چارەنووسی دەنگەکانی هەدەپە لە نێوان دوو بەرداشی نەتەوەپەرستدا



ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لە شیكارییەكدا بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی سەرۆكایەتی لە توركیا ئاماژە بەوەدەكات، له نوێترین ئەو راپرسییانەی کۆمپانیاکانی تورکیا ئەنجامیدەدەن ئەوە دەردەخەن کە رێژەی دەنگەکانی هەردوو حزبەکەی ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلی (هاوپەیمانی کۆماری فەرمانڕەوا) رووە و دابەزینە و لە بەرامبەریشدا رێژەی دەنگەکانی حزبەکەی مەراڵ ئاکشنەر (پارتی باش -IYI P) بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە هەتا هەڵبژاردنی (مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣)ی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا نزیکتر بێتەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی دەنگەکانی پارتی باش لەسەر حسابی هەردوو حزبە راستڕەوە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکەی فەرمانڕەوا بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەچێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پارتی باش حزبێکی تازەیە و لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2017)دا لە منداڵدانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی مەهەپەوە هاتۆتەدەرو ئەم دۆخی گەورەبوونە بەردەوامەی پارتی پێگەکەی لە ناو حزبەکانی مێزی شەشینەی ئۆپۆزسیۆندا بەهێز کردووە و قسەی ئەوی زاڵکردووە بەوەی کە رێگربێت لە چوونی (پارتی هەدەپە-(HADAP بۆ نێو هاوپەیمانێتییە تازەکەی مێزی شەشینە، کە ئەمەش بە سەرچاوەی خاڵی لاوازی بەرەی شەشینە دادەنرێت، چونکە هەدەپە رێژەی (10%)ی دەنگدەرانی تورکیا و باکوری کوردستانی لەگەڵدایە و هێزی یەکلاکەرەوەیە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیدا.

 

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر ئەردۆگان نەتوانێت لە ژێر عەباکەی باخچەلی نەتەوەپەرستدا دەربچێت بۆ ئەوەی هەدەپە لە خۆی نزیکبکاتەوە ئەوا کەمال کلیچدار ئۆغلۆی سەرۆکی جەهەپەش ناتوانێت لە قسەی مەرال ئاکشنەری راستڕەوی نەتەوەپەرست دەربچێت بۆ ئەوەی هەدەپە بچێتە نێو مێزی شەشینەوە، ئەگەر ئەم دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت دواجار کورد ناچار دەبێت و مافی خۆشیەتی کاندیدی تایبەت بە خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەبێت و ئەمەش وادەکات لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هیچکام لە دوو بەرەکە نەتوانن زۆرینەی رەها ببەنەوە و کار دەوەستێتە سەر ئەو گۆڕانکاریانەی لە ماوەی هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لە تەرازووی دوو هاوپەیمانێتییەکەدا روودەدەن!.

 

راپرسییەکان چی دەڵێن؟!

بە پێی نوێترین راپرسی، کە کۆمپانیای (Area) لە نێوان رۆژانی (20-25ی كانونی یەکەمی 2022)دا لە (12) شاری تورکیا و باکوری کوردستاندا ئەنجامیداوە، ئەنجامی رێژەی دەنگەکان بەم شێوەیەیە:

پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان : 32.7%

پارتی گەلی کۆماری (CHP) بە سەرۆکایەتی کەمال کلیچدار ئۆغلو: 26.4%

پارتی باش (IYI P) بە سەرۆکایەتی مەراڵ ئاکشنەر: 14.4%

پارتی دیموکراسی گەلان (HDP) بە سەرۆکایەتی سەلاحەددین دەمیرتاش: 9.8%

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP) بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی: 7.2%

پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (DEVA) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان: 2.4%

پارتی ئایندە (GP) بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو: 2%

پارتی سەرکەوتن (ZP) بە سەرۆکایەتی ئۆمیت ئۆزداغ: 1.8%

پارتی رەفاهی نوێ (YRP) بە سەرۆکایەتی فاتیح ئەربەکان: 1.3%

پارتەکانی تر: 2.8%

لەبەر رۆشنایی ئەو دەنگانەی سەرەوە، ئەنجامی رێژەی دەنگەکانی دوو هاوپەیمانێتییەکە (هاوپەیمانێتی کۆماریی ئەکەپە و مەهەپە) و (هاوپەیمانێتی میللەتی جەهەپ و پارتی باش) بەم شێوەیە دەبێت:

هاوپەیمانێتی کۆماریی: (39.5%)

هاوپەیمانێتی گەل: (40.4%)

راپرسی سەرۆک کۆمار

دیارە ئەگەر راپرسییەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری داهاتووی تورکیا بێت، ئەوا چەند گۆڕاوێکی دیکە دێنە پێشەوە، کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی ئەنجامی دەنگەکان دەبێت، لەوانەش وەک:

 

– کاندیدی مێزی شەشینەی ئۆپۆزسیۆن کێیە لە بەرامبەر ئەردۆغاندا، کە تا ئێستا کاندیدەکەیان دیار نییە.

– مێزی شەشینەی ئۆپۆزسیۆن پێکهاتوون لە شەش حزبی (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، ئایندە، سەعادەت و دیموکرات)، بەمەش دەنگەکانیان بە رێژەیەک زیاد دەکات ئەگەر هەموویان لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش رێکبکەون.

دەرەنجام:

یەکەم: رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانێتی کۆماریی رووی لە دابەزینە و دۆخی ئابووری و بەهای لیرەی تورکی زۆر خراپە و ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە لەو پەڕی حاڵەتدا بتوانن رێژەی دەنگەکانیان لە نزمی ئێستادا رابگرن. ئەگەر ریژەی ئەو دەنگانەی سەرەوە بەراورد بکەین بەو دەنگانەی دوو حزبەکەی هاوپەیمانی کۆماری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی رابوردودا (24-06-2018) بەدەستیانهێناوە، دەبینین بە دەنگەکانی هەردووکیان بە رێژەی (14.2%) دابەزیوە :

 

– دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بە رێژەی (10.3) کەمیکردووە.

– دەنگەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP) بە رێژەی (3.9%) کەمیکردووە.

 

دووەم: رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانێتی میللەت رووی لە بەرزبوونەوەیە و بەراورد بە هەڵبژاردنی رابوردوی پەرلەمانی ساڵی (2018) بە هەردووکیان دەنگەکانیان بەڕێژەی (7.7%) بەرزبۆتەوە:

 

– دەنگەکانی پارتی باش (IYI P) بە رێژەی (4.4٪) بەرزبۆتەوە.

– دەنگەکانی پارتی گەلی کۆماری (CHP) بە رێژەی (3.3٪) بەرزبۆتەوە.

 

سێهەم: رێژەی دەنگەکانی هەدەپە جۆرێک لە جێگیری تێدایە و هەردوو هاوپەیمانێتییەکە بارگاوین بە هێڵێکی راستڕەوی نەتەوەپەرست کە دان بە مافی کورددا نانێن و ئەردۆغان دڵنیایە لەوەی کە هەدەپە و هاوپەیمانێتی میللەت لە یەکترەوە دوورن و ئەمەش ئەردۆعان ناچاردەکات نەچێتە ژێر فشاری باغچەلی بۆ داخستنی پارتی هەدەپە و هێرشکردنی زەمینی بۆ سەر رۆژاوای کوردستان لە سوریا.

 

پەرلەمانتارێكی شیعە: شتێك نییە بە ناوی ناوچە جێناكۆكەكان
پێشت پەرلەمانتارێكی شیعە: شتێك نییە بە ناوی ناوچە جێناكۆكەكان
كێشەی ڕووناكی ياریگاكەی بەسرە چارەسەركرا
دواتر كێشەی ڕووناكی ياریگاكەی بەسرە چارەسەركرا
ەیوەندیدار