ماڵی فرە کەیبانوو خۆڵی تا ئەژنۆیە



ماڵی فرە کەیبانوو خۆڵی تا ئەژنۆیە

هێمن عەبدولقادر- نووسەر

(بیرنارد ویتمان) کە ئەندازیارییەکی ئەڵمانییە، لە ساڵانی ١٩٥٤-١٩٦٣ لە باشوری کوردستان سەرپەرشتیاری ڕاکیشانی ڕێگاو بان و دروستکردنی پرد بووە، ڕێگای نێوان عەربەت هەڵەبجە ئەو دروستی کردووە، لە کتێبەکەیدا بە ناوی (رسائل من کردستان- پەیامگەلێک لە کوردستانەوە) دەنووسێت.

ئەوکاتەی کە خەریکی دروستکردنی پڕۆژەیەک دەبووین، پڕۆژەکە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە وەستاو و بەنا و شۆفێر و کەسی پیشەیی هەبوو، بەڵام بەداخەوە (ئاواتی هەموو کوردێک ئەوەیە بە پاسەوان یان حەرەس دابمەزرێت، چونکە ئەو دەبێت بە خاوەنی دەستێک جلی تایبەت، کە کەتافەیەکی گەورە لە سەر شانەکانێتی، دواتر دەبێت بە خاوەنی دوو پارچە چەک، دەمانچەیەک لە سەر پشتێنەکەی دەبەستێت و خەنجەرێکی کوردیش لەسەر سنگی) … لاپەڕە ١٦٤.

کورد دەڵێت (مامان زۆر بوو سەری منداڵ گیر دەخوات) لە هەر شوێنێک کە کوێخا و ڕیش سپی و براگەورەیی و دیوەخان زۆر بوو ئیش ناڕوات بە ڕێگادا، بەدبەختیەکەش ئەوەیە هەمووی دەیەوێت ببێت بە ئاغا بە مامان بە ئەندام پەرلەمان، بە مدیر عام، بە رەیس عەشیرەت، بە ڕاوێژکار کەس نایەوێت ببێت بە خزمەتکار، لە کاتێکدا ئەگەر ڕۆژێک سەیارەی خۆڵەکە نەیەت هەموومان بۆگەن دەکەین، ئەگەر میراوەکە ئاوامان بۆ بەرنەداتەوە دەبێت لە کۆڵان و دەشت و دەر پیسایی بکەین، کەچی لە پشت کورسی و مێزەکانمانەوە بەگەورەیی نوسراوە، (سید القوم خادمهم- گەورەی هەر نەتەوەیەک خزمەتکارەکەیەتی)، بەڵام لە ڕاستیدا جگە لەوەی گەورەی کورد خزمەتکار نەبووە، بەڵکو کەس ئەم گەورەییەی نەویستووە بەڵکو زۆرینەی گەورەکان بەرخۆربووە، ماڵی گەورەکان هەمیشە پڕبووە لە (هێلکە و ڕۆن، کەرە و برنجی دەرەجە یەک) بۆیە هەموومان هەوڵی ئەمەمان داوە، لەم هەوڵەشماندا تووشی کێشە و پەلاماردانی یەکتر بووین.

کورد دەڵێت (دوژمن کلکی کەرەکەشی ببڕیت هەر خێرە) واتا ئەگەر نەتوانی دەست لە خۆی بوەشێنیت، شەو بچۆ ئاگر لە حاسڵات و خەرمانەکەی بەردە، ئەگەر ئەوەشت نەتوانی تەقە لە مەڕو مالاتەکەی بکە کە دێنە سنوری پوش و پاوانتەوە، ئەگەر هەر هیچت پێ نەکرا تولە و تانجییەکانی ژەهر خوارد بکە، کلکی کەرەکەی ببڕە، یان دەستدرێژی بکە سەر ماینەکەی، ئەمانە لە ئوردوی خێڵدا هێماگەلێکن وەکو ئەوە وایە دەستدرێژیت کردبێتە سەر خودی سەرۆک خێڵەکە خۆی، بۆیە لە ئوردوی خێڵدا تەنانەت مریشک، قاز، سەگ، پشیلە و گوێدرێژیش لەو ڕقە سەلامەت و پارێزراو نەبووە، بۆیە دەرمانخواردکردن و ژەهراوی کردن و داگیرکردنی دەسەڵات و موڵک و مێوبڕین، لە کۆشک، حەرامسەراکانی سوڵتان و دەرەبەگ و ئاغاکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو ئاخور و تەویلە و حەسارەکان .

هەر لێرەوەیە کە بیرۆکەی بەزەیهاتنەوە بە ئاژەڵدا لە (ناسکی و شاعیری و پەمەیی بوونەوە) چەکەرە ناکات، بەڵکو لە هەستکردنە لەو ستەمە کولتووری، ئاینی و کۆمەڵایەتییەی کە هەندێک ئاژەڵ یان زۆرینەیان بەر نەفرەتی ئەوانە کەوتوون.

کاتێک زەینی خێڵ بەر مۆدێرنە و بە جیهانی بوون دەکەوێت، ئەوکات ناچارە یان دەبێت بنکە و بارەگای ببپێچێتەوە یان دەبێت خۆی لەگەڵ ئەو باهۆزە نوێیە بگونجێنێت، ئێمە لەمەشدا نەمانتوانی دەستمان بگات بە توێژینەوە گەورەکان سود لە سەرچاوە زانستییەکان وەربگرین، بەر شاکارە مۆسیقی و سینەماییەکان و وتارە نەمرەکان و کتێبە گەورەکان بکەوین، بەڵکو هاتین دەستمانکرد بە دروستکردنی پەیجی (دیوەخانی فڵان) و (لایەنگرانی فیسار) و (خزمانی عەشیرەتی فڵان) ، (کلیک) و (ماوس) و (نانۆ) و (نەشتەرگەریە هەستیارەکان)مان گۆڕیەوە بە (ئێم فۆر) و (ماتلی) و (هۆرەندەڵ) و (ماوزەڕ) و (ساڵدات) و (بڕنەو) و (سەمینۆف)، ئەوەشی کە بروانامەیەکی بەرزی زانکۆیی هێنا، ناچاربوو پاشکۆیەکی ناوچەیی بنووسێنێت بە خۆیەوە، چونکە دەزانێت زانستەکەی نەدەی پارێزێت نە کۆمەکی دەکات، لێرەوە بیرۆکەی کۆبوونەوەی دەستە جەمعی و دەعوەتی ئێواران و قافڵەی ئوتومبێل ، شوێنی بڕوانامە و هونەری گرتەوە.

عەلی وەردی لە توێژینەوەیەک دەربارەی (سروشتی کۆمەڵگای عێراقی) دەڵێت:- خەڵکی عێراق وشەی (المهنة)یان، لە وشەی (المهانة)ەوە، وەرگرتووە، واتا (پیشە)یان لە (ڕسوایی) و (سوکایەتی)یەوە وەرگرتووە، ئەوان هەموو پیشە، داهێنان، دەستڕەنگینی، گیانی لێبوردەیی، مۆسیقا، ئەدەب، فێربوون و هەڵکۆڵین و پەیکەر بە سووک سەیر دەکەن، ئەوانەی خەریکی کشتوکاڵ و بازرگانی و دوکاندارین بە ترسنۆک و دەستوپێ سپی ناو دەبەن، لەبەرامبەردا تەنها گرنگی بەو کارانە دەدەن کە سەرچاوەی شەڕ و توندوتیژین .

بۆیە کاتێک دەچیتە دیوەخانێک یان فەرمانگەیەکی میریش بەدەگمەن چاوت بە وێنەی نووسەرێک یان کتێبێک یان میوزسیانێک دەکەوێت، هەمووی چەکی هەڵواسراو وێنەی ئەوانەن کە مووتوی چەکن و ڕاست و چەپ فیشەکدانیان لە خۆیان بەستووە.

بۆیە خوێندنەوەی کتێب بە بێعەقڵی و کات کوشتن ناو دەبەن، بەڵام بە کاتژمێر لەسەر سفرە و مێزی دەعوەتی خێڵەکەیان دا ئەنیشن تا گرتکە گۆشتێکیان بەرکەوێت، لە رێگەی ئەم دەعوەتەوە دواتر پۆستێک یان پێگەیەکیان لە کۆمەڵگا یان لە ناو میریدا بەرکەوێت.

کتێب و زانست و بروانامە هیچ کاتێک پارەکەی خۆی دەرنەهێناوەتەوە لە ناویاندا، بەڵام تفەنگ هەموو کات پارەبووە، بۆیە زۆرجار ئەگەر (چەرچی)ەک، یان (دێوەرە)یەک (عەتتار)ێک (مەترەبار)ێک، یان (کۆڵگێڕ) و (بڕن و بڕ)ێک ڕێی کەوتبێتە شوێنێک هەمیشە ئاڵوگۆڕی کە لوپەلەکانی بە تفەنگ و فیشەک کردووە لەگەڵیدا، لێرەوەیە تێدەگەین ئەوەی عاقڵ بووبێت لە ناویاندا جێی نەبۆتەوە، یان بە قەولی خۆیان تۆمەتێکیان بۆ دروست کردووە یان (پشتاو پشت سواری گوێدرێژیان کردووە و خۆڵ و دۆیان کردووە بەسەریدا و بە ناو ئاویدا گێڕاویانە) کە ئێستا ئەم نەزعە خێڵەکییان گواستۆتەوە بۆ ناو سۆشیەڵ میدیا و نەیارەکەیان بە کۆمێنت و وێنەی شێواو و دەستکاری کراو فەزح و ئابڕوتکاودەکەن.

سنووری خێڵ سنووری نەتەوە و خاک و زمانەکەیەتی، هەر کاتێک ئەو سنوورە مەترسی لە سەر بووبێت، وەکو ئەوە وایە تەواوی هەبوونی لە مەترسیدا بێت، بۆ دەربازبوونیش نەک ئەو پەیمان و سۆزانەی لەگەڵ خیڵ و عەشیرەتەکانی دیکە، بەڵکو ئامادەیە دەستبەرداری نەتەوە و بنەچەکەشی بێت (کە لە مێژوودا سەدان نموونەی لەم جۆرەمان هەیە و لێرەدا پێوست بە گێڕانەوە ناکات) بۆیە لێرەوە زۆرجار ناپاکی و خۆدانە پاڵ دوژمنیش لە ناوماندا سەری هەڵداوە، ڕەنگە چیرۆکی (ئەنکیدۆ) و (گەلگامێش) لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە تا ئەمڕۆ درێژەی هەبێت بۆیە خێڵ تەنها دەنگ دەداتە کچ و کورەکانی خۆی ئەوان خەڵک نانێرن تا یاسای شارستانیان بۆ بنوسێتەوە بەڵکو ئەوان چەند کەسێک لە قەوم و قیلەی خۆیان دەنێرن تا بەهەمووان بڵێن ئێمەش هەین.

کورد ئەڵێ (ماڵی فرە کوێخا خۆڵی تا ئەژنۆیە)، هەر میللەتێک ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەسەر ئەم هەموو دابەشکارییە، چینایەتی، خێڵەکی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەدا کردبێت، ڕێک ماڵەکەی وەک ماڵەکەی ئێمەی لێهاتووە، خۆڵی تا بینەقاقا هاتووە.

تۆڵستۆی لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا دەڵێت (ئاسکێک لە ترسی ڕاوکەر خۆی لە بنکی مێویکدا شاردەوە، کاتێک ڕاوکەرەکان تێپەڕین، ئاسکەکە دەستی کرد بە خواردنی گەڵای مێوەکە و بەو جۆرە ڕاوچییەکان هاتنەوە سەری کوشتیان) لە سەرەمەرگدا ئاسکەکە لەبەر دەم خۆیەوە دەیگوت (هەرگیز شتێک مەخۆن کە ئێوەی نەجاتداوە)، هەموو شتێکی ئەم ووڵاتەمان خوارد وەک ئاسکەکە ڕوتوقوت بووینەوە و دەرکەوتین ئەوەتا ڕاوکەر لە هەموو لایەک هاتەوە سەرمان.

لەڕێی یەک ڕەنگیا هەر کەس وەکوو (حەمدی) کە سابیت بوو

بە تەعنەی ئەهلی بێ غیرەت نیهایەت هەر بە عیبرەت بوو

 

فۆڕمی دامەزراندن بۆ دەرچووانی کۆلێژە تەکنیکییە پزیشکییەکان ڕاگەیەنرا
پێشت فۆڕمی دامەزراندن بۆ دەرچووانی کۆلێژە تەکنیکییە پزیشکییەکان ڕاگەیەنرا
حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایی گشتی بڵاودەکاتەوە
دواتر حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایی گشتی بڵاودەکاتەوە
ەیوەندیدار