە.


بۆ یەكەم جار یادی ئەو ڕۆژە، لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەكادیمیای ئیسپانیا بۆ ڕادیۆ كرایەوە و دواتریش لە ساڵی 2012دا كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕۆژەكەی بە فەڕمی بە ڕۆژی ڕادیۆ ناساند.

ڕۆژەكەش هاوكاتی یادكردنەوەی ئەو ڕادیۆیەی نەتەوەیەكگرتووەكانە لە ساڵی ١٩٤٦دا، بە ئامانجی زیندووكردنەوەی ئەو ڕۆژە و هۆشیاریی دەربارەی بەهای ڕادیۆ و باشكردنی هاوكاریی نێودەوڵەتیی لە نێوان ئێزگەكاندا، هەروا هاندانی دروستكارانی بڕیار بۆ پێشكەشكردنی زانیاری لە ڕێگەی ئێزگەكانەوە.

لە ئێستاشدا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەك بەسەر دروستكردنی ڕادیۆدا و لە ڕۆژی جیهانیی ئامڕازە كاریگەرەكەی ڕاگەیاندندا، میدیای بیستراوی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستیی بە پێداچوونەوەی وردی زانستی هەیە، بە جۆرێك لەگەڵ گیانی سەردەم و ژیانی دیموكراسی و پێداویستییەكانی كۆمەڵی كوردیدا یەكانگیر بێت.

لە هەرێمی كوردستانیشدا ئێستا ڕادیۆیەكی زۆری نێوخۆیی و هەرێمی هەن، ڕادیۆی (خەڵك)یش یەكێك لە ڕادیۆ هەرێمییەكانە و لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان پەخشی بەرنامەكانی دەكات.
ڕادیۆی (خەڵك) ڕووماڵی ڕووداوە نێوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەكان دەكات بە شێوەیەكی پیشەییانە و بێلایەنانە، وێڕای ژمارەیەك بەرنامە لە بوارە جیاوازەكان و پەخشكردنی گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەنی كوردی بۆ گوێگرەكانی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان