ئێران؛ ١٠٠ خۆپیشاندەر رووبەڕووی سزای سێدارە دەکرێنەوە



لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە، دەسەڵاتداران دوو خۆپیشاندەریان لەسێدارەداوە و ٩ کەسی دیکەش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی ناحکومیش، زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی ناحکومی (IHR)، کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە، ڕۆژی سێشەممە (٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢) ڕایگەیاند، لانی کەم ١٠٠ هاووڵاتی ئێرانی کە لە ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەیان دەستبەسەرکراون، ڕووبەڕووی تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات کراونەتەوە و سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

 

بەهۆی ئەو ناڕەزایەتیانەی پاش کوشتنی ژینا ئەمینی خانمە کوردی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانی بن دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ١٦ی ڕەزبەر، دوای ئەوەی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جل و بەرگ لە کۆماری ئیسلامی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستبەسەر کرا، ئەو وڵاتە شەپۆلێکی توندی خۆپیشاندان گرتوویەتییەوە.

 

لەم مانگەدا، لە تاران دوو گەنج پەیوەندیدار بە دۆسییەی ناڕەزایەتییەکان لەسێدارە دران، کە چالاکوانان دەڵێن ئامانجی ئەم کارەی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردنەوەی ترسە لەنێو دانیشتواندا، تا چیتر بیر لە خۆپیشاندان نەکەنەوە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە ٢٧-١٢-٢٠٢٢ بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرایکردووە؛ ١٠٠ زیندانی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، کە ١٣ زیندانییان سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرێک لە دەستگیرکراوان دەستیان بە پارێزەر ناگات.

 

مەحمود ئەمیری موقەدەم، سەرۆکی ڕێکخراوەکە دەڵێت: “بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و لەسێدارەدانی هەندێک لە خۆپیشاندەران، دەسەڵاتداران، دەیانەوێت خەڵک لە شەقام نەمێنن”.

ناوبراو بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، “سەپاندنی سزای لەسیدارەدان و جێبەجێکردنی سزاکە، کاریگەرییەکی دیاریکراوی هەبوو، بەڵام ئەوەی ئێمە بەگشتی تێبینیمان کرد، زیادبوونی ناڕەزایی بەرامبەر دەسەڵاتداران بوو”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد “ستراتیژی ئەم کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بڵاوکردنەوەی ترسە”.

 

لە ئامارێکی نوێدا، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندوو؛ لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول تا ئێستا ٤٧٦ خۆپیشاندەر کوژراون.

 

لای خۆشیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ئێران، لانیکەم ١٤ هەزار کەس دەستگیرکراون.

 

ڕۆژی ١٢ی کانونی یەکەم، مەجید ڕەزا ڕەهنەواردی تەمەن ٢٣ ساڵ، دوای ئەوەی دادگایەک لە شاری مەشهەد، بە تاوانی کوشتنی دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان سزای بەسەردا سەپێندرا، لە شوێنێکی گشتیدا سزاکەی جێبەجێکرا.

 

چوار ڕۆژ پێشتریش موحسین شێکاری تەمەن٢٣ ساڵ، بە تۆمەتی بریندارکردنی ئەفسەرێکی ئەمنی لەسێدارە درا.

 

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاندووە، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا بڕیاری سزای لەسێدارەدان بۆ ٩ کەسی دیکە دراوە و دوو کەسیشیان ڕێگەیان پێدراوە دووبارە دادگایی بکرێنەوە.

 

پیشتر، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران سوێندی خوارد، کە حکومەتەکەی ڕەحم بەو کەسانە ناکات کە چەند مانگێکە لە دوای مردنی ژینا ئەمینی دەستیان داوەتە ناڕەزایی دەربڕین.

لەنیویۆرك دەریاچەیەك بەستوویەتی
پێشت لەنیویۆرك دەریاچەیەك بەستوویەتی
بانكی ناوەندی ڕێوشوێنەكانی هەرزانكردنی دۆلاری ڕاگەیاند
دواتر بانكی ناوەندی ڕێوشوێنەكانی هەرزانكردنی دۆلاری ڕاگەیاند
ەیوەندیدار