مەرجەکانی مۆسکۆ و واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین چین؟



شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین پێدەنێتە مانگی یازدەهەمی خۆیەوە، هێشتا هیوایەکی کەم هەیە بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ڕێگەی چارەسەری دیپلۆماسییەوە، وەک لە لێدوانە دژ بەیەکەکانی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە لە دیدگایان بۆ ڕاگرتنی شەڕ   خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

 

شارەزایانی سەربازی لەسەر سەختی چارەسەرکردنی دۆخەکە بە بەردەوامبوون لە شەڕ کۆکن، لە هەمان کاتدا دیپلۆماتکارەکان خەریکی خستنەڕووی بیرۆکە و سیناریۆکانیانن تا بتوانن ببنەە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕەکە.

 

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ٢٤ی شوباتەوە کەڕووسیا بە (ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت) ناوی دەبات، مۆسکۆ ئامانجەکانی خۆی لەم شەرە گەڕاندەوە بۆ پاراستنی دانیشتوانی ناوچەی دۆنباس و نەهێشتنی هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی ڕووسیا و داماڵینی چەک لە ئۆکراین و نەهێشتنی مەیلی “نازی”.

 

مۆسکۆ دەڵێت، ڕۆژئاوا هیچ بژاردەیەکی بۆ نەهێشتووەتەوە جگە لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، و تا کۆتایش بەردەوام دەبێت، بەبێ گوێدانە ئەو کاتەی کە دەیخایەنێت، بەڵام ئامادەیی خۆشی بۆ دانوستان ڕادەگەیەنێت ئەگەر ئۆکراین مەرجەکانی ڕووسیا قبوڵ بکات، ئەوا دەچێتە ناو پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵیدا، بەبێ مەرجی پێشوەختە.

 

لە هەمان کاتدا واشنتۆن لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە سیاسەتێکی سێ قۆڵی پەیڕەو کردووە، کە نوێنەرایەتی دەکرێت بە پێشکەشکردنی پشتیوانیی سەربازیی بەرفراوان بۆ ئۆکراین، سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا و پاڵپشتیکردنی بوونی سەربازی لە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراین لە ناتۆ، وەک پۆڵەندا و ڕۆمانیا .

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لایەنە ڕووسیایی و ئۆکراینیەکان سەقفی داواکارییە ڕاگەیەندراوەکانیان بۆ چارەسەری سەربازی و ململانێکان بەرزکردەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە “ئارەزوو” بۆ دانوستان وەک پێویست نیەا.

 

مەرجەکانی مۆسکۆ

مەرجەکانی ڕووسیا بۆ وەستاندنی شەڕ، لە چوارچێوەی ئەم بڕگە بنەڕەتیانە دەسوڕێتەوە: هەموارکردنەوەی دەستووری ئۆکراین و دەستبەرداربوون لە پەیوەستبوون بە هەر لایەنێکی سەربازی، وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ناساندنی کریما، دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا وەک خاکی ڕووسیا.

هەروەها داماڵینی ئۆکراین لە هەموو جۆرە چەکێک و نەهێشتنی مەیلەکانی “نازیزم و ناسیۆنالیزم و شۆڤێنیزم” تێیدا.

هەندێک لە چاودێرانی ڕووسی دەڵێن، مەرجەکانی کرێملین لە چوارچێوەی خۆیدا سوودگەلێکی هەیە کە ڕاستەوخۆ باسی لێناکرێت، بەڵام مەرجە بنەڕەتییەکان بەهێزتر دەکات و پەراوێزێکی زیادە بۆ مانۆڕکردن دەدات بە تیمی دانوستانکاری ڕووسیا.

 

مەرجەکانی واشنتۆن

بە ئاشکرا ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت چارەسەری دیپلۆماسی تاکە ڕێگایە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ، تا ئەو کاتەشی سەرۆک ڤلادیمێر پوتین هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت، بەردەوام دەبێت لە پشتگیرییەکی بەهێز بۆ ئۆکراین.

 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆنگرێس یارمەتییە سەربازی و ئابورییە نوێیەکانی پەسەندکرد کە بەهاکەی ٤٤.٩ ملیار دۆلارە، ئەمە جگە لەو ٥٠ ملیار دۆلارەی کە ئەمریکا لەمساڵدا بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینی ناردووە.

 

واشنتن دووپات لە پێویستی کشانەوەی تەواوەتی ڕووسیا لە خاکی ئۆکراین دەکاتەوە، وەک ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو؛ “ئێمە هەمان ئامانجمان هەیە، ئۆکراینیەکی ئازاد، سەربەخۆ، ئاوەدان و دیموکراسی”، لە هەمان کاتدا پابەندبوون بە بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە یەکپارچەیی خاک و سەروەری و سەربەخۆیی کیێڤ.

 

هەڵوێستی فەرمی ئەمریکا ئەوەیە کە ئۆکراین خۆی دەبێت مەرجەکانی ئاشتی دیاری بکات و بڕیار بدات کەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ.

 

لە کاتێکدا سەرۆک بایدن ئاشکرایکرد کە دەرگا کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک پوتین، بە مەرجێک پلانی کۆنکرێتی بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیەکانی بۆ سەر ئۆکراین دابنێت.

 

بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن دووپاتی دەکەنەوە، کە ئۆکراین ئازادە لە هەر بڕیارێک سەبارەت بە شەڕ و ئاشتی و دانوستان، بەڵام واقیعەکە ئاڵۆزترە، چونکە لایەنی ئۆکراینی تەواو پشت بە ئامێر و چەک و یارمەتی و زانیاری هەواڵگری ئەمریکایی دەبەستێت.

 

بایدن پشتگیری لە “پلانی ئاشتی 10 خاڵی”ی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین کرد، بە دیاریکراوی ئەو خاڵەی داوای کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ڕووسیا لە خاکی ئۆکراین و دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ تاوانەکانی جەنگی ڕووسیا دەکات، ئەو مەرجەی کە ڕووسیا بە توندی ڕەتیکردووەتەوە.

پلانێكی بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی دۆلار ئاشكراكرا
پێشت پلانێكی بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی دۆلار ئاشكراكرا
سربیا و كۆسۆڤۆ لە لێواری جەنگدان
دواتر سربیا و كۆسۆڤۆ لە لێواری جەنگدان
ەیوەندیدار