ساڵی گۆڕینی ژمارەکان نا، ساڵی بەنرخیت پیرۆزبێ


سەروەت تۆفیق

هەرچەند ساڵ و گۆڕینی ژمارە و تەمەنەکان پەیوەندی بە تێڕوانینی خودی مرۆڤ خۆیەوە هەیە. لەم بەرئەنجامەوە بڕوام بە دوا وێنە و سەرەتاترین وێنەی ساڵ نییە، چونکە هەموو وێنەیەک لە یەک کاتدا دواهەمین و سەرەتاترینە، جا ئەوە تۆیت چۆنت دەوێ لەو زەمەن و شوێنەدا بیردەکەیتەوە.

بۆیە مرۆڤ ئەوەندەی پێویستی بە خۆشەویستی و ڕۆحێکی پاک و ویژدانێکی نەگۆڕ و جوانبینی و میهرەبانی و یەکتر قبوڵکردن و ڕق لێبوونەوە لە ڕق و پێداچوونەوە بە کات پەرتەوازەکان و گەڕاندنەوەی دەیان و سەدان ژمارەی کاتژمێرە بێ سودەکانە لە ڕێگەی بینین و بیستن و گومانە هەڵە و خراپەکانە بۆ دروستکردنی ئومێدە پێویستیەکانی ژیان.

ئەوەندە پێویستی بە هیچ ژمارەیەکەوە نییە بۆ گۆڕانکاری. بەڵکو دەبێ خۆشییەکانی ژیان بدۆزرێتەوە لە هەموو شتێکی بچوکدا کە سەرچاوەکەی قەناعەتی دەروونی و تێگەیشتن و پێگەیشتنە لە هەموو کارتێکەرە نەرێنییەکان تا سەرجەمیان تۆ دروست بکا نەک بدڕوخێنێ.

بۆیە بۆ هەموو کات و ساڵێ بیرت بێ گەر دەتەوێ براوەی ژیان بیت، ئەوا ئومێدت هەبێ و کەمێک دەرفەت بە خۆت بدە کە فراوانتر لە جاران بۆ هەمیشە بیربکەرەوە، زوومەکانت بهێنەرە دواوە بۆ هەر شتێک کە ناڕەحەتی کردووی، جا ماددیی بێ، یان مەعنەویی، چونکە ژیان گەورەترە لە بیرکردنەوەی تۆ و چواردەورت، سەرێک هەڵبڕەو بڕوات بەوە هەبێ خودا هەیە و لە یەک ساتدا ئەوەی چاوەڕێی ناکەی ڕوودەدات.

لە ڕوویەکی ترەوە ئیرادەت بەرزبێ وەک (ترۆتسکی) دەڵێ: تا ئەوکاتەی هەناسە بدەم و لە ژیاندا بم ئومێدم هەیە. ئینجا دەمەوێ بڵێم گۆڕینی ژمارەکان پیرۆزبێ گەر بڕوات بە ژمارەکان هەیە و بەیانی هەروەک خۆتی، چونکە هیچ گۆڕانکارییەکت لە فکر و بیرتدا نەکردووە …! بەڵام پیرۆزتربێ لە تۆ گەر نیەت و ئیرادەی گۆڕانکاری بیر و هزر و ژیانت هەیە، تۆش فەرموو لە دڵەوە پیرۆزبایی قبوڵ بکە و پیرۆزبایی لە چواردەور و خەڵکی تریش بکە.

لەم ڕێگەیەوە هەنگاو بنێی ئەوا کۆتایی و سەرەتایی بیرکردنەوەت پیرۆزبێ. چونکە تۆ شایەنی ئەوەیت و دەتوانی هەموو باشییەک لە خۆتدا ئەنجام بدەیت کە دواجار چاکەی گشتی پێویستی بە تۆیە، چونکە تۆ بەنرخترینی بۆ هەمووان.

عێراق و سوریا مەترسیدارترینن بۆ ڕۆژنامەنووسان
پێشت عێراق و سوریا مەترسیدارترینن بۆ ڕۆژنامەنووسان
پێشبینییەكانی كەشوهەوا بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ‌ ئاشكرا دەكرێن
دواتر پێشبینییەكانی كەشوهەوا بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ‌ ئاشكرا دەكرێن
پەیوەندیدار