ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

سەبارەت بە پارەی پەرلەمانتاران

د. مەریوان وریا قانع

هەموومان دەزانین پەرلەمانی كوردستان لە ڕۆژی دروستبوونییەوە هەرگیز تیپی یەكەمی سیاسەتكردن نەبووە لە هەرێمدا، هەموو كەسایەتیی و گروپە خاوەن دەسەڵاتەكانی ناو هەرێم بەردەوام لەدەرەوەی پەرلەمان و زۆربەی جاریش لەدەرەوەی حكومەتەدا بوون.
بەڵكو بەشێكبوون لە ”دەسەڵاتێكی تەریب“ كە هیچ كەس و لایەنێكی فەرمیی نەتوانێت لێیان بپرسێتەوە، مەكتەبی سیاسییەكان وەك نموونە. هەرزوو ئەم مۆدێلە سیاسییە دۆخێكی دروستكرد تیایدا پەرلەمان ببێت بە جۆرێك لە ”دیكۆری سیاسیی“ و كاری سەرەكیی ئەوە بێت ڕەوایەتییەكی درۆزنانە بە هێز و دەسەڵاتی هەموو ئەوانە بدات كە دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی هەرێمەكە بوون، بە تایبەتی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە سوڵتانییەكە و مەكتەبی سیاسییەكان و هەندێك لە ئەندامانی سەركردایەتی دوو پارتە حوكمڕانەكە.
جگە لەمە پەرلەمان وێنەیەكی بە جیهانی دەرەوە نیشان ئەدا كە سیستمە سوڵتانییەكەی وەك سیستمێكی پەرلەمانی پلورال نمایشدەكرد، بۆ هەموو ئەمانەش پەرلەمانتاران هەم مووچەیەكی زۆر بەرز و هەم كۆمەڵێك ئیمتیازاتی زۆری تریان بۆ دابینكرا.
لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و هاتنەكایەی ئۆپۆزسیۆندا گۆڕانێك بەسەر ڕۆڵ و ئەركی پەرلەماندا هات، ئەگەرچی گۆڕانیش تیمێكی بۆ پەرلەمان نارد كە تیمی یەكەمی سیاسەتكردنی نەبوو، بەڵام ئەندام پەرلەمانەكانی ئەم هێزە و ئەوانی ئۆپۆزسیۆنیش، لە درێژەی كاركردنی ڕۆژانەی خۆیاندا، توانیان پەرلەمان لە ”دیكۆرێكی سیاسیی“ەوە بگۆڕن بۆ ”هێزێكی پەراوێزیی“ خاوەن ”دەسەڵاتێكی پەراوێزیی“.
كێشەكە لەوەدایە ئەو سیستمە سوڵتانییەی دەسەڵاتادارانی ھەرێم لەسەر پێگەی خراپ بەكارھێنانێكی بەردەوامیی دەسەڵات و گەندەڵییەكی كەموێنە و قۆرخكردنێكی ترسناكی دەسەڵاتەكان دروستیانكردوە، بەرگەی ھیچ میكانیزمێكی سیاسیی كۆنترۆڵنەكراو و ھیچ شێوازێك لە چاودێریی و لێپرسینەوەی یاسایی ڕاستەقینە ناگرێت.
ئەمە وایكردن بۆشاییەك لەنێوان دەسەڵات و پەرلەماندا دروستببێت كە پڕكردنەوەی ھەمیشە ئاسان نەبێت.
پەرلەمان زۆرجار لە پێگەی پەراوێزیی خۆیەوە دەیتوانی كێشە و قەیرانی گەورە بۆ سیستمە سیاسییەكە و بۆ پەیوەندییە باڵاكانی دەسەڵات، دروستبكات، تا ئەو سنوورەی لە ھەندێك ساتدا سیستمە سیاسییەكە گیری بە دەستی ئەو دەسەڵاتە پەراوێزییەی پەرلەمانەوە دەخوارد، تا كار گەیشتە ئەوەی مەسعود بارزانی، بەرزترین سێنتەری دەسەڵات لە ناو سیستمەكەدا، لەسەر یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم، كە پەیوەندیی بە كورسییەكەی خۆیەوە ھەبوو، دەرگاكەی دابخات و پەرلەمانتارەكان بنێرێتەوە ماڵەوە.
لەدوای داخستنی پەرلەمانیشەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بەتایبەتی پارتی، كەوتنە پرۆسەی بێنرخ و ناشیرنینكردنێكی سیستماتیك و بەرفراوانی پەرلەمان و پەرلەمنتارانەوە، بەسەدان شێوە كەوتنە گاڵتەپێكردن و شكاندنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و بەتاڵكردنەوەیان لەلانی ھەرەكەمی ڕێز و مانا.
لوتكەی ئەم بێنرخكردن و شكاندنە لە دواھەمین ھەڵبژاردندا لە كاندیدكردنی چەندەھا كەسدا دەردەكەوێت، كە ھیچ سیفەتێكی وایان تێدا نییە ببنە ئەندامی دەزگایەكی سیاسیی وا گرنگ.
مەسەلەی ئەم ملیۆنەھا دینارەی ئێستاش ھەڵقەیەكی ترە لە شكاندنی شكۆی تەواوەتی پەرلەمان وەك دەزگایەك و پەرلەمانتاریش وەك بكەرێكی سیاسیی بەرپرسیار و خاوەن كەسایەتیی.
كێشەكە لەوەدایە ئەمجارە زۆرینەی ھەرە زۆری پەرلەمانتاران خۆیان، بەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، بەشدارن لەم بێنرخكردنە گەورەیەی خۆیان و دەزگاكەیان.
لە ئێستادا دۆخێك لە ھەرێمدا دروستبووە تیایدا لە چاوی ھاوڵاتیانەوە پەرلەمان بووە بە سوكترین دەزگای سیاسیی ناو مێژووی سیاسیی ئێمە و پەرلەمانتارانیش بە سوكترین كەسایەتی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی.
ئێستا پەرلەمان لەوە كەوتوە ڕۆڵێكی دیكۆریش بگێڕێت، بەڵكو بووە بە دەزگایەك ناشیرنتر لە دەزگا سیاسییەكانی تر.
ئەوەی دەسەڵات چاوەڕوان بوو بیكەن، پەرلەمانتارەكان لەو چاوەڕوانییانە زیاتر دەكەن و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆش بەشدارن لە سوكایەتیكردنێكی ڕەھادا، ھەم بەخۆیان و ھەم بە پەرلەمانەكەیان.

وتار

سەقامگیری سیاسی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا

جەمال حمەرەشید

گەشە کردن و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک وابەستەیە بە بونی حوکمڕانیەکی باش و ڕەشید، حوکمی رەشیدیش بەرهەمی سیستمێکی سیاسی تەندروستە، کە سەقامگیری سیاسی فەراهەم بکات.

لە سیستمە سیاسی یە هاوچەرخەکاندا تا ڕادەیەکی باش هەوڵی بە دیهێنانی سەقامگیری سیاسی دراوە لە وڵاتدا ئەویش بە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کاتێک بەدی دێت کە هەریەک لەو دوانە ڕێز لێگیراو بن لە دەوڵەتدا و بە یاسا ئەرک و مافیان دیاری کراو بێت .

پێویستە ئەو هەستە لای دەسەڵات و خەڵکیش دروست ببێت کە بونی ئۆپۆزسیۆن گەرەنتی بەدیهاتنی حوکمڕانی باش وتەندروستە وە بەشێکی سەرەکی سیستمی سیاسی یە، چونکە کاتێک ئەم تێڕوانینە هەبوو ئەوا ئیتر گومانی خراپ بە ئۆپۆزسیۆن نابرێت و بەردەوام وەک تۆمەتبار سەیری ناکرێت و تۆمەتی جۆراو جۆر بخرێتە ئەستۆی.

پێویستە لە سیستمی سیاسیدا بە ڕونی هێڵەکانی جیاکەرەوەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دیاری بکرێت، تا خەڵک و جەماوەر دوچاری چەواشە کردن نەکرێن و حیزبەکانیش ئەوەندە نەتوانن یاری بە هەستی میللەت بکەن، لە لایەک بەشدار بن لە حکومەت و لە لایەکی ترەوە لە شەقام و ڕاگەیاندنەوە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕن ، بەمەش هەم دەسەڵات دوچاری شکست دەکەن و هەم سەر لە جەماوەریش دەشێوێنن و دەبنە هۆی ئەوەی خەڵک متمانەی بە پرۆسەی سیاسی نەمێنێت و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە یەک چاو سەیر بکات.

ئەگەر سەیری سیستمی سیاسی وڵاتانی پێشکەوتو بکەین، دەبینین بونی ئۆپۆزسێونێکی ڕوون و ئاشکرا لە بەرامبەر دەسەڵات جۆرێک لە سەقامگیری و هاوسەنگی دروست کردوە، بۆ نمونە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە نێوان کۆماریەکان و دیموکراتەکاندا بەردەوام ڕۆڵەکانیان دەگۆڕێت. یان وڵاتێکی وەک بەریتانیا بەردەوام دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە نێوان هەردوو حیزبی کرێکاران و پارێزگاراندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئەمە وەک ئەو دوو وڵاتەی کە پەیڕەوی لە سیستمی جوت حیزبی سەرەکی دەکەن .

ئەو وڵاتانەشی کە پەیڕەوی لە سیستمی فرەیی سیاسی دەکەن وەک چەندین وڵاتی پێشکەوتوی ئەوروپی ، بۆ نمونە لە فەڕەنسا لایەنێک یان ئەو چەند لایەنەی کە حکومەت پێک دەهێنن بە واقعی بەشدارن لە بڕیاری حکومەت و ئەو لایەن یان چەند لایەنەشی کە دەبنە ئۆپۆزسیۆن بە تەواوی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن ، بەمەش جەماوەر زۆر باش دەتوانێت هەڵسەنگاندن بکات بۆ ئەدای دەسەڵات یان کارایی ئۆپۆزسیۆن و لە هەڵبژاردنەکاندا متمانەی خۆی بدات بەو لایەنەی کە جێگەی ڕەزامەندیەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا .

لە کوردستان بۆ ئەم قۆناغەی داهاتو کە پێ دەچێت ڕەشنوسی دەستور لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت ، پێویستە لە دەستوردا ڕەچاوی گەرەنتی بونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا بکرێت و مافەکانی دیاری کراو بێت، بۆ ئەوەی کوردستان بەرەو سیستمێکی سیاسی سەقامگیر هەنگاو بنێت و دەسەڵات بتوانێت مومارەسەی حکومڕانێکی دروست بکات و ئۆپۆزسیۆنیش ڕۆڵی بەرچاو بێت و خەڵک بتوانێت هەڵسەنگاندنی دروست بۆ هەردوو لا بکات و کۆمەڵگە بەرەو قۆناغی گەشەکردن هەنگاو بنێت و متمانە بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێم .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

(خەدیجە) ڕۆڵی ژنێکی تورک لە کوشتنی خاشقچی دا

سەلاح خدر

پرسی هاوسەرەکانی (ڕۆژنامەنوس) جەمال خاشقچی ئیخوانی سەربە ئەردۆغان، چەند ڕۆژێکە پاش ئاشکرابوونی هاوسەرێکی نوێی بووەتە بابەتی ڕۆژەڤی میدیاکان، هاوسەرگیریی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خاشقچی نهێنی بوون و هیچکام لە هاوسەرەکانی ئاگاداری یەکتر نەبوون. ئەو بەڕەسمی سێ جار چووەتە ئەو پڕۆسەیەوە، کە گوماناوی ترینیان دواین دەسگیرانی بووە لەگەڵ ژنێکی تورک.
هاوسەری یەکەمی خاشقچی، دكتۆرە ئەلا مەحمود نصيف لە سعودیە، پاشان حەنان لە میسر
و دواینشیان خەدیجە جەنگیز بووە لە تورکیا.
دکتۆرە ئەلا لە بنەماڵەیەکی سعودییە، و خاوەنی چەند کچ و کوڕە لە جەمال کە گەورەکەیان عەبدوڵایە.
حەنان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاکاندا دەرکەوتووە، پێش کوشتنەکەی خاشقچی بە چەند مانگێک هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، حەنان بەڵگەی هاوسەرگیریەکەی و وێنەی گواستنەوەکەی لەگەڵ ناوبراو بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت بە نهێنی لە ئەمەریکا مانگی هەنگوینی و ئاهەنگی هاوسەگیرییەکەیان بەڕێکردووە و ئەو ئاگاداری هاوسەرەکانی دیکەی خاشقچی نەبووە.
گوماناوی ترین هاوسەرگیری خاشقچی لەگەڵ خەدیجە جەنگیزە کە بەڕەگەز تورکە، خەدیجە ساڵی ٢٠١٣ کۆلێژی ئیلاهیات بەشی مەزهەبەکان لە زانکۆی ئیستەمبوڵ تەواو کردووە، پاشان ماجستێری لە زانکۆی مەسقەتی عومان لە پرسی عومانی و پەیوەندی عومانی – فاسی دا وەرگرتووە، ماوەیەک لە وەقفی هاوکاری مرۆیی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی سەربە دەوڵەتی تورک کاری کردووە، یەکێک بووە لەو کەسانەی لە کەشتی ماڤی مەرمەرەی تورکیا بۆ شکاندی گەمارۆی سەر کەرتی غەزەی ساڵی ٢٠١٠ چووەتە فەڵەستین، بەرلە گەیشتنیان ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەوە و ١٠ کەسیان لێکوژرا و ٦٠ی دیکەیان لێ بریندار کردن، پاشان دەرکەوت کە ئەو ڕووداوە گەمەیەکی نێوان حکومەتەکەی ئەردۆغان و ئیسرائیل بووە بۆ پێشخستن و بەکاریزماکردنی ئەردۆغان لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی دا.
بەهۆی ئەوەی عەرەبی زانێکی باش بووە ماوەیەک خەدیجە لە جزیرەی عەرەبی کاری کردووە، بەرلەناسینی خاشقچی لە ڕۆژنامەکاندا دژ بە دەسەڵاتی ئالسعود دەینوسی، پێشتر کەسێکی نزیک لە جەماعەتی فەتحوڵا گیولەن بووە، پاش هەوڵی کودەتای ٢٠١٦ و دەستگیرکردنی، لە نێوان زیندان و تەسلیم بوون و کارکردن بۆ جەماعەتی ئەردۆغان دووهەمی هەڵبژاردووە و لە دەزگای هەواڵگری میتی تورک بەشی قەیرانەکانی دەرەوە ئەرکی پێسپێردرا.
خەدیجە لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە چارەسەری و دۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ لەگەڵ جەمال خاشقچی یەکتر دەناسن، تا ماوەیەک بەر لە کوشتنەکەشی پەیوەندیی سۆزداریەی نێوان یان لەلای کەسوکاری و هاوڕێیانی هەردوولا شاراوە بووە، گەرچی تا کوشتنەکەی تەنها دەسگیرانی یەکتر بوون، بەڵام بەهۆی کارکردنی لەناوەندە سیخوڕییەکانی تورکیا شک و گومانی زۆر لەمەڕ پەیوەندی خەدیجە بە خاشقچیەوە دروست بووە.
خێزانی یەکەمی خاشقچی دکتۆرە ئەلا و منداڵەکانی لەبارەی خەدیجەوە دەڵێن تا کوشتنەکەی جەمال ئێمە ناوی خەدیجەمان نەبیستبوو و دوای ڕووداوەکەش لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێمان لە ناوی بووە، هەتا عەبدوڵای کوڕی جەمال کە دوو هەفتە پێش کوشتنەکەی باوکی لە ئیستەمبوڵ گەڵیدا بووە، دەڵێت من ئەو ژنە ناناسم و هەرگیز باوکیشم باسی کەسێکی وەهای لای من نەکردووە، دکتۆرە ئەلا دەڵێت دوای ڕووداوەکە بەبیستنی ناوی خەدیجە وەک دەسگیرانی جەمال شۆك بووم.
(گومانەکان لە خەدیجە)
چیرۆکەکە وەهایە کە خاشقچی بۆ وەرگرتنی بەڵگەیەکی ڕەسمی حکومەتی سعودیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی هاوسەرگیریەکەی لەگەڵ خەدیجە چووەتە قونسوڵگەری وڵاتەکەی لە ئیستەمبوڵ، وەلێ لەڕێی کاتژمێرەکەی دەستیەوە کە تایبەت و گرێدراو بووە بە دەزگای میتی تورکەوە و هەموو قسە و موناقەشەکانی نێوان جەمال و ستافی قونسوڵخانەی گواستوەتەوە.
خەدیجە تا چوونە ناو قونسوڵخانەی سعودیە لەگەڵ خاشقچی دا بووە، بەڵام ئەو نەچووەتە ژورەوە و لە دەرەوە چاوەڕێی کردووە، وەک خەدیجە خۆی دەگێڕێتەوە، جەمال خاشقچی بەر لە چوونە ژورەوەی پێی گوتووە، ئەگەر شتێک ڕوویدا بەپەلە “یاسین ئۆکتا”ی ڕاوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی عەرەبی – تورکی ئاگادار بکاتەوە.
لێرەدا پرسیارەکان ئەوەیە: خاشقچی خاوەن مافی مانەوەی لە ئەمەریکا هەبووە، بۆچی بۆ وەرگرتنی ئەو بەڵگەیە نەچووەتە باڵیۆزخانەی سعودیە لە واشنتۆن، کە مەحاڵە ئەوەی لە ئیستەمبوڵ ڕوویدا لە واشنتۆن ڕوویبدایە و لەوێش دەیتوانی بەڵگەکە بەدەستبخات؟
بۆچی بەرلە چوونە ژوورەوەی بۆ کۆنسوڵخانە خاشقچی بەخەدیجەی گوتووە، هەرشتێک ڕوویدا بەپەلە لایەنی ئاماژە بۆکراو ئاگادار بکەرەوە؟
بۆچی خەدیجە لەگەڵ خاشقچی نەچووەتە ناو کۆنسوڵخانەکەوە و لەدەرەوە چاوەڕێی کردووە لەکاتێکدا ڕێگری لێنەکراوە بچێت؟
ئایا خاشقچی زانیوویەتی بەچوونی بۆ کۆنسوڵخانە شتێک ڕوودەدات؟ ئەگەر وایە بۆچی چوو؟ ئەوێک کە پەیوەندی لەگەڵ ئاکەپە بەهێزە بۆچی ڕێوشوێکی پێویست لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ سەلامەتی ئەو نەگیراوەتە؟
ئایا جەمال زانیوویەتی ئەو سەعاتەی دەستی دەنگ و قسەکانی ئەو دەگوازێتەوە بۆ دەزگای میتی تورک؟ ئەگەر زانیوویەتی کەواتە دەبێت پێشوەختە زانیاری هەبووبێت لەسەر ئەوەی شتێک بەسەری دا ڕوودەدات، ئەگەر نەشیزانیووە ئەوا خاشقچی بۆ ئامانجێک کراوەتە قوربانی.
خاشقچی کە پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ دەوڵەتەکەی ئەردۆغان هەبووە و هەموو دامودەزگاکانی حکومەت بە دادگاشەوە لەلایەن ئەردۆغانەوە ئاڕاستە دەکرێن، نەیدەتوانی بێ ئەو بەڵگەیە هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە بکات، بۆچی دادگا کە کارتۆنیە و لەژێر فەرمانی ئەردۆغاندایە ناچاریان کردووە بچێتە قونسوڵخانەی سعودیە و ئەو بەڵگەیە بهێنێت؟.
ئایا پەیوەندی خەدیجەیەکی ڕاهێنراو کەلە ناوەندی هەواڵگری و سیخوڕی تورک کار دەکات و بە ڕۆژنامەنوسە دژبەرەکانی سعودیە ناسراوە و شارەزای کاروباری کەنداوە لەگەڵ خاشقچی ڕێکەوت بووە یاخود پلان بۆ دانراو و ئاڕاستەکراو بووە؟.
لێرەدا بەڕووانین بۆ خراپ بوونی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی سعودیە و دەوڵەت و حکومەتەکەی ئەردۆغان و تێکچوونی هاوسەنگییە سیاسیەکانی ناوچەکە، دەتوانین بڵێن کە پێدەچێت خاشقچی وەک کارتێکی سیاسی لەلایەن تورکیاوە بۆ دژایەتی سعودیە و نزیک بوونەوەی لە ئەمەریکا بەکارهێنرابێت و خەدیجەش ڕۆڵگێڕێک بووبێت، چونکە تورکیا و هاوپەیمانەکانی، لەو پرسەدا توانیان بەسەر سعودیەدا سەرکەون و دزێک بخەنە نێوان پەیوەندیەکانی سعودی – ئەمەریکی و بنەماڵەی ئەلسعود و تورکیا خۆی لە ئەمەریکا پێ نزیک بکاتەوە و تەعویز لە واشنتۆن وەربگرێت، کە ئەوە بۆ ئەمەریکاش خوازراو بوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

لە دڵەوە بەخیلی‌ و حەسودی ئەبەم، بەو …..

بەهرۆز ڕەحیم*

لە دڵەوە بەخیلی‌ و حەسودی بەو یەكێتیانە ئەبەم كە سەر بە باڵی هیرۆخانن ‌و بەو خانمە دەڵێن ژنە پۆڵاینەكەی یەكێتی‌ و شاناز خانیش بە فریاد ڕەسی یەكێتی دەزانن، حەزم ئەكرد لە فەیسبوك‌ و لە مناقەشەكانما كاك قوبادم بە مامی بچوك، ناوزەند بكردایە.

حەزم ئەكرد، سەر بە باڵی ناوەندی بڕیار بوومایەو لە وەسفی كاك كۆسرەتدا بمنوسیایە” شێرەكەی شاخ‌و ئەندازیاری ئاوەدانی دوای راپەڕین”. هەموو رۆژێكیش وێنەیەكی كاك بەرهەمم لە فەیسبوك دابنایە‌و بم نوسیایە، پیاوە سادەكەی شارو خۆشەویستی خاك‌و خەڵك.

حەزم ئەكرد، وەك ئەو گۆرانخوازانە بوومایە كە ئێستاش هیوایان بە گەرانەوەی كاك نەوشیروان هەیە، یان وەك جاران بڕ لە هیوا بومایەو قەناعەتم وا بوایە بەس گۆڕان دەتوانێت گۆڕانی ریشەیی بكات‌و دەسەڵاتی بنەماڵەیی كۆتایی پێ‌ بێنێ‌، هەروەها رەسمی خۆم لەگەڵ نماو چیای كاك نەوشیروان دابنایەو بمونسویایە ئەمانە ئەو مرۆڤانەن كە دەتوانن وەك باوكیان پاك‌و بێگەردو سادە بن .

لە دڵەوە بەخیلی و حەسودی بەو كەسانە ئەبەم كە پارتین‌و بە كاك مەسعود‌و كاك مەسرور ئەڵێن ئەندازیاری ئارامی‌و بەكاك نێچیریش ئەڵێن پاشای ئاوەدانی، چەند حەزم ئەكرد لە فەیسبوكەكەم بمنوسیایە هاتنی كاك شێخ ئەدهەم بۆ سلێمانی مایەی خێرو بەرەكەتە.

حەزم ئەكرد، ئەندامێكی گوێ لە مستی یەكگرتوو بوومایە‌و بە گەرانەوەی مامۆستا سەڵاحەدین شاگەشكە‌و پڕ لە هیوا بومایە، لە فەیسبوك، بم نوسیایە گەرانەوەی مامۆستا، یەكگرتوو دەكاتەوە، بەخاوەن ئیرادەوسەنگی خۆی یان هەموو رۆژێك وێنەی حاجی كاروانم پۆست بكردایە و بمونوسیایە، بەس ئەم راستگۆ بوو لەگەڵ دەنگدەرو خوای خۆی.

پڕ بەدڵ حەزم ئەكرد ئەندامێكی حسك بومایەو لە فەیسبوك بەو پەڕی قەناعەتەوە لە ژێر وێنەیەكی كاكە حەمە بمنوسیایە : هەر كاتێك كاكە حەمە ئەچێتە بەرەكانی شەڕ داعش كونە مشكیان لێ‌ ئەبێت بە قەیسەری.

حەزم ئەكرد ئەندامێكی كۆمەڵی ئیسلامی بومایەو هەموو شەوێك بەو هیوایەوە بخەوتمایە كە بەیانی هەستم لە خەو مامۆستا عەلی باپیر بۆتە ئەمیری هەرێمی كوردستان‌و د.عەبدولواحیدیش بۆتە وەزیری تەندروستی ئەو ئەمارەتە.

لە كۆتایدا حەزم ئەكرد سەلەفیەكی ریشپان بومایەو بەهانەم بۆ قسەكانی مامۆستا عەبدول لەتیف بهێنایەتەوە بمنوسایە چاوان خانم حەلاڵی خۆیەتی، یان هەموو رۆژێكی جومعان بۆ گوێگرتن لە وتارەكانی مەلا فاتیح شارستێنی لە سلێمانی‌و پیرەمەگروونەوە بچومایە بۆ شاری هەولێر…

زۆر خۆشە ئینسان لەم هەرێمی كوردستانە نیشتەجێ‌ بێت‌و هیوایەك یان تروسكایەكی هەبێت بۆ ژیان‌و ئایندەی خۆی مناڵەكانی.

بەهرۆز ڕەحیم، ڕۆژنامەنووسە “ئازیزەكەی خەڵك” لە 18-11-2016 كۆچی دوایی كرد و ئەم وتارەی چەند ڕۆژێك پێش كۆچی لەناكاوی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیوبوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان

دوایین