مووچە، بزوێنەری ئابوری هەرێم



سەرکۆ یونس*

ئابوری هەرێمی کوردستان، لەو جۆرە ئابوریانەیە کە تاکسەرچاوەیە و بەڕێژەی زیاتر لە 80% پشت بە مووچە دەبەستێت.
ڕاستە هەرێمی کوردستان، خاوەنی زۆربەی بنەماکانی ئابورییەو زۆربەی کەرتەئابورییەکانی تێدایە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی سیاسییەکانمانەوە لە سی ساڵی ڕابردودا نەتوانرا ئابورییەکی هەمەچەشن و فرە سەرچاوە بونیاد بنرێت.

ئەوەی لەم ووتارەدا دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین، گرنگی مووچەیە، وەک بزوێنەری سەرەکی ئابوری هەرێم، لەچەند ساڵی ڕابردودا ئابوری هەرێم بەگشتی و ئابوری مووچەخۆران بەتایبەتی، بەچەندین قۆناغی سەختدا تێپەڕبووە.
سەرەتای قەیرانی دارایی لە2014 تا ئێستا مووچەخۆران بەتەواوی و بێ کەموکوڕی و لەکاتی خۆیدا شاسیتەداراییەکانیان وەرنەگرتووە.

هەرێم دە ساڵی تەواو یاسای بودجەی نەبووە و لەم ساڵانەدا بەشەبودجەی وەبەرھێنان سفر بووە، ئەمەش جارێکی تر، ئابوری هەرێمی لاوازتر کرد و سێکتەرەکانی ئابوری بەرەو داڕمان و لاوازی چوون.

بەهۆی کێشە سیاسی و داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مووچەخۆران لەساڵی دارایی 2023 سێ مووچەیان پێنەدرا، لەساڵی دارایی 2024 دا لەمانگی دوو مووچەی مانگی یەک لەکۆتایی مانگی سێ مووچەی مانگی دوو دابەشکرا.
خۆشبەختانە لەدوای چارەسەری کێشەی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا، بڕیارە لەپێش جەژن مووچەی مانگی سێ ی سەرجەم مووچەخۆران دابەش بکرێت.

لەسێ مانگی ڕابردوودا، ئابوری و بازاڕەکانی هەرێم، بەخراپترین باردا گوزەریانکرد. ئەمە جگە لەوەی باروگوزەرانی مووچەخۆران و فەرمانبەران لەوپەڕی خراپیدا بوون.

ئاشکرایە بەهۆی ئەوەی ئارەزووی بەکاربردنی هاوڵاتیان بەرزە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نەتوانراوە سەرجەم پێویستییەکانیان پڕبکەنەوە، بۆیە تێبینی ئەوە دەکەین، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەدا، بازاڕەکانی هەرێم جمەیان دێت لە کڕیاران و خۆشبەختانە بازاڕ گەرمە.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی ئامادەکارییەکانی هاونیشتنانیان بۆ جەژن، جموجۆڵی کڕین و فرۆشتن لەئاستێکی پێوانەیی تایبەتدایە، بەتایبەتی خواردن و خواردەمەنی و جلوبەرگی ژنان و منداڵەکان.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی وئابوری هەرێم، زیاتر لەیەک ملیۆن و 250 هەزار مووچەخۆر لەهەرێمدا هەیە، مانگانە تەنها بۆ مووچە پێویستی بە زیاتر لە 940 ملیار دینار هەیە.
بێ گومان خەرجکردنی مووچەی مانگانە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر جووڵەی بازاڕ و خواستی هەمووەکی زیاد دەکات. لەگەڵ ئەم جموجۆڵەدا کەرتەکانی تری ئابوری هەرێم، بەتایبەتی بازرگانی و گەشتوگوزار و خزمەتگوزاری و خانوبەرە، بەرەو بوژانەوە و هەستانەوە دەچن، ئابوری ڕێرەوی ئاسایی خۆی دەگرێتەوە.

هیوادارین کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەرەو کۆتایی بچن و چارەسەری ڕیشەیی بۆ مووچە بکرێت و مانگانە لەکاتی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەخۆران شایستەداراییەکانیان وەربگرن و چیتر هاوڵاتیان و مووچەخۆران توشی قەیرانی نەبوونی مووچە نەبنەوە. قۆناغێکی گەشەی ئابوری بێتەکایەوە.

*ئابوریناس

نرخی دۆلار گۆڕانکاری بەسەردا هات
پێت نرخی دۆلار گۆڕانکاری بەسەردا هات
بافڵ تاڵەبانی: نابێت مووچە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت
دوات بافڵ تاڵەبانی: نابێت مووچە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت
پەیوەندیدار