پلانی حكومەتی هەرێم بۆ گۆڕانی كەشوهەوا چییە؟



گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بەتایبەت كەمبوونەوەی ئاو و بوونی وشكەساڵی، هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەكەن، هەرێمی كوردستانیش لە ئەو ناوچانەیە مەترسی ڕووبەڕوودەبێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ ڕێوشوێنێكی پێویستی نەگرتووەتەبەر، لەكاتێكدا زۆرینەی وڵاتانی جیهان ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر، حكومەتی هەرێم چەند ساڵێكە هەر دەڵێت پلانمان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ پرۆژەیەكی گرینگی ستراتیژی نابینرێت.

گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە ساڵی 2022 بوونە هەڕەشەیەكی جیهانی، بەپێی سندووقی ژیانی وشكانی، سێیەكی ئاوی جیهان بەستووە یان بۆ بەكارهێنان ناشێت، بە ئەو هۆیەوە 1.1 ملیار كەس ناتوانن بە ئاوی پێویست بگەن.

وشكەساڵی زیانی 38.4 ملیار دۆلاری لە جیهان داوە، بەوپێیە 2022 زیانمەندترین ساڵ بووە لەڕووی كەشوهەواوە لە ماوەی 48 ساڵی ڕابردوودا.

لە هەرێمی كوردستان بەرپرسان لە ناوچەی گەرمیان دەڵێن ساڵی 2022 وشكەساڵی بووە، چاوەڕێ دەكرێت كاریگەری زۆر لەسەر زەویی كشتوكاڵی دروست بكات، كە ڕەنگە ببێتەهۆی ئەگەری كۆچ لە ئەو گوندانەی پشتیان بە ئاژەڵداریی و كشتوكاڵ بەستووە.

سەبارەت بە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و پاراستنی گەنمی جوتیاران، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان پلان هەیە بۆ دروستكردنی بەنداو بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی و هەروەها ڕێوشوێن دانراوە بۆ ئەو شوێنانەی پێویستە ئاوی ژێر زەوی بەكار نەهێنرێت بۆ ئەوەی وەك سەرچاوەیەكی ستراتیژی داهات بمێننەوە بۆ ئاوی خواردنەوە و پێداویستییە سەرەكییەكان.

دەشڵێت، ئاستی بارانبارین ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە هەندێك شوێنی هەرێمی كورستان لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام داهاتی ئاو بۆ بەنداوەكان لە ساڵی ڕابردوو كەمترە، چونكە ئەو بارانەی باریوە لە خوار بەنداوە گەورەكانەوەیە، بەڵام كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بەنداوە بچووكەكان و ئاوی پێویستیان تێچووە.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، پێویستە تەكنەلۆژیای نوێ‌ بۆ ئاودێری بەكاربهێنرێت، بۆ ئەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو كەمبكرێتەوە.

پێشتر وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریدا 9 بەنداوی نوێ‌ بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی دروست بكات، سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە ڕەحمان خانی دەڵێت، دروستكردنی بەنداو پلانی ستراتیژی پێویستەو بودجەی تایبەتی دەوێت، بەتایبەت ئەو بەنداوانەی لەسەر ڕووبارە سەرەكییەكانن، پارەیەكی زۆریان پێویستە، بە پێی قۆناغبەندی كاریان تێدادەكەین، بەگوێرەی پێویستی ناوچەكان دروستدەكرێن.

دەشڵێت، سێ‌ بەنداوی نوێ‌ لە هەرێمی كوردستان دروستكراون و ئاو كۆدەكەنەوە، كاركردنیش لە چەند بەنداوێكی دیكە دەستیپێكردووە، بەنداوەكان بودجەی زۆریان پێویستە و لە هەوڵی دابینكردنی بودجەداین بۆیان.

 

توركیا هەڕەشە لە یۆنان دەكات
پێت توركیا هەڕەشە لە یۆنان دەكات
براوەکانی پەبجی مۆبایل لە وەشانی عەرەبی2022 بە هاوبەشی لەگەڵ کینتاکی ڕاگەیەنرا
دوات براوەکانی پەبجی مۆبایل لە وەشانی عەرەبی2022 بە هاوبەشی لەگەڵ کینتاکی ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدار