ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

خێزانێك 25 ساڵە لەماڵەكەی خۆیاندا شەربەتی مێوژ بەرهەمدێنن

سلێمانی – نزار جەزا

خێزانێكی شاری سلێمانی لەلادێكانی شارباژێڕەوە نزیكی 25 ساڵە مێوژ دەهێننە نێو شار و لەماڵەكەی خۆیاندا شەربەتی مێوژ بەرهەمدەهێنن.

قانع لەشعرێكیدا دەڵێت، (فەڕقی نییە نێر و مێ هەرچی دانیشتووە لەدێ گشت خەریك فەرمانن بۆ بەدەست هێنانی نانن)، هەر لەسەر ئەم ڕێچكەیە خێزانێكی كورد لەگەڕەكی مامەیارەی شاری سلێمانی ئەم شعرەیان پەیڕەوكردووە، بەڵام لەلادێ نا، بەڵكو لەشار.

لە دوای ساڵی 1991ەوە بەهاران و هاوینان ئەم خێزانەی گەڕەكی مامەیارە كاری دروستكردن و فرۆشتنی شەربەتی مێوژ دەكەن، بەڵام لەوەرزی پاییز و زستاندا شێلمی كوڵاو دەفرۆشن.

كاتێك چومە گەڕەكی مامەیارە و پرسیاری ناونیشانی ماڵی شەربەتفرۆشەكەم كرد، بەئاسانی ناونیشانی ماڵەكەیان پێ پیشاندام، كە نزیك بوومەوە لەماڵەكە هاتنوچونێكی خەڵكی لەبەردەم ماڵەكە دەبینرێت، كە هەندێك كەسیش بۆ بژێوی ژیانیان لەبەردەم ماڵەكە شیرینی دەفرۆشن.

كە ڕۆیشتمە نێو ماڵەكەوە سەرۆكی ئەم خێزانە، كە تەمەنی 65 ساڵە و بە مام ڕەحمان ناسراوە لە حەوشەكەدا ڕاوەستابوو، سەرپەرشتی كارەكانی دەكرد و بەفری بەكڕیاری شەربەتەكان دەدا.

مام ڕەحمان كە خۆی خەڵكی شارباژێڕە بە(خەڵك)ی وت :” لەگوندەكانی سەرگەڵو و بەرگەڵو و چاڵاوێ و وێڵەدەر و ئەو گوندانەی شارباژێڕ مێووژ دەكڕم”.

كاتێك مام ڕەحمان مێوژەكە دەهێنێتەوە ماڵەوە، بە هەر سێ كچ و پێنج كوڕ و بوكەكانیەوە، خەریكی پاككردنەوە و شۆردنەوە و هاڕین و بەشەربەتكردنی مێوژەكە دەبن.

ئەو سەرۆك خێزانە، ئاشكراشی كرد، بەتایبەتی لەمانگی ڕەمەزاندا خەڵك ڕوویان تێدەكات، بەڵام لە مانگەكانی دیكەشدا خەڵك لەشارەكانی دیكەی كوردستانەوە هەردێن، بەتایبەتیش هەندێك كەس بۆ نەخۆش ئەم شەربەتە دەكڕێت، چونكە سروشتییە.

ئەوەشی وت:” منداڵەكانم هیچیان فەرمانبەرنین و كاری دیكەمان نییە، بۆیە خەڵكی لادێین و دەزانین ژیانی لادێ چۆنە و دەزانین چۆن كاربكەین، بۆیە بەهەمومان لێرەش كار دەكەین”.

“چاومان هێندە جوان نییە، خەڵك لەبەر ئێمە بێتە مامەیارە و شەربەتمان لێ بكڕێت” ئەمە وتەی مام ڕەحمانە بەپێكەنینەوە وایگوت، پێشیوایە لەسەرەتاوە بە پاكی كاریان كردووە و شەربەتەكەیان پاك و بەتام بووە، بۆیە ئەم ماڵە لەناو خەڵكدا ناسراوە و زۆر كەس لەدوورەوە دێن شەربەتیان لێدەكڕن.

ئەوەی لەحەوشەی ماڵەكەدا دەبینرێت، كچ و بوكەكانی مام حامیدن، كە شەربەت دەكەنە نێو عەلاگەوە و بە كڕیارەكانی دەفرۆشن، دواتر ئامێرێكی دروستكردنی بەفر دانراوە و مام حامید یان یەكێك لەكچەكانی بەفر دەكەنە نێو عەلاگە شەربەتی كڕیارەكانەوە.

تریفە حەمید، هاوسەری كوڕێكی مام ڕەحمانە و ڕۆژانە پاشئەوەی كاروباری ماڵەوە دەكات دێتە حەوشەكەوە و خەریكی فرۆشتنی شەربەتە.

مام حامید لەبارەی تریفەوە وتی:” ئەم كچە هاوسەری كوڕەكەمە لەوەتەی هاتووەتە ئەم ماڵەوە، زۆر ئازایانە و دڵسۆزانە لەگەڵ ئێمە خەریكی كاركردنە”.

تریفە، بە(خەڵك)ی وت:”لەساڵی 2003ەوە هاوسەرگیریم لەگەڵ كوڕێكی مام حامید كرد و لەو كاتەوە لەگەڵ ئەواندا منیش كاردەكەم و لەكارەكەشم زۆر ئاسودەم و مامەڵەی خەڵكیش زۆر باش و بەڕێزن”.

تریفە، ئەوەشی خستەڕوو، ئاساییە ژنانی دیكە هەم كاری ماڵەوە هەم كاری دیكەش بكەن، بۆ ئەوەی بژێوی خۆیان و خێزانەكەشیان دابین بكەن.

كاتێك چومە قاتی خوارەوەی ماڵەكە، كوڕەكانی مام ڕەحمان دەبینرێن، كە هەموویان خەریكی دروستكردنی شەربەتەكەن و دەیكەنە ناو زەرفی تایبەتەوە.

یەكێك لەكوڕەكانی مام ڕەحمان بەناوی عومەر، كە تەمەنی 40 ساڵە، چۆنیەتی دروستكردنی شەربەتەكەی بۆ (خەڵك) ڕوونكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، پاشئەوەی مێوژەكە دەكڕن پاكی دەكەنەوە و دەیشۆنەوە، دواتر بە مەكینەی قیمەیدا دەكەن بۆ ئەوەی تەواوی ورد ببێت، پاشان دەیكەنە ناو گوێنییەوە و ئاوی تێدەكەن و هەڵیدەواسن لەژێری گوێنییەكەشدا تەشتی گەورە دادەنێن، تاوەكو شەربەتەكە بچۆڕێتە ناویەوە، ئەمە چەندجارێك دووبارەدەكەنەوە، تاوەكو هیچ تامێك بە مێوژەكەی ناو گوێنیەكەوە نامێنێت.

ناوبراو ئەوەشی وت “جگە لەشەربەتی مێووژ، بەشێوازی خۆیان شەربەتی هەنار و پڕتەقاڵ و كاڵەك و مۆز دروستدەكەن”.

لەلادێكانی كوردستان هەموو خێزانێك بەبێ جیاوازی ڕەگەزی هەموو تاكەكانی خێزانێك كاردەكەن، ئەم خێزانەش سروشتی ژیانی لادێیان گواستووەتەوە بۆ شار و كاری پێكەوەیی دەكەن، بەمەبەستی دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیان.

ئابوری

پەرلەمانتارێكی پارتی: گفتووگۆكانی ڕێككەوتن بۆ مووچە و بودجەی هەرێم بەردەوامن

خەڵك- بەشی هەواڵ

گفتووگۆكانی چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە نێوان بەغدا و هەرێمی بەردەوامیان هەیە و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت”ئەگەری ڕێككەوتن زۆرە و شاندەكانی هەرێم و بەغدا بەردەوام گفتووگۆ دەكەن”.

هەدار بارزانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵی داهاتوو پێشبینی ئەوەی لێدەكرا لە ڕووی داراییەوە قورس بێت، بەڵام بەو جۆرە نییە و بەپێی دەرئەنجامی گفتووگۆكانی هەرێم و بەغدا بێت، ڕێككەوتن دەكرێت.

وتیشی”ئەوەیشی دەربارەی خۆپیشاندانەكان و كاریگەریان لەسەر هەرێم دەوتران ڕاست دەرنەچوون، چونكە ئەوكاتە خۆپیشاندەران دەیانوت ئێمە پێمانباشە بەغداش وەكو هەرێمی كوردستانی لێبكرێت”.

بەپێی زانیارییەكان تائێستا هەرێم و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و بودجە و گفتووگۆكان بەردەوامن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەمڕۆ مووچەی یەك شوێن دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەپێی خشتەیەكی نافەڕمی كە لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ‌ مووچەی مانگی تەموزی ئەنجومەنی دادوەری دابەش دەكرێت.

دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز لەكاتی خۆیدا دابەشنەكرا و چەند ڕۆژێك دواكەوت و تائێستاش تەنها پێشمەرگە، پەروەردە و تەندروستی و دارایی و ئابوری و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی مووچەیان وەرگرتووە.

هەفتەی داهاتوو مووچەی تەواوی وەزارەت و دەستە و هەریەك لە خانەنشینی سەربازی و مەدەنی دابەش دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەمریكا داوای ڕێككەوتنی نوێ‌ لە ئێران دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی پێویستی بە ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی نوێیە لەگەڵ ئێران.

(سكای نیوز) لە زاری برایان هۆك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران بڵاویكردەوە، “كار بۆ ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنە دەكەین لەگەڵ تاران، كە هەردوو بەرنامە ئەتۆمی و موشەكی و پرسی پشتیوانی لە تیرۆر لەخۆبگرێت”.

بە وتەی هۆك، “دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعودیە، ئابوری جیهانی كردە ئامانج، بۆیە پێویستە پێشێلكارییەكانی ئێران لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا ئیدانە بكرێت”.

نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران ڕایگەیاندووە، “پێویستە ئێران دەستبەرداری سیاسەتی گێچەڵكردن ببێت و هەڵسوكەوتی خۆی لەناوچەكەدا بگۆڕێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان