ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

دادگای گەل و گۆڕستانی خائینان!

 

ڕۆژێك دێت حوكمڕانە شكست خواردوەكانی كوردستان و خراپ بەكارهێنەرانی ده سەڵات لەلایەن گەلەوە دادگایی بەهەق دەكرێن،ئەوانەی نزیكەی سێ دەیەیە لەبەرگی نەتەوایەتی و نیشتیمان پەروەری درۆزنانەوە خۆیان حەشار داوە، ئەوانەی چاو ئەبڵەق و مووی لاشە سپی دەبێت كەڕۆژانە گوێ بیستی جینایەتەكانیان دەبین، ئەوانەی هۆكاری ئەوەڵ و ئاخیری هەموو نەهامه تیەكانن،ئەوانەی داهێنان دەكەن لەخراپەكاری و پیسخۆری،ئەوانەی ڕووی دیكتاتۆر و تاكڕەوەكانی مێژوویان سپی كردەوە،ئەوانەی تۆزقاڵێك ڕەوشت و ویژدانیان بەكار نەهێنالە دەسەڵات و بەڕێوە بردن دا.

كەگەل دادگاییان دەكات هەندێك لەو چەپەڵانە مردون،نابێ ڕەحمەتیان بۆ بنێرین،دەبێت لەناو گۆڕدا وەك میرابۆی و وتاربێژی سەردەمی شۆڕشی فەرەنسا دەربهێنرێنەوە ناوی پێشویان لێبسەنرێتەوە و هەقیقەتیان دەربخرێن و بەخائن بناسێنرێن، بكرێنە عیبرەتی مێژوو، گۆڕستانێكی تایبەتیان بۆ دروست بكرێت ناو بنرێت (گۆڕستانی خائینان و حوكمڕانە بەدەكانی كوردستان)، بۆئەوەی لەداهاتوودا وانەیەكی كردەیی فێری نەوەكانمان بكەین كە ئەوە سەرەنجام و چارەنوسی خیانەتكارانە.

كەس لەدادگای گەل و مێژوو قوتاری نەبوە و نابێت،ئەلێرەوە كۆتایی بەكاولكاری و خراپەكاری دێت و بۆ هەمیشە گیاكەڵەی خیانەت ووشك دەكرێت و لەبەین دەبرێت، وەك گەلانی زیندووی ئێستا كە ئەزمونی سیاسی و بەڕێوەبردن و ئابوریان گەیشتۆتە چڵەپۆپەی كامەرانی، دەست بەژیانێكی نوێ دەكەینەوە كەسودمان لەڕابردوو وەرگرتوە و شكۆی مرۆڤ و یاسا سەروەری وخۆشگوزەرانی و گەشەكردنی زانست و عەقڵ دەبێتە سیمای سەردەمێكی تەواو نوێ.

حەرەمی پیرۆز
13/6/2018

وتار

‎ سۆسیال دیموكرات؛ كۆمەڵگەی خۆشگوزەرانی !

سەروەت تۆفیق

 

سۆسیال دیموكرات؛ جۆرێكە، یان ئامڕازێكە لە ئامڕازەكانی سۆسیالیزم, تێكۆشانە بۆ هێنانەدی كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران لەسەر بنەمای ئاشتی كۆمەڵایەتی و ریفۆرمی ئابووری بەردەوام بەرەو كەمكردنەوەی جیاوازی نێوان چینەكانی (هەژارو دەوڵەمەند). بەومانایەی كە حزبە سۆسیال دیموكراتەكان لە رێگەی دیموكراسییەوە دەیانەویت بگەنە دەسەڵات بە مەبەستی ئەنجامدانی بەرنامەكانیان كە بریتین لە ریفۆرمی كۆمەڵایەتی و ئابووریی، بە قازانج و بەرژەوەندی كەمدەرامەتەكان. لەرێگەی رەخساندنی هەلی كارو هەلی خوێندنی یەكسان و زامنكردنی تەندروستی باش و دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان بێ جیاوازی.

‎دیارە لەرووی مێژووییەوە پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا یەكەم حزبە كە هەڵگری ئەم ئایدۆلۆجیایە بووە؛ (ئیدوار بیرنشتاین) لە ساڵانی ۱۸۵۰- ۱۹۳۲ كە دامەزرێنەری ئەو حزبەبووەو بیری سۆسیال دیموكراتی داڕشتووەو بڵاویكردۆتەوە بە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا. ‎لەدوای روخانی دیواری بەرلین؛ كە بە كۆتایهێنانی جەنگی ساردو سەرهەڵدانی تاك جەمسەری و برەوسەندنی سیستمی دیموكراسی و لیبڕاڵی؛ پاشەكشەكردنی سیستمی شوعیەت ئەو ئاڕاستەیەی وەرگرت؛. هەربۆیە لەدوای ئەو رووداوەوەو ئێستاش بەشێك لە هێزە سەرەكییەكانی كوردستان بانگەشەی ئایدیۆلۆجیایی سۆسیال دیموكرات دەكەن؛ واتە لە دروشمەكانیان و پەیڕەوەكانیاندا كارو بەرنامەی سۆسیال دیموكراتیان جێكردۆتەوەو بەجۆرێك لە جۆرەكان كار بۆ بەرنامەكانی دەكەن.

‎لەو روانگەیەوە هەموو حكومەت و دەسەڵاتێك بۆ بەڕێوەبردن پێویستی بە خەرجی و بودجەی گشتی هەیە؛ بۆئەوەش پێویستی بە سەرچاوەی داهاتی گشتی هەیە؛ تا سەرچاوەكان ‎بۆ خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە تەنیا لە چوارچێوەیەكی بەرتەسكدا نەبێ؛ ئەوا پێویستە لەسەر دەسەڵاتی یاسادانان بەیاسا بڕیار لەسەر هێنانەدی كۆمەڵی خۆشگوزەران بدرێ؛ لە رێگەی بودجەو یاساكانی بوارە جیاجیاكانی ژیان، چونكە بوارەكان هەموویان پێكەوە گرێدراون بۆ هێنانەدی ئازادی و یەكسانی و عەدالەت لەناو كۆمەڵدا. وەك خوێندن و تەندروستی و چاودێری بەساڵاچووان و خانەنشینی. ‎ئەوەش وا پێویست دەكات سیستمی باج وەك سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی دەوڵەت تەماشا بكرێت و كاری لەسەر بكرێت؛ لەرێگەی دەسەڵاتی یاسادانانەوە یاسای گونجاو كە لەگەڵ هەلومەرجە ئابوورییەكانی كۆمەڵگەدا پەیڕەو بكرێت؛ كە وەك دوبارە دابەشكردنەوەی سامان لەنێوان چینووتوێژەكاندا بڕوای پێبهێندرێ.

بەومانایی وەك پایەیەكی خۆشگوزەرانی و دادپەروەری ببینرێ. نەك لەرێگەی ئەو باجە ناڕاستەوخۆیانەی كە بەشێوەی یەكسان بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا دەسەپێندرێ؛ كە ئەمە وادەكات كەمدەرامەتان؛ وەك خاوەن داراییە بەرزەكان باج بدەن. واتە بە زیادبوونی كۆمپانیاو كارگەكان واباشترو گونجاوە كە باج لەسەر سەرمایەی قازانجی بەدەستهاتوو زیادبكرێ؛ لەبەر بەرژەوەندی گشتی و زیادكردنی داهاتی گشتی دەوڵەت؛كەدواتر دابەشبكرێتەوە لە رێگەی خزمەتگوزارییە پێویستیە گشتییەكانەوە. واتە ئەمە وادەكات حكومەت هەمیشە خۆی بە قەرزاری هاوڵاتییەكانی بزانێت و هاوڵاتیش دەنگی دلێرتربێ بۆ داواكردنی خزمەتگوزاری زیاتر. بەواتایەكی تر هاوڵاتی زیاتر داوای شەفافیەت لە حكومەت و دەسەڵات دەكات. واتە دەپرسێت كە لەچی؛ بۆچی؛ لەبەرچی؛ بە چ پێوەرێك ئەو داهاتانەی كە دەستی دەكەوێت خەرجی دەكات؟ ئەمەش وادەكات كە حكومەت باشترین خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بكات؛ كە ئەمە روویدا ئەوا ركابەری نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان زیاتر دەكات؛ بەڵام كە سەرچاوەی داهات تەنها نەوت بوو؛ ئەوا حكومەت بەهۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا؛ هەندێكجار بەهانەی ئەوەی بەدەستەوە دەبێ كە خزمەتگوزارییە مادییەكان كەمتر پێشكەش بكات. مافی دارایی هاوڵاتیانیش لەو نێوەندا بەردەوام لەدواكەوتندا دەبێ. لەلایەكی دیكەوە هۆكارێك دەبێ بۆ جۆرێك لە كەمكردنەوەی بەرهەم و نەبوونی كێبڕكێی بەرهەمدار، وەك ئەوەی كە ئێستا دەبیندرێ. بۆیە ئەوكاتە گەر پرسیارەكانیش بكرێت؛ ئەوا كەمتر دەكرێ.

هەروەها لەسەر پارتە سۆسیال دیموكراتەكانە فشار بخەنە سەر حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتەی كە لەخزمەتی هاووڵاتی و دەستەبەركردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مافە سەرەتایی و خۆشگوزەرانی بێ بەپێی بەرنامەكانیان هەوڵبدەن دەسەڵات بگرنەدەست بۆ ئەو مەبەستانەی سەرەوە، گەر لە دەرەوەی دەسەڵاتبێ كەمتر دەتوانێ بۆچوون و بەرنامەكانی جێبەجی بكات، بەڵام دەتوانێ چاودێرێكی بەهێزبێ لەسەر هەموو جومگەكانی حكومڕانی و كەموكوڕییەكان لە رێگای فشاری مەدەنیانەو چالاكی جۆراوجۆر بۆ هاووڵاتی روونبكاتەوە، تەنانەت وا لە دەسەڵاتیش بكات رێڕەورێچكەی نەگونجاوی خۆی بگۆڕێ بەرەو خزمەتگوزاری، واتە پێویستە لسەر ئەحزابی سۆسیال دیموكرات چاودێرێكی چالاكی سەر كەرتەكانی پەروەردەو فێركردن و تەندروستی بن؛ كە ئایا مەبەستیان تەنها بەدەستهێنانی قازانجە؛ یان قازانجێكی كەم و بەرزكردنەوەی كوالێتی خزمەتگوزاری و پێشكەشكردنی بە فێرخوازو نەخۆشەكانیانە؛ بەڵام لێرەدا خاڵە گرنگەكە ئەوەیە كە نابێ جیاوازییەكە ئەوەندەبێ كەرتی گشتی پشتگوێ بخرێت، چونكە هەیشە ئەو كەرتە بەوە وێنە دەكرێت كە زۆرتر هەژارەكان سودی لێوەردەگرن؛ واتە لە پاڵ گەشەی كەرتی تایبەتدا برەو بەكەرتی گشتیش بدرێت؛ تا ململانێكان تەندروستربن؛ چونكە گەر ئەو جیاوازییە روویدا ئەوا دەبێتە دەستپێكی دروستكردنی جیاوازی چینایەتی و دوور كەوتنەوەی زیاتری چینەكانە لە یەكتری. واتە دەبێ نەهێڵدرێت كە جیاوازییەكە گەورە بێ؛ چونكە گەر جیاوازی چینایەتی كەلێنەكەی گەورە بوو؛ لەلایەك مەترسی كێشە هەمە جۆرەكانی نێو كۆمەڵگە زیاتر دەبێت؛ لەلایەكی ترەو بیری میانڕەوی بەرەو لاوازی دەڕوات. ‎بەمانایەكی تر گەر هەوڵ بۆ كەمكردنەوەی جیاوازییەكە نەدرێ؛ ئەوا دوورنییە خۆشگوزەرانی گشتی كۆمەڵگە وەك جۆرێك لە یۆتۆپیای لێبێت؛ كە بە خەون و خەیاڵ جیاوازییەكانی نێوان ئەو دوو چینە نزیكببنەوە؛ كە دواجار كۆمەڵگەو هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەم دەبێ.

بۆیە كە هەندێكجار دەوترێ، حكومەت ناتوانێ ئەم جۆرە سیستمە پەیڕەو بكات ؛لەبەرئەوەی قەیران و كێشەی هەمە جۆرو گەورەی هەیە؛ ئەوا وەڵامەكە ناواقیعیەو یەكناگرێتەوە لەگەڵ كۆشش و ئامانج و مەبەستەكانی سۆسیال دیموكرات، لەبەرئەوەی ئەم سیستمە خۆی بۆ چارەسەر دانراوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە روونە كە وڵاتانی پەیڕەوكاری سۆسیال دیموكرات بە ساڵ و دووان نەگەیشتوون بەوەی كە ئێستا هەن؛ بەڵكو چەندین ساڵە هەوڵ بۆ ئازادی و عەدالەتە دەدەن، تاكو پێیگەیشتوون و ئێستاشی لەگەڵدابێ بەردەوامن لە پاراستنی، لە رێگەی بەدامەزراوەكردن و سەروەری یاساو جێبەجێكردنی یاساكان و هەمواركردنەوەی یاساكانەوە لە بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتیانیان.

‎بۆیە پرسیار ئەوەیە؛ ئایا لە كوردستان هێزە سیاسییەكان فكرێكی خۆماڵییان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە؛ تا پەنا بۆ فكری دەرەكی نەبن؛ واتە ئەوەندە گونجاوبێ لەگەڵ ژینگەی كۆمەڵگە؟ یان ئەو هێزانەی كە بڕوایان بە سۆسیال دیموكرات هەیە؛ هۆی چییە كە هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان لە ئاستی پێویستدا نییە؟ یان ئەو گرفت و كۆسپانە چین كەدێتە رێگەیان؟ یان بۆ دەستنیشانی كەموكورتییەكانیان ناكەن؛ تا هاوكارو پشتیوانی زیاتریان بكرێ؟ یاخود ئەم جۆرەی ئێستای بازاڕ سەر بە چ جۆرە سیستمێكەو هۆی چییە كە ئاوایە؟ یان ئەو یاسا بەكارانەی كە لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوون؛ كامانانەن كەلە قازانج و خزمەتی هەژاران و نەداران دەركراون؟ یاخود كە یاساكان دەرچوون، بۆ تائێستا شینەكراوەتەوە بۆ رای گشتی و هاووڵاتیان؛ تا زانیاری زیاتریان پێی هەبێ؟ بێگومان ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاریتر دەبێ ئەو هێزە ئاشتیخوازو عەدالەتخوازو پەیڕەوكارانی سۆسیال دیموكراتەكانی هەرێم وەڵامی بدەنەوەو شەنوكەوی بابەتی و هەمەلایەنەی سۆسیال دیموكراتانەی پرسیارو رەخنەو وەڵامەكانی خۆیان بكەن؛ تا هەوڵی جدی تر بدرێت؛ بە ئامانجی ئەوەی كەلێن و جیاوازی زۆری نێوان چینەكان گەر هەبێ؛ ئەوا دابەزێت بۆ نزمترین ئاست، تا كۆمەڵگەو هاووڵاتیان رەزامەندی حكومدارێتی دەسەڵات بێ .

سەرچاوە:
۱. بیری سۆسیال دیموكراسی و پراكتیزەكردنی لە كوردستان. (عوسمان حەمە رەشید ) .
2. دارایی گشتی و یاساكانی باج ، وانەكانی (د.ئیسماعیل نەجمەدین) .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

سەقامگیری سیاسی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا

جەمال حمەرەشید

گەشە کردن و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک وابەستەیە بە بونی حوکمڕانیەکی باش و ڕەشید، حوکمی رەشیدیش بەرهەمی سیستمێکی سیاسی تەندروستە، کە سەقامگیری سیاسی فەراهەم بکات.

لە سیستمە سیاسی یە هاوچەرخەکاندا تا ڕادەیەکی باش هەوڵی بە دیهێنانی سەقامگیری سیاسی دراوە لە وڵاتدا ئەویش بە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کاتێک بەدی دێت کە هەریەک لەو دوانە ڕێز لێگیراو بن لە دەوڵەتدا و بە یاسا ئەرک و مافیان دیاری کراو بێت .

پێویستە ئەو هەستە لای دەسەڵات و خەڵکیش دروست ببێت کە بونی ئۆپۆزسیۆن گەرەنتی بەدیهاتنی حوکمڕانی باش وتەندروستە وە بەشێکی سەرەکی سیستمی سیاسی یە، چونکە کاتێک ئەم تێڕوانینە هەبوو ئەوا ئیتر گومانی خراپ بە ئۆپۆزسیۆن نابرێت و بەردەوام وەک تۆمەتبار سەیری ناکرێت و تۆمەتی جۆراو جۆر بخرێتە ئەستۆی.

پێویستە لە سیستمی سیاسیدا بە ڕونی هێڵەکانی جیاکەرەوەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دیاری بکرێت، تا خەڵک و جەماوەر دوچاری چەواشە کردن نەکرێن و حیزبەکانیش ئەوەندە نەتوانن یاری بە هەستی میللەت بکەن، لە لایەک بەشدار بن لە حکومەت و لە لایەکی ترەوە لە شەقام و ڕاگەیاندنەوە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕن ، بەمەش هەم دەسەڵات دوچاری شکست دەکەن و هەم سەر لە جەماوەریش دەشێوێنن و دەبنە هۆی ئەوەی خەڵک متمانەی بە پرۆسەی سیاسی نەمێنێت و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە یەک چاو سەیر بکات.

ئەگەر سەیری سیستمی سیاسی وڵاتانی پێشکەوتو بکەین، دەبینین بونی ئۆپۆزسێونێکی ڕوون و ئاشکرا لە بەرامبەر دەسەڵات جۆرێک لە سەقامگیری و هاوسەنگی دروست کردوە، بۆ نمونە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە نێوان کۆماریەکان و دیموکراتەکاندا بەردەوام ڕۆڵەکانیان دەگۆڕێت. یان وڵاتێکی وەک بەریتانیا بەردەوام دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە نێوان هەردوو حیزبی کرێکاران و پارێزگاراندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئەمە وەک ئەو دوو وڵاتەی کە پەیڕەوی لە سیستمی جوت حیزبی سەرەکی دەکەن .

ئەو وڵاتانەشی کە پەیڕەوی لە سیستمی فرەیی سیاسی دەکەن وەک چەندین وڵاتی پێشکەوتوی ئەوروپی ، بۆ نمونە لە فەڕەنسا لایەنێک یان ئەو چەند لایەنەی کە حکومەت پێک دەهێنن بە واقعی بەشدارن لە بڕیاری حکومەت و ئەو لایەن یان چەند لایەنەشی کە دەبنە ئۆپۆزسیۆن بە تەواوی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن ، بەمەش جەماوەر زۆر باش دەتوانێت هەڵسەنگاندن بکات بۆ ئەدای دەسەڵات یان کارایی ئۆپۆزسیۆن و لە هەڵبژاردنەکاندا متمانەی خۆی بدات بەو لایەنەی کە جێگەی ڕەزامەندیەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا .

لە کوردستان بۆ ئەم قۆناغەی داهاتو کە پێ دەچێت ڕەشنوسی دەستور لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت ، پێویستە لە دەستوردا ڕەچاوی گەرەنتی بونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا بکرێت و مافەکانی دیاری کراو بێت، بۆ ئەوەی کوردستان بەرەو سیستمێکی سیاسی سەقامگیر هەنگاو بنێت و دەسەڵات بتوانێت مومارەسەی حکومڕانێکی دروست بکات و ئۆپۆزسیۆنیش ڕۆڵی بەرچاو بێت و خەڵک بتوانێت هەڵسەنگاندنی دروست بۆ هەردوو لا بکات و کۆمەڵگە بەرەو قۆناغی گەشەکردن هەنگاو بنێت و متمانە بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێم .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

(خەدیجە) ڕۆڵی ژنێکی تورک لە کوشتنی خاشقچی دا

سەلاح خدر

پرسی هاوسەرەکانی (ڕۆژنامەنوس) جەمال خاشقچی ئیخوانی سەربە ئەردۆغان، چەند ڕۆژێکە پاش ئاشکرابوونی هاوسەرێکی نوێی بووەتە بابەتی ڕۆژەڤی میدیاکان، هاوسەرگیریی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خاشقچی نهێنی بوون و هیچکام لە هاوسەرەکانی ئاگاداری یەکتر نەبوون. ئەو بەڕەسمی سێ جار چووەتە ئەو پڕۆسەیەوە، کە گوماناوی ترینیان دواین دەسگیرانی بووە لەگەڵ ژنێکی تورک.
هاوسەری یەکەمی خاشقچی، دكتۆرە ئەلا مەحمود نصيف لە سعودیە، پاشان حەنان لە میسر
و دواینشیان خەدیجە جەنگیز بووە لە تورکیا.
دکتۆرە ئەلا لە بنەماڵەیەکی سعودییە، و خاوەنی چەند کچ و کوڕە لە جەمال کە گەورەکەیان عەبدوڵایە.
حەنان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاکاندا دەرکەوتووە، پێش کوشتنەکەی خاشقچی بە چەند مانگێک هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، حەنان بەڵگەی هاوسەرگیریەکەی و وێنەی گواستنەوەکەی لەگەڵ ناوبراو بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت بە نهێنی لە ئەمەریکا مانگی هەنگوینی و ئاهەنگی هاوسەگیرییەکەیان بەڕێکردووە و ئەو ئاگاداری هاوسەرەکانی دیکەی خاشقچی نەبووە.
گوماناوی ترین هاوسەرگیری خاشقچی لەگەڵ خەدیجە جەنگیزە کە بەڕەگەز تورکە، خەدیجە ساڵی ٢٠١٣ کۆلێژی ئیلاهیات بەشی مەزهەبەکان لە زانکۆی ئیستەمبوڵ تەواو کردووە، پاشان ماجستێری لە زانکۆی مەسقەتی عومان لە پرسی عومانی و پەیوەندی عومانی – فاسی دا وەرگرتووە، ماوەیەک لە وەقفی هاوکاری مرۆیی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی سەربە دەوڵەتی تورک کاری کردووە، یەکێک بووە لەو کەسانەی لە کەشتی ماڤی مەرمەرەی تورکیا بۆ شکاندی گەمارۆی سەر کەرتی غەزەی ساڵی ٢٠١٠ چووەتە فەڵەستین، بەرلە گەیشتنیان ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەوە و ١٠ کەسیان لێکوژرا و ٦٠ی دیکەیان لێ بریندار کردن، پاشان دەرکەوت کە ئەو ڕووداوە گەمەیەکی نێوان حکومەتەکەی ئەردۆغان و ئیسرائیل بووە بۆ پێشخستن و بەکاریزماکردنی ئەردۆغان لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی دا.
بەهۆی ئەوەی عەرەبی زانێکی باش بووە ماوەیەک خەدیجە لە جزیرەی عەرەبی کاری کردووە، بەرلەناسینی خاشقچی لە ڕۆژنامەکاندا دژ بە دەسەڵاتی ئالسعود دەینوسی، پێشتر کەسێکی نزیک لە جەماعەتی فەتحوڵا گیولەن بووە، پاش هەوڵی کودەتای ٢٠١٦ و دەستگیرکردنی، لە نێوان زیندان و تەسلیم بوون و کارکردن بۆ جەماعەتی ئەردۆغان دووهەمی هەڵبژاردووە و لە دەزگای هەواڵگری میتی تورک بەشی قەیرانەکانی دەرەوە ئەرکی پێسپێردرا.
خەدیجە لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە چارەسەری و دۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ لەگەڵ جەمال خاشقچی یەکتر دەناسن، تا ماوەیەک بەر لە کوشتنەکەشی پەیوەندیی سۆزداریەی نێوان یان لەلای کەسوکاری و هاوڕێیانی هەردوولا شاراوە بووە، گەرچی تا کوشتنەکەی تەنها دەسگیرانی یەکتر بوون، بەڵام بەهۆی کارکردنی لەناوەندە سیخوڕییەکانی تورکیا شک و گومانی زۆر لەمەڕ پەیوەندی خەدیجە بە خاشقچیەوە دروست بووە.
خێزانی یەکەمی خاشقچی دکتۆرە ئەلا و منداڵەکانی لەبارەی خەدیجەوە دەڵێن تا کوشتنەکەی جەمال ئێمە ناوی خەدیجەمان نەبیستبوو و دوای ڕووداوەکەش لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێمان لە ناوی بووە، هەتا عەبدوڵای کوڕی جەمال کە دوو هەفتە پێش کوشتنەکەی باوکی لە ئیستەمبوڵ گەڵیدا بووە، دەڵێت من ئەو ژنە ناناسم و هەرگیز باوکیشم باسی کەسێکی وەهای لای من نەکردووە، دکتۆرە ئەلا دەڵێت دوای ڕووداوەکە بەبیستنی ناوی خەدیجە وەک دەسگیرانی جەمال شۆك بووم.
(گومانەکان لە خەدیجە)
چیرۆکەکە وەهایە کە خاشقچی بۆ وەرگرتنی بەڵگەیەکی ڕەسمی حکومەتی سعودیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی هاوسەرگیریەکەی لەگەڵ خەدیجە چووەتە قونسوڵگەری وڵاتەکەی لە ئیستەمبوڵ، وەلێ لەڕێی کاتژمێرەکەی دەستیەوە کە تایبەت و گرێدراو بووە بە دەزگای میتی تورکەوە و هەموو قسە و موناقەشەکانی نێوان جەمال و ستافی قونسوڵخانەی گواستوەتەوە.
خەدیجە تا چوونە ناو قونسوڵخانەی سعودیە لەگەڵ خاشقچی دا بووە، بەڵام ئەو نەچووەتە ژورەوە و لە دەرەوە چاوەڕێی کردووە، وەک خەدیجە خۆی دەگێڕێتەوە، جەمال خاشقچی بەر لە چوونە ژورەوەی پێی گوتووە، ئەگەر شتێک ڕوویدا بەپەلە “یاسین ئۆکتا”ی ڕاوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی عەرەبی – تورکی ئاگادار بکاتەوە.
لێرەدا پرسیارەکان ئەوەیە: خاشقچی خاوەن مافی مانەوەی لە ئەمەریکا هەبووە، بۆچی بۆ وەرگرتنی ئەو بەڵگەیە نەچووەتە باڵیۆزخانەی سعودیە لە واشنتۆن، کە مەحاڵە ئەوەی لە ئیستەمبوڵ ڕوویدا لە واشنتۆن ڕوویبدایە و لەوێش دەیتوانی بەڵگەکە بەدەستبخات؟
بۆچی بەرلە چوونە ژوورەوەی بۆ کۆنسوڵخانە خاشقچی بەخەدیجەی گوتووە، هەرشتێک ڕوویدا بەپەلە لایەنی ئاماژە بۆکراو ئاگادار بکەرەوە؟
بۆچی خەدیجە لەگەڵ خاشقچی نەچووەتە ناو کۆنسوڵخانەکەوە و لەدەرەوە چاوەڕێی کردووە لەکاتێکدا ڕێگری لێنەکراوە بچێت؟
ئایا خاشقچی زانیوویەتی بەچوونی بۆ کۆنسوڵخانە شتێک ڕوودەدات؟ ئەگەر وایە بۆچی چوو؟ ئەوێک کە پەیوەندی لەگەڵ ئاکەپە بەهێزە بۆچی ڕێوشوێکی پێویست لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ سەلامەتی ئەو نەگیراوەتە؟
ئایا جەمال زانیوویەتی ئەو سەعاتەی دەستی دەنگ و قسەکانی ئەو دەگوازێتەوە بۆ دەزگای میتی تورک؟ ئەگەر زانیوویەتی کەواتە دەبێت پێشوەختە زانیاری هەبووبێت لەسەر ئەوەی شتێک بەسەری دا ڕوودەدات، ئەگەر نەشیزانیووە ئەوا خاشقچی بۆ ئامانجێک کراوەتە قوربانی.
خاشقچی کە پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ دەوڵەتەکەی ئەردۆغان هەبووە و هەموو دامودەزگاکانی حکومەت بە دادگاشەوە لەلایەن ئەردۆغانەوە ئاڕاستە دەکرێن، نەیدەتوانی بێ ئەو بەڵگەیە هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە بکات، بۆچی دادگا کە کارتۆنیە و لەژێر فەرمانی ئەردۆغاندایە ناچاریان کردووە بچێتە قونسوڵخانەی سعودیە و ئەو بەڵگەیە بهێنێت؟.
ئایا پەیوەندی خەدیجەیەکی ڕاهێنراو کەلە ناوەندی هەواڵگری و سیخوڕی تورک کار دەکات و بە ڕۆژنامەنوسە دژبەرەکانی سعودیە ناسراوە و شارەزای کاروباری کەنداوە لەگەڵ خاشقچی ڕێکەوت بووە یاخود پلان بۆ دانراو و ئاڕاستەکراو بووە؟.
لێرەدا بەڕووانین بۆ خراپ بوونی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی سعودیە و دەوڵەت و حکومەتەکەی ئەردۆغان و تێکچوونی هاوسەنگییە سیاسیەکانی ناوچەکە، دەتوانین بڵێن کە پێدەچێت خاشقچی وەک کارتێکی سیاسی لەلایەن تورکیاوە بۆ دژایەتی سعودیە و نزیک بوونەوەی لە ئەمەریکا بەکارهێنرابێت و خەدیجەش ڕۆڵگێڕێک بووبێت، چونکە تورکیا و هاوپەیمانەکانی، لەو پرسەدا توانیان بەسەر سعودیەدا سەرکەون و دزێک بخەنە نێوان پەیوەندیەکانی سعودی – ئەمەریکی و بنەماڵەی ئەلسعود و تورکیا خۆی لە ئەمەریکا پێ نزیک بکاتەوە و تەعویز لە واشنتۆن وەربگرێت، کە ئەوە بۆ ئەمەریکاش خوازراو بوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان

دوایین