دۆلار ڕوو لە هەڵکشانە



تا دێت نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیاتر بەرزدەبێتەوە، بەجۆرێک نرخی ١٠٠ دۆلار ئەمڕۆ ١٥٥ هەزاری تێپەڕکردووە، ترس هەیە بەرزبوونەوەی زیاتر دۆلار کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و بازاڕەکانی دروستبکات.

١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ئەمڕۆ لە سلێمانی ١٥٥ هەزار و ٥٠٠ دیناری تێپەڕاند، لەکاتێکدا بانکی ناوەندی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٦ هەزار و ٥٠٠ دینار دەفرۆشێت، واتە نۆ هەزار دینار زیاترە.

ئێستا عێراق خاوەنی گەورەترین یەدەگی مێژووی خۆیەتی، کە ٩٠ ملیار دۆلار و ٩٦.٥ تۆن زێرە، بەڵام دراوەکەی بەردەوامە لە دابەزین، بەجۆرێک تەنها ئەمڕۆ بەهای دۆلار دوو هەزار دینار زیادی کردووە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی پشوودا ئەم دابەزینە بگاتە ئاستێک کە پێشتر ڕووینەداوە.

هۆکاری بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەگەڕێتەوە بۆ خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی، لە کاتێکدا سێ مانگی ڕابردوو لە هەفتەیەکدا پێنج ڕۆژ هەر ڕۆژێک ٢٢٥ ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا ئەم بڕە بەڕێژەی ٪٧٠.٦ کەمی کردووە، پێنج شەممەی ڕابردوو تەنها ٦٦ ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.

بۆچی بانکی ناوەندی فرۆشتنی دۆلاری بەم ڕێژە زۆرە کەمکردووەتەوە؟

چەند هۆکارێک بۆ ئەم پرسە هەیە:

یەکەم، کۆتایی ساڵ و بانکی ناوەندی ژمێرەی کۆتایی خۆی ئامادەدەکات.

دووەم، بەهۆی پشووی کۆتایی ساڵ بانکی ناوەندی کەمترین بڕی دۆلار دەخاتە بازاڕەوە.

سێیەم، بانکی ناوەندی لە هەوڵدایە بۆ ئەلیکترۆنی کردنی کارەکانی لەبری ڕێگا کلاسیک.

چوارەم کە بە سەرەکیترین هۆکار دادەنرێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ٣/١١ی ئەمساڵدا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڕیاردرا بە لێکۆڵینەوە لە کارکردنی ژمارەیەک بانک، بە گومانی سپیکردنەوەی دۆلار و گواستنەوەی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا گەمارۆی خستوونەتەسەر.

لە عێراقدا ٦٢ بانکی ناوخۆی و ١٨ بانکی بیانی هەیە، بەپێی زانیارییەکان نزیکی ٣٥ بانک هۆشداری لە کارکردنیان دراوە، چوار بانکیش بە فەرمی سزادراون، ئەوانیش: بانکی ئەلئەنساری، بانکی ئەلقەبا،بانکی ئیسلامی ئاسیا، بانکی شەرق ئەلئەوسەت.

بەپێی زانیارییەکان تەنها ئەم چوار بانکە ڕۆژانە  ٪٤٠ی کۆی دۆلاری بانکی ناوەندییان کڕیوە، ئەمەش وایکردووە بە داخستیان بۆشاییەکی گەورە لە بازاڕدا دروستببێت و دۆلار بەرزببێتەوە.

پێشتر عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرا کە لە لیستی سپیکردنەوەی دۆلاردا بوون، ماوەیەکبوو عێراق لەم لیستەدا دەرهێنرابوو، بەڵام بەو گومانەی ئێستا بڵاووبووەتەوە، عێراق جارێکی دیکە هاتووەتەوە ناو لیستەکە، ئەمریکا بە گومانی ناردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئەو وڵاتانەی گەمارۆی خستووەتە سەر داوای بەدواداچوون دەکات.

لەگەڵ ئەوەی خستنەڕووی دۆلار ٪٧٠ کەمی کردووە، بەڵام هێشتا کەمتر لە ١٠ هەزار دینار بەهای دۆلار زیادی کردووە، ئەمەش ئەوەدەخاتەڕوو، کە ئەو خواستە زۆرەی بۆ دۆلار لە بازاڕی عێراقدا هەیە، خواستی بازاڕی عێراقی نییە، بەڵکو خواستی ئێران، تورکی، سوری و لوبنانیە.

لەکاتێکدا داهاتی هاووڵاتیان ناگۆڕێت، بەڵام نرخی پێداویسییەکانی زیاد دەکات، ئەم بەرزبوونەوەیەش لە بەهای دۆلار کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دەبێت، هەڵئاوسانی ئابوری ڕوودەدات، جگە لەوەی بازاڕ خاودەکاتەوە، بەشێک لە شارەزایانیش پێیان وایە ئەگەر دۆلار دانەبەزێت ئەوا جگە لەو ترسەی بۆ هاووڵاتیان دروستدەبێت، عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە.

هاووڵاتیان چاویان لە دوای سەری ساڵە، پێیان وایە دوای سەری ساڵ بەهای دۆلار دادەبەزێتەوە و نرخەکان جێگیردەبنەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تا بەدواداچوون بۆ گومانەکانی سەر ئەو بانکانە یەکلای نەبێتەوە نرخی دۆلار بە بەرزی دەمێنێتەوە، دیارنابێت کەی بەهای دینار بەرزدەبێتەوە.

 

 

 

 

پارتی بڕیاری ڕێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی ڕاگەیاند
پێشت پارتی بڕیاری ڕێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی ڕاگەیاند
بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراك لە كۆتایی مانگدا هاووڵاتیان ئاگادار دەكرێنەوە
دواتر بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراك لە كۆتایی مانگدا هاووڵاتیان ئاگادار دەكرێنەوە
ەیوەندیدار