مەسرور بارزانی: خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بوونەتە قوربانی گەمەی سیاسی


سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز لە کوردستانییان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەندێک کەس و لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن.

ئەمڕۆ چوار شەممە، 20-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2724، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم و هیوای شادی و کامەرانیان بۆ دەخوازم”.

دەشڵێت: ” نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان هەمیشە هێمای سەرکەوتن و ئازادی و وەستانەوە بووە بەڕووی ستەمکار و زۆرداران و دەستپێکی ژیان و سەردەمێکی نوێیە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەداخەوە بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، بەڵام دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت”.

مەسرور بارزانی هیواشی خواستووە، “ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و ستەم وبێدادییەک بێت کە بەرامبەر گەلی کوردستان دەکرێت. نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و شادیدا بژین”.

 

شەقامێكی سلێمانی دادەخرێت
پێشت شەقامێكی سلێمانی دادەخرێت
عێراق پارەی دیكەی بۆ مووچەی هەرێم ڕەوانەكرد
دواتر عێراق پارەی دیكەی بۆ مووچەی هەرێم ڕەوانەكرد
پەیوەندیدار