“جەژنی ئەمساڵ هاووڵاتییان کەمتر گۆشتی سوور دەکڕن”



نزیکدەبینەوە لە ڕۆژانی جەژن و هاووڵاتییان ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە، گۆشتفرۆشێکیش دەڵێت، “هاووڵاتییان بۆ جەژنی ئەمساڵ کەمتر ڕوویان لە کڕینی گۆشت کردووە”.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەبارەت بە گرانی نرخی گۆشت و خواستی هاووڵاتییان لە ڕۆژانی پێش جەژن گۆشتفرۆشێک تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، نرخی گۆشت گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و هەر وەک پێشترە، گۆشتی مەڕ کیلۆی بە ٢٤ هەزار و گۆشتی گوێرەکە کیلۆی بە ٢٢ هەزار دینارە.

ئاماژەی بەوەکرد، بە شێوەیەکی گشتی بازاڕی ئێمە کز بووە و خەڵکی کەمتر ڕوو لە کڕینی گۆشتی سوور دەکەن، چونکە بۆ ئەم دۆخە ئابوورییەی ئێستا ٢٤ هەزار دینار بۆ گۆشتی سوور زۆرە.

وتیشی، تا ڕادەیەکی کەم گۆڕانکاری لە بازاڕدا دروستبووە، چونکە مووچە دابەشکراوە و خەڵک پارەی پێیە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆشتی سوور بۆ ڕۆژانی جەژن خواردنێکی سەرەکییە و هاووڵاتییان دێن کیلۆیەک تا دوو کیلۆ دەکڕن.

ئەوەشی خستەڕوو، جەژنی ئەمساڵ بەراورد بە ڕابردوو هاووڵاتییان کەمتر دێن و گۆشت دەکڕن، چونکە پێشتر کیلۆی بە ١٨ هەزار بوو ئێستا شەش هەزار چووەتە سەر نرخەکەی، ئەمەش بۆ بژێوی ژیانی هاووڵاتییان بارگرانی دروستکردووە.

حکومەتی هەرێم ڕۆژی ٢٧ی ئازار، بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردنی گۆشتی سوور بوو بە ڕێژەی ٪٥٠ هەر بۆیە پێشبینی دابەزینی نرخی گۆشتی سوور دەکرا، لەوبارەیەوە ئەو گۆشتفرۆشە وتی، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکان ڕووی نەداوە لەبەرئەوەی پێشتر ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵ هاوردەکراوە، تا ئەوانە ساغدەکرێنەوە و وەجبەیەکی دیکەی ئاژەڵ هاوردە دەکرێت، نرخەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی جەژندا هاووڵاتییان ڕوو لە کڕینی پێداویستییە خۆراکییەکان دەکەن، لەبەرئەوەی لە ساڵێکدا دوو جەژن هەیە و بۆ موسڵمانان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، هەر بۆیە بە گەرمی پێشوازی لێدەکەن و خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن، کڕینی پێداویستییە خۆراکییەکان و ئامادەکردنی ژەمێکی خۆراکی جەژنیش بە بەشێک لەو ئامادەکارییانە دادەنرێت.

هاوکات لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕێگە بە هاوردەکردنی گۆشتی سوور و ماسی دەدرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا نرخی گۆشتی سوور ڕووی لە زیادبوون کرد، هاوکات نرخی مریشک و ماسی بە هەمان شێوە گرانبوون، ئەمەش کاریگەری کردە سەر دۆخی ژیانی هاووڵاتییان و بازاڕ بە گشتی، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا مووچەی مانگەکانی شوبات و ئازار بەیەکەوە دابەشکرا، بەڵام گرانی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی هاووڵاتییان و ئامادەکارییەکان بۆ ڕۆژانی جەژن.

لە ئەمڕۆوە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا جێبەجێدەکرێت
پێشت لە ئەمڕۆوە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا جێبەجێدەکرێت
پێشمەرگەیەک بە هۆی هەورە بروسکەوە گیانی لەدەستدا
دواتر پێشمەرگەیەک بە هۆی هەورە بروسکەوە گیانی لەدەستدا
ەیوەندیدار