ڕێباز حەملان: مووچە بەردەوام لە كاتی خۆی دەدرێت



یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، مووچە بەردەوام لە كاتی خۆی دەدرێت و ئەگەرێكی زۆرە پشكی ھەرێم لە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق لە ١٢،٦٧ ٪‏ ببێتە ١٤٪‏.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیانراوێكدا، كە بە بۆنەی ساڵی نوێ بڵاویكردەوە ئاماژەی بەوەكردووە، “ڕێككەوتنی ھەرێمی كوردستان و بەغدا ھەنگاوی ئەرێنی و پەرەسەندووی دەبێت، بەتایبەت ئەگەرێكی زۆرە پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق لە ١٢،٦٧ ٪‏ ببێتە ١٤٪‏ ، لەگەڵ چارەسەری دۆسییە ھەڵپەسێردراوەكانی دیكە، بەپێی دەستوور.”

ئاماژەی بەوەش كردووە، “ئەگەر ئالنگاری و فاكتەری دەرەكی نەبنە ھۆی دواكەتنیان، ئەوە لە ساڵی نوێ گەشبینم بەوەی، كە لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و غازی سروشتی، پێ دەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر و ھەناردەكردنی نەوت بەردەوام دەبێت.”

ڕێباز حەملان ڕاشیگەیاندووە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پابەند و پێداگر و بەردەوامە لەسەر جێبەجێكردنی كارنامە و بەرنامەكانی كابینەی نۆیەم و ساڵی نوێ لە بواری رێكخستنی دارایی و چاكسازیكردن، بە كۆكردنەوەی داھاتەكانی ناوخۆ، لە باج و گومرگ و ڕسووماتی ناوخۆ، دەبێتە ھۆی زیادبوونی داھاتە نانەوتییەكان و كەرتی بانكی دەبێتە دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی و سیستماتیك.”

دەشڵێت: “مووچەی مووچەخۆران بەردەوام لە كاتی خۆی دەدرێت و دەبێتە هۆی بوژانەوەی باری دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان و جووڵەیەكی بەرچاوی دەبێت لە بازاڕ و جموجۆڵی بازرگانیدا.”

بە وتەی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران، “بە سوپاسگوزاری بۆ خۆراگڕیی خەڵكی ھەرێمی كوردستان و ئەو ھەنگاوە ئەرێنییانەی كە بۆ تەبایی لایەنە سیاسییەكان دەنرێن، ئەم ھەرێمە پێگەیەكی كاریگەر و ستراتیژی ھەیە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و جوگرافی و فەرھەنگی پێكەوەژیانی ھەموو پێكھاتە و ئایینەكانی تێدا كۆبوونەتەوە و لە ڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتیییەكان دەچێتە ئاستێكی گەشەسەندووتر.”

ئاگرێك لە نزیك قەڵای هەولێر كەوتەوە
پێشت ئاگرێك لە نزیك قەڵای هەولێر كەوتەوە
شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە
دواتر شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە
پەیوەندیدار