ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

پارتی بە یاسایی پۆستی پارێزگاری كەركوك وەردەگرێت

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی سەوز رایدەگەیەنێت، تا ئێستا نەگەیشتوینەتە هیچ ئەنجامێك بۆ دیاریكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك.

بەهۆی كێشەو ململانێكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، زیاتر لە ساڵێكە ئەو پۆستە كەسێكی عەرەب بەڕێوەی دەبات و بەپێی زانیارییەكانیش پارتی دەیەوێت لە رێگای یاساییەوە پۆستەكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات.

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی سەوز بە (خەڵك)ی راگەیاند، بەردەوامین لە ئەنجامدانی كۆبونەوە و گفتوگۆكانمان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوینەتە هیچ ئەنجامێك.

بەپێی زانیارییەكان، كامیل ساڵەیی قائیمقامی كەركوك كە پارتییە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كەركوكی جێهێشتووە و چەند ڕۆژێكە گەڕاوەتەوە بۆ كەركوك، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك.

پێشتر ئەحمەد عەسكەری بە (خەڵك)ی راگەیاندبوو، راكان جبوری پارێزگاری ئێستای كەركوك یەكێكە لە پەرلەمانتارەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، بەڵام تا ئێستا سوێندی یاسایی نەخواردووە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی تەعریب لە كەركوك زیاتر بكات و ئەو هەوڵانەی لەبەرژەوەندی عەرەب و حزبەكەیدایە لە كەركوك جێبەجێیان بكات، ئەوكات سوێندی یاسایی بخوات.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتار دەتوانێت تاكو 3 مانگ سوێند نەخوات و دوای ئەو وادەیە ئەندامێتی لێوەردەگیرێتەوە، لە ئێستاشدا نزیكەی 2 مانگ بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی عێراق تێپەڕ دەبێت و راكان جبوریش بۆ ئەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی لێوەرنەگیرێتەوە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بچێتە پەرلەمان و سوێندی یاسایی بخوات و لەگەڵ سوێند خواردنیشی پارێزگاری كەركوك بە بەتاڵی دەمێنێتەوەو بەپێ یاساش قائیمقامی ناوەندی شارەكە ئەو پۆستە وەردەگرێت.

لە ئێستادا، بەهۆی ئەوەی پۆستی قائیمقام لەلایەن فەلاح یایجی كە كەسێكی توركمانە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت، توركمانەكان دەیانویست پۆستی پارێزگار بۆ خۆیان بەرن، بەڵام خەریكە پارتی ئەو هەنگاوەیان لەبار دەبات، چونكە بەپێی یاساكە دەبێت قائیمقامی بنەڕەتی پۆستەكە وەربگرێت، هەر لەبەر ئەوەشە ماوەی چەند ڕۆژێكە كامیل ساڵەیی قائیمقامی كەركوك كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە چووەتەوە كەركوك و كۆتایی بە مۆڵەتەكەی هێناوەو دەیەوێ لەرێگای یاساییەوە پۆستەكە بۆ خۆی و پارتی مسۆگەر بكات.
لەوبارەوە ئەحمەد عەسكەری رایگەیاند، كامیل ساڵەیی هاتوەتەوە بۆ ئەوەی مۆڵەتەكەی نوێ بكاتەوە ئەگەر بۆی بكرێت، چونكە ئەگەر مۆڵەتی نەدەنێ یان فەسڵ دەكرێت یان دەبێت بەردەوام بێت.
سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن پارتییەوە بەپێی یاسا، ناوبراو رایگەیاند، ئەوە هەر قسە و بۆچونێكە و شتی وا لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە بۆچوونی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك (خەڵك) پەیوەندی بە محەمەد كەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی زەرد كرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك بدات.

راپۆرت

(خەڵك) وردەكاری جووڵەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو سنوورەكانی ئێران بڵاودەكاتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ
هاوكات لەگەڵ زۆرتربوونی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و مۆڵدانێكی هێزێكی زۆری سوپای پاسداران بە چەكوچۆڵی قورسەوە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەست بەجووڵە دەكات بەرەو سنوورەكانی ئێران.

بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە (خەڵك) لەسەرچاوە هەرێمییەكانەوە، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان ئەوانەی سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، بە چەكی قوورسەوە بەرەو سنوورەكانی ئێران لە ناوچەكانی پشدەر و ڕانیە و قەڵادزێ  جووڵەیان پێكراوە.

هاوكات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزێكی زۆری سوپای پاسداران بە چەكی قوورسەوە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، مەریوان و سەرپێڵی زەهاو جێگیربوون و خەریكی خۆڕێكخستنەوە و نوێكردنەوەی پایەگا كۆنەكانن بەتایبەت لە ناوچەی جاسووسانی سەردەشت هاوسنوور لەگەڵ ناوچەكانی پشدەر و شاڕباژێڕ لە هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەیەكی لەشكری كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ (خەڵك)ی ڕوونكردەوە ئەو جموجۆڵە لەشكرییانە پەیوەندییان بە زۆرتربوونی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە هەیە، بەتایبەت ئێران ئامادەكاری لەشكری خۆی دەكات بۆ پاراستنی سنوورەكانی و ڕێگری لە دەربازی هێزی چەكداری حیزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان كە هێزی چەكداریان لەسەر سنوورەكان هەیە.

هەروەها سەرچاوەكە، ڕوونیشیكردەوە، جووڵەی هێزەكانی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی ئامادەكاری پێشوەختە بۆ هەر پێشهاتێك بەتایبەت كە لە هەندێك ناوچە هێزی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران لە نێو خاكی هەرێمدا هەن و لەگەڵ دروستبوونی گرژیی یان تێكچوونی ڕەوشی نێوخۆی ئێران ڕەنگە دەربازی نێو ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببن و لەم حاڵەشدا ئەگەری تێكەهەڵچوونی لەشكری و تێكچوونی ڕەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم هەیە.

لەبارەی جووڵەكردن بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆك ئەركانی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (خەڵك) جووڵەكردنی بە هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو دەڤەری ڕاپەڕین پشتڕاستكردەوە و ئاشكرایكرد “ئەوە هەنگاوێكی نوێی هێزی پشتیوانی دووە كە لە ڕانیە بارەگایەكی نوێیان كردووەتەوە”.

هاوكات ناوبراو ڕاشیگەیاند، هەندێك چەك و هێز هەیە، گواستراونەتەوە بۆ سنووری ڕاپەڕین، بەڵام پەیوەندی بە ئێران و هیچ شوێنێكی دیكەوە نییە.

ئاشكراشیكرد، جوڵە بە یەكەكانی سەر بە هێزی پشتیوانی دوو لە سلێمانی كراوە و چووەتە بارەگایەكی نوێی هێزی پشتیوانی دوو لە ناوچەی پشدەر.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمینە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ دووهەمین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمین سیاسەتمەداری ناسراوی كوردە.

نەوشیروان مستەفا ئەمین بە سیاسەتمەدار و نووسەرێكی نێوداری كوردستان ناسراوە ‌و كاریگەری گەورەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی باشووری كوردستان هەبووە.

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە 22ی كانوونی دووهەمی 1944 لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی و كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە بەغدا خوێندووە.

ناوبراو لەسەرەتای ساڵانی شەستەكانەوە پەیوەندی بەكاری ڕێكخراوەیی و سیاسی لە نێو ڕیزەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان- پارتی دیموكراتی كوردستاندا كردووە و دواتر یەكێكبووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 1975 و دواتریش بووەتە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی.

لە ساڵی 2009دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراندووە و بووەتە ڕێكخەری گشتی ئەو حزبە.

ناوبراو خاوەنی چەندین كتێبە لە بوارەكانی مێژوو و ڕۆژنامەوانی و ئەدەبی كوردیدا و لەبەشێك لە كتێبەكانیدا تیشكی خستووەتەسەر مێژووی شۆڕشی كورد و ناكۆكییەكانی نێو شۆڕشەكان.

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە 19ی ئایاری 2017 دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد و لە گردی زەگەرتە بارەگای سەرەكی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی كوردستانە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە لە 19ی ئایاری 1992.

لە 19ی ئایاری 1992 دوای ڕاپەڕینەكەی ئاداری 1991 یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ئەنجامدرا كە تێیدا حەوت لیست و قەوارە بەشدارییان تێدا كرد.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان كە لەلایەن كۆمەڵێك یاساناسەوە ئامادەكرابوو و بەرەی كوردستانی پەسەندیكردبوو، پێویستبوو هەرلایەنێك 7%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بگاتە پەڕلەمان، بەمهۆیەوە تەنها پارتی و یەكێتی و زەحمەتكێشان گەیشتنە پەڕلەمان.

پارتی و یەكێتی لە كۆی 105 كورسی پەڕلەمان نیوەی كورسییەكانیان بەدەستهێنا و پێنج كورسیش بۆ مەسیحییەكان داندرا.

لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناكۆكی كەوتە نێوان پارتی و یەكێتی و ئەنجامەكەیان پەسەندنەكرد وەكخۆی كە بە پێی ئەنجامەكان پارتی بە ڕێژەیەكی كەم لەپێش یەكێتییەوە بوو، بەڵام دواتر بە ڕێككەوتن حكومەتی هەرێم لە نێوان پارتی و یەكێتیدا پێكهات.

دواتر بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆوە هەڵبژاردنی خوولی دووهەم دوای سێزدە ساڵ لە 30ی كانوونی دووهەمی 2005 سازكرا و تێیدا یەكێتی و پارتی لیستی هاوبەشیان هەبوو و زۆرینەی كورسییەكانیان بەدەستهێنا.

خولی سێهەمیش لە 25ی تەمووزی 2009 هەڵبژاردنی بۆ سازكراو یەكێتی و پارتی بە هەمانشێوە لیستی هاوبەشیان هەبوو، بۆیەكەمجار لیستێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بە ناوی گۆڕان پەیدابوو كە 25 كورسی هێنا و كورسییەكانی یەكێتی و پارتی بۆ 59 كورسی دابەزین.

هەڵبژاردنی خوولی چوارهەم لە 21ی ئەیلوولی 2013 سازكرا و یەكێتی و پارتی هەریەكەیان لیستی خۆیان هەبوو لەگەڵ لیستە ئۆپۆزسیۆنەكاندا پارتی 38 كورسی و یەكێتی 18 كورسییان بەدەستهێنا و گۆڕان 24 كورسی بەدەستهێنا.

خولی پێنجەمی پەڕلەمانیش دوای ساڵێك لە دواخستنی لە 30ی ئەیلوولی 2018 سازكرا و پارتی و یەكێتی و لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان بە لیستی سەربەخۆ بەشداربوون، پارتی 45 كورسی و یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسییان بەدەستهێنا.

بە ڕای چاودێرانی سیاسی لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردووی تەمەنی پەڕلەمانی كوردستان و لە هەر پێنج خولەكەیدا پەڕلەمان لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە دەستوپێی بەستراوە و ڕێی لێگیراوە كە كاروباریی ئاسایی و یاسایی خۆی لە یاسادانان و چاودێریكردن بكات، بگرە بۆ بەرژەوەندییەكانی حزب و دەسەڵاتدارەكان بەكارهێندراوە لە قۆناغەكاندا.

گرنگترین ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردوودا بەسەر پەڕلەمانی كوردستاندا هاتوون یەكێكیان بریتییە لە ڕووداوەكانی 31ی ئابی 1996 كە لە گەرمەی چڕبوونەوەی شەڕی نێوخۆی پارتی و یەكێتیدا لەشكری عیراق بەتانك و زرێپۆشەوە هاتەوە نێو گۆڕەپانی پەڕلەمان.

یەكێكی دیكەشیان لە كاتی چڕبوونەوەی ناكۆكییەكانی پارتی و گۆڕان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە مانگی ئۆكتۆبەری 2015 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە ڕێ لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەڕلەمان گیرا و دەرگەی پەڕلەمان داخرا.

پەڕلەمانی كوردستان لە تەمەنی خۆیدا جگە لە خوولی چوارهەم، لە سەرجەم خولەكانی دیكەدا سەرۆكەكانی پارتی و یەكێتی بوون، لەخوولی چوارهەمدا یوسف محەمەد لە پشكی گۆڕان سەرۆكی پەڕلەمان بوو، بەڵام دوای كەمتر لە دووساڵ لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە پۆستەكەی دوورخراوە.

هاوكات لە هەمان ڕۆژدا لە 19ی ئایاری 1992دا هەڵبژاردن بۆ ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان سازكرا و تێیدا جەلال تاڵەبانی، مەحمود عوسمان، مەسعود بارزانی و عوسمان عەبدولعەزیز خۆیان كاندیدكرد، بەڵام بەهۆی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە هیچكام لە كاندیدەكان نەبوونە ڕێبەری كوردستان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان