ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

داوا دەكرێت هەرێم بەدەم دەستپێشخەریەكەی عیراقەوە بچێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
سەرۆكی فراكسیۆنی پێشووی گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و مادەی 140 ی دەستوری عیراق سەرۆكوزیرانی ئێستای عیراق دەستپێشخەریەكی كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم و لایەنەسیاسیە كوردیەكان بێ دەنگن.

ئەمین بەكر ، سەرۆكی فراكسیۆنی پێشووی گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، عادل عەبدول مەهدی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەپڕۆژە یاسای بودجەی عیراق و هەروەها چارەسەركردنی كێشەی مادەی 140 دەستپێشخەریەكی كردووە، چاوەڕێ بووم حكومەتی هەرێم و لایەنەسیاسیەكوردیەكان زۆر بەگەرمی پێشوازی بكەن بەڵام بێ دەنگن.

دەشڵێت،”ئێستا پێویستە گرنگی بدەن بەو پێشنیارەی سەرۆكوەزیران، كە داوای دورستكردنی لیژنەیەكی هاوبەشی حكومی و پەرلەمانی كردووە، بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی عیراقدا، و هەروەها چارەسەركردنی كێشەی مادەی 140 ی دەستوری عیراقی”.

ڕاشیگەیاندووە، پێویستە كورد هاوكاری عادل عەبدول مەهدی بێت، تا هەوڵەكەی بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكانی حكومەتی عیراق و هەرێم زیاتر بكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێویستە حكومەتی هەرێم دەست بە چڕكردنەوەی هەوڵی دبلۆماسی نێودەوڵەتی و عیراقی بكات بۆ بەدەستهێنانی هاوكاری پارتە و هێزە سیاسیە عیراقیەكانی دیكە وەك دەوڵەتی یاسا و فەتح و سائیرون و نەسر و تەیاری حیكمە هێزە سونیەكان و تەواوی هێز و لایەنەكانی دیكەش، بۆ پڕۆسەی چارەسەری یان لانیكەم نەبنە فشار و ڕێگر.

ئەمین بەكر دەشڵێت،”ڕێگەیەكی دیكەش لە بەردەم كورد ئەوەیە، كە لیژنەیەكی تایبەتمەندی تایبەت لەبواری بودجە و نەوت بچێتە بەغدا كە خەمی بەرژەوەندی گشتیان بێت، تا لەگەڵ حكومەتی عیراق و وەزارەتی دارایی عیراق بكەونە گفتوگۆ وە، بۆ ئیشكردن لەیاسای بودجەی عیراقدا، كە زۆر خەرجی نا دەستوری تێدایە و دەتوانرێت بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت ئەگەر نیەتی چارەسەر هەبێت”.

ئاشكراشیكردووە، ئەمانەی باسكران دەكرێت بەو مەرجەی ئەگەر پارتی و یەكێتی واز لەبەرژەوەندیە حزبی و بنەماڵەیەكانیان بهێنن و ئەم دەست پێشخەریەش نەكەنە قوربانی بەردەوامی سیاسەتە شكست خواردوەكانیان لە قۆرخكردنی سامانی گشتی وفرۆشتنی نەوتدا.

کوردستان

زەوی بەسەر وارسی شەهیدان و مامۆستایاندا دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
شارەوانی هەڵەبجە دەست دەكات بەدابەشكردنی زەوی بەسەر وارسی شەهیدان و كیمیاباران و ژمارەیەكی زۆر لەمامۆستایاندا كە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە.

ئەمڕۆ شەممە، كوێستان ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی پارێزگەی هەڵەبجە لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوێنەری یەكێتیی مامۆستایان ڕایگەیاند:” بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر وارسی ئەهشدان و كیمیاباران و مامۆستایان و فەرمانبەران، چاوەڕێی دانانی نەخشەی بنەڕەتی و یەكلاكردنەوەی ئەو زەویانەن كە بڕیارە بدرێنە شارەوانی”.

بە وتەی كوێستان ئەكرەم:” 900 پارچە زەوی ئیفرازكراویان هەیەو لەهەفتەی داهاتووەوە دەستدەكەن بەدابەشكردنی و سەرەتاش لەوارسی شەهیدان و كیمیابارانكراوانەوە دەستپپێدەكات، دواتریش ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە”.

سەرۆكی شارەوانی پارێزگەی هەڵەبجە دەڵێت:”چاوەڕی دەزگای شەهیدان دەكەن بۆ ڕەوانەكردنی لیستی وارسی شەهیدان كە مافی خۆیانە زەویان پێبدرێت، هەروەها جگە لەوارسی شەهیدان و كیمیاباران، زەوی بەسەر وارسی شەهیدانی لایەنە سیاسیەكانیشدا دابەشدەكەن”.

هەرۆ لە كۆنفرانسە ڕۆژتامەوانییەكەدا، نوێنەری یەكێتی مامۆستایان ڕایگەیاند:”پارێزگەی هەڵەبجەو شارەوانی زۆر هاوكارییان كردوون بۆ دابینكردنی پارچە زەوی بۆ مامۆستایان، ئەو مامۆستایانەشی زەوییان پێدەدرێت ژمارەیان 280 مامۆستایە، و لەساڵی 2005ەوە كە دەكاتە 14 ساڵ، فەرمانی وەگرتنی زەوییان هەیە و مافی خۆیانە زەوییەكانیان وەربگرن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی دەكات
(خەڵك) وردەكاری نوێ‌ لەبارەی كوژرانی هاوڵاتییە عەرەبەكەی شەقڵاوە ئاشكرا دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وردەكاریی نوێ‌ لەبارەی كوژرانی هاوڵاتییە عەرەبەكەی شارۆچكەی شەقڵاوە، ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ شەممە، هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”هاوڵاتییەكی عەرەبی دانیشتووی شەقڵاوە بە ناوی (م.خ.أ) كە لە دایكبووی 1980ی پارێزگەی ئەنبارە، لە ڕۆژی 17ی ئەم مانگەوە بزربووە، تا ئەوەبوو دوێنێ‌ هەینی تەرمەرمەكەی لە یەكێك لە مۆتێلەكانی شەقڵاوە دۆزرایەوە”.

بە وتەی هۆگر عەزیز”كەسێك كە پاسەوانی مۆتێلەكەیە، دیارنەماوە و دانیشتووی شاری موسڵە، دیارە دەستی لە تاوانەكەدا هەیە، بۆیە لەئێستادا ئەوان دەستییان بە لێكۆڵینەوە كردووە و كار بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەكە دەكەن”.

بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی پارێزگەی هەولێر، قوربانییەكە ئۆتۆمبێلەكەی دیارنەماوە و پێدەچێت تاوانبارەكە بۆ دزینی ئۆتۆمبێلەكەی تاوانەكەی كردبێت، بۆیە كار بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئۆتۆمبێلەكە دەكرێت تا لێوەی تاوانبارەكە دەستگیربكرێت.

لە زۆربەی پارێزگەكانی عیراق بە پارێزگەكانی هەرێمی كوردستانیش، ناوبەناو كاریی كوشتن و ڕفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل و پارە لەلایەن باندە نەناسراوەكانەوە ئەنجام دەدرێن، لە هەمان كاتدا هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسیش ئاماژە بە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان دەكەن بۆ دەستگیركردنی زۆرێك لەو باندە تاوانكارانە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاوڵاتییەكی عەرەب لە شەقڵاوە كوژرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرچاوەیەكی ئەمنی ڕایدەگەیەنێت، هاوڵاتییەكی دانیشتووی فەللوجە لە ناوچەیەكی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگەی هەولێر، لەكاتی هەوڵی دزینی ئۆتۆمبێلەكەی لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە، كوژرا.

ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ماڵپەڕی (سۆمەریە نیوز)ی ڕاگەیاندووە”ژمارەیەك چەكداری نەناسراو، هاوڵاتییەكی خەڵكی فەللوجەیان لە ناوچەی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگەی هەولێر كوشتووە و ئۆتۆمبێلەكەیان دزیوە”.

بەوتەی سەرچاوەكە كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات”تەرمی هاوڵاتییەكە گەڕێنراوەتەوە بۆ شاری فەللوجە، تا ئەمڕۆ لە شارەكە بەخاكبسپێردرێت”.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی ڕووداوەكە، (خەڵك) پەیوەندی كرد بە هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگەی هەولێر، بەڵام ڕەتیكردەوە هیچ زانیارییەكی لەو بارەیەوە پێگەیشتبێت.

لە زۆربەی پارێزگەكانی عیراق بە پارێزگەكانی هەرێمی كوردستانیش، ناوبەناو كاریی ڕفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل و پارە لەلایەن باندە نەناسراوەكانەوە ئەنجام دەدرێن، لە هەمان كاتدا هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسیش ئاماژە بە چڕكردنەوەی هەوڵەكانيان بۆ دەستگیركردنی زۆرێك لەو باندە تاوانكارانە دەكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان