بۆچی بەهای دینار بەم جۆرە هاڕەی کرد؟



بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین، سۆران عومەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بانکی ناوەندی دەیەوێت کۆنتڕۆڵی فرۆشتنی دۆلار بکات، چونکە بازاڕی دراوی عێراق لەو سەر جادەیەیە و وڵاتان چەند بیانەوێت دۆلار دەبەنە وڵاتی خۆیان.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لە تۆڕی میدیای (خەڵك) لەبارەی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زانیاری دەخاتەڕوو.
خەڵك: بۆچی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزیووە؟
سۆران عومەر: نرخی دینار ئێستادا بەرامبەر دۆلار دابەزیووە، لە کاتێکدا پێشتر بەرزبووەتەوە، ئەمە پەیوەندی بە هەندێک ڕێکاری نوێوە هەیە لە بانکی ناوەندی عێراقەوە هەیە کە گرتوویەتیەبەر بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی فرۆشتنی دۆلار بکات، چونکە عێراق لە بانکی جیهانی مەزادی عوملەی هەیە، هەروەها زۆرینەی داهات لە ڕێگای داهاتی فرۆشتنی نەوتە، وە داهاتەکەش بە دۆلارە لە ڕێگای بانکی ناوەندیەوە دەفرۆشرێت بە چەند بانکێک، بەشێک لەم بانکانە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا ڕێککەوتنیان هەیە، گوایە بەشێکی دەبرێت بۆ هێنانی شتومەک بۆ عێراق، لەمەدا سپیکردنەوە و بردنە دەرەوەی ئەم پارەیە هەیە.

خەڵك: لە عێراق سپیکردنەوەی پارە چۆن دەکرێت؟
سۆران عومەر: عێراق لە ماوەی ڕابردوودا لە ناوچەی هێڵی سووری سپیکردنەوەی پارە بووە گەمارۆی لەسەر بووە، ماوەیەک لە هێڵی سووردا نەما، بەڵام جارێکی تر ئەم پڕۆسەی سپیکردنەوەی پارەیە چاوی کەوتووەتە سەر، کۆمەڵێک بانک تۆمەتی گەورەیان لەسەرە، لە ڕێی کۆمەڵێک کۆمپانیای وەهمی بە ناوی هێنانی کاڵە بۆ ناوخۆ، لەکاتێکدا کاڵەکە ناهێنن و پارەکە بۆ هەر وڵاتێک بیانەوێت ڕەوانەی دەکەن، ئەمە سپیکردنەوەی پارەیە.
هەروەها هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەند بانکەی ئێستا پێدانی دۆلاریان لێسەندراوەتەوە، بووەتە هۆی خاوبوونەوەی بازاڕی دۆلار، جگە لەوەش وڵاتانی دراوسێ دۆلار دەکڕن و دەیبەن، ئەمەش وادەکات خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار هەبێت.

خەڵك: ململانێ دەرکییەکان و دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی تا چەند کاریگەری لەسەر ئابوری عێراق دروستکردووە؟
سۆران عومەر: دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی لە ئابوری، بۆردومان، بەزاندنی سنورەکان و سیاسەت بە هەموو شێوەیەک کاریگەری هەیە، بەداخەوە عێراق سەروەریەکەی پێناپارێزرێت بەڵام ئەمریکا گەمارۆی تەواوی لەسەر ئێران هەیە، بۆ ئەوەی دۆلار لە عێراقەوە نەچێت بۆ ئێران، بە تایبەت کە لە ماوەی ڕابردوودا عێراق بە بڕی پێنج ملیار دۆلار پارەی غازی ئێران قەرزار بووە، ئەمریکا ڕێگانادات لە عێراقەوە دۆلار بۆ ئێران بچێت، بەڵام پێدەچێت ڕاستەوخۆ پارەکەیان بۆ ڕەوانەکردبێت بۆیە بەم جۆرە ئەمریکا هاتووەتە سەر خەت.

خەڵك: دۆخی ئێستای بازاڕێ دراوی عێراق چۆنە؟
سۆران عومەر: بازاڕی دراوی عێراق بازاڕێکە لەو سەر جادە و خەڵک دراوی بیانی وڵاتانی دراوسێ دەهێنیت و مامەڵەی پێوەدەکات، خەڵکێک ئازادانە تمەن و لیرە دەهێنیت و دەیگۆڕیت، بۆیە ئەمەش خواست لە بازاڕەکەدا زیاد دەکات.

خەڵك: دەبێت چی بکرێت تا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دانەبەزێت؟
سۆران عومەر: ئەرکی بانکی ناوەندیە نرخی دراو و دۆلار ڕابگرێت، وڵاتانی دراوسێی ئێمە زۆر ڕووەوە لە عێراق پێشکەوتووترن، بەڵام بەهای دراوەکەیان خراپ دابەزیووە، عێراق تا ئێستا تواینویەتی بەهای دراوەکەی بپارێزێت و نەیەڵێت بشکێت، ئێستا چاومان لەسەر ئەوەی لەگەڵ بانکی ناوەندی و حکومەت کە نەیەڵین داببەزێت و بەپێچەوانەوە دەبێت بەشیکی دیکەش سەربەکەوێت، چونکە عێراق ئێستا یەدەگێکی باشی زێر و دۆلاری هەیە، بۆیە هی ئەوە نییە پارەکەی وایلێبێت.

خەڵك: ئایا بەهای دینار بەرزدەبێتەوە؟
سۆران عومەر: نرخی دۆلار بۆ هاووڵاتی و بازاڕ کێشەی زۆری دروستکرد، داهاتی خەڵک بە دینارە بەڵام کرینی بەشێکی کاڵاکانی بە دۆلارە، دابەزاندنی بەهای دۆلار ئەرکی بانکی ناوەندییە کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، بەڵام بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا چونکە پارەی داهاتی نەوتی عێراقی تێدایە بەوە ڕازینابێت دینار بەرامبەر دۆلار بەرزببێتەوە، بەڵام دەبێت جێگرییەک لە بەهای دیناردا و دۆلار هەبێت تا هاووڵاتیان توشی دڵەڕاوکێ نەبن.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا پەیامێكی بڵاوكردەوە
پێشت نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا پەیامێكی بڵاوكردەوە
ژمارەی گیان لەدەستدانی ڕووداوی تەقەكردنەكەی پاریس بەرزبووەوە بۆ 3 كەس
دواتر ژمارەی گیان لەدەستدانی ڕووداوی تەقەكردنەكەی پاریس بەرزبووەوە بۆ 3 كەس
ەیوەندیدار