ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

مانگی ڕەمەزان و دیاردەی بەهەدەردانی خۆراك

خەڵك-بەشی ھەواڵ

بونیادی ئابوریی ئێمە زۆر لاوازە و بنەمای بەرهەم هێنانمان نییە و بوینەتە بەرخۆر و مەسرەف گەرا و ڕۆژ دوای رۆژیش لەگەڵ شەپۆلی بەجیهانی بووندا بەبەكاربەر بوونمان  تۆختر دەبێتەوە.

ریكلام و ئینتەرنێت و كرانەوەی وڵاتی ئێمە بە ڕوی دنیادا وكەم تا زۆر باش بوونی داهات و دەرامەتی خەڵك  وای كرد چەندایەتی و چۆنایەتی بەكارهێنانی كاڵاو خزمەتگوزارییەكان لای تاكی ئێمە گۆڕانی بەسەردا بێت  و تەنانەت وای لێهاتووە دیاردەی بەهەدەردانی داهات و كەرەستەكانی لێ‌  دەكەوێتەوە و لە ژێر كاریگەری مۆدێرنەدا دیاردەی هەڵە خەرجی و خراپ بەكارهێنانی داهات سەری هەڵداوە.

لەم وڵاتەدا بەهۆی نەبوونی سیستەمێكی بانكی پێشكەوتوو كە هاوڵاتی ئێمە متمانەی پێ بكات كە پاشەكەوتی  خۆی تیا هەڵبگرێت، هێندەی تر گرفتەكەی قوڵتر كردۆتەوە، بە پێ ی ڕاپۆرتێكی تۆڕی ڕووپێویی عێراقی كە لەسەرانسەر ی عێراقدا رووپێویی بۆ خەرجییەكانی تاكی عیراقی كردووە و بۆیان دەركەوتووە، هەر تاكێكی شاری سلێمانی مانگانە ٣١٨ هەزار دینار خەرج دەكات، بە جۆرێك خەڵكی شاری سلێمانی لە ڕوی فرە خەرجییەوە ریزبەندی یەكەمی وەرگرتووە لەسەر ئاستی عێراق، هەروەها تاكێكی شاری هەولێر مانگانە ٢٧١ هەزار دینار خەرج دەكات، كە پلەی دووەمی وەرگرتووە لە عێراقدا لە ڕوی زێدە خەرجییەوە، لە كاتێكدا تاكێكی شاری بەغداد مانگانە ٢١٧ هەزار دینار خەرج دەكات، ئەم ئامارانە بوونی دیاردەی هەڵەخەرجی و زێدە خەرجیمان پێ دەڵێن لە هەرێمی كوردستاندا، لەمانگی رەمەزانیشدا ئەم دیاردەی زێدە خەرجییە زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر بە پێی پێداویستییەكان بێت لە مانگی رەمەزاندا ژەمێكی سەرەكی خواردن كەم دەبێتەوە، بەڵام  لە بری ئەوەی خەرجی خەڵك كەم بكات، بە پێچەوانەوە خواست و خەرجی خەڵك زیاد دەكات.

بە پێی توێژینەوەیەك لە وڵاتە ئیسلامییەكاندا لە مانگی ڕەمەزاندا ٣٠٪ خەرجییەكان بەراورد بە مانگەكانی تر  زیاد دەكات، ئەمەش وادەكات نرخی كاڵاو خزمەتگوزارییەكان لە بازاڕدا بەرز ببنەوە و بازرگانەكانیش ئەو هەلە دەقۆزنەوە و زیاتر لە جاران یاری بە نرخەكانەوە دەكەن، هۆكارێكی سەرەكی ئەم دۆخە خەڵك خۆیەتی، كە بە لێشاو ڕوو دەكەنە بازار بۆ كڕینی پێداویستییەكانیان، ئەمە جگە لەوەی لە ژێر كایگەری دەروونی ڕۆژوودا شمەكی پێویست و ناپێویست دەكڕن و دواتریش بە شێكی زۆری دەبێتە خاشاك و لە نێویشیاندا خۆراك دەكرێتە نێو زبڵدانەكانەوە.

بە پێی ئامارێكی ناڕەسمی ٣٠٪ی خواردن لە كوردستادا دەكرێتە ناو زبڵدانەكانەوە و ئەمەش نیشانەی بە هەدەردانی مادە و كەرەستە خۆراكیەكانە، كە بە هیچ پێوەرێك قابیلی قبوڵ نییە، لەم دۆخەشدا كە هەرێم ڕوبەرووی ئاڵۆزی و چەندین قەیرانی دارایی و سیاسی بۆتەوە و موچەی فەرمانبەران بەردەوام دوادەكەوێت، باش وایە تەندروستانە ئیدارەی داهات بكرێت و هۆشیاری بەكارهێنانی تاكەكان لە رێگەی ڕاگەیاندن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كۆمەڵەكانی پاراستنی بەكاربەرەوە خەڵك لەو مەسەلەیە ئاگاداربكرێنەوە و لەو رێگەیەوە كەلتوری بەكارهێنان گۆڕانی بەسەردا بێت.

پارە و داهات موڵكی تاكە كەسە، بەڵام مادە و كەرەستەكان موڵكی گشتین و مافی ئەوانی تریشی تێدایە و ئەوەی دەرێژرێت ئەوانی تر پێویستیان پێیەتی، بە پێی ئامارێكی شارەوانی سلێمانی، ڕۆژانە لەو شارە ١٢٥٠ تەن خاشاك هەیە، كە نزیكەی نیوەی پاشماوەی خۆراكە، ٢٠٦ شوێن لە سلێمانیدا هەن خواردن پێشكەش دەكەن و رۆژانە بەشێكی زۆری بەرماوەی میوانەكان فڕێ دەدەن، هەروەها لە شاری هەولێر ڕۆژانە ٢٥٠٠ تەن خاشاك هەیە، كە بەشێكی زۆری خۆراكە، لەسەر ئاستی تاك و دەوڵەت بەباشی ئیدارەی مادە و كەرەستەكان ناكرێت، بۆ نمونە خێزانێك  پێویستیان بە برێكی دیاریكراو خواردن هەیە، زیاتر ئامادە ئەكەن و زیادەكەشی هەڵناگیرێت و دەكرێتە حاویەكانەوە.

لە وڵاتی ئەڵمانیا وەك چۆن بانكی پارە هەیە ئاوا بانكی خۆراك هەیە، هەر كەسێك خۆراكی زیادەی هەبێت بە شێوەی خام بێت یان خواردنی ئامادە دەبرێتە ئەوەێ بەسەر هەژاراندا دابەش دەكرێت، بە پێی ئامارێكی ڕێكخراوی فاو (FAO)، ساڵانە زیاد لە  ١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تەن خۆراك لە جیهاندا فرێ دەدرێت، ئەگەر بخەمڵێنرێت بە پارە نزیكی بەھای تریلیۆنێك دۆلار دەبێت.

پسپۆرانی فاو دەلێن: بە چارەكێكی ئەو پارەیە دەتوانرێت برسێتی جیهانی پێ چارەسەر بكرێت كە زیاتر ملیارێك برسی لە جیهاندا هەیە و ٢ ملیاریش بەد خۆراك لە جیهاندا هەیە، لە بەرامبەریشدا زیاد لە ملیارێك خەڵك كێشەی زیادەی كێشیان هەیە  و ٥٠٠ ملیۆن قەڵەویش لە جیهاندا هەن.

خەڵكانێك لە دونیادا لە تێریدا و خەلكانێكیش لە برساندا سكیان ژان دەكات، لە كۆتاییدا بە ئومێدی ئەوەی تاكی ئێمە هۆشیار بێتەوە لە كاتێكدا هەست بە تێری ئەكات، بزانێت  هاوزەمان كەسانێك هەن لە برسێتییەكی توانا پروكێندان و بتوانین سنورێك بۆ دەست بڵاوییەكانمان دابنێین و ئەوە بكڕین كە پێوستمان پێیەتی، نەك ئەوەی ئارەزوی ئەكەین، ئەوەشی ئەیكڕین باش ئیدارەی بكەین  بە تایبەت مادە خۆراكییەكان كە هیچ پێوەرێكی ئاسمانی و زەمینی رێگە بە بە فیڕۆدان و بەهەداردانی نادات.

راپۆرت

یادی لەدایكبوونی پێغەمبەرە (د.خ)
(خەڵك) ڕاپۆرتێكی ورد لەسەر ژیانی پێغەمبەری ئیسلام بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

موحەممەدی كوڕی عەبدوڵڵا كوڕی عەبدولموتەلیب، موسڵمانان بە پێغەمبەری خوای دادەنێن بۆ ھەموو مرۆڤایەتی تا خەڵك بگەڕێنێتەوە بۆ یەكتاپەرستی و پەرستنی خوا لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و لەو باوەڕەدان، كە باشترینی دروستكراوانی خوایە و پێشەوای مرۆڤە، لەگەڵ ناوھێنانیدا دەڵێن «صلی اللە علیە وسلم» واتە « دروودی خوای لێبێت»، كە لە قورئان و سوننەتدا ئەوە ھاتووە، وایان لێدەكات سڵاواتی لەسەر بدەن.

نووسەری یەھوودی مایكل ھارت لە دانانی كتێبی مەزنترین ١٠٠ كەسایەتی مێژوودا، پێغەمبەر موحەمەد (د.خ)ی داناوە بە مەزنترین كەس بەو بڕوایەی، كە “تەنھا كەسە لە مێژوودا بە تەواوی سەركەوتوو بووە لەسەر ئاستی ئایینی و دونیایی” و دەڵێت: “موحەمەد كاریگەرییەكی گەورەی لە دەروونی موسڵمانان بە جێھێشتووە، ئەمەش دەردەكەوێت لە یادكردنەوە و شوێن پێ ھەڵگرتنییاندا لە شێوازی ژیان و پەرستشەكانی و ھەروەھا لە ھەستانیان بە لەبەركردنی ووتە و ھەڵسوكەوت و سیفەتەكانی”.

پێغەمبەری ئیسلام لە دایك بووە لە مەككە لە مانگی ڕەبیع ئەلئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زایینی، پێش ئەوەی لە دایك بێت باوكی كۆچی دوایی كردووە و ھەر لە مناڵیشدا دایكی لەدەست دەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدول موتەلیبی باپیرەی پاشان لای ئەبو تالیبی مامی، كە لەو ماوەیەدا خەریكی شوانی دەبێت، پاشان بازرگانی دەكات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێك ھێناوە لەگەڵ “خەدیجە كچی خووەیلید”، كە دایكی ھەموو مناڵەكانی بووە بێجگە لە ئیبراھیم.

سبەینێ‌ سێ‌ شەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2018، كە بەرامبەرە بە 12ی ربیع الأولی ساڵی كۆچی، یادی ئەو پێغەمبەری ئیسلام لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی و لەناو موسڵمانان لە جیهاندا دەكرێتەوە.

پێغەمبەر لە پێش ئیسلامدا حەنیفی بووە و خوای پەرستووە لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و پەرستنی “بت”ی ڕەتكردۆتەوە، كە لەو كاتانەدا بەربڵاوبووە لە مەككەدا، موسڵمانان لەو باوەڕەدان، كە نیگای خوای پێ گەیشتووە كاتێك لەتەمەنی 40 ساڵیدا بووە، سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی كرد، پاشان 10 ساڵی لە مەككە بە سەر برد بە بانگ كردنی خەڵكەكەی و بازرگانەكان و سەردانكەرانی كەعبە، كە دەھاتنە مەككە و لە ساڵی ٦٢٢ز كۆچی كرد بۆ شاری مەدینە، كە ناودەبرا بە “یەسرب”، دوای ئەوەی گەورەكانی قوڕەیش كەوتنە پیلان گێڕان لێی و بانگەوازەكەیان ڕەت دەكردەوە، 10 ساڵی كۆتایی ژیانی لە مەدینە بەسەر برد بە بانگەوازی ئیسلامی و بناغەی شارستانی ئیسلامی دانا، كە دواتر فراوان بوو و مەككە و ھەموو شار و ھۆزە عەرەبیەكانی گرتەوە، و بۆ یەكەم جار عەرەبی یەكخست لەسەر یەك ئاینی یەكتاپەرستی و لە دەوڵەتێكی یەكگرتوودا.

نەژادی پێغەمبەر (د.خ):
ئەبوو قاسم موحەمەدی كوڕی عەبدولڵای كوڕی عەبدولموتەلیبی كوڕی ھاشمی كوڕی عەبدولمەننافی كوڕی قوسەیی كوڕی كیلابی كوڕی مڕەی كوڕی كەعبی كوڕی لوئەیی كوڕی غالیبی كوڕی فەھری كوڕی مالیكی كوڕی نەزڕی كوڕی كینانەی كوڕی خەزیمەی كوڕی مدركەی كوڕی ئلیاسی كوڕی مزڕی كوڕی نزاری كوڕی موعدی كوڕی عەدنانە (تا ئێرە ڕێكەوتوون لەسەری زانایان)، لەگەڵ ئەوەی سەلمێنراوە دەچێتەوە سەر نەسەبی ئیسماعیلی كوڕی ئیبراھیم.

ھیچ لقێك نییە لە قوڕەیشدا، كە نزیكاتی لەگەڵ موحەمەددا نەبێت و موسڵمانان لەو باوەڕەدان، كە خوا ھەڵیبژاردووە لە باشترین ھۆز و پشت و نەسەبدا.
باوكی؛ عەبدولڵای كوڕی عەبدولموتەلیب بووە، كە لە چاكترین كوڕەكانی باوكی بووە و لێبوردەترین و نزیكترینیان بووە لێوەی و بچوكترینیان بووە.
دایكی؛ ئامینەی كچی وەھب كوڕی عەبد مەناف كوڕی زەھرە كوڕی كیلاب بووە، كە لەو ڕۆژانەدا باشترین ژنی قوڕەیش بووە لە نەسەب وشوێندا و باوكی پێشەوای بەنی زەھرە بووە لە نەسەب و شەرەفدا.

لە دایكبوونی پێغەمبەر (د.خ):
موحەمەد لە دایك بووە لە مەككە (بە پێی گێڕانەوەكانی سوننە لە دایك بووە لە ڕۆژی دوو شەممە، ١٢ی ڕەبیع ئەلئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی). شەش مانگ پێش لە دایكبوونی باوكی كۆچی دوایی كردووە، كاتێك لە دایك دەبێت ئامینەی دایكی دەنێرێت بۆ لای عەبدول موتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێ خۆش دەبێت و دەچێتە كەعبەوە سوپاسی خوا ئەكات و ناوی موحەمەدی بۆ ھەڵدەبژێرێت، كە لەو كاتەدا ئەو ناوە لە ناو عەرەب باو نەبووە.

پەروەردە بوونی:
یەكەم كەس، كە شیری پێدا لە دوای دایكی سویبەی خزمەتكاری ئەبولەھەب بووە و پاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی و ئەو گرتیەخۆی و چەند مانگ جارێك دەیھێنایەوە بۆ لای دایكی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە پاشان حەلیمە ھات بۆ لای دایكی تا داوای لێبكات زیاتر لایان بمێنێتەوە تاكو گەرمای مەككە كاری تێ نەكات و ھەروەھا لەبەر ئەو بەرەكەتەی ڕووی تێكردبوون بە ھۆی ئەوەوە، بەڵام لە دوای ڕووداوی لەتكردنی سنگی موحەمەد ترسان و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایكی.

لاوێتی پێغەمبەری ئیسلام چۆن بووە؟
مامی ئەبوتاڵیب داھاتێكی زۆری نەبوو، لەبەرئەوە موحەمەد سەرەتا شوانی دەكرد لە بەنی سەعد لە سەر چەند قیڕاتیك بۆ خەڵكی مەككە (قیڕات بەشێكە لە درھەم یان دینار). “لەگەڵ ئەوەی شیعە ھەواڵی شوانییەكەی ڕەت دەكەنەوە”، كاتێك گەیشتە تەمەنی ١٢ ساڵی لەگەڵ مامی ڕۆیشت بۆ شام بۆ بازرگانی، ناونرا بە ئەمین و ڕاستگۆ و خەڵك ئەمانەتیان لەلا دادەنا و كاتێك قوڕەیش بینای كەعبەیان نوێكردەوە، جیاوازیان كەوتە نێوان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەكە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێكەوتن یەكەم كەس ھاتە ژوورەوە دایبنێت، موحەمەد ھاتە ژوورەوە وتیان ئەمین ھات و ڕازی بوون، كە ئەو دایبنێت، داوای پۆشاكێكی كرد و بەردەكەی خستە سەری و ھەموو تیرە و ھۆزەكانی شاری مەككەی بانگ كرد و ھەر یەكەی چەمكێكیان گرت و ھەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەكەی خستەوە شوێنی خۆی.

ھاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە:
خەدیجە كچی خووەیلید، ئافرەتێكی بازرگانی سەروەر و سەرفرازی شاری مەككە بوو، كاتیك ھەواڵی دەست پاكی موحەمەد گەیشت پێی، ناردی بە شوێن موحەمەدا و پێشنیاری خستە بەردەمی، كە بەشداری بكات لە بازرگانیەكەیدا بۆ شام، موحەمەد ڕازی بوو و دەرچوو بۆ شام و شتومەكی كڕی و گەڕایەوە بۆ مەككە قازانجێكی زۆری كرد، بۆیە لە دوای گەڕانەوەكەی لە شام خەدیجە پێشنیاری ھاوسەرگیری خستە بەردەمی، موحەمەدیش دوای ئەوەی داواكەی خستە بەردەم مامەكانی، خەدیجەی خواست كاتێك لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا یان ھەندێك ئەڵێن ئەویش لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بووە.

“خەدیجە” دایكی ھەموو مناڵەكانی بوو بێجگە لە “ئیبراھیم” كە دایكی ئەو “ماریە قەبتی” بوو، مناڵەكانی تری قاسم و عەبدولڵا و زەینەب و ئوم كەلسوم و فاتمە بوون. قاسم و عەبدولڵا لە سەردەمی نەفامیدا مردن، بەڵام ھەموو كچەكانی ئیسلام بوون و لە گەڵیا كۆچیان كرد، بەڵام ھەموویان ھێشتا پێغەمبەر لە ژیاندا بوو مردن بێجگە لە فاتیمە.

كۆچی دوایی پێغەمبەر موحەمەد (د.خ):
یەكەم شت، كە پێغەمبەر موحەمەد زانی كاتی وەفاتی نزیك بۆتەوە ئەوە بوو، كە لە فەتحی مەككەدا سورەتی “النصر”ی بۆ دابەزی ﴿إِذَا جَا‌ء نَصْرُ اللَّه والْفَتْحُ﴾ واتە؛ كاتێ یارمەتی و كۆمەكی خوا دێت، شاری مەككە ڕزگار دەكرێت و دەرگای ئازادی واڵا دەكرێت. لە كۆتاییەكانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ی كۆچی، موحەمەد توشی تایەكی بەھێز بوو، نەخۆشییەكەی لێی توند بوو، مۆڵەتی لە خێزانەكانی وەرگرت تا لە ماڵی عائیشەی كچی ئەبووبەكر بمێنێتەوە.

پێغەمبەر نوێژی بە موسڵمانان ئەكرد كاتێك نەخۆش بوو ١١ ڕۆژ و كاتێك نەخۆشییەكەی بە تەواوی قورس بوو فەرمانی بە ئەبووبەكر كرد نویژیان پێ بكات و ١٣ ڕۆژ دوای نەخۆشییەكەی كۆچی دوایی كرد لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا و لە ماڵی “عائشە” نێژرا لە تەنیشت مزگەوتی پێغەمبەر.

سەرچاوە: ویكیپیدیا

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

بەوێنەوە، خاشقچی ژنێكی تری بەنهێنی هەبووە
چەند نهێنیەكی نوێ‌ لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسە سعودیەكە ئاشكرابوو

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە پەرەسەندنێكی لەناكاوی كەیسی جەمال خاشقچی، ڕۆنامەنوسی كوژراوی سعودی، خانمێكی میسری ڕایدەگەیەنێت، كە بەر لە مانگێك لە كوژرانی ناوبراو لەنێو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی، زەماوەندی هاوسەرگیری نهێنی لەگەڵ خاشقچی كردووە لە ئەمریكا.

ژنەكە بە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ڕاگەیاندووە، “زەماوەندەكە بە نهێنی سازكراوە بەبێ‌ ئەوەی خەدیجە جەنگیزی دەستگیرانی یان ئەندامانی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكە، ئاگاداربن”.

ئەو ژنە هۆكاری ئاشكراكردنی پەیوەندی هاوسەرگریی لەگەڵ جەمال خاشقچی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ئەویش وەك ژنێكی موسڵمان، مافی تەواوی خۆی دەوێت و خواستی هەیە دانی پێدا بنرێت.

(واشنتۆن پۆست) كە وتارەكانی خاشقچی بڵاودەكردەوە دەڵێت، “ئەو ژنە نامە نوسراوەكانی خۆی و خاشقچی و وێنەكانی بۆ ڕۆژنامەكە خستۆتەڕوو، بە تایبەت ئەو وێنانەی، كە لەكاتی زەماوەندی هاوسەرگیرییەكەیدا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە واشنتۆن گرتویانە”.

هاوڕێیەكی خاشقچی تەئكیدی لەسەر ئەو هاوسەرگیرییە كردووە، كە خۆی وەك شاهید ئامادەی بووە، بەڵام لەبەر هۆكاریی ئەمنی ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە.

ئەو ژنە میسرییە، كە بەڵگەی لەسەر هاوسەرگیری لەگەڵ خاشقچی خستۆتەڕوو، ئاماژەی بە پێشكەشكردنی ئەو بەڵگانە كردووە بە هەردوو كونسوڵخانەی سعودی و توركی لە یەكێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو ژنە نهێنییە كە تەمەنی 50 ساڵانە، بە (واشنتۆن پۆست)ی ڕاگەیاندووە، “لە ناوچەی كەنداو نیشتەجێیە و ماوەیەكی لەگەڵ خاشقچی بەسەربردووە كاتێك گەیشتۆتە ئەمریكا بەهۆی كارەوە” و وتوشیەتی، “پێش دەساڵ خاشقچیم بینیوە ئەوەش لە پەراوێزی كۆڕبەندی ڕاگەیاندن، كە لە شەرقولئەوسەت سازكرا، بەڵام ساڵی ڕابردوو پەیوەندی خۆشەویستیمان دەستی پێكرد”.

ئەو ژنە ڕاشیگەیاندووە، كە لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو بۆ دوایین جار خاشقچی بینیوە و دەشڵێت: “خاشقچی چەندین جار نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەو ڕێوشوێنانەی دەسەڵاتدارانی سعودی لە دژی گرتویانەتە بەر، بەڵام بڕوای بەوە نەكردووە ئەو ڕێوشوێنانە مەترسی بۆ سەر ژیانی دروست بكەن”.

(واشنتۆن پۆست) ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەندامانی خێزانی خاشقچی ڕەتیان كردۆتەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن، بەڵام شێخ ئەنوەر حەجاج وتویەتی، “گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ئەو دوو هاوسەرە كردووە”، كە پڕۆفیسۆری خوێندنی ئیسلامیە لە زانكۆی كراوەی ئەمریكی لە ڤێرجینیا.

لای خۆشیەوەن خەدیجە جەنگیز، دەستگیرانە توركیەكەی خاشقچی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە ڕۆژنامەكەی وتووە، “هیچ زانیارییەكی نییە دەربارەی پەیوەندی خاشقچی بە ژنێكی میسرییەوە”.

وتوشیەتی، “ئەو ژنە دەیەوێت وێنەی خاشقچی لەبەر چاوی هاوڵاتیان ناشرین بكات و دەیەوێت ڕاستگۆیی لەكەدار بكات و زیان بە ناوبانگی بگەیەنێت”.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر ئەو ژنە بانگەشەكەی بسەلمێنێت، ئەوا مافی هەیە بەشێكی ئەو قەرەبووەی دەدرێتە كەسوكاری خاشقچی لەلایەن حكومەتی سعودیەوە بەدەست بهێنێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

هەر حزبێك چەند وەزارەت وەردەگرێت؟
سیناریۆ و خاڵبەندی دابەشكردنی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم ئاشكراكرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌ و چۆنیەتی دابەشكردنی كێكی دەسەڵات بەپێی خاڵ، شێوازێكە، كە بەمدواییە لە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق پەنای بۆ برا، لەم شێوازەدا هەر پۆستێكی باڵا بەهاكەی بە خاڵ دیاری دەكرێت ‌و بەراورد دەكرێت بە ژمارەی كورسی هەر لایەنێك لەناو پەرلەمان.

عومەری حاجی عنایت، ئەندازیار و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان لەم شیكاریەدا، كە بۆ (درەو میدیا)ی ئامادەكردووە، شێوازی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی سیستمی (خاڵ) ڕوندەكاتەوە، تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرئەنجامانەدا دەكات، كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌ و ڕاپرسییەوە بڵاوكراوەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بەپشتبەستن بە ژمارەی پۆستە باڵاكان لە هەرێمی كوردستان، بەپێی گرنگی هەر یەكێك لەو پۆستانە، بەشێوەی خاڵ نرخێكی خەمڵێنراو دادەنێین‌ و بەراوردی دەكەین لەگەڵ ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كە (111) كورسییە.

پۆستە باڵاكان بەپێی خاڵ:
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (لەگەڵ بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم: 20 خاڵ
• جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: 10 خاڵ
• سەرۆكی پەرلەمان: 12 خاڵ
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: 6 خاڵ
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: 5 خاڵ
• وەزیری دارایی: 4 خاڵ
• وەزیری ناوخۆ: 4 خاڵ
• وەزیری پێشمەرگە: 4 خاڵ
• وەزیری سامانە سروشتییەكان: 4 خاڵ
• وەزیری پلاندانان: 2 خاڵ
• وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: 2 خاڵ
• وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی: 2 خاڵ
• وەزیری پەروەردە: 2 خاڵ
• وەزیری داد: 2 خاڵ
• وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 2 خاڵ
• وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزار: 2 خاڵ
• وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوەكان: 2 خاڵ
• وەزیری ئەشغال‌و ئاوەدانكردنەوە: 2 خاڵ
• وەزیری كارەبا: 2 خاڵ
• وەزیری تەندروستی: 2 خاڵ
• وەزیری پیشەسازی‌و بازرگانی: 2 خاڵ
• وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی: 2 خاڵ
• وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو: 2 خاڵ
• وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان: 2 خاڵ
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: 2 خاڵ
• دەستەی وەبەرهێنان: 2 خاڵ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە: 1 خاڵ
• فەرمانگەی پەیوەندیۆەكانی دەرەوە: 1 خاڵ
• وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان: 1 خاڵ
• فەرمانگەی میدیاو زانیاری: 1 خاڵ
• فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون: 1 خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم: 1 خاڵ
• دەزگای كاروباری مین: 1 خاڵ
• ئەنجومەنی باڵای خانمان: 1 خاڵ
• دەستەی گەشتوگوزار: 1 خاڵ
• ئەنجومەنی ئاسایش‌و پاراستنی هەرێم: 3 خاڵ

بەوپێیەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەئێستادا هەڵپەسێردراوە و زۆرینەی دەسەڵاتەكانی دراوە بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌ و بەشێكی دەسەڵاتەكانی دراوە بە سەرۆكی پەرلەمان ‌و بەشێكی تری دراوە بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، نرخی كورسیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (20) خاڵی وەرگرتوە و كورسی سەرۆكی پەرلەمان (12) خاڵی وەرگرتووە، بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لای سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییە، بەوپێیە دەسەڵاتی دادوەری دەبێت بێلایەن بێت ‌و نایەتە ناو ئەم هاوكێشەیەوە.

گریمانەی پێكهێنانی حكومەت:
لەحاڵێكدا (پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌ و پێكهاتەكان كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنن، كە تائێستا ئەمە بۆچونێكی پێشبینیكراوە، ئەگەر نرخی یەك كورسی پەرلەمان بە (1) خاڵ دیاری بكەین، ئەوا هێزی لایەنەكان بەپێی خاڵەكانیان بەمشێوەیە دەبێت:
• پارتی: 45 كورسی
• یەكێتی: 21 كورسی
• گۆڕان: 12 كورسی
• پێكهاتەكان: 11 كورسی

كۆی گشتی ئەم پێكهاتەیە دەبێت بە (89 كورسی)، واتە (89 خاڵ)، (22) خاڵی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەمێنێتەوە، بەپێی سەنگی كورسییەكانیان‌ و بەشێوەی ڕێژەیی دابەش دەبێت بەسەر پارتی ‌و یەكێتی ‌و گۆڕاندا وەك سێ براوەی یەكەم ‌و دووەم‌ و سێیەمی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی 2018 بەمشێوەیە:
• پارتی: 12 خاڵ
• یەكێتی: 6 خاڵ
• گۆڕان: 4 خاڵ

پاش دابەشكردنی خاڵەكانی ئەو لایەنانەی، كە دەبن بە ئۆپۆزسیۆن، خاڵەكانی ئەو لایەنانەی كە دەسەڵات پێكدەهێنن بەمشێوەیەی لێدێت:
• پارتی: 57 خاڵ
• یەكێتی: 27 خاڵ
• گۆڕان: 16 خاڵ
• پێكهاتەكان: 11 خاڵ

كۆی گشتی خاڵەكان دەبێت بە (111) خاڵ ‌و لەم حاڵەتەدا پارتی ئەم پۆستانە دەبات:
پشكی پارتی:
• سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمەوە): 20خاڵ
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: 6 خاڵ
• وەزیری سامانە سروشتییەكان: 4 خاڵ
• وەزیری پێشمەرگە: 4 خاڵ
• وەزیری پلاندانان: 2خاڵ
• وەزیری ئەشغال ‌و ئاوەدانكردنەوە: 2 خاڵ
• وەزیری كارەبا: 2 خاڵ
• وەزیری كشتوكاڵ: 2 خاڵ
• وەزیری خوێندنی باڵا: 2 خاڵ
• وەزیری تەندروستی: 2 خاڵ
• وەزارەتی ئەوقاف: 2 خاڵ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە: 1 خاڵ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان: 1خاڵ
• دەستەی گەشتوگوزار: 1خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری مین: 1 خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: 1خاڵ
• فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە: 1 خاڵ
• راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: 3خاڵ
كۆی ئەو پۆستانە كە پارتی دەیبات بەخاڵ دەكاتە (57) خاڵ.

پشكی یەكێتی:
• سەرۆكی پەرلەمان: 10 خاڵ
• جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: 6خاڵ
• وەزیری ناوخۆ: 4خاڵ
• وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: 2 خاڵ
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: 2خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: 1خاڵ
• وەزیری رۆشنبیری ‌و لاوان: 2خاڵ
كۆی ئەو پۆستانەی، كە یەكێتی دەیبات بە خاڵ دەكاتە (27) خاڵ.

پشكی بزوتنەوەی گۆڕان:
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: 5 خاڵ
• وەزیری دارایی: 3 خاڵ
• وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 2 خاڵ
• وەزیری شارەوانی ‌و گەشتوگوزار: 2 خاڵ
• وەزیری شەهیدان‌ و ئەنفالكراوان: 2 خاڵ
• وەزارەتی پەروەردە: 2 خاڵ
كۆی گشتی ئەو پۆستانەی، كە بزوتنەوەی گۆڕان دەیبات بە خاڵ دەكاتە (16) خاڵ.

پشكی پێكهاتەكان:
پێكهاتەكانی كلدنی، سریانی، ئاشوری كە بە سیتمی كۆتا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، كۆی گشتی خاڵەكانیان (5) خاڵە:
• وەزیری پیشەسازی ‌و بازرگانی: 2 خاڵ
• فەرمانگەی میدیا و زانیاری: 1خاڵ

پێكهاتەی توركمان (5) خاڵ- كۆتا:
• وەزیری داد: 2 خاڵ
• ئەنجومەنی باڵای خانمان: 1 خاڵ

پێكهاتەی ئەرمەن (1) خاڵ- كۆتا:
• فەرمانگەی بەدواداچوون ‌و پەیوەندیەكانی ئەنجومەنی وەزیران: 1 خاڵ

تێبینی یەكەم:
لەبەرئەوەی خاڵی بەدەستهاتووی پێكهاتەكان لە پەرلەمان بەهۆی سیستمی كۆتا هاتووە، لە حكومەتیشدا لە سەنگی خۆیان زیاتریان پێدراوە، ئەكرێت بەهۆی ڕێككەوتنی پێشوەختەوە، هەردوو پۆستی (سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان- 2 خاڵ) و (وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن- 2 خاڵ) بدرێتە یەكێتی ‌و گۆڕان بەدەر لە شایستەی خۆیان، بەپێی ئەم سیستمەی لیرەدا هاتووە.

تێبینی دووەم:
دانانی نرخی پۆستە و زاری‌ و دەستە و فەرمانگەكان زادەی بیری خۆمە، ئەكرێت بەپێی بۆچونی كەسێكی دیكە یان ڕێككەوتنی پێشوەخت ئەم خەمڵاندنە بگۆڕدرێت، بەڵام ئەكرێت سود لەم سیستمە وەربگیرێت‌ و بەرچاوڕونی زیاتر بداتە لایەنەكان ‌و بكرێتە بنەما بۆ پیكهینانی حكومەت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان

دوایین