ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

حزبە ناڕازییەكان لە سیاسەت و بەرنامەی حزبەكانی دەسەڵاتدا چەقیون

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەگەرچی لە زۆر قۆناغدا زۆر حزب كە لە دەرەوەی حكومەتدا پۆستیان نەبووە و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن زانیوە، بەڵام بە ڕای شارەزایانی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا نەبووە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی 2009 بۆ 2013 هەندێك هەوڵی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو هەبوون لەوبارەیەوە.

لە هەموو وڵاتانی جیهاندا حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان پشتیوانی سەرجەم داواكاری و ناڕەزایەتییەكانی هاووڵاتیان بە گەورە و بچوكەوە دەكەن، هیچ هەلێك لە دەستنادەن بۆ ركابەریكردن لەگەڵ دەسەڵات لە پێناو ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە چوارچێوە یاسایی و دەستورییەكاندا، بەڵام هیچ كاتێك لە حزبە ناڕازییەكان یان بە ناو ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمدا ئەمە نەبووە.

ئەوەی حزبە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا كاریان لەسەر كردووە، قۆستنەوەی هەڵوێست و دەنگی ناڕازی خەڵك بووە بۆ چنینەوەی دەنگ و هەڵبژاردن و وەرگرتنی پلە و پۆستی حكومی و بونە پەرلەمانتار و دواجار پابەند بوون بە سیستم و چوارچێوەی كاری حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە بە پێچەوانەی بنەماكانی كاری ئۆپۆزسیۆن بوون، كە كار بۆ سەرخستنی بەرنامە و پرۆژەی تایبەت بە خۆیان دەكەن لە دەسەڵاتدا، بە پێچەوانەوە بەشداری ناكەن لە حكومەتدا.

لە حاڵێكی دیكەدا هەندێك حزبی ناڕازی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بوونە دوو بەرەوە، بەشێكیان بوونە بەشدار و بەرگریكار لە حكومەت و بەشێكیشیان لە دەرەوە ڕەخنەیان لە حكومەت گرتووە و گوتویانە ئۆپۆزسیۆنن، ئەم گوتەیەی هەندێك بەرپرسی پارتی حزبی دەسەڵاتداری هەرێمیش هەیە كە هەندێك لە بەرپرسە حكومەتییەكانی هەرێم لە حزبەكان بەیانیان كاربەدەستی حكومەتن و ئێواران ئۆپۆزسیۆنن لە دوای دەوام.

زۆرینەی ئەو كادر و بەرپرسانەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەرێمی كوردستان كە بەشداری گردبونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانیان كردووە، لەوێ بە گوتارە حەماسی و دژەبەرەكانیان بەرامبەر بە دەسەڵات خۆیان ناساندووە یان لە رێگای مێدیاكانەوە و دەنگی خەڵكی ناڕازییان چنیوەتەوە، دواتر بوونە پەرلەمانتار و بەرپرسی حكومەت و تەواو گۆڕاون و بێ دەنگ بوون لە هەمو ستەمەكانی كە لە خەڵك كراون.

ئەم سیاسەتكردنەوەی حزبە ناڕازییەكان حزبە دەسەڵاتدارەكانیشی بێزاركردووە و لە چەندین بۆنەی جیاواز چەند رۆژێكە ژمارەیەك بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان قسەیان لەسەر ئەوەكردووە، كە حكومەتی ئەمجارە جیاواز دەبێت، نابێت هەندێك حزب لە نێو حكومەتیش بن و ئۆپۆزسیۆنیش بن وەك ڕابردوو، ئەوە جارێكی دیكە قەبوڵ ناكەن.

ئەو بەرپرس و كادرانەی پارتی ڕەخنەشیان لە زۆر حزب گرتووە كە بە سیاسەتی “بانێك و دوو هەوا” مامەڵەیان كردووە، یان هەندێك لەگەڵ حكومەت و هەندێكی دیكەیان لە دژی حكومەت بوون.

حزبە ناڕازییەكان زۆر هەلیان بۆ هەڵكەوتووە لە دروستبوونی ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەری و كاری پەرلەمانیدا و بردنەوەی یارییەكە لە حزبەكانی دەسەڵات، بەڵام بوێریان نەبووە و خۆیان بۆ فشارەكانی دەسەڵات نەگرتووە و تەسلیم بوون و پشتی جەماوەریان بەرداوە.
چەندین خۆپیشاندانی سەرتاسەری گەورە لە هەرێمی كوردستان سازكراون، بەڵام ئەو حزبانە دوای ماوەیەك لە پشتیوانیكردن لەو كاتەی نزیكبووەتەوە لەكاریگەری لە پشتیوانیكردن كشاونەوە.

ئەو حزبانەی ناڕازی بوون پێشتر ژمارەی كورسییەكانیان زۆرتر بوون لە ئێستا، بەڵام نەیانتوانیوە كارێكی ئەوتۆ بكەن، لەكاتێكدا تاقینەكرابوونەوە لە حكومەتدا، بەڵام ئێستا كە كورسییەكانیان كەمیكردووە و لە حكومەتدا تاقیكراونەوە و بێ بەڵێن بوون و كورسییەكانیشیان كەمیكردووە، چاوەڕێ ناكرێت، كارێكی ئەوتۆیان پێ بكرێت.

یەكگرتووی ئیسلامی یەكێك لە حزبە ناڕازییەكانە، كە لە زۆر قۆناغدا خۆی بە ئۆپۆزسیۆن زانیوە، بەڵام نەیتوانیوە بە ئەركی ڕاستەقینەی ئۆپۆزسیۆن هەڵبستێت، ئێستا دوای كەمكردنەوەی نیوەی كورسییەكانی بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەكانی و پشتیوانی لە حزبەكانی دەسەڵات لە چوار ساڵی ڕابردوودا ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاندەوە بۆ قۆناغێكی نوێ.

موستەفا عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (خەڵك)ی راگەیاند، سبەی پێنج شەمە كۆبوونەوەیەكی گشتی لە دهۆك ئەنجام دەدەین بۆ سەركردە و كادیرە باڵاكانی یەكگرتوو.

وتیشی”لەو كۆبونەوەیەدا، ستراتیژی قۆناغی ئایندەو ئەولەویەتی كارەكانمان دەستنیشان دەكەین”.

سەبارەت بە ئەجێندای كاری داهاتوویان، ناوبراو رایگەیاند، سەركردایەتی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی داوەو بەشداری دەسەڵات ناكەین.
ئاشكراشیكرد، لە كۆبونەوەكەدا ئەركەكانی بوون بە ئۆپۆزسیۆن چیین و چی دەكەوێتە سەرشانمان تاوتوێ دەكەین و رێكارەكانی بۆ دیاری دەكەین.

وتیشی” نەچوونی 60%ی خەڵك بۆ دەنگدان هۆكاری ناڕازیبوونە لە سیستەمی حوكمڕانی، ئەمانە هەموو زەمینەسازی دەكەن بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن هەلی لەبەردەمدا بێت بۆ ئەوەی لە ئایندەدا دژایەتی گەندەڵی و ساختەكاری و ئەو حاڵەتە نەخوازراوە بكات كە یەكێتی و پارتی هێناویانەتە پێشەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، یەكگرتوو واینابینێت زەمینە لەبەردەم ئۆپۆزسین داخرابێت، بەڵكو ناڕەزایەتییەكان فراوانتر و كراوەتر دەبن و لەم خولەدا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن تەواو روئیایان رۆشن دەبێت، چونكە پێشتر بڕیار بوو چوار ساڵی ئارامی بێت و سەرجەم حزبەكان بەشداری حكومەتیان كرد، لە حكومەت بیت و ناڕازیش بێت، جیاوازە لەوەی لە دەرەوەی حكومەت بیت و ئۆپۆزسیۆن بیت، وایدەبینم زەمینە لەبەردەم هێزە ناڕازییەكان بۆ بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لەبارە.

 

سەبارەت بە بەدەمەوەنەهاتنی هاووڵاتیان بۆلای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش، لەكاتێكدا پێشتر نەیانتوانی كاریگەری دروست بكەن، موستەفا عەبدوڵڵا رایگەیاند، خەڵك نائومێد كراوە، بەڵام هێزی سیاسی یەكێك لە كارەكانی ئەوەیە كە ئاگایی سیاسی و رابەرایەتی خەڵك بكات بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و دەبێت ئەو ئومێدە دروست بكرێتەوەو ئەركی لایەنە ئۆپۆزسینەكانە جارێكیتر پێداچوونەوەیەكی جدی بكەن لەو بارەوە و ئومێدی ئەو هاووڵاتیانە بهێننەوە كە دەسەڵات بە ئامانج خەڵكی نائومێد كردووە.

راپۆرت

ئۆج ئالان، دوای 20 ساڵ لە دەستگیركردنی
خۆپیشاندان و مانگرتنەكان بۆ ئازادكرنی بەردەوامن

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ 20 ساڵە بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆج ئالان تێپەڕ دەبێت و لە ژمارەیەك وڵات خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ ئازادكردنی ئەنجام درا.

 

خۆپیشاندان و مانگرتن بۆ ئازادكردنی ئۆج ئالان دەكرێت
بەپێی زانیارییەكان لە هەرێمی كوردستان و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە ژمارەیەك لە ئەندام و هەواداری پەكەكە و عەبدوڵڵا ئۆج ئالان مانیان گرتووە و تا ئێستاش هیچ بەرپرسێكی توركیا بەدەم داواكاری ئەو كەسانەوە نەڕۆیشتووە و ئەمڕۆ هێزەكانی توركیا ڕێگرییان لە پەڕلەمانتارانی هەدەپەو ژمارەك هاووڵاتی گرت كە سەردانی لەیلا گیوفەن بكەن كە نزیكەی 100 رۆژە مانی گرتووە.


هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ئازادكردنی ئۆج ئالان ئەنجام درا.

 

عەبدوڵڵا ئۆج ئالان كێیە؟
عەبدوڵڵا ئۆج ئالان لەدایكبووی ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە دێی ئامەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا ڕحا لە باشووری ڕۆژھەڵاتی توركیا، سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستانە.

ناوبراو ئالان كۆلێجی زانستی سیاسی لە زانكۆی ئەنقەرە خوێندووە، بەڵام تەواوی نەكردووە و گەڕاوەتەوە بۆ دیاربەكر، ھەستی نیشتمانی و كوردایەتی كاری تێكردووە و بۆی تێكۆشاوە تا لە ساڵی ١٩٧٨ پارتی كرێكارانی كوردستانی دامەزراندووە، ئەم پارتە لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی كرد بە كاری چەكداری لەناو توركیا و ئێران و عیراق بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.

 

دەستگیركردن و دادگاییكردنی
تاكو ساڵی ١٩٩٨ ئۆج ئالان لە وڵاتی سووریا بوو، پاش ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوریا تێكچوو، توركیا ھەڕەشەی لە سوریا كرد بەوەی پشتگیری لەم پارتە دەكات، بۆیە سوریا ئۆج ئالانی ناچار كرد سوریا جێبھێلێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی توركیا، پاشان ڕوویكردە ڕوسیاو دواتر ڕوویكردە چەند وڵاتێكی دیكە لەوانە ئیتالیا و یۆنان، لە ساڵی ١٩٩٨ لەوكاتەی لەوكاتەی لە یۆنان بوو، حكومەتی توركی داوای ڕادەستكردنەوەی ناوبراوی كرد و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە كینیا دەستگیر كرا، ئەویش لە پڕۆژەیەكی چەكداری ھاوبەش لە نێوان دەزگاكانی “سی ئای ئەی”ئەمریكایی و “ئێم ئای تی”توركی و “موساد”ی ئیسرائیلی، پاشان لە رێگەی ئاسمانەوە گوازرایەوە بۆ توركیا بۆ دادگاییكردنی.

دروستكردنی پەكەكە
ئۆج ئالان لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندێكی باكووری كوردستان پارتی كرێكارانی كوردستانی دروست كردووە و یەكەم كۆنگرەی لە ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باكوری كوردستان بەستووە و تا ئێستاش 11 كۆنگرەی بەستووە.

پەكەكە ئێستا لەژێر چەتری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كار دەكات و شێوەی بەڕێوەبردنی سیستمی هاوسەرۆكایەتییە، ستراتیژیی ئێستای پەكەكە كۆنفیدڕاڵیزمی دیموكراتیكە و بەپێی ئەو ستراتیژە هەموو گروپ، پێكهاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دەتوانن بەپێی تایبەتمەندییەكانیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بارەگای سەرەكی ئێستای سەركردایەتی پەكەكە لە زنجیرە چیاكانی قەندیلە و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەكەكەدان و لەلایەن پەكەكەوە بە ناوچەكانی پاراستنی میدیا دەناسرێن و ڕووبەری ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت.

بەپێی زانیارییەكان، مەزەندە دەكرێت پەكەكە زیاتر لە ١٤ هەزار گەریلای لە شاخدا هەبێت، كە لە چوارچێوەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا ڕێكخراون و لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

ژمارەیەك لە حزبە كوردستانییەكان بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەكەكە دەناسرێن كە بریتین لە پەیەدە، تەڤگەری ئازادی، پژاك، كۆدار و هەدەپە، دەبەپە، كەجەدە، كۆنگرەی گەل، دەتەكە و كەژەئا و هێزە سەربازییەكانی یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ساڵانە 100 هەزار منداڵ گیانلەدەست دەدەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن رێكخراوی “منداڵان رزگاربكەن save the children”، ساڵانە بەهۆی جەنگ و ناكۆكییە چەكدارییەكان لە جیهاندا، زیاتر لە 100 هەزار منداڵ گیانلەدەستدەدەن.

لە راپۆرتەكەدا كە لە پەراوێزی كۆنگرەی ساڵانەی ئاسایش لە میۆنیخ بڵاوكرایەوە هاتووە”لانی كەم 550 هەزار منداڵی ساوا لەماوەی ساڵانی 2013و 2017 لەو دە وڵاتەدا كوژراون كە گەورەترین زیانیان بەهۆی جەنگەوە بەركەوتووە، ئەمەش بەهۆی برسێتی یان كەمی پاكژی یان نەبوونی چاودێری تەندروستی یان بێبەشبوون لە پێویستییە سەرەكییەكانی ژیان”.

بەپێی راپۆرتەكە”گەر منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانیش بخرێنە سەر ئەو ژمارەیە لەهەمان ماوەدا، ئەوا ژمارەی منداڵە كوژراوەكان بۆ 870 هەزار منداڵ بەرزدەبێتەوە، رێكخراوەكەش پێشبینی دەكات لە واقیعدا ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت”.

راپۆرتەكە لە زاری هێلی تۆرنینگ- شمیت، بەرپرس لە رێكخراوەكە بڵاویكردۆتەوە:”رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان ڕووبەڕووی هێرشی بەكۆمەڵی چەكداری و ئەو هێزە چەكدارانە دەبنەوە كە رێز لە یاسا و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان ناگرن”.

تۆرینگ-شمیت پێیوایە”كاتێك یاساكانی جەنگ پێشێل دەكرێن، پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی هەڵوێستی رون بێت و لێبوردەیی نەنوێنێت بەرانبەر بە پێشلكارەكان و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات”.

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە”نزیكەی 420 ملیۆن منداڵ، واتا 18%ی منداڵانی جیهان، لە ساڵی 2017 لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی جەنگدا ژیاون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 30 ملیۆن منداڵ زیادی كردووە”.

ئەو دە وڵاتەی لە راپۆرتەكەدا ناوییان هاتووە و تێیاندا منداڵان ڕووبەڕووی كوشتن بونەتەوە بەهۆی جەنگ و ناكۆكییەكان، بریتین لە ئەفغانستان، یەمەن، سودانی باشوور، كۆماری ئەفریقای ناوەند، كۆنگۆی دیموكرات، سوریا، عیراق، مالی، نەیجەر، نەیجیریا، و سۆماڵ”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆیە

خەڵك- ڤیان حەسەن

ئەمڕۆ 13 ی شوباتی 2019 ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆیە، كە لەلایەن ڕێكخراوی پەروەردە و زانست و كلتور- یونسكۆ-وە، دیاریكراوە.

هۆكاری دیاریكردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆ، دەگەڕێتەوە بۆ 71 ساڵ بەر لە ئێستا، كە لەو ڕۆژەدا و لە ساڵی 1946 ئێزگەی ڕادیۆی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی بە پەخش كردووە.


بۆ یەكەم جار یادی ئەو ڕۆژە، لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەكادیمیای ئیسپانیا بۆ ڕادیۆ كرایەوە و دواتریش لە ساڵی 2012دا كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕۆژەكەی بە فەڕمی بە ڕۆژی ڕادیۆ ناساند.

ڕۆژەكەش هاوكاتی یادكردنەوەی ئەو ڕادیۆیەی نەتەوەیەكگرتووەكانە لە ساڵی ١٩٤٦دا، بە ئامانجی زیندووكردنەوەی ئەو ڕۆژە و هۆشیاریی دەربارەی بەهای ڕادیۆ و باشكردنی هاوكاریی نێودەوڵەتیی لە نێوان ئێزگەكاندا، هەروا هاندانی دروستكارانی بڕیار بۆ پێشكەشكردنی زانیاری لە ڕێگەی ئێزگەكانەوە.

لە ئێستاشدا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەك بەسەر دروستكردنی ڕادیۆدا و لە ڕۆژی جیهانیی ئامڕازە كاریگەرەكەی ڕاگەیاندندا، میدیای بیستراوی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستیی بە پێداچوونەوەی وردی زانستی هەیە، بە جۆرێك لەگەڵ گیانی سەردەم و ژیانی دیموكراسی و پێداویستییەكانی كۆمەڵی كوردیدا یەكانگیر بێت.

لە هەرێمی كوردستانیشدا ئێستا ڕادیۆیەكی زۆری نێوخۆیی و هەرێمی هەن، ڕادیۆی (خەڵك)یش یەكێك لە ڕادیۆ هەرێمییەكانە و لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان پەخشی بەرنامەكانی دەكات.
ڕادیۆی (خەڵك) ڕووماڵی ڕووداوە نێوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەكان دەكات بە شێوەیەكی پیشەییانە و بێلایەنانە، وێڕای ژمارەیەك بەرنامە لە بوارە جیاوازەكان و پەخشكردنی گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەنی كوردی بۆ گوێگرەكانی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان