تا ئێستا قوربانییەکی بۆردومانەکەی هەولێر نەدۆزراوەتەوە


تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر بەردەوامن لە گەڕان بە دوای قوربانییەکی بۆردومانەکەی هەولێر و بەشێک لە جەستەی دۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، کاروان عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، گەڕانی تیمەکانیان بە دوای تەرمی کارگوزارێکدا بەردەوامە کە لە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی چارەنووسی نادیارە.

ڕوونیشیکردەوە، کارگوزارەکە ژنێکی فلیپینییە و تەمەنی 42 ساڵە، ئەو ناسنامەیەی لە بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر بۆیکراوە، لە شوێنی خەوتنی دۆزراوەتەوە.

کاروان عەلی ئەوەشی خستەڕوو کە پارچەیەك لە جەستەی یەکێك لە قوربانییەکان دۆزراوەتەوە و نێردراوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی جەستەی کارگوزارەکەیە یان نا.

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕاشیگەیاند، بە هۆی هێرشەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.

شەوی دووشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر هەولێر و چەند شوێنێکی مەدەنی بۆردومان کرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی نوێی دەربارەی هێرشەکەی هەولێر بڵاوکردەوە
پێشت ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی نوێی دەربارەی هێرشەکەی هەولێر بڵاوکردەوە
بەغدا کێشەی مووچەی هەرێمی یەکلایی کردەوە
دواتر بەغدا کێشەی مووچەی هەرێمی یەکلایی کردەوە
پەیوەندیدار