“پەرلەمانتاران بەڵێنەكانیان نەبردووەتەسەر “



رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان ڕاپۆرتێكی لەبارەی كار و چالاكی نوێنەرانی پارێزگەی سلێمانی بڵاوكردەوە.

ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بە هاوکاری ڕێکخراوی نیدی ئەمریکی لە مەراسیمێکدا هەشتەمین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی چالاکی و کارەکانی نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراق خستەڕوو.

رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان باس لە ئەوە دەكات، ئەو بابەتانەی كە نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لەساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)دا زۆرترین بەدواداچوونیان بۆ كردوون بریتین لە:
1. شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم بۆ ساڵەكانی (2014 – 2015 – 2016).
2. كردنەوەی لقی بانكی رافیدەین لە هەرێمی كوردستان.
3. بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە.
4. كێشەو گرفتی كارمەندە گرێبەستەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان.
5. كێشەو گرفتەكانی نەخۆشخانەی هیوا.
6. خراپی ئاردو كەموكورتی لە بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان.
7. نەوتی سپی ماڵان.
8. هاوتاكردنی نرخی بەنزین لە هەرێم لەگەڵ نرخی بەنزین لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
9. هاوتاكردنی مووچەو ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی هەرێم لە گەڵ مووچەو ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی عێراق.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات “هەروەك خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ بەرنامەی لیستەكان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا، چەندین بەڵێنی جۆراوجۆر لە بەرنامەی لیستەكان و بەرنامەی كاندیدەكاندا بەرچاو دەكەون، هاووڵاتی لەكاتی خوێندنەوەی ئەو بەرنامەو بەڵێنانەدا واگومان دەبات، پاش هەڵبژاردن گۆڕانكارییەكی گەورە دێتەئاراوە، بەڵام بەداخەوە، نەك هەر بەڵێنەكان نایەنە دی، بەڵكو هەندێكجار كێشەوگرفتەكانیش زیاتر دەبن، لە كاتێكدا هەموو ئەو كێشەو گرفتانە لەبەرنامەی هەڵبژاردنی لیستەكاندا (بەزیادەوە) چارەسەریان بۆ دانراوە، ئەمەش ئەندامانی هەڵبژێردراو دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر دەنگدەرەكانیان”.

دەشڵێت “بەشێك لە نوێنەرانی ئەم خولەش هەر وەك خولی رابردوو، وەك پێویست گرنگییان بە ئامادەبوون لە نوسینگەكانی سلێمانی و هەڵەبجەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) نەدا، گرفتەكەش لەوەدایە بەشێك لە نوێنەران بوونی ئەو نوسینگانە بەگرنگ نازانن، لەكاتێكدا ئامانجی ئەم نوسینگانە بریتییە لە (چالاككردنی رۆڵی نوێنەرو چاودێری بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، نزیكردنەوەی هاوڵاتیان و ئەنجومەنی نوێنەران، دروستكردن و پتەوكردنی متمانەی نێوان دەنگدەر و نوێنەر)، بەداخەوە كاتێك سەیری خشتەی ئامادەبوونی نوێنەران لەو نوسینگانە دەكەین، دەردەكەوێت ئامادەبوونیان وەك پێویست نییە، لەماوەی ساڵەكەدا هەژدە نوێنەرەكەی نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی تەنها (114) جار ئامادەبوون”.

ڕوونیشیكردەوە “زۆرجار نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی كاتێك سەردان و بەدواداچوونیان بۆ كێشەیەك كردووە لەلای لایەنی پەیوەندیدار، ئەنجامی سەردان و بەدواداچوونەكەیان دیارنەبووە، سەردان و بەدواداچوونی دیكەی بەدوادا نەهاتووەو تا چارەسەری كۆتایی لەگەڵ كێشەكەدا نەبوون، بەتەنها هەنگاوی یەكەمیان لە سۆشیاڵ میدیادا وروژاندووە، بەوەی سەردانی وەزارەتێك، یان نوسراوێكیان ئاڕاستەی لایەنێكی پەیوەندیدار كردووە”.

لە ماوەی ئەمساڵدا بەشێك لە هەوڵەكان بۆ ئەم بوارانەی خوارەوە بووە، بەڵام (تاكاتی ئامادەكرنی ئەم راپۆرتە) هیچكام لە هەوڵەكان بەرهەمدارنەبوون، لەوانەش:
1. نەوتی سپی ماڵان
2. شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەكانی (2014 ، 2015 ، 2016)
3. كردنەوەی لقی سلێمانی بانكی رافیدەین
4. كەمی دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە نەخۆشخانەی هیوا
5. گرفتی كارمەندە گربەستەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان
6. هاوتاكردنی موچەی زیندانی سیاسی بۆ ئاوارەكانی هەڵەبجە و زیندانییە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مووچەی هاوشێوەكانیان لە عێراق.
7. رێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
8. خراپی ئاردو كەمی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان.

هەروەها ڕێكخراوەكە، دەڵێت “نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی نەیانتوانی وەك یەك تیم كاربكەن، بۆ نمونە لە بەدواداچوون بۆ كێشەكانی (خراپی ئاردو كەمی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان، گرفتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرە كوردەكان لە (بەریتانیا)و گرفتی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم و …هتد)، نوێنەران بەجیا كاریان لەسەر پرسەكان كرد، بەدواداچوونەكان بەهێزتر دەبوون گەر وەك یەك تیم داكۆكیان لەم پرسانە بكردایەو هەماهەنگیان لە نێواندا هەبوایە”.


نەتەوە یەكگرتووەكان لیژنەیەكی بۆ خۆپیشاندانەكانی ئێران پێكهێنا
پێشت نەتەوە یەكگرتووەكان لیژنەیەكی بۆ خۆپیشاندانەكانی ئێران پێكهێنا
لە ساڵێكدا زیاتر لە 3 هەزار كەس دەستگیركراون
دواتر لە ساڵێكدا زیاتر لە 3 هەزار كەس دەستگیركراون
ەیوەندیدار