قەیرانی ئاو و وشکەساڵی هەڕەشە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەکات



 

لە کاتێکدا کە عومان و ئیمارات شایەتی بارانبارینێکی چڕبوون، کە لە ناوچەکەدا وێنەی نەبوو، عێراق وشکەساڵییەکی توند و کەم ئاوی بەخۆیەوە دەبینێت، کە پێویستی بە هەنگاوی خێرای حکومەت هەیە.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە ناوەندی کارنێگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا بڵاویکردەوە، بە وردی باس لە ڕادەی قەیرانەکە دەکات و ئاشکرایدەکات، “قەیرانی ئاو لە سەرتاسەری عێراقدا درێژدەبێتەوە، دوای چوار وەرزی وشکەساڵی لە عێراق، ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ کە توانای عەمبارکردنی لە نێوان 6 بۆ 11 ملیار مەتر سێجادایە، لە ساڵی ١٩٨٦ەوە کە دروستکراوە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣.”

 

شارەزایان پێیان وایە نەگرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێک دەبێتە هۆی وشکبوونی دەریاچەی موسڵ بەم زووانە و بەمەش یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دانیشتووی موسڵ بێ کارەبا و ئاوی ئاودێری بەروبوومەکانیان دەمێننەوە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای فرەچەشنی سەرچاوە ئاوییەکانی بە بەراورد لەگەڵ باقی ناوچەکانی عێراقدا، بەدەست قەیرانی کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەنداوی دوکان کە ئاوی خواردنەوە بۆ سێ ملیۆن هاووڵاتی لە دوو شار و شارۆچکەکانی دابین دەکات و توانای هەڵگرتنی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، تەنها دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە.

 

شارۆچکە و شارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاو پشت بە ڕووباری دیجلە و فورات دەبەستن، هەندێک لە توێژینەوەکان باسیان لەوە کردووە کە ئاستی بارانبارین لەم ماوەیەدا بە ڕێژەی لەسەدا ٤٠ لە ئاستی ئاسایی کەمتر بووە، ژێرخانی ئاوی عێراق دوای ساڵانێک لە شەڕ و پشتگوێخستن لە دۆخێکی خراپدایە.

 

ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی عەرەب دایجستیش ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخەکە خراپتر دەبێت بەهۆی بەربڵاوی گەندەڵی و کەڵەکەبوونی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابەزینی بەرفراوانی بەرهەمی کشتوکاڵی و زیادبوونی ژمارەی ئەو خێزانانەی کە زەوییەکانیان جێهێشتووە لە لادێکان و کۆچیان کردووە بۆ شارەکان کە لە ئێستاوە بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن.

 

گۆڕانی کەشوهەوا و گەندەڵی تەنیا هۆکارێک نین کە قەیرانی ئاوی عێراقیان دروست کردووە، کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە سێ ڕووباری سەرەکی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هاوبەشن، هەرچەندە عێراق ڕێککەوتننامەی لەگەڵ دراوسێکانی واژۆکردووە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە بە ناتەواوی ماونەتەوە.

 

لە میانی دیداری سلێمانیی دا، عەون زیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئاو لەسەرووی ریزبەندی گفتوگۆکانیانە و وتیشی تائیستا ڕێککەوتنێکی شەفاف و ڕاستگۆیانە سەبارەت بە ڕێژەی بەردانەوەی ئاو لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە بۆ عێراق نەکراوە.

لە عومان و ئیمارات، بارانی یەک ساڵ لە ڕۆژێکدا باری
پێشت لە عومان و ئیمارات، بارانی یەک ساڵ لە ڕۆژێکدا باری
نوێترین وێنەی “شازادەی خەوتوو” بڵاوکرایەوە
دواتر نوێترین وێنەی “شازادەی خەوتوو” بڵاوکرایەوە
ەیوەندیدار