بۆ مانگی ڕەمەزان لە “خەڵک” ەوە داوایەک لە هاووڵاتییان دەکرێت


ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا نرخی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕەکانی هەرێم بەرزدەبنەوە، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمیش داوا لە هاووڵاتییان دەکات، “پەلە نەکەن لە کڕینی هەموو شتێک بەیەکەوە”.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، “بازاڕ خواست و خستنەڕووە، کاتێک خواست لەسەر کاڵایەک زیادبکات و خستنەڕووی کەمبێت بێگومان نرخەکەی بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئێمە بۆ ڕێگری کردن لە هەڵاوسانی نرخەکان لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانی ڕەمەزان دەکەین”.

وتیشی، ئێمە لەسەرەتای مانگی ڕەمەزاندا دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان دەکەین کە لە ١١ ماددەی خۆراکی پێکدێت، بۆئەوەی هاووڵاتییان لێی سوودمەندببن، بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان نیشاستە، مەعکەرۆنی، ئاردی سفر و شعریە زیادکراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزنەبوونەوەی نرخەکان دەبێت، چونکە بەشێکی پێداویستی هاووڵاتییان پڕدەکاتەوە و بۆیە خواست لەسەر ماددە خۆراکییەکانی بازاڕ زیاد ناکات.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا نرخی ماددەە خۆراکییەکان لە بازاڕەکاندا وەک خۆیەتی و بەرزنەبووەتەوە، کاڵایەکی زۆریش لە بازاڕدا هەیە و خواستی هاووڵاتییان پڕدەکاتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراکییەکان، نەوزاد شێخ کامیل ئەوەی خستەڕوو، هەندێک بازرگان دەرفەت دەقۆزنەوە، کاڵاکانیان دەشارنەوە وبڕێکی کەمی دەخەنە بازاڕەوە، بۆئەوەی نرخەکەی بەرزببێتەوە، هەر بۆیە لێرەوە دەمەوێت هۆشیارییەک بە هاووڵاتییان بدەم، کە پەلە نەکەن لە کڕینی هەموو شتێک بەیەکەوە، چونکە هەموو کاڵایەک لە بازاڕدا هەیە بۆیە پێویست ناکات ٥٠ کیلۆ برنج یاخود ٢٠ دەبە زەیت بەیەکەوە بکڕن، بەڵکو بەپێی پێداویستی ڕۆژانە و هەفتانە شت بکڕن.

سەبارەت بە نرخی گۆشت باسی لەوەکرد، وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ پێشنیارمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆئەوەی لەوە زیاتر نرخی گۆشت بەرزنەبێتەوە چەند ڕێکارێک بگرنەبەر، بڕیارە لە کۆتای ئەم هەفتەیەدا چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری کردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت بگیرێتەبەر.

وتیشی، لە مانگی ڕەمەزاندا خەڵک زیاتر حەزی لە گۆشتە و ئەمەش جارێکی دیکە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبێت، بەڵام هەندێک ڕێکار هەیە ئەگەر بگیرێتەبەر نرخی گۆشت بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئوەشی خستەڕوو، ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی باج و گومرک لە دەروازەکان کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەکان دەبێت، چونکە لە ڕابردوودا کە نرخی گۆشت بەرزبووەوە حکومەتی هەرێم بۆ ماوەی ٦ مانگ باجی لەسەر بازرگانەکان هەڵگرت، بەڵام دەبێت هاووڵاتییانیش هۆشیارییان هەبێت کە ئەوەندە کاڵا بکڕن کە پێویستییانە.

هاوکات ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، گرانبوونی نرخەی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لای هاووڵاتییان دروست دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە هاووڵاتییان لە بەهۆی چەندین قەیرانی دیکەی وەک دواکەوتنی مووچە بژێوی ژیانیان سەخت بووە، گرانبوونی کاڵا و پێداویستییە خۆراکییەکانیش هێندەی دیکە سەختی دەکات.

لە بەشێکی هەرێم نمەباران دەبێت و بەشێکی دیکە خۆڵبارین
پێشت لە بەشێکی هەرێم نمەباران دەبێت و بەشێکی دیکە خۆڵبارین
شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە
دواتر شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە
پەیوەندیدار