‎ ئەمریکا، کەشتییەکی جەنگی خۆی ناو دەنێت “فەلوجە”



 

هێزی دەریایی ئەمریکا ئاشکرای کرد، نوێترین کەشتی هێرشبەری بە ناوی شاری “فەلوجە”ەوە ناونراوە، کە شاهیدی هەندێک لە خوێناویترین شەڕەکانی عێراق بووە، بەتایبەت کاتێک شەڕێکی توند لەنێوان ئەندامانی “مارینز” و چەکدارانی سەر بە ئەلقاعیدە لەو شارە روویدا.

 

کارلۆس دیل تۆرۆ، وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ بەپێی نەریتی ناونانی کەشتییە جەنگییەکان بە ناوی شەڕەکانی هێزی دەریایی، کەشتی جەنگی “USS Fallujah” یادی ئەو ساتە دەکاتەوە کە بە “شەڕی یەکەم و دووەمی فەللوجە” ناسراوە.

 

دێل تۆرۆ، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “کەشتییەکە شانازییەکی گەورەیە بۆ یادکردنەوەی گیانلەدەستداوان و ئەو هاوبەشانەی هێزی دەریایی و سەربازان و هاوپەیمانان کە بەو شێوە بوێرانەیە لە کاتی شەڕەکانی فەللوجەدا شەڕیان کردووە “.

 

فەلوجە بە دووری ٦٥ کم لە ڕۆژئاوای بەغدای پایتەختی عێراق هەڵکەوتووە و دوای ئازادکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ بووە مۆڵگەی چەکدارانی پاشماوەکانی بەعس و ئەلقاعیدە.

 

چەکدارانی ئەلقاعیدە لە ساڵی ٢٠٠٤ دوو شەڕی خوێناوییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە فەلوجە ئەنجامدا، کە زیاتر لە ١٠٠ ئەمریکی تیایدا کوژران و هەزاران کەسیش برینداربوون.

 

یەکەم شەڕی فەللوجە بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکانی شارەکە سەریهەڵدا دوای کوشتنی ٥ سەربازی ئەمریکایی بەهۆی بۆمبێکی چێنراو و کوشتنی ٤ بەڵێندەری ئەمنی کە لە کۆمپانیای بلاک واتەری ئەمریکی کاریان دەکرد، بەڵێندەرەکان دوای کوژرانیان تەرمەکانیان ئاگر تێبەردرا، ٢ تەرمیش لەسەر پردێک لە فەللوجە هەڵواسران.

 

لە بەرامبەردا هێزەکانی مارێنز، چەند ڕۆژێک شەڕیان کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکە و لە خاڵێکی وەرچەرخاندا ئۆتۆمبێلێکی مارینز بە نارنجۆکێکی موشەکی لێدرا و ٥ مارێنز بریندار بوون، دواتر هێزەکانی مارێنز شارەکەیان بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کرد و دەیان چەکداریان کوشت، دوای مانگێکیش لە کۆنترۆڵکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە فەللوجە کشانەوە و شارەکە ڕادەستی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی عێراق کرا.

 

سەبارەت بە شەڕی دووەمی فەللوجە، لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٤ ڕوویدا و هێرشێکی چڕ و پڕی ئاسمانی و زەمینی بوو کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا و عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکە دەستیپێکرد، شەڕەکە بووە هۆی کوژرانی دەیان سەرباز لە ئەمریکییەکان و سەدان چەکداری پاشماوەکانی رژێمی پێشوو و رێکخراوی ئەلقاعیدە و بەشێکی زۆری شارەکە زیانی پێگەیشت و وێران بوون.

 

ڕۆژنامەنووسێکی عێراقی لەو کاتەدا بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندبوو، “خەڵک دەترسان تەنانەت لە پەنجەرەکانیشیانەوە سەیری دەرەوە بکەن بەهۆی قەناس بەدەستەکانەوە،ئەمریکییەکان هەر شتێک بجوڵێت تەقەی لێدەکەن”.

 

هەر ئەو دەمە لای خۆیەوە، جەنەڕاڵ ڕیچارد مایرس، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی ئەوکاتی ئەمریکا، کە ئێستا خانەنشین کراوە، ڕایگەیاند؛ ” سەدان یاخیبوو” کوژراون و دەستگیرکراون، ئاماژەی بەوەشکرد، “هێرشی فەللوجە”، “زۆر سەرکەوتوو بووە”، بەڵام کۆتایی بە یاخیبوونەکە نەهاتووە.

 

كارەساتەكانی بەفر
پێشت كارەساتەكانی بەفر
ئێران هەوڵی پێكهێنانی هێزێكی هاوشێوەی هەسەدەی دا
دواتر ئێران هەوڵی پێكهێنانی هێزێكی هاوشێوەی هەسەدەی دا
ەیوەندیدار