ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

لەهەرێم؛ لە 8 ساڵدا زیاتر لە ٥٢ هەزار هاوسەر جیابونەتەوە

 

خەڵك-ئارام سەردار
بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەهەرێمی كودستان ڕێژەی تەڵاق لەبەرزبوونەوەدا بووە و توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش ڕایدەگەیەنێت، قەیرانی سیاسی و دارایی و نەبوونی سەقامگیری كۆمەڵایەتی ڕێژەی تەڵاقی زیاد كردوە.

بەپێی ئامارەكە، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتوە، لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا واتە لەنێوان ساڵانی 2010 تاوەكو كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ لەهەرێمی كوردستان و لەپارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی ٥٢ هەزار و ٩٤٦ حاڵەتی جیابونەوەی هاوسەران (تەڵاق) لەدادگاكان تۆماركراوە .

ڕێژەی تەڵاق لە دهۆك زیادی كردووە بە پێچەوانەی هەولێر و سلێمانیەوە

هەر بەپێی ئامارەكە، لەماوەی 8 ساڵی رابردوو ڕێژەی تەڵاق لەپارێزگای دهۆك بەرەو زیاتر ڕۆیشتوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕێژەكە لەهەریەكە لەپاریزگاكانی هەولێر و سلێمانی بەرەو كەم بوونەوە چووە.

وەك لەئامارەكەشدا هاتوە، لەماوەی هەشت ساڵدان لەپارێزگای سلێمانی 24 هەزار و 189 هاوسەر لەیەكتر جیابونەتەوە، لەپارێزگای هەولێریش ٢٠ هەزار و ٤٩٦ هاوسەر و لەپارێزگای دهۆكیش ٨ هەزار و ٢٦١ هاوسەر جیابونەتەوە، كە دەكاتە ٥٢ هەزار و ٩٤٦ جیابونەوە، كە سەرجەمیان لەدادگاكان تۆماركراون.

هۆكارەكانی جیابوونەوەی هاوسەران چیین؟

سەبارەت بەهۆكارەكانی زۆربونی رێژەی تەڵاق لەنێوان هاوسەران، دانا سەلام، توێژەری كۆمەڵایەتی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كۆمەڵێك هۆكار هەن بۆ جیابونەوەی هاوسەران لەیەكتر، بەڵام ئەوەی زۆر كاریگەری هەبوە نەبوونی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بوە، كە بەهۆیەوە چەندین گرفت دروست بوو و هاوسەران لەیەكتر جیابونەوە.

وتیشی، “بەشێكی تر لەهۆكارەكان هەربەهۆی ئەو قەیرانانەوە هاوڵاتیەكی زۆر ڕووی لەدەرەوەی وڵاتكرد، كە وایكرد لەگەڵ هاوسەرەكانیان جیاببنەوە، لەهەمان كاتدا خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و خیانەت و دەستوەردانی دەرەكیش لەنێوان هاوسەران بەشێكن لەهۆكارەكان”.

ئەوەشی خستەروو، چاوەروان دەكرێ بەهۆی باشبوونی دۆخی دارایی و دروست بوونی سەقامگیری سیاسی لەساڵانی ئایندە دۆخەكە باشتر بێت و پێویستیشە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكاربن بۆ باشتركردنی دۆخەكە و هاوكات ئەو هاوسەرانەشی كێشەیان هەیە لەدادگان هەوڵبدرێ لەڕێگەی كەسانی پسپۆرە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بكرێ بۆ ئەوەی ئاڕاستەی جیابونەوە بكەن بەبەیەكەوە بوون.

پێشنیارێك بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی جیابونەوە دەكرێت

پارێزەر ڕێبین صباح، سەبارەت بە رێژەی تەڵاق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەپێی دوا ئامار لە ڕێژەی جیابونەوەی خێزانی ( تەڵاق) لە تەواوی دادگاكانی هەرێمی كوردستان لەنێوان ساڵانی ۲۰۱۰ بۆ ۲۰۱۷ بریتی بوو لە (53 هەزار) حاڵەتی جیابونەوە (تەڵاق)، كە ئەمەش لای تەواوی پارێزەر و یاساناس و هاوڵاتیانی خەمخۆر بۆ ئەم پرسە ڕێژەیەكی گەلێك زۆر و مەترسیدارە، لای هەموان ڕوون و ئاشكرایە، كە زۆرینەی حاڵەتەكانی جیابونەوەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەگونجانی هاوسەران لەگەڵ یەكتری، كه هۆكاری ئەمەش بریتیە لەوەی كە زۆرینەی كوڕان و كچان كاتێك پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام ئەدەن هیچ هۆشیارییەكی ئەوتۆییان نیە، كە ببێتە ڕێنیشاندەرییان لە ژیانی هاوسەرگیرییدا ، بە شێوەیەكی ڕونتر ئەوان كامل و ئامادە كراو نین بۆ ئەو پڕۆسەیە.

وتیشی، “وەك پارێزەرێك پێشنیار ئەكەم لە سنوری هەر دادگایەكی باری كەسی تایبەتمەند بە بابەتی هاوسەرگیری چەند بنكەیەكی هۆشیاری و ئامادە كردن دابنرێن بۆ مەبەستی ئەوەی كاتێك هەر كوڕ و كچێك كە داواكاری ئەنجام دانی گرێبەستی هاوسەرگیری پێشكەش ئەكەن لەلایەن دادگاكانەوە ڕەوانەی ئەم بنكانە بكرێن تا لە چارچێوەی خولێكی چەند ڕۆژی كە لەلایەن پسپۆڕانی یاسایی و كۆمەڵناسی و ئاینیەوە لەوێدا هۆشیار و ئامادە بكرێن بۆ پڕۆسەی ژیانی هاوسەرگیری و ئاشنا بكرێن بەو ژیانە نوێییەییان، فێری چۆنیەتی مامەڵە كردن و خۆ گونجاندنیان بكەن لەگەڵ یەكتری، دوایی سەركەوتنیان لە خولەكە و بە نوسراوی ڕەزامەندی ئەو بنكەیەی، كە خولەكەیان لێیی ئەنجام داوە ئەوكات دادگاكان گرێبەستی هاوسەرگیرییان بۆ ئیمزاو پەسەند بكا، لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە پێویستی بە تۆزێك ئیمكانیاتی مادی و مەعنەوی ئەبێ بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو ڕێژەی جیابونەوە ( تەڵاق) زۆر كەم ئەبیتەوە” .

راپۆرت

سبەینێ‌ ڕۆژی ئاڵای كوردستان و دایكانی كوردستانە
خەڵك؛ دەقی یاساكەی پەرلەمان بۆ ناساندنی ئاڵای كوردستان بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، كە لە ساڵی 1999 دەرچووە، ئەو ئاڵایەی لە كۆماری مهاباد هەڵكرا كرایە ئاڵای فەرمی هەرێمی كوردستان و ئەو ڕۆژەش بە ڕۆژی “ئاڵای كوردستان” دیاری كرا و بە بڕیارێكی دیكەی پەرلەمانیش هەر ئەو ڕۆژە بە “ڕۆژی دایكانی كوردستان” ناسێنرا.

دوابەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان ساڵانە لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لە 17-12ی هەموو ساڵێك ڕۆژی ئاڵای كوردستان بەرز ڕادەگیرێت و ئاڵای كوردستان بەرزدەكرێتەوە و لە فەرمانگە و خوێندنگەكان و دامەزراوە فەرمییەكاندا ئاڵای كوردستان نوێ‌ دەكرێتەوە و لە مەڕاسیمێكدا هەڵدەكرێت.

مێژووی ئاڵای كوردستان لەچییەوە هاتووە؟
ئاڵای كوردستان هێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەك بەدوای یەكەكانی كورد بووە، تاكو لەڕۆژی 22-1- 1946 و لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد (سابڵاغ) بۆ یەكەمجار بەفەرمی هەڵدراوە و بوو بە ڕەمزی كۆماری كوردستان و دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان ڕووخێنرا و لەڕۆژی 17-12-1946 بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاكە لەدوژمنان، كە سووكایەتی پێنەكەن، ئاڵایەكەیان داگرتووە.

پەرلەمانی كوردستان ئاڵاكەی پەسەند كرد
لە ڕۆژی 11-11-1999، پەرلەمانی كوردستان یاسای ئاڵای كوردستانی پەسەندكرد، كە بە یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 1999 ناسراوە و هەروەها لە 19ی حوزەیرانی ساڵی 2004 بە بڕیاری ژمارە 48 ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكی بە “ڕۆژی ئاڵای كوردستان و ڕۆژی دایك” دانا.

بەپێی یاساكەی پەرلەمانی كوردستان، كە ئیمزای جەوهەر نامیق سالم، سەرۆكی ئەو كاتەی پەرلەمانی لەسەرە لە ساڵی 1999، ئاڵای كوردستان بۆتە ئاڵای فەرمی هەرێمی كوردستان و نیشانە و ڕەنگەكانیشی دیاری كراوە.

وەك لە یاساكەدا هاتووە، ئاڵای كوردستان لاكێشەیە و پانییەكەی دوو لەسەر سێی درێژییەكەیەتی و دابەش كراوە بەسەر سێ لاكێشەی یەكسان.

مانای ڕەنگەكان چیین؟
سەبارەت بە ڕەنگەكان-یش ئەوە هاتووە، “لاكێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە و هێمایە بۆ شەهیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان، لاكێشەی ناوەڕاست سپییە و هێمایە بۆ ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان و ئازادیی و لێبووردن، هەروەها لاكێشەی خوارەوە سەوزە و هێمایە بۆ كشتوكاڵ و ژینگەی كوردستان”.

سەبارەت بە خۆرەكەش لە یاساكەدا دیاری كراوە، كە خۆرێك لە ناوەڕاستی ئاڵاكە هەیە لەناو لاكێشە سپیەكە و 21 تیشكی تێدایە، كە نیشانەن بۆ بەردەوامی ژیان و زانست و یەكەم ڕۆژی سەری ساڵی كوردی و جەژنی نەورۆز.

ئاڵا جیاوازەكانی كورد
ئاڵای ئێستای كوردستان، كە بەفەڕمی لەئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دانیپێداندراوە لەباشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەكاردەهێندرێت، بەڵام لەڕژۆئاوا و باكوری كوردستان، كە پەكەكە لەوێ باڵادەستە، دان بەئاڵای كوردستاندا نانێن و ئاڵای سەردەمی “ماد” بەكاردەهێنن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

“نیوەی دانیشتوانی شارێك دووچاری شێرپەنجە دەبن”
ڕاپۆرتێكی ئەمریكی: بەهۆی نەخۆشییەوە هێرۆشیمایەكی تر لە عیراق دروست دەبێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕاپۆرتێكی ئەمریكی، كە ئەمڕۆ چوار شەممە، 2018/12/12 بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، نیوەی دانیشتوانی شاری بەسرە، دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە دەبن لە نەوەی ئێستا و نەوەكانی داهاتوو، ئاماژە بە دروستبوونی هێرۆشیمایەكی تر دەكات لە عیراق بەهۆی نەخۆشییەوە، كە هۆكارەكەی “واشنتۆن”ە.

بەپێی ڕاپۆرتێك، كە لەلایەن پێگەی (Counter Punch)بڵاوكراوەتەوە، “ولایەتە یەكگرتووەكان بە زیاتر لە 970 موشەكی تیشكدەر بە ماددەی یۆرانیۆم لە جەنگی دووەمی كەنداو، كە لەلایەن جۆرج بوشەوە سەرۆكایەتی كرا لە ساڵی 1991 عیراقی بۆردومان كرد، ئەمەش كاریگەرییەكی نەرێتی و زۆر خراپی بۆ سەر تەندروستی دانیشتوانی وڵاتەكە دەبێت و بۆ زیاتر لە 10 ساڵ ئەو كاریگەرییە دەمێنێتەوە، پزیشكەكانی عیراقیش ئەو موشەكانە بە مەرگی سپی ناودەبەن، كە یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن”.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، “شاری بەسرە لەنێوان شارەكانی تردا زەرەرمەندترینە، لەڕووی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، ئەمەش بەهۆی بۆردومانەكانی ئەمریكا، بۆ دەركەوتنی ئەو ڕاستییەش دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان بكەن بۆ نەخشییەكانی شێرپەنجە لە شارەكە و ببینن ڕێژەی ئەو منداڵانە چەند زۆرن بەهۆی تیشكدەرەكانەوە پوكاونەتەوە”.

ڕاپۆرتەكەی (Counter Punch)دەڵێت: “چەند مانگێك لە بۆردومانكردنی عیراق لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكا و بەریتانیاوە بە موشەكی كروز، بووە مایەی ئەوەی میراتێكی گەورە و كوشندە و پیس لەدوای خۆیەوە بەجێبهێڵێت، كە لە چەندان تەن لە پاشماوەی موشەك و گوللـە و بۆمب پێكدێن و هەموویان بە یۆرانیۆم ڕازێنراونەتەوە، بەشێوەیەكی گشتی ولایەتە یەكگرتووەكان بە زیاتر لە 970 بۆمب و بۆمبی تیشكدەر، ئامانجەكانی لە عیراقدا بۆردومان كرد”.

پێگە ئەمریكاییەكە پێیوایە، “لە ساڵی 1991وە كۆی گشتی توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بە ڕێژەی زیاتر لەسەدا 600 لە عیراقدا زیادی كردووە، ڕەوشەكەش زیاتر ئاڵۆزبوو، بەهۆی گەمارۆكانەوە، كە لەو دەمەدا كوفی عەنان، سكرتیری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو سەردەمەدا، بە قەیرانێكی مرۆیی و زیاتر قورسبوونی ئەركی دەستنیشانكردن و چارەسەری شێرپەنجە، وەسفی كردبوو”.

(Counter Punch) لە راپۆرتەكەیدا لە زاری ئومێد موبارەك، وەزیری تەندروستی حكومەتەكەی سەدام حسێنەوە بڵاویكردۆتەوە، “بەڵگەی تەواومان لەبەردەستدایە لەبارەی بوونی پاشماوە و شوێنەواری یۆرانیۆم لەو سامپلانەی بۆ توێكاریی وەرگیراون، ئەمەش شتێكی خراپە بۆ ئەوانەی پێیانوایە حاڵەتەكانی توشبوون بە شێرپەنجە، لەبەر هۆكارەكانی تر زیادییان كردووە”.

بە وتەی موبارەك، “ترسی ولایەتە یەكگرتووەكان لە ڕووبەڕبوونەوەی كاریگەرییە تەندروستی و ژینگەییەكان بەهۆی تەقاندنەوەی یۆرانیۆمەوە، لە پشت شكستخواردنی جێبەجێكردنی ئەو ڕێكەوتنەوە بوو، كە ڕێگەی بە عیراق دەدات هەندێك لە یەدەگی نەوتی وڵاتەكەی بفرۆشێت لەبەرانبەر دابینكردنی خۆراك و پێداویستی پزیشكی”.

ڕاپۆرتەكە هەر لە زاری دكتۆر جواد عەلی، كە پسپۆڕی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەیە و ئەندامی كۆمەڵی شاهانەی پزیشكانە لە ئینگلتەرا، بڵاویكردۆتەوە، “توێژینەوەكان دەریانخستووە، كە زیاتر لە سەدا 40 لە دانیشتوانی بەسرە دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە دەبن، ئێمە لە هێروشیمایەكی تردا دەژین”.

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، “زۆربەی توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن و شێرپەنجەی مەمك لەنێوان منداڵاندان، لیژنەی سزاكانی سەر عیراقیش لە نیویۆرك، كە ولایەتە یەكگرتووەكان دەستڕۆیشتبوو تێیدا، داواكارییەكانی عیراقی ڕەتكردبۆوە بۆ دەستبەركردنی كەرەستەكانی چارەسەری شێرپەنجە، هەر بۆیە لەئێستادا نەخۆشخانەكانی عیراق بە توشبوانی ئەو نەخۆشییە كوشندەیە جمەیان دێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

هۆشداری دەدرێتە حكومەتەكانی عێراق و هەرێم لە تەقینەوەی ناڕەزایەتی هاووڵاتیان

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

تاكو ئێستا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق تەواو نەبووە و نەتوانراوە هەشت وەزارەت پڕبكرێنەوە و حكومەتی هەرێمیش پێكنەهێندراوە بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە، ئەمەش گرفت بۆ كارو خزمەتگوزارییەكانی حكومەت زیاتر دەكات، بۆیە مەترسی تەقینەوەی جەماوەری دەكرێت.
حكومەتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ماوەكانی رابردودا كەمتەرخەم بوون و كورتیانهێناوە لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بۆ هاووڵاتیان، بۆیە ئێستا كە حكومەتی نوێ پێكدێت و شەڕیش لەئارادا نەماوە، هاووڵاتیان چاوەڕێی خزمەتگوزاری خێرا دەكەن، بەتایبەت هاووڵاتیانی هەرێم چاوەڕێی لابردنی پاشەكەوتی موچە و دەستپێكردنەوەی پێشینەكان و خزمەتگوزارییەكانن.

میران محەمەد:
نەبوونی خزمەتگوزاری لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و خەڵك ئەوەی دەوێت، باكی نییە بە حزبایەتی و كێ سەرۆكە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی رایدەگەیەنێت، مەترسی نەبوونی خزمەتگوزاری لە عێراق و هەرێم زۆر لە پێكنەهێنانی كابینەی حكومەتی عێراق گەورەترە.
میران محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (خەڵك)ی راگەیاند، بڕیاری پێكهێنانی حكومەتی عێراق هەیە و شەرعیەتیشی هەیە، بەڵام لەبەرئەوی رێكەوتن نییە نەتوانراوە ناوی وەزیرەكان بخرێتەنێو كۆبونەوەكانی پەرلەمان و ئەمەش وایكردووە رێژەی یاسایی تەواو نەبێت، بۆیە تاكو رێكەوتن نەكرێت ئەو بابەتە كۆتایی نایەت.

وتیشی”یەكێتی 18 كورسی هەیەو مافی وەرگرتنی وەزارەتی هەیە، جگە لەوەش یەكێتی رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە رێكخستنی نێو ماڵی عێراق و بەتایبەت عەرەبەكان، هەربۆیە ئەمجارە وەزارەت نەدرێتە یەكێتی لەبەر هەر هۆركاێك بێت پڕۆسەكە قورستر دەبێت لە جاران”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، جگە لە یەكێتیش زۆربەی فراكسیۆنە كوردییەكان بەو بابەتە رازی نەبوون.

رونیشیكردەوە، ئەم حكومەتە شەرعیەتی هەیە و دەتوانێت بەو شێوەیە بڕوات، بەڵام ئەم حكومەتە تەنها ئەوە كێشەی نییە، بەڵكو خەڵكی عێراق ناڕازییە لە هەموو شتێك، مەترسییەكە ناڕەزایەتی هاووڵاتیانە و خزمەتگوزاری زۆر خراپە لە شارەكانی باشوور.

میران محەمەد راشیگەیاند، یەكێك لە مەترسییەكان پێكنەهێنانی حكومەت نییە، بەڵكو فشارەكانی هاووڵاتیانە، چونكە لە شەڕی داعش زیاتر بودجەكەی بۆ شەڕ بووە، ئێستا خەڵك چاوەڕێی خزمەتگوزاریی دەكەن، لەبەرئەوە خزمەتگوزاری لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و خەڵك ئەوەی دەوێت، باكی نییە بە حزبایەتی و كێ سەرۆكە.

مەلا بەختیار:
جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەربچن، نەلایەنەكانی دەسەڵات‌و، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە

هاوكات مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند ” دەمەوێ‌، سەرنجی ئەو لایەنانە بۆ ئەم راستییانە رابكێشم كە پێكەوە رێكدەكەون‌و كابینەی نۆهەم پێكبهێنن، ئەویش هەموو لایەنەكان بەهەموو توانای راگەیاندن‌و، هێزی چەكدارو دەستڕەنگینی لەهەڵبژاردندا، نەتوانرا نیوەی خەڵك، لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن، كەمەندكێش بكرێنە ناو بازنەكە. ئەمە ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیە و هۆی سەرەكی ئەم دڕدۆنگییە، لاوازبوونی متمانەی خەڵكە، بەسەركردایەتی‌و سیاسەت‌و بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان. كە ئەمەش، سەرەنجامی كەڵەكەبونی گرفت‌و گەندەڵی‌و ئەو بارە نالەبارەی خەڵكە”.

مەلا بەختیار دەشڵێت “ئەم بێ‌ متمانەییە، كە جارێ‌ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ‌، لەم دۆخەی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا، پێویستە لەكابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێ‌‌و لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ‌، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لەكوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بن‌و، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لەعیراق‌و یاخود لەكوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات، بیرمان نەچێ‌ كێشەی نێوان ئەمریكا‌و دەوڵەتانی كەنداو‌و ئێران، هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابوریی‌و سیاسی چارەسەر نەكراوی تەواوی ناوچەكە، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی بەهاری عەرەبی، هاوكات كێشەی نێوان شیعەكانی عیراق، هەروەها سوننەكانی عیراق، ئینجا ئەو رێژە كەمەی كە لەبەغداد‌و ناوچەكانی تری عیراق بەشداریان كردووە، خۆپیشاندانەكانی بەسرەو پارێزگاكانی تر، لەكاتێكدا هێشتا پاشماوەی جەنگی داعش‌و ناوچە وێرانكراوەكانی جەنگ ساڵەهای ساڵی دەوێ‌ چارەسەر بكرێن، ئەمانە دەبێ‌ هەموویان لەبەرچاو بگیرێن كە كاریگەریان لەسەر كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەش هەیە”.

راشیگەیاند “بێگومان یەكانگیربوونی هەموو ئەم رووداوانەو كاریگەریان لەسەر هەست‌و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان، خرۆشانی خەڵك دەكاتە ئەنجامێكی مەترسیدار بۆ سەر هەمووان”.

رونیشیكردەوە “لەدۆخێكی نەخوازراوی واشدا، جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەرچوون، نەلایەنەكانی دەسەڵات‌و، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە. ڕەنگە، لەهەلومەرجێكی ئاوهاشدا، چەند رابەرێكی دەركەوتووی سۆسیال-مێدیا، بۆ ماوەیەك بتوانن روداوەكان، بەئاراستەی پۆپۆلیستی‌و ئاژاوەگێڕی، رابەرایەتی بكەن”.

خۆپیشاندان و توندوتیژییەكانی فەرەنسا بۆ وڵاتانی دیكەی وەك بەلجیكا و چەند شوێنێكی دیكەی ئەوروپا تەنیونەتەوە، بۆیە بە دوور نازاندرێت پریشكی ئەو ئاگرەی لە پاریس سەری هەڵداوە وڵاتانی دواكەوتووی ناوچە و ئەوانەی بە دەست دەیان كێشەوە دەناڵێنن، بگرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان

دوایین