پارتی بڕیاری ڕێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی ڕاگەیاند



وردەكاری ڕێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر شكاندنی بەستەڵەكی سیاسی نێوان ئەو دوو حزبە ئاشكرادەكرێت و دوو وەزیری پارتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم وردەكاری پڕكردنەوەی پۆستەكان و كاتی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی ڕادەگەیەنن.

ماوەی چەند مانگێكە یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نیگەرانە و ململانێكی حزبی توند لەنێوان ئەو دوو حزبە سەرەكییەی پێكهێنەری حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەگوزەرێت و بەوهۆیەشەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت ناچێتە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و لە دوو هەفتەی ڕابردووشدا تیمی وزاری یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و مەڕاسیمە فەرمییەكانیان كرد و تەنانەت ئەندامانی تیمی یەكێتی لە شاندی دانوستانكار لەگەڵ عێراق یاوەری شاندەكەیان نەكرد بۆ بەغدا.

لە هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی لێكنزیكبوونەوەی یەكێتی و پارتی، هەروەك بەرپرسانی یەكێتی ئاماژەیان پێكردبوو، ناكۆكییەكان كەمێك خاو بوونەوە و تیمی وزاری یەكێتی چوونەتەوە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرسانی پارتی بەیاننامەی ماتەمینی و بەشداری پرسەی ئاكام عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆیان لە هەولێر و سلێمانی كرد.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە پشكی پارتی لە لێدوانێكی بۆ میدیاكان وتی، “هەنگاوی باش لە گۆڕانكاری پۆستە حكومییەكان نراوە و بەم زووانە هەنگاوی كرداری بۆ دەنرێت.

وتیشی، “یەكێتی هەریەكە لە ڕێباز بێركۆتی بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە (لەجێگەی شۆڕش ئیسماعیل) و ئەحمەد عەسكەری بۆ پۆستی سەرۆكی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (لەجیاتی خالید شوانی) پێشنیاز كردووە”.

لای خۆشیەوە، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروبارری ئایینی حكومەتی هەرێم بۆ میدیاكان وتی، “هیوادارین دوای جەژنی سەری ساڵ لەگەڵ یەكێتی كۆببینەوە، لە كۆبوونەوەكاندا زۆر بابەت هەیە باسدەكرێن و یەك لەو بابەتانە، گۆڕانكارییەكانی حكومەتە”.

جەختیشی كردەوە، تیمی وەزاری پارتی و یەكێتی بەردەوام لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان و هەندێ كێشە لە میانی كاركردندا دروست بوون، كە كێشەكان زیاتر سیاسین و هاتوونەتە ناو حكومەتەوە.

ئاشكراشی كردووە، بڕیارمانداوە لە دوای سەری ساڵ لەگەڵ یەكێتی كۆببینەوە و ئەو كێشە بچووكانە چارسەر بكەین، چونكە كێشەكان ئەوە نین بڵێین چارەسەر ناكرێن یان گرفتی گەورە دروست دەبن.

خەڵك؛ وردەكاری بەرزبوونەوەی دۆلار ئاشكرادەكات … ئاگاداربن دادەبەزێتەوە
پێشت خەڵك؛ وردەكاری بەرزبوونەوەی دۆلار ئاشكرادەكات … ئاگاداربن دادەبەزێتەوە
دۆلار ڕوو لە هەڵکشانە
دواتر دۆلار ڕوو لە هەڵکشانە
ەیوەندیدار