تەنها بڕوانامە بەس نیە!
زانست و برەودان بە تواناكان گرنگترە



د. سەعید عەلی محەمەد
بێگومان لەم سەردەمەدا زانست و خوێندن و مەعریفە زەرورەتێكی هەرە گرنگی ژیانی مرۆڤەكانە، چونكە زانست و مەعریفە سنووری جیاكەرەوەی نێوان پێشكەوتن و دواكەوتنە، دیواری نێوان ڕووناكی و تاریكیە، هێمای شكۆ و گەورەیی و شۆرەت و بەدەستهێنانی مەقام و پلە بەرزو باڵاكانە! ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان چ وڵاتانی پێشكەوتوو چ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بایەخێكی ئێجگار گەورە بە قۆناغەكانی پڕۆسەی خوێندن و پێشخستنی دەدەن.

كۆمەڵگە و وڵاتی ئێمەش وەك هەر كۆمەڵگە و وڵاتێكی تری جیهانی ئیسلامی بەدوور نەبووە لە شوێنەوار و كاریگەرییەكانی ئەو گرنگی و بایەخ پێدانە، هەروەها ئەو هەیمەنە زانستی و مەعریفیەی كە پەلی بە هەموو لایەكدا كێشاوە، ئەو هەیمەنەیەی كە عەولەمە و جیهانی پێشكەوتووی تەكنەلۆژیا بەسەر هەموو وڵات و كۆمەڵگە و كون و قوژبنێكی ئەم جیهانەدا فەرزیان كردووە!

هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبینین لەم ساڵانەی دواییدا لە كوردستان جگە لە لاوو تازە پێگەیشتووەكان تاكەكانی چینە جیاجیاكانی تری كۆمەڵگەش بە حەماسەوە ڕوویان لە قۆناغەكانی خوێندنی ڕەسمی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەكادیمی كردووە.

ئەڵبەت لە ئەنجامی لێشاوی گەورە و بەرفراوانی ڕووكردنە زانكۆكان، چ زانكۆكانی كوردستان چ زانكۆكانی دەرەوە، چ حكومییەكان چ ئەهلی و تایبەتەكان، چ لەڕێی ڕسومات و پارەوە یان بێ ڕسومات، هەروەها چ بەڕیگەی شەرعی و لێهاتوویی و كەفائەتەوە بێت یان ڕێگەی ناشەرعی و نەشیاو، ژمارەی بڕوانامەكان ساڵ بە ساڵ بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش لە زیاد كردنێكی بێ وێنەدان و، دیاردەی بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا لە پسپۆڕییە جیاوازەكاندا پەرە دەسەنێ، بەڕادەیەك كۆمەڵگە خەریكە بەرەو كۆمەڵگەیەكی نیمچە ئەكادیمیی هەنگاو دەنێت وەك ئەوەی بیەوێ لە ژمارەی بڕوانامەدا كێ بەركێی وڵاتێكی وەك یابان بكات.

ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە: ئایا بڕوانامەكانی زانكۆ ئامانج و ئاواتی قوتابیان دەهێنێتەدی؟ تا چ ڕادەیەك خوێندنی زانكۆ قازانج و سوودی زانستی و مەعریفی بە قوتابیان دەگەیەنێ؟ پلەی زانستی و نازناوی ئەكادیمی باڵا تا چ ڕادەیەك زەمانەتی سەرچاوەیەكی باشی بژێوی و دارایی بۆ خاوەنەكانی دەستەبەر دەكات؟ ئایا خوێندنی حكومی و بڕوانامە باڵاكان دەتوانن كەسایەتییەكی بەهێزو ژیانێكی سەركەوتوو بۆ ئێمە دروست بكەن؟ لە بواری كردەیی و ، هونەری مامەڵەكردن و ، توانای ڕاپەڕاندنی ئەركەكان و، سەلیقەی ڕاكێشانی بەرانبەرەكان و، بنیاتنانی كەسایەتی كۆمەڵایەتی و، عەقڵی چارەسەر كردنی كێشەكان و، زاڵبوون بەسەر عاتیفە و حەزو ئارەزووە شەخصی و تایبەتەكان؟!
لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا ئەم چەند سەردێڕەی خوارەوە دەخەینەڕوو:

– تەنها بڕوانامە:
ساڵانە سەدان قوتابی لە زانكۆ حكومیی و تایبەتەكاندا دەردەچن و بڕوانامەی ئەكادیمیان پێ دەبەخشرێ، هەندێك لەو قوتابیانە لە یەكەمەكانن و بە پلەی نایاب خوێندن تەواو دەكەن و زانكۆ بەجێدەهێڵن، بەڵام ئەزموونی ڕۆژانە ئەوە دەسەلمێنێ كە زۆربەی زۆری ئەو قوتابیە دەرچووانە توانای زانستییان زۆر كزو لاوازە و، تەنانەت هەندێجار ئاشنا نین بە سەرەتایی ترین و سادەترین بابەتە مەعریفییەكانی پسپۆڕییەكەی خۆشیان كە بڕوانامەیان تێیدا بەدەستهێناوە، جێی داخە قوتابی و خوێندكارەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان چوار پێنج ساڵی تەمەنیان لەسەر كورسی هۆڵەكانی خوێندن بەسەر دەبەن، دواتر بێ هیچ دەستكەوتێكی زانستی و هیچ هەگبەیەكی مەعریفی و ئەكادیمی ڕاستەقینە ملی ماڵەوە دەگرنەبەر و ماڵئاوایی لە زانكۆ دەكەن!

ڕاستە هۆكاری ئەم ئاستە نزمە زانستییەی خاوەن بڕوانامە ئەكادیمییەكان هەندێكی پەیوەستە بە خۆیانەوە و، هەندێكیشی پەیوەندی بە سروشتی پڕۆسەكە و، كۆنی پڕۆگرامەكان و، ئاستی نزمیهەندێ مامۆستا و، شێواز و تەكنیكی سواوی ووتنەوەی وانەكانەوە هەیە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو حەقیقەتە حاشا هەڵنەگرە بۆ هەمووان ئاشكرا دەبێ كە بە بەشێكی زۆری ئەو بڕوانامانەی زانكۆكان دەیبەخشنە خوێندكارە دەرچووەكانیان بێ ئەوەی خاوەنەكانیان بكاتە خاوەن كوتلەیەكی زانستی مەعریفی ئەكادیمی شایستە دەكرێ – وەك پسپۆڕانی گەشەی مرۆیی- دەڵێن بە بڕوانامەی وەهمی و خەیاڵی و هەوایی لە قەڵەم بدرێن، كە بەداخەوە ئەمەش وایكردووە بەشێك لە پسپۆڕییە ئەكادیمییە گرنگ و باڵاكانی زانكۆ ببنە قوربانیی و بكەونە تەڵەی بەخشینی ئەم جۆرە بڕوانامانەوە!

– بڕوانامە و زانست پێكەوە:
ئاشكرایە بڕوانامە لەگەڵ زانست و مەعریفە دوو شتی زۆر لەیەك جیاوازن،واتە بەدەستهێنانی بڕوانامە بە تایبەت لەم ڕۆژگارەدا بە مانای بەدەستهێنانی زانست نیە، بە تایبەت كە ئێمە دەبینین زۆرێك لەو خاوەن بڕوانامانە دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەكانیان لە كتێب و كتێبخانە و خوێندنەوەو پسپۆڕیەکەیان دوور دەكەونەوە! جا لێرەدا هەڵگرانی بڕوانامە بە تایبەت بڕوانامە باڵاكانی ماستەرو دكتۆرا لەبەرئەوەی چینێكی دیارو ئەكتیڤ و كاریگەری نێو كۆمەڵگەن بۆ پاراستنی سومعەی ئەكادیمی و كۆمەڵایەتی خۆیان، هەروەها بۆ پاراستنی سومعە و پێگەی مەعنەویی بڕوانامەكانیان پێویستە هەمیشە و بەردەوام لە خەمی بەهێزكردن و گەشەپێدانی توانای مەعریفی و پسپۆڕیی خۆیاندا بن، دەبێت ئاستی زانستی ئەكادیمییەكان لە ئاست گەورەیی و بەرزی بڕوانامەكانیاندا بێت، ئەگەرنا بەپێچەوانەوە دەیان نیشانەی پرسیار لەسەر خۆیان و بڕوانامەكانیان و ئەو دامەزراوە ئەكادیمییانەش دروست ئەبێت كە بڕوانامە و نازناوە زانستییەكانیان لێوە وەرگرتووە!

– لەنێوان ئەكادیمییەكان و سەرمایەدارو خاوەن پیشەكان:
دیاردەیەك كە ئێستا لە مەیدان و بازاڕو دەرفەتەكانی كاردا زۆر هەستی پێ دەكرێ ئەوەیە: خاوەن بڕوانامە ئەكادیمییەكان ڕوبەڕووی ڕەخنە و سەرزەنشتی كەسایەتییە سەرمایەدارو خاوەن كۆمپانیا و پیشە سەربەخۆكان بوونەتەوە، ئەوان ڕەخنەی ئەوە دەگرن كە خاوەن بڕوانامەكان نەك تەنها كەسانی كردەیی نین، بەڵكو بڕوانامەكانیشیان لە بازاڕو بواری پراكتیكدا هیچ سوود و قازانج و بەرهەمێكیان نیە، ئەوان دەڵێن: دەرچووانی زانكۆكان توانای چوونە نێو جیهانی پێشكەوتوویان نیە و، لەڕیزی هەرە دواوەی گەشەی خێرای زانستی تەكنەلۆژیان و، ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی بازاڕو كێ بەركێی ئەو مەیدانە زیندووە حەیاتییە هەستیارە نین، سەرمایەدارەكان و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت ئەو بیرۆكەیان لا گەڵاڵە بووە كە ئەكادیمییەكان زانیارییەكانیان لە دوو توێی كتێبەكان تێپەڕ ناكات و، لەبواری مومارەسەدا هیچ جۆرە كاریگەری و جێ دەستێكیان نیە و لە واقیعدا بوونیان و نەبوونیان وەك یەك وایە! ئەم ڕەخنانە ئەو ڕاستیە دەردەخەن كە نوخبەی ئەكادیمی لەبەردەم گرفت و قەیرانێكی جەوهەرییدان و، دەخوازێ حكومەت و دامەزراوەی خوێندنی باڵاو دەزگاو ناوەندەكانی توێژینەوە بەدوایدا بڕۆن و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن و چارەسەری گونجاو و دوور مەودای بۆ بدۆزنەوە، چونكە ئەم پرسە پرسێك و كێشەیەكی نیشتمانییە و ئاسەوارەكانی لەسەر نیشتیمان و چارەنووس و داهاتووی ئەم چینە ئەكتیڤە بەرفراوانەی كۆمەڵگە وێرانكەر دەبن.

– ڕاهێنان و برەودان بە تواناكان:
زۆرێك بڕوایان وایە بەدەسهێنانی بڕوانامە و پلەی زانستی هەلی وەدەستخستنی كار ئاسان دەكات و سەرچاوەی بژێوی ژیان مسۆگەر دەكات، ئەم بیركردنەوەیە پاڵی بە زۆرێك لە خاوەن بڕوانامەكانەوە ناوە درێژە بە خوێندن بدەن لەپێناو بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵاترو بەرزكردنەوەی پلەی وەزیفی و دەستەبەر كردنی مووچەی بەرزترو ماف و ئیمتیازاتی ماددی گەورەتر! ڕاستە هەوڵدان و كۆشش كردن بۆ باشتركردنی بژێوی ژیان و بەرزكردنەوەی ئاستی وەزیفی و كۆمەڵایەتی هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنی و پەسەندە، بەڵام دەبێت خۆمان لەو ڕاستییە بێ ئاگا نەكەین كە دنیای ئەمڕۆ دنیایەكی زۆر جیاوازو تایبەتە و هیچی لە ڕابردوو ناچێ و، بڕوانامەش بە تەنها پێوەری سەركەوتن و خۆسەلماندن نیە! دنیای ئەمڕۆ دنیای عەولەمەیە و لەگەڵ ووزە و تواناو سەلیقە و بەهرە تایبەتەكاندا مامەڵە دەكات و، دامەزراندن و بەخشینی هەلی كارو تەوزیف كردنی تاكەكان دوور لە ڕاهێنان و مومارەسە و فێربوونی پراكتیكی ڕەت ئەكاتەوە!

ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە دەبێ بزانین خوێندنی حكومی دیوێك لە دیوەكانی دیواری هەلی كارو سەرچاوەی ژیانمان پێ ئاشنا دەكات كە بریتیە لەلایەن و دیوی مەعریفی و هیچی تر، هەر ئەمەیشە وای كردووە زۆربەی زانكۆكان و ناوەندە زانستی و كەسایەتییە ئەكادیمییە گەورەكان ئێستا داوای ئەوە بكەن شان بە شانی خوێندنی ئەكادیمیی ڕاهێنان و خوێندنی پراكتیكیش زیاد بكرێت، لەڕێی دروستكردنی پەیوەندی و پردی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە زانستیەكان و ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت!

ئێستا بەشێكی زۆر لە زانكۆكانی وڵاتانی ئیسلامی و زانكۆكانی وڵاتانی كەنداو بە تایبەتی لەڕێی پێداگری كردن لەسەر ئەم لایەنە و بەرزكردنەوەی ئاستی توانا و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی قوتابی و مامۆستا و كادیرە ئەكادیمییەكانیانەوە كێبەركێی زانكۆ جیهانییە ناودارە ڕەسەنەكان ئەكەن!

پێگەی (Monster) كە پێگەیەكی جیهانییە بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كار لە توێژینەوەیەكدا كە ئەنجامی دابوو بۆ بەڕێوبەرە گشتییەكان، بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت لە كۆمپانیادا دابمەزرێ پێنج توانا و بەهرەی تایبەتی بە مەرج گرتبوو كە بریتیبوون لە: توانای چارەسەكردنی گرفتەكان، وریایی لە وردەكاریەكاندا، توانای بەكارهێنانی مایكرۆسۆفت، سەلیقە و بەهرەی دروستكردنی پەیوەندی چ بەگفتوگۆ چ بەنوسین، توانای بە بازاڕ كردن! ئەگەر سەرنج بدەین لە هیچ یەكێك لەو پێنج مەرجەدا ئاماژە بە زانكۆ و بڕوانامە نەكراوە! هەر لەو چوارچێوەیەشدا بوو حوزەیرانی ساڵی 2020 (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی پێشووی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕەشنوسی یاسایەكی ئیمزا كرد كە حكومەتی فیدڕاڵی ناچاركرد لە هەڵبژاردن و دامەزراندنی فەرمانبەراندا بەهرەو توانا تایبەتەكان لەبەرچاو بگیرێن نەك بڕوانامە ئەكادیمییەكان، بە دەرچوونی بڕیارەكەش دوو ملیۆن فەرمانبەری حكومی جارێكی تر لەسەر بناغە و پێوەری توانا و لێهاتوویی هەڵسەنگاندنیان بۆ كرایەوە!

سەرەڕای ئەمە لەبیرمان نەچێ هەندێ لە دەوڵەمەند و سەرمایەدارە ناودارەكانی جیهان وەك (بێڵ غێتس)ی خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت و، (ستیڤ جۆبز)ی دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەپڵ و، (مارك زۆكەر بێرغ)ی دامەزرێنەری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەبسبووك، هیچ كام لەمانە دەرچووی زانكۆ و خاوەنی بڕوانامە نەبوون، بەڵام لە جیهانی كارو كۆكردنەوەی سەروەت و سامان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەدا سەركەوتنی بێ وێنەیان تۆمار كردووە!

– بڕوانامە پێوەر نیە:
مەعلومە پلەی زانستی و بڕوانامە بە تەنها بەس نین بۆ سەلماندنی واقیع و دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤەكان و دیاریكردنی ڕادەی چاك و خراپییان، بە تایبەت كە لەم ڕۆژگارەدا بڕوانامە و نازناوی زانستی بۆتە بەشێك لە دیاردەی خۆنواندن و خۆنمایش كردن و دەركەوتن، كە هەندێجار هەموو هەوڵێك دەدرێ بۆ بەدەستخستنیان ئەگەرچی لەسەر حیسابی نەریت و بەها ئایینی و ئەخلاقییەكانیش بێت! دەبێ هەمووان لەوە دڵنیابین كە ڕادەی باش و خراپی و ڕووی ڕاستەقینەی كەسایەتی و جەوهەرو ناوەڕۆكی حەقیقی مرۆڤەكان بە بڕوانامە و نازناوە زانستیەكان ناپێورێ، بۆ نمونە: دەكرێ كەسێك ببێتە وەزیری پەروەردە كە هەڵگری هیچ پەروەردەیەك و پابەندی هیچ جۆرە یاسا و ڕێساو بەهایەكی پەروەردەیی نەبێت لە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەریدا، دەگونجێ كەسانێك ببنە بەڕێوبەری گشتی بەڵام مرۆڤ ئەمین و دەستپاك و دڵسۆز و متمانەپیكراو نەبن، دەكرێ ئێمە ڕۆژانە دەیان كەس ببینین كە لە پشت مێزەكانەوە پاڵیان داوەتەوە و چەپ و ڕاستی خۆیان بە بڕوانامە و نوسراوی سوپاسگوزاری ڕازاندۆتەوە، بەڵام لەبواری هەڵسوكەوت لەگەڵ دەوروبەر و كەسانی تردا شكستیان هێناوە، لەبەرئەوەی بە چاوێكی سووك سەیری خوارەوەی خۆیان دەكەن و بەزمانی فەوقییەت مامەڵە دەكەن!

دارایی هەرێم وردەكاری پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئاشكرادەكات
پێت دارایی هەرێم وردەكاری پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئاشكرادەكات
لەسلێمانی لەدایكبوونی منداڵ بە نەشتەرگەری زیاتر بووە
دوات لەسلێمانی لەدایكبوونی منداڵ بە نەشتەرگەری زیاتر بووە
پەیوەندیدار