“ئاسان نییە لیواكانی پاسەوانی سنوور لە سنوورەكانی هەرێم جێگیربكرێن”



 

هەرچەندە وابڕیار بوو، هێزەكانی پاراستنی سنور، لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە ببرێنە سەر سنورەكان و جێگیر بكرێن و سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بپارێزن، بەڵام پێدەچێت بڕیارەكە تا ئێستا نەچووبێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش بە هۆكاری ئەوەی، پێویستی بە میكانیزمی گونجاوو ڕێكەوتنی سیاسی زیاتر هەیە، لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا.

فەرماندەی هێزەكانی حەفتا ئاماژە بەوە دەكات، هەر وا ئاسان نییە ڕێگە بدرێت، هێزێك بێت سنورەكان بپارێزێت، لە كاتێكدا ئەو سنورانە چەندین ساڵە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەپارێزرێن، ئەگەر هەر هێزێكیش دروست بكرێت دەبێت لە خەڵكی كوردستان بێت.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەكانی حەفتا، لە وتووێژێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان وەك هێزەكانی ،70 هیچ فەرمانێك یان ئاگاداركردنەوەی ڕەسمیان لەسەر ئەو بابەتە بەدەست نەگەشتوە و بڕیارەكەش تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دەشڵێت ” ئێمە تا ئێستا هیچ شتێكی فەرمیمان بۆ نەهاتووە، چونكە زیاتریش پەیوەندی بە سنورەكانەوە هەیە، كە بڕیاربوو لیوایەك یان دوو لیوا دروستبكرێن، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی سەر سنور چارەسەر بكات، بەڵام ئێمە تا ئێستا هیچ وردەكاریەكمان بۆ نەهاتووە تا ئیشی لەسەر بكەین.”

بە پێی ڕێككەوتنەكە، سنورەكان دەبێت لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە بەڕێوە ببرێن، بۆ ئەمەش، سەعد مەعن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێڕاق ڕایگەیاند” ئەو هێزەی دروست دەكرێت كورد دەبن”، بەڵام هەر دوای چەند كاتژمێرێك پاشگەزبۆوە لە بڕیارەكەی و ڕایگەیاند “دامەزرندنی هێزەكە لە هەموو عێراق دەبێت” كە ژمارەیان 3000 كەسە، بەڵام مستەفا چاوڕەش ئاماژە بەوە دەكات، دەبێت ئەندامانی هێزەكە لە نەتەوەی كورد بن، هەرچەندە سەر بە حكومەتی عێراقین.

چاوڕەش دەڵێت ” خۆ هەروا ئاسان نییە، تۆ ڕێگە بدەیت هێزێك بێت، ئێمە چەندێكە خۆمان پاراستومانە، ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی خۆماندا بووە، ئەگەر هێزێكیش دروست بكرێت، ئەگەر هەر هێزێك بێت دەبێت لە خەڵكی كوردستان بێت.”

بیانووی حكومەتی ناوەندی بۆ دروستكردنی هێزەكە، نەپاراستنی سنورەكان و بەكارهێنانیانە لەلایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران و توركیاوە بۆ هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەمە لە كاتێكدایە توركیا بە درێژایی 30 كیلۆمەتر بە زەمینی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقدایە، هاوكات بەردەوام هێرشی فڕۆكە و درۆنی توركی و ئێرانی لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، لەو بارەیەوە مستەفا چاوڕەش دەڵێت” ئێمە خۆشمان حەز دەكەین وڵاتەكەمان ئەمان بێت و كێشەی نەبێت، توركیا بۆردومانمان نەكات، یان لە شوێنی ترەوە بۆردومان نەكرێین، بەڵام گوناحی ئێمەی تیا نییە، توركیا، 20 كیلۆمەتر هاتووە، چەند ساڵە خەریكە 20 كیلۆمەتر زیاتریش هاتووە، چەند هەزار سەربازی هێناوەتە خاكی هەرێمەوە، بۆ دەركردنیشیان پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە.”

سەبارەت هەڵوێستیان لەسەر هێرشەكانی توركیاو ئێران، مستەفا چاوڕەش ئاماژە بەوە دەكات بیانوی هێرشەكان بوونی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانە، لە كاتێكدا هەرێم خۆی لە دۆخێكی خراپی ئابووری و سیاسیدایە، خەڵكی هەرێمیش لەهێرشەكان زەرەرمەندە، ئێمە نامانەوێت لەگەڵ ئێران و توركیا توشی كێشەبین.

وتیشی” ڕەوشێك لە هەرێم دروستبووە بەناوی ئەوەی هێزی ئۆپۆزسیۆن هەیە، خۆتان ئاگادارن ئەوە بۆردومانی كۆیەو زڕگوێز كرا، ئێمە حەز دەكەین وڵاتەكەمان ئەمان بێت، و وڵاتی توركیا و ئێران نامانەوێت، توشی هیچ كێشەیەك بین لەگەڵیاندا، ئەو ڕەوشەی كە خۆمانی تێداین، ڕەوشی ئابووری خراپە سەرباری ئەوەش، دەیان دێ چۆڵی كردوە، لەبەر ئەوەی كە بە كەیفی خۆیان دێن بۆردومان دەكەن، كە زەرەری خەڵكی كوردستانی تێدایە.”

ڕووداوێكی هاتووچۆ قوربانی لێكەوتەوە
پێشت ڕووداوێكی هاتووچۆ قوربانی لێكەوتەوە
ئەفغانستان خوێندنی كچانی قەدەغەكرد
دواتر ئەفغانستان خوێندنی كچانی قەدەغەكرد
پەیوەندیدار