گلەیی لە دادگای فیدڕاڵی مەكەن؟



هەندرێن شێخ راغب
لەهەرێمی كوردستان چوار سەرۆكایەتی هەیە، كە هەرێم بەڕێوەدەبەن  سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان گرنگترین سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەرییە، هەموو ئەوانەی ئێستا لە بەغدا روو دەدات بەرامبەر هەرێمی كوردستان زۆر بە ئاسانی ئەنجومەنی دادوەری دەیتوانی چارەسەری بكات، بۆ نمونە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، چارەسەركردنی پرسی كۆتاكان و پێكهاتەكان، مەسەلەی هەمواركردنەوەی كۆمسیۆنی ناوخۆی هەرێم، رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان،بەڵام كاتێك حزب دێت و كۆی دامەزراوە نیشتمانیەكان ئیفلیج دەكات و نەفەسیان دەبڕێت ئەوە دەرەنجامەكەیەتی.

سەیرە ..ئەگەر حیزبەكان پەیوەندیان باش بێت، هەڵبژاردن دەكرێت و كۆمسیۆن ویاساكانی هەموار دەكرێتەوەو رێڕەوی سیاسی باش كار دەكات، بەڵام ئەگەر دەسەڵات و بەرژەوەندی و خۆ سەپێنی حیزبەكان كێشەی تێكەوت، ئیدی پەرلەمان و دادوەری و دام و دەزگا وەك دووكانێكی بەتاڵ دادەخرێن.
ماوەی سی ساڵ زیاترە دنیا داوا لە ئێوە دەكات، دامەزراوە نیشتمانیەكانتان بەهێز بكەن، هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكەن، رێز لە مافی مرۆڤ و ئازادی را دەربڕین و رۆژنامەوانی بگرن، ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات ئەنجام بدەن، هێزە چەكدارەكانتان بكەنە نیشتمانی و دەستی حیزبی لێ دوور بگرن. كەچی لەبری وەرگرتنی ئەم دڵسۆزی و بەرچاو روونیەو هاوكارییە، رۆژ بە رۆژ خراپتر مامەڵە دەكەن.
ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی عێراق داویەتی بەرامبەر هەرێمی كوردستان، هەمووی دەكرا دادوەرە بەڕێزەكانی كوردستان بیدەن و جوان رێكی بخەن خزمەتی بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان بكات. بەڵام كاتێك حیزب وەك بارەگایەكی حیزبی سەیری دادگاو وەك ئەندام ناوچەو كۆمیتە سەیری دادوەر دەكات. ئەوە دەرەنجامەكەیەتی كە دەیبینی؟ بۆیە گلەیی لە كەس مەكەن و دادگای فیدڕاڵی خۆتان چوون لە دەرگاتان داوە، خۆتان هەرێمتان گەیاندە ئەو رۆژە.
هەڵبژاردن نەكرێت؟ چۆن شەرعیەتی دەسەڵاتتان نوێ دەكەنەوە؟ ئێوە دادگاو كۆمسیۆن و دیموكراسی و هەڵبژاردن و هەرێمی كوردستان و هەموو شتەكانتان تەنها بۆ ئەوە دەوێت، كە لە دەسەڵات بن، هەر كاتێك دەسەڵاتتان نەما، ئەوانە دادەخرێن و دوا دەخرێن.
باشترین بژاردە بۆ روبەڕووبونەوەی مەترسیەكانی سەر هەرێمی كوردستان  بریتی یە لەوەی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە بۆ سیاسەتێكی كوردستانی كراوەی شەفاف و دیموكراسی و رێزگرتن لە راو بۆچونی جیاوازو ئەنجام دانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردو قبوڵ كردنی نەتیجەكەی مەترسیەكانی سەر قەوارەی هەرێم ئەوكاتە جددییە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان سنورەكانی چۆڵ كردو بەرگری نەكرد.
ئەوەی دیكە هەمووی پێچ و دەوری حیزبە بۆ ئەوەی فۆبیایەك لای خەڵك دروست بكات لە بەرژەوەندیەكانی خۆی و دەسەڵاتی خۆی، باجەكەشی ئەوەتا موچەخۆرو مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتی و كاسبكاران دەیدەن  ئەم عەقڵیەتە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم تەواو بووەو زیانی زۆرترە لە قازانج، ئەوەیە مەترسی نەبونی دیموكراسی.
ئەگەر هەرێم بە پێوەری دیموكراسی سیستەمی سیاسی بەڕێوەبردبا، ئەم كێشانەی ئەمڕۆ هیچ كاریگەرییان لەسەر دۆخەكە نەدەبوو. بەڵام بە پێوەری حیزبۆكراسی، ئەوە دەرهاویشتەكانیەتی كە قەیران لەدوای قەیران بەرۆكمان دەگرێت، لای من گرنگترین ئامرازی سیاسی حیزبەو حیزب ئۆرگانە هەرە گرنگەكەی ناو پرۆسەی سیاسیەو دەبێت خاوەنی حیزبی بەتوانا بین، بەڵام حیزب وەسیلەیە، ئامانج نیە.
هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
پێت هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
پارێزگاری دهۆک: زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە
دوات پارێزگاری دهۆک: زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە
پەیوەندیدار